وتار

کوردستان پاش هەڵبژاردن

هەرکاتێک ئایندەمان بینی ئەوا هەنگاو و ئامانجەکانی ئێستامان ڕونتر دەبێ. ئایندەیەک کە بۆ ئەم هەڵبژاردنانەی ئێستای کوردستان لەلایەن پارتیەوە نەخشەی بۆدادەنرێ دەتوانێ ناوەرۆکی هەوڵەکانی ئێستای ئەم حزبەمان سەبارەت بە دەستور و هەڵبژاردنەکان بۆڕون بکاتەوە. پرسیاری یەکەم ئەوەیە بۆچی پارتی مەسەلەی دەستوری هێناوەتە ناو باسی هەڵبژاردنەکانەوە و دەیەوێت پێش لەهەڵبژاردن ڕاپرسی لەسەر دەستور ئەنجام بدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانگەیەنێت بەوەی لەم هەڵبژاردنانەدا چ مەسەلەیەک سەرەکی و میحوەریە؟ پاشان سازانی نیشتمانی و دەوری ناڕەزایەتی خەڵک کامیان ڕێگاچارەیە؟ وە لەم پرۆسە و نەخشانەی هەڵبژاردنەکاندا چ ئایندەیەک بۆ کوردستان و ماف و ئازادیەکانی خەڵک دێتەدەرەوە؟

پرسی دەستور و هەڵبژاردن

پرسی دەستور لەپەیوەند بە کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هاتە ئارا. لەکاتێکدا کە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم مەسعود بارزانی بۆی نیە لە دوو دەورە زیاتر خۆی کاندید بکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ،پارتی ڕێگای ڕاپرسی لەسەر دەستور وەک چارەسەری ئەم کێشە یاسایە قوت کردەوە. ئەم ڕێگا چارەیەی پارتی بۆ دەربازکردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بوو لەدەست هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە تەنیا ڕێگای یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بوو. لەکاتێکدا هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە دەبوایە بەڕێکەوتن بوایە لەگەڵ یەکێتی و ئۆپۆزسیۆندا کە هەردوولایان خوازیاری کەم کردنەوەی دەسەڵاتەکانی بوون. پارتی لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا لەسایەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی دا بوەتە دەسەڵاتی یەکەم لە کوردستاندا و بنەماڵەی بارزانی کراوەتە خاوەنی ئیمارەتێکی سیاسی و مالی و ئەمنی و میلیشیایی کە جگە لەپاوانی دەسەڵاتەکانی سیاسی و عەسکەری و ئابوری لەکوردستاندا ،پارتیشی لەئاستی ناوچەکەدا کردۆتە هێزێک کە لە عێراق و سوریادا دەوری هەیە و  تورکیا حسابی ئابوری لەسەر دەکا.  پارتی بۆئەوەی لەهەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا ناچار بەم پاشەکشە نەبێ لەدەسەڵاتێکدا کە سەرۆکەکەی بەکردەوە پەیدای کردوە پێویستی بەهێنانی دەستور و ڕەسمیەتپێدانی ئەم دەسەڵاتەی سەرۆکەوە بوە لەڕاپرسیەکدا . بەم شیوەیە ئەگەر هەر هەموارکردنەوەیەک لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا لەدوای دەنگدانی دەستورەوە بخرێتە ڕوو ناتوانێ داوای کەم کردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆکی هەرێم بکا کە دەستور پێی بەخشیون و لەلایەن پارتیەوە ئەو داوایانە بە نادەستوری لەقەڵەم دەدرێن. هەربۆیە دەنگدان بە دەستور پێش هەڵبژاردنەکان دەتوانێ هەم ئەو ناڕەزایەتیانەی بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمە لەم هەڵبژاردنەدا بخاتەلاوە و بیسپێرێ بە وەعدی پارتی بۆ گوێگرتن لە سکاڵاکان دوای هەڵبژاردن و لەپرۆسەیەکی نادیاری نێو پەرلەمان و لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدا بۆ ڕەتکردنەوەی. هەم یەکێتیش ناچاردەکا بەدەنگدان بۆ کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم بەپێی ڕێکەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان.

