نارەزایەتیەکان

هەڵکوتانە سەر NRTهەوڵێکی پارتیە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی لەسەراسەری کوردستاندا

گەلەکۆمێ و هەڵکوتانە سەر تەلەفزیۆنی NRT لە شاری سلیمانی لەڕۆژانی ٨و٩ شوباتدا لەلایەن ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کارێکی بە بەرنامە و بەشێکە لە ستراتیژی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی لەسەراسەری کوردستاندا لەم قۆناغەدا کە ئایندەی یەکێتی ڕوبەڕوی نادیاری و لاوازی بوەتەوە.

بەتایبەتیش ئەم ڕۆژانە کە شاری سلێمانی و شاروشارۆچکەکانی کوردستان بەرەوڕووی یادی ٢ساڵەی ١٧ شوبات دەچێ و داواکاری و ناڕەزایەتی بەڕوی دەسەڵات و پارتی بەرزدەبێتەوە ، ئەم گەلەکۆمەکیانەی پارتی بۆ سەر کەناڵی  NRT بۆ کپکردنی ئەو دەنگە ناڕازەیاتیانە و ئەم سیاسەتە بەئاشکرا لەزمانی گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندراوە کەدەڵێ “تا ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی كوردستان به‌ حزبی و حكومیه‌وه‌ پێداچوونه‌وه به‌ سیاسیه‌تی خۆیان نه‌كه‌ن، ئه‌وشتانه‌ رووده‌ده‌ن”.

ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ئەم هێرشانەی پارتی بۆسەر NRT بەتوندی مەحکوم دەکا و لەژێر هەر ناوێک و بیانویەکدا بێ سیاسەتی هەڕەشە لە میدیا و ئازادی بە کردەوەیەکی دەستدرێژی کارانەی دەزانێ. بۆ پیادەکردنی ئەو سیاسەتی بەخۆداچونەوەیەی گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاندوە بیانوی لەم جۆرەی دژ بە NRT لەلایەن ئەم حزبەوە کە لەدروستکردنی سیناریۆی تیرۆر و سەرکوتی ئازادیدا دەستی باڵای هەیە چاوەڕوانکراوە .هەربۆیە پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و دەزگا و لایەنە میدیایی و سیاسیەکانی کوردستان ئاگاداری ئەم پیلانانەی پارتی دیموکراتی کوردستان ببن و خۆیان بۆڕوبەڕوبونەوەی ئەم هەوڵ و هەڕەشە و گەلەکۆمانەی پارتی ئامادەبکەن و شکستیان پێ بهێنن و ڕێگا نەدەن پارتی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی بەسەراسەی کوردستاندا پەل بهاوێ بەناوی ناڕەزایەتی و وروژاندنی هەستی خەڵکەوە.

ڕێگای شکست پێهێنانی ئەم هەوڵانەی پارتی بۆسەپاندنی سیاسەتی دژی ئازادی جارێکی تر بەرزکردنەوەی ئەو دەنگە ناڕەزایەتیەی ١٧شوباتە کە دەتوانێ مەترسی پارتی و دەسەڵات لەسەر ئازادی خەڵکی کوردستان کۆتایی پێ بهێنێ. دەبا لەم ڕۆژانەی بەرەو یادی ٢ساڵەی ١٧ شوبات دەچین لەهەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان و دەرەوە دەنگی ناڕەزایەتیەکانمان بەڕووی پارتی و دەسەڵات و سیاسەت و هێرشەکانیان بۆسەر ئازادی بەرزکەینەوە.

ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

09/02/2013

Add Comment

Click here to post a comment