وتار

لەبازنەی شەڕی فیدرالیدا براوە و دۆڕاو کێیە؟

لەبازنەی شەڕی فیدرالیدا براوە و دۆڕاو کێیە؟

نزیک بە ١٠ ساڵە سیستەمی فیدرالیزم لەعێراقدا پیادەدەکرێ و هێزەکانی شیعە و سونە و کورد لە بازنەیەکی شەڕ و ئاشتیدا مەسەلە و کێشەکانی دەسەڵات و داهات دەبڕێننەوە. بۆئەوەی تەپوتۆزی شەڕی ئێستا ڕاستیەکانمان لێ نەشێوێنێت گرنگە سەیری بازنەی دوبارەبونەوەی ئەم شەڕە فیدرالیە بکەین.
لەشکرکێشی ئەمڕۆی مالکی بۆ سەر ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان دوبارەبونەوەی سیناریۆی شەڕە نەبڕاوەکانی فیدرالیزمە کەوەک سیستەمێکی دابەشکردنی قەومی و مەزهەبی لە هەناوی خۆیدا هەڵی گرتوە.

لەچەند ساڵی ڕابردودا چەندین جار ئەم کێشە و شەڕانەمان بینیوە لە کوشتاری شیعە و سونە لەگەڵ یەکترەوە تاکو هەڕەشەکانی سیستانی لەنۆڤەمبەری ٢٠٠٣و شەڕی جێگرتنەوەی مادەی ٥٨ و ١٤٠ بە یاسای ٢٤ی پەرلەمانی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٤دا و تائەم لەشکرکێشیەی ئێستای مالکی.