بەم پێیە دەنگدان بەدەستور بۆپارتی لە هەڵبژاردنەکان  گرنگترە و ڕێڕەوی هەڵبژاردنەکانی ئێستا دیاری دەکا. ئەگەر دەنگ بدرێ بەدەستور پارتی بە پشتیوانی ناچاری یەکێتی پۆستی سەرۆکی هەرێم بەدەستەوە دەگرێ بەهەموو ئەو دەسەڵاتە سیاسی و قانونی و عەسکەری و ئەمنیە بەرفراوانەی دەستوریەوە و هەر هەموارکردنەوەیەکی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا کڵێشەیی و لاوەکی دەبێ. لەبەرئەوەی ناتوانێ دژی دەسەڵاتە ڕەهاکانی سەرۆک و شێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی بێ کە لەدەستوردا هاتوە. ئەنجامی ئەم سەرکەوتنەی پارتی لەسەپاندنی دەستوردا سەرکەوتنی پێش وەختی نەخشەی ئەوە لەهەڵبژاردنەکاندا و بگرە مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنەوەی باڵادەست هێشتنەوەی پارتی و پۆستی سەرۆکی هەرێمەکەیەتی پێش لە هەڵبژاردنەکان و بەم پێیە هەڵبژاردنەکانی ئێستا دەورێک ناگێڕن لە گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا و پارتی بەدانانی دەستور ڕێڕەوی هەڵبژاردنی نەک دیاری کردوە بەڵکو سەرکەوتنی خۆی تیایدا بڕاندۆتەوە.

لەم هەڵبژاردنانەدا تەوەری سەرەکی چیە؟

هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان بەزۆری ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و عەسکەری حزبەکان بوە و نەخشەی حزبەکان بۆ ڕەسمیەتدان بەو هاوسەنگی هێزە بوە کە پێش لەهەڵبژاردنەکان لەئارادایە و پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە توانای سیاسی و ئابوری و عەسکەری دەسەڵاتدا دروست ناکا بەڵکو لەباشترین حاڵەتدا بۆ نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات فشاری کورسیەکانی پەرلەمان لەسەر حزبە حاکمەکان زیاد دەکا. ئەویش ئەگەر بەبەراورد لەگەڵ فشاری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ١٧ شوبات هەڵیسەنگێنی زۆر کاریگەری فشارەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر دەسەڵات کەمتر بوە و ناچار بەپاشەکشەی نەکردوە. بەپێی ئەوەی ئەم ڕاستیانەی سەرەوە ئەوە دەسەڵاتە کە میحوەر و ‌چوارچێوە و ڕێڕەوی هەڵبژاردنەکانی دیاریکردوە و بەتایبەت پارتی وەک هێزی باڵادەست میحوەری ئەم هەڵبژاردنانەی بە یەکلاکردنەوەی باڵادەستی خۆی دیاریکردوە و هەموو هەوڵ و ململانێکانی لەم پێناوەدایە.

نەخشەی پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنانە دوو گەیشتن بە دوو ئامانج و دەستکەوتە. یەکەم :مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتی هەرێم وەک باڵادەسترین پۆست بەپشتیوانی دەستور. دووەم:مسۆگەرکردنی زۆرایەتی پەرلەمان بەپێی ڕیکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی.

خاڵی یەکەم واتە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ پارتی میحوەریە لەبەرئەوەی ئەو باڵادەستیەی پارتی لە لاوازبونی یەکێتی پەیدای کردوە جێگیر دەکاو شەرعیەتی یاسای پێ دەدا و سەرجەم نەخشەی پارتی بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات لە ڕێگەی سیستەمی سەرۆکایەتیەوە بەدی دێنێ. پارتی بەپێی دەستور ئەم دەسەڵاتانەی تەنفیزی و تەشریعی و دادوەری خوارەوەی دەبێ:

١:مادەی ٦٠؛سەرۆکی باڵای دەستەی جێبەجێکردن و فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە ونوێنەرایەتی گەلی کوردستان و هەماهەنگی نیوان دەسەڵاتی فیدرال و هەرێم.

