نارەزایەتیەکان

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەکەمپینی بەرگرتن بە یاساکانی بەرتەسک کردنەوەی ئازادی رادەربڕین

نامەیەکی کراوە بۆ

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

فراکسیۆنی پارتە سیاسیەکان لە  پەرلەمانی کوردستان

پارتە سیاسیەکانی کوردستان

بەڕێزان ..

ئیمە لە کەمپینی  بەرگرتن بە یاساکانی بەرتەسک کردنەوەی ئازادی رادەربڕین ئاگادارین کە رۆژی دووشەممە ٨/١٠/٢٠١٢ خوێندنەوەی یەکەم دەکرێت بۆ پرۆژە یاسای ” پاراستنی پیرۆزیە ئاینی یەکان ” .

ئاشکرایە کە ئەم یاسایە سزای زیندانی و غەرامەی مادی زۆر قورس دادەنێت بە هەر کەسێک و دەزگایەک کە ڕەخنە دەگرێت لەوەی کە پیێ دەوترێت ” پیرۆزیە ئاینیەکان ” .

کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەلگەیەکی هەمە رەنگە و لە پاڵ خەڵکی موسوڵمان و دینداردا ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەن کە هیچ دینێکیان نیە یاخود ڕەخنەیان لەئیسلام و پیرۆزیە ئاینیەکان هەیە. بەڵام سەپاندنی ئەم یاسایە تەنیا بەمانای نەهێشتنی ئازادی رادەربڕینی هەموو ئەو کەسانە نیە کە پێچەوانەی ئاینەکان  بیردەکەنەوە، بەڵکو دۆخێک دروست دەکات کە کەس نەتوانێت ڕەخنەی ئەو لایەن و کەسایەتییانەش بکات کە بەناوی دینەوە قسەدەکات. ئەمەش یاساکە دەکات بە گورزێکی گەورە بەدەستی داخراوترین لایەن و هێزی سیاسی و دینی کە ئازادی رادەربڕین و فرەڕایی وفرەحزبی وەک یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ئینسان و پیویستیەکی کۆمەڵگەی سەردەم پێشێل بکەن .  هەروەها زیانێکی گەورە بە کولتوری گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێی ئازادانە لە کۆمەڵگادا دەگەیەنێت و لەئاستی دووردا دەبێتە ھۆکاری بەرھەمھێنانی بێدەنگییەکی گەورە و زیندانیکردنی عەقڵ و ڕەخنە وداهێنان ،وە خزمەت بەگەورەکردنەوەی گروپە توندڕەوە دینیەکان و تاکڕەوی سیاسی لە کوردستاندا دەکا.

ئێمە وەک ئەم کەمپینە پێکهاتوو لە کەسایەتی و ڕێکخراوەکان و کەسایەتی ناوداری جیهانی نۆم چۆمسکی و ڕیکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی جیهانی، پێشتر ئێوەمان لەسەر هێرشەکانی ئەم یاسایە بۆ سەر ئازادیەکانی کۆمەڵگە ئاگادارکردوتەوە و ئێستا جارێکی تر داواتان لی دەکەین “یاسای پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکان”دەنگ پێ نەدەن و ڕیگە مەدەن بە تیپەراندنی لە پەرلەمانی کوردستاندا .

ئێمە بە پیویستی دەزانین کە لە جیگەی ئەم یاسایە یاسایەک دابڕێژرێت بۆ بەڕەسمی ناسینی ماف و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بیروڕا و ویژدان  وپاراستنی ئینسانەکان لە دەستێوەردانی هەر بیر و ڕایەکی باو و ئایینی لە ژیانی تاکە کەسی و کۆمەلایەتیاندا و سزادانی ئەو کەسانەی سەرپیجی لە مافی ئازادی رادەربرین و گفتوگۆ کردن دەکەن .

کەمپینی بەرگرتن بە سنوردارکردنی ئازادی رادەربرین                        06/10/2012

Add Comment

Click here to post a comment