سەیر لەوەدایە هەر ئەم حزبە دەسەلاتدارانەی کوردستان ئێستا بانگەوازی شەڕی بەرگری لە دەستور و سنوری جوگرافی کوردستان دەکەن ،خۆیان ئەندازیاری ئەم سیستەمە فیدرالیەو دەستور و هێنانەسەرکاری شیعە و مالکی بوون و ئێستاش خۆیان بەوەفاداری هاوپەیمانێتی شیعە دەزانن. سەرۆک کۆمار تا دوێنێ عێراقی لە ناکۆکی ڕزگاردەکرد کەچی ئێستا وەک پاشای دورخراوە ڕەفتار دەکا و لەپێشەوەی سەنگەری بەرگریدا وەستاوە. لەم بازنەی فیدرالیەدا ئەوەی هێزی هەبێ یاسای یاریەکە دیاری دەکا کە کاتی شەڕە یان ئاشتی. یەکێتی و پارتی وەک هێزێک هەم شەڕیان کردوە لەسەر کۆنترۆڵی داهاتی کوردستان و بەشە بودجە و پۆستە سیادیەکان و هەم شەریکیش بوون لە داهاتی عێراق و تاڵانوبڕۆیدا. لەم سێ کوچکە فیدرالیەی کورد و شیعە و سونەدا دەوری ئەمریکا و ململانێی ئیران و تورکیا چارەنوسی حکومەت و دەستور و پەرلەمانی عێراقی دیاریکردوە و شەڕی ئێستاش دریژکراوەی ئەو بەرە و بەرژەوەندیە ناکۆکانەیە کە دەیەوێ بارودۆخی سیاسی عێراق و حکومەتەکەی بەئاراستەی یەکلایی کردنەوەی خۆیدا بەرێ. دروستکردنی هێزی دیجلە بەشێک لەم شەڕەی شیعە و ئێرانە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لەژێرناوی دەسەڵاتی حکومەتی فیدرالیدا. زمان بەستراوی سەرۆک کۆمار و دەورگێڕانی وەک پاشای دورخراوە لێرەدا خۆی نیشان دەدا کە ناتوانێ وەک سەرۆکی کۆماری عێراقی لە بەغدادەوە ڕیگە لە دەسەڵاتی سوپاکەی بگرێ کە خۆی ئیمزای پاشکۆبونی کوردستانی بەپێی دەستور و ڕیکەوتنامەکانی کردوە و بۆیە لەهەولێردا لە پاڵ پاراستنی پۆستەکەیدا نمایشی کەسایەتیەکی ناڕازی لەپاڵ بارزانیدا دژ بە مالکی دەکا. یەکێتی و سەرۆک کۆمارەکەی توشی شیزۆفینیایەکی سیاسی بوون بەوەی لەلایەک حکومەتەکەی مالکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی هاوپەیمانی کوردستانی کەم دەکاتەوە و بەشە دەسەلات و ناوچەی یەکێتیش بەرئەم هەڵمەتە دەکەوێ و لەلایەکی تریشەوە پەرۆشنامەیەک لە هاوپەیمانی شیعە و ئێرانەوە شک نابەن تاکو ناچار بە گەڕانەوە بۆ ڕیکەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی نەبن و بەرانبەر بەرەی تورکیا و سونە بوەستنەوە. بێگومان با ئێستا بەقازانجی چارۆکەی دەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی هەڵیکردوە و نەک یەکێتی بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕانیش چونەتە سایەی ئەم دەوڵەتە دیفاکتۆیەی بارزانیەوە لەژێرناوی ڕاوەستانەوە بەرانبەر دوژمنی دەرەکیدا. ئەمە چارەنوسی فیدرالیزمە لەعێراقدا شەڕ لەسەر دەسەڵات و داهات مۆرکێکی قەومی و مەزهەبی هەیە و ئەو هێزانەی پابەندبن بەم چوارچیوە سیاسیە فیدرالیەوە دەبێ چاودێری یاساکانی ئەم یاریە فیدرالیە ببن ئەگینا لەم پرۆسە سیاسیەدا جێگایان نابێتەوە. هەر نەخشە ڕێگایەکی ئۆپۆزسیۆن لەنمونەی نەخشەکەی گۆڕان ناتوانێ یاساکانی ئەم شەڕ و دابەش بونە قەومی و مەزهەبە بگۆڕێ و تەنیا نەخشەڕێگایەک کە بتوانێ خەڵکی کوردستان لەم شەڕ و کێشە فیدرالیانە و هێرش و لەشکرکێشی حکومەتی مالکی و عێراق لابدا جیابونەوەی کوردستان و کۆتایی هاتنی ڕیکەوتنامە و دەستوری پاشکۆبونی کوردستانە بە فیدرالیزمی عێراقەوە.  تەجروبەی ئەم چەند ساڵە نیشانی داوە کە تاکو فیدرالی کورد و شیعە و سونە سیستەمی سیاسی عێراق بێ خەڵکی کوردستان و عێراق دەبنە زەخیرە و پاشکۆی میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی و پارتی و مالکی و ‌هێزە سونیەکان. لە ئاشتی دا ئەم میلیشیایانە بران و داهات و بودجەی خەڵک بەشەریکی تاڵان دەکەن و لە شەڕیشیاندا خەڵک دەکەن بەگژیەکدا و بەکوشتیان دەدەن. یەکێتی و پارتی لە ١٠ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ١٤٠ ترلیۆن دیناریان لە حکومەتی عێراقی وەرگرتوە و چەندین ڕیکەوتنامەیان لەگەڵ شیعە و سونەدا بۆ دابەشکردنی پۆستە سیادیەکانی عێراق ئیمزاکردوە و لەگەڵ ئەمانەشدا دەسەڵات و بودجەی کوردستانیان پاوانکردوە و ڕیکەوتنامەی نهێنیان لەگەڵ چەند ووڵاتی دەرەوەدا بەستوە، بۆ هیچ کام لەم مەسەلە چارەنوس سازانە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان نەگەڕاونەتەوە، ئێستا بۆچی بۆ کێشەی شەڕیان لەگەڵ مالکی پێویستیان بەخەڵک و جەماوەری خەڵکی کوردستانە. ئەگەر بڕیارە خەڵکی کوردستان دەوریان هەبێ لە مەسەلە و کێشەکانی کوردستاندا ئەوا پێویستە یەکێتی و پارتی یەکەمین هەنگاو بڕیاری مانەوە یا جیابونەوە لەعێراق و فیدرالیزمەکەی لەڕێگای ریفراندۆمێکی گشتی یەکلایی بکەنەوە. ئەگەر بڕیارە خەڵکی کەرکوک لە چارەنوسی کەرکوکدا بەشداری بکا ئەوا با داوای دەستبەجێی رفراندۆم لەشاری کەرکوک و ناوچەکانی کێشەی لەسەرە بکەن. بەبێ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی کوردستان و ئەو ناوچانە ئەوا درێژە بەهەمان سیناریۆی شەڕی فیدرالی لەسەر نەوت و بودجە و کەرکوک و هتد لەژێر ناوی جۆراوجۆردا و هەرجارەی بەبیانویەکە ئەو لایەنەی هێزی هەیە دروست دەکرێ و لێرەشدا براوەی ئەم شەڕانە تەنیا میلیشیا دەسەڵاتدارەکان دەبێ و خەلکیش دۆڕاوی مسۆگەری سەرجەم شەڕەکانە. نەخشە ڕێگا و ڕێگاچارەی خەڵکی کوردستان گێرانەوەی بڕیاری چارەنوسی کوردستانە بۆ دەستی خۆیان و دەرهێنانێتی لەدەستی بەدیلی فیدرالی حزبە دەسەلاتدارەکان.

Add Comment

Click here to post a comment