٢-: مادەی ٦٥:یەکەم :پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا و بڕیار بۆ پەرلەمان. دووەم: ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیاری پەرلەمان و گێرانەوەی بۆ پەرلەمان.سێهەم:دەرکردنی مەرسوم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان .پێنجەم: دەرکردنی مەرسوم بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان. شەشەم:دەرکردنی وەزیر.حەوتەم: دەرکردنی ئەو مەرسومانەی هێزی یاسایان هەیە.هەشتەم:جاردانی باری نائاسایی.نۆیەم: لێبوردنی گشتی زیندانیەکان. یانزەیەم:بانگکردنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کۆبونەوەی نائاسایی.

٣:مادەی ٦٥:هەژدەیەم: دەرکردنی مەرسومێک بۆ پێکهێنانی ئەندامانی دادگای دەستوری.نۆزدەیەم:دامەزراندنی دادوەرەکان و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و سەرۆک و ئەندامانی دادوەری گشتی. بیستەم: دامەزراندنی سەرۆکەکانی ئەو دەستە و کۆمسیۆنەکانی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و دەست پاکی و چاودێری دارایی .

تەجروبەی ٨ ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی نیشانی داوە کە بەپێی ئەم دەسەڵاتە ڕەهاو فراوانە بوە کە پارتی توانیویەتی ببێتە هێزی یەکەم لە کوردستاندا و شەڕی ئێستای پارتی بۆ سەپاندنی ئەم دەستورە بۆ جێگیرکردنی ئەم سیستەمی سەرۆکایەتیەیە کە لە دەستوردا هەیە و مانەوەی باڵادەستی پارتی لەئێستادا بەم پۆستەوە گرێی خواردوە و بەتایبەت لە غیابی تالەبانی وەک ڕکابەری بارزانی و لاوازبوونی یەکێتی و نادیاری ئایندەکەی و مانەوەی لە حاشیەی دەسەڵاتی پارتیدا ئەم پۆستە بۆپارتی میحوەری هەڵبژاردنەکانی ئێستایە.

بێگومان خاڵی دوەمیش کە بەدەستهێنانی زۆرایەتی پەرلەمانە بە هاوبەش لەگەڵ یەکێتیدا هەنگاوێکە کە پارتی خۆی بۆ ئامادەکردوە و نمونەی هەڵبژاردنەکانی موسڵ نیشانی دەدا کە ئامادەیی پارتی بۆ تەزویر و بەکارهێنانی هێز سنوری نیە و بەم پێیە حکومەت و پەرلەمانی داهاتووش وەک ٨ ساڵی ڕابردوو دەباتە پێش و حکومەتی پارتی بەشێکی تر لە ستراتیژی باڵادەستی پارتی جێبەجێ دەکا.

دەسەڵات و حکومەتی پارتی لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە ئەگەر دەستوری تێپەڕاندبێ و پشت ئەستور بێ بەم پرۆژە دەستورەی ئێستا ،ئەوە سەرکەوتنێکی سیاسی دەبێ هەم لەبەرامبەر  ئۆپۆزسیۆن و هەم لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵانی کرێکار و هەژار و ئازادیخوازی کوردستاندا. بەوپێیەی سەرکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانەکەی دەتوانێ ئەم کارانە بەپێی دەستور بکا:

١:بەپێی مادەی ٦ و ١٩:شەریعەتی ئیسلام دەکاتە سەرچاوەی یاسادانان و بەم پێیە یاسای پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکان و سزاکانی بەسەر خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان و ژنان و کەسانی سکۆلاردا دەسەپێنێ.

