وتار

شۆڕش و ڕیفۆرم لە ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن دا

 

خەڵکی کوردستان پێویستیان بە شۆڕشێکە وەک ئەو شۆڕشانەی لە میسر و تونس و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەڕێ کەوتوە، هەر لەم پێناوەدا لە ١٧ شوباتەوە دەستیان برد بۆ هەستانێکی شۆڕشگێڕانە کە سەرەڕای سەرکوتکردنی لەلایەن میلیشیاکانی یەکێتی و پارتیەوە هێشتا خەڵک چاوەڕوانی و ئومێدیان بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە تەواو نەبوە. بڵاوبونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و ترسی دەسەڵات و هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ لەچاوەڕوانی هێشتنەوەی جەماوەردا ڕاستی زیندویەتی ئەم شەپۆلە شۆڕشگێرانەیە لە ناو ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا نیشان دەدا. بەڵام لەپاڵ ئەم ناڕەزایەتیانەدا ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامی و ناسیونالیستی هەیە کە خوازیاری ریفۆرمن لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا کە بەشێوەیەک دەسەڵات ڕيک بخرێتەوە کە فرسەت و بەشی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لەو دەسەڵاتە ئیداری و سیاسی و ئابوریەدا مسۆگەربکات . لەم پيناوەشدا پڕۆژەی ریفۆرمکردن لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا لەلایەن ئەم ئۆپۆزسیۆنەوە خراوەتە ڕوو و ئێستا لەگەڵ دەسەڵات خەریکی گفتوگۆکردن و ڕێکەوتنن لەسەری.  ئەم هێزانەی ئۆپۆزسیۆن دەزانن لەڕێگای ململانێی سیاسیەوە واتە لە ڕێگای بانگەشەی بەرنامە و پڕۆژەکانیانەوە ناتوانن دەسەڵاتێکی میلیشیایی ناچار بە ملدان پرۆژە و خواستەکانیان بکەن هەربۆیە دەیانەوێ ئەمڕۆ سوود لەو ناڕەزایەتیانە وەرگرن کە جەماوەر بەرامبەر بەدەسەڵات هەیەتی و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە قاڵبی پرۆژەی ڕیفۆرمی ئەم دەسەڵاتە میلیشیایەدا قەتیس بکەن. لە ١٧ شوبات تا ١٩ نیسان خەڵک خوازیاری گۆڕانی دەسەڵات بوون . گەنجان و جەماوەری کرێکارو فەرمانبەر و بێکار و کەم دەرامەت و ڕۆژنامەنوس و ژنان بۆ ئاڵوگۆڕ لە گوزەران و دابینکردنی ئازادیەکان و چونەدەرەوەی بارەگا چەکدارەکان و هەڵوەشانەوەی میلیشیاکان ودەزگاکانی زانیاری و پاراستن ونەهێشتنی گەندەڵی ولێسەندنەوەی داهاتی بەتاڵان براو لە دەسەڵاتداران و دابینکردنی ژیانی خۆشگوزەران و بیمە کۆمەڵایەتیەکان و گۆڕینی دەستوری دیکتاتۆری بە دەستوری ئازادی و سکۆلار هاتبونە مەیدان. خەڵک دەیانزانی کە بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە و ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵات لە کوردستان دەبێت ئەم دوو حزبە لاببرێن لەدەسەڵات و لە ڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمان و گفتوگۆ وە ئەمانە نایەتەدی بەڵکو ڕێگای درێژەپێدان و سەراسەریکردنەوە و ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکانەوە دێتەدی و هەربۆیە ناڕەزایەتیەکان تا سەرکوت نەکرا درێژەی هەبوو. بەڵام ئۆپۆزسیۆن لە بەرئەوەی ئەم بەرنامە شۆڕشگێڕانەی خەڵکی نەبوو و دەیویست دەسەڵاتی ئێستای میلیشیایی دوو حزبی بکاتە دەسەڵاتێکی چەند حزبی و تەوافقی هەربۆیە لە گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا ڕێگای گفتوگۆی لەگەڵ دەسەڵات گرتەبەر و ئێستاش ئەم بەدامەزراوەیی کردنەی دەسەڵاتی میلییشاییەی بەناوی داواکانی خەڵکەوە کردۆتە سیناریۆی سازانی لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا و دەیانەوێ چارەنوسی ئەم ناڕەزایەتیە شۆڕشگێڕانەی خەڵک بکەنە پاشکۆی شەڕی خۆیان لەسەر بەدەستهێنانی ئەم ئیمتیازات و ڕیفۆرمە شکڵیانە لەدەسەڵاتی گەندەڵ و میلیشیایی یەکێتی و پارتیدا. هەربۆیە جیاکردنەوەی بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە بەرنامەی ڕیفۆرمی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا ناسیونالیست ئیسلامی دەورێکی گرنگی دەبێ لە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستا بەرەو پێکهێنانی بەرەیەکی شۆڕشگێڕانە کە بتوانێ ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی و ئیداری کوردستاندا بەرێ. بەم پێیە ماناکانی شۆڕش و ڕیفۆرم لەناو هەرکام لەبەرەکانی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و پڕۆژەکانی ئۆپۆزسیۆندا واتای جیاواز دەبەخشن و باسی توندوتیژی و ئاشتی خوازی بەڕووتی و بەدەر لە دانانیان لە چوارچێوەی ئەم دوو بەرنامە جیاوازەی جەماوەر و ئۆپۆزسیۆندا بۆ شیواندنی سنوری ئەو بەرنامە جیاواز و ناکۆکانەیە کە هەریەکەیان بە شوێن ئاڵوگۆڕێک و بەرژەوەندیەکی چینایەتی جیاوازەوەیە. جەماوەرێک کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە ناتوانێ لەڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتی خوازیەوە بەو شێوەی ئۆپۆزسیۆن ببێتە شەریکی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و میلیشیایی.

 

ئاسۆ کمال

10/07/2011

Add Comment

Click here to post a comment