٢:مادەی ١٩: حەڤدەیەم:ئازادی خۆپیشاندان بەپێی یاسای خۆپیشاندان کە خەڵکی کوردستان لەدژی خۆپیشاندانیان کرد.

٣: مادەی ١٩: خاڵی هەژدەیەم قەدەغەکردنی حزبەکان کە ئاڵا و سرودی نیشتمانیان بەدڵ نەبێ و ئاشتیخوازانە لەگەڵ دەسەڵاتدا نەجوڵێنەوە. ئەمە مانای قەدەغەکردنی هەر حزب و کۆمەڵە کەسیکە کە ناڕەزایەتی وەک ١٧ شوبات سازبدەن.

بەم پێیە دەسەڵاتێک لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە دێتە سەرکار بەپشتیوانی دەستور کە گشت ئازادیەکان دەخاتە قەفەسی دادگا و زیندانەوە و هەر ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە گەندەڵی و دەسەڵاتی میلیشیایی دەبێتە تاوانی گەورە تیایدا. ئەمە ئەو سەرخانە سیاسیەیە کە پارتی بۆ سەپاندنی ئیمارەتی بنەماڵەیی خۆی دین و نەتەوە و یاسا و دەستور و پەرلەمان و حکومەت و پۆلیس و ئاسایشی بۆ دەخاتەگەڕ.

ڕێگا چارە چیە سازانی نیشتمانی یا ناڕەزایەتی جەماوەری ؟

ئۆپۆزسیۆن و یەکێتی بەرامبەر بەم فشارانەی پارتی ڕێگاچارەی سازانی نیشتمانیان خستۆتەڕوو. ئەم ڕێگاچارەیە گۆڕینی ڕێگای یاساییە بە ڕێگای سوڵحی عەشایری و تەنیا لەسیستەمە سیاسیە نامەدەنیەکاندا جێگای دەبێتەوە. بۆنمونە لە ئەمریکا و ئەوروپا ڕێگاچارەی کێشەی کاندیدکردنەوەی مەسعود بارزانی گەڕانەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمە کە دەبێ بارزانی بزانێ یاسا ڕێگای پێ نادا هەروەک چۆن بوش یا ئۆباما ناتوانێ بەپێی یاسا لە ٢جار زیاتر خۆی هەڵبژێرێ. یاخود دەستور دەبێ بەپێی گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک و بەشداری خەڵک لە نوسینەوەی دەستوردا بچێتە پێش و کاتێ زۆربەی خەڵک خوازیاری گۆڕین و لابردنی ئەم دەستورەن و لە ١٧ شوباتدا ئەمە دژایەتیەیان بۆ سیستەمی دیکتاتۆری و میلیشیایی نیشانداوە ڕێگەچارە ئەوەیە کە ڕێگە نەدرێ بەپارتی پرسەگورگانە لەسەر دەستور بەناوی ڕاپرسیەوە بسەپێنێ و نارەزایەتی جەماوەری بەرووی ئەم هەوڵانەی پارتیدا بەڕێ بخرێ. ئەمانە شیواز و ڕێگاچارەی دەسەڵات و سیستەمی یاسایی و مەدەنیە نەک سوڵحی نایاسایی لەگەڵ پارتیدا کە داواکاری نایاسایی و دژی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستانی هەیە.

هەموو سازانێکی لەم جۆرە بەپێی تەوازنی هێز بەڕێوە دەچێ و لێرەدا کە پارتی باڵادەستە ئەوەتا چەندین حزبی لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە لەڕێگای بەخشیسشی مادی و سیاسیەوە کە دەیانەوێ ئەم سازانە بەرەو سەپاندنی دەستور بەرن بەناوی هەموارکردنەوەی لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتریش پارتی ڕێکخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و کۆنفرانسی جۆراوجۆری جەماوەری بۆسازدەکا و سەرئەنجام بەناوی سازانی نیشتمانیەوە و ڕاکێشانی پشتیوانی ئەمریکاو مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەستور تێپەڕێنێ و یەکێتیش لەژێر ئەم ناوی سازانەدا پاشکۆیەتی سیاسی خۆی پاساو بدا.

ئەم رێگا چارەیە ئەو هێزانە دەیگرێنە بەر کە کێشەیان لەگەڵ دەستور کێشەی بێ ماف کردنی خەڵکی کوردستان نیە و کێشەیان پێشیلکردنی ئازادیە سیاسیەکان نیە،بەڵکو کێشەیان باڵادەست بوونی پارتی و لەدەستدانی بەشە دەسەڵات و داهاتێکە کە وەک حزبێک دەیانەوێ شەریک بن تیایدا. لەکاتێکدا خەڵکی ئازادیخواز کێشەی لەگەڵ ئەم دەستورە و دەسەڵاتی پارتی و سەرۆکەکەیدا نەبونی ئازادی سیاسی و تاڵانکردنی داهاتی کوردستان و هەژاری و نەبونی بیمەی ژیان و نیشتەجێ بوونە کە ئەم دەستورە تۆخیان دەکاتەوە. هەربۆیە ڕێگای خەڵکی ئازادیخواز سازان لەگەڵ پارتیدا نیە بەڵکو ناچارکردنی پارتیە بەسازان لەگەڵ ئەم خواستانەی خەڵکدا و ناچارکردنی بە دەست هەڵگرتن لە سەپاندنی دەستور و کاندیدکردنەوەی بارزانی و پاوانکردنی دەسەڵات. ئەمە ڕێگایەک بوو کە خەلکی کوردستان لە ١٧ شوباتدا وەک خەلکی میسروتونس و ووڵاتانی تر گرتیانەبەر و هێزی ئەوان وای کرد کە دەسەڵات بکەوێتە باسی بیمەی بێکاری و دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٢ پەرلەمان و بەرەواناسینی خواستەکانی خەڵک. هەربۆیە لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەشدا ئەوە نارەزایەتی بەدەستور و پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتەکانی و سازش لەسەر کاندیدکردنەوەی بارزانی دەتوانێ نەخشەکانی پارتی بۆ سەپاندنی باڵادەستی خۆی لەڕێگای ئەم هەڵبژادنانەوە پەک بخات. سندوق و ڕۆژی دەنگدان ئەگەر بەپێی سەپاندنی دەستور و کاندیدکردنەوەی بارزانی بچێتەپێش ئیتر دەبێ لە ئێستاوە فاتیحەی بخوێنی و چاوەڕیی ئایندەی سیستەمی سەرۆکایەتی پارتی بکەین کە بەپشت بەستن بەدەستور و هەڵبژاردن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ڕەهای سیاسی و ئابوری بەسەر خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستندا دەسەپێنێ و هەڵبژاردنەکانی ئێستا سەرکەوتنی ئەم پڕۆژە کۆنەپەرستانەیە دەبێ. ئەم ئایندەیە دەتوانرێ بە ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادیخواز و ستەم لێکراو بگۆڕدرێ و سیستەمی سیاسی و مافەکانی خەلكی کوردستان لەدەست هێرشێکی دژی ئازادی بپارێزرێ. ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ سەرکەوتنی خواستی لابردنی ئەم دەستورە و لابردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم لەم پرۆسەی هەڵبژادنانەدا دەتوانێ لەدوای تەجروبەی ١٧ شوباتەوە بە ئومێد بە ئازادی لەکوردستاندا بەدی بێنێ و بەپێچەوانەوە خولانەوە لەبازنەی چاوەڕوانی سازان لەسەر ئەم دەستورە و کاندیدکردنەوەی بارزانی جارێكی تر جەماوەری ناڕازی و ئازادیخواز دەکاتەوە قوربانی بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و شکستێکی تر وەک لەکاتی گفتوگۆی ئۆپۆزسیۆن و دەسەلات لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا بینیمان.

ئاسۆ کمال

23/06/2013

Add Comment

Click here to post a comment