ژنان

ئازادی عەشق

ئێمە نابێت بە کەمتر لە ئازادی عەشق و خۆشەویستی و ماچ و شیعر و پەیکەر وداهێنانی ئینسان ڕازی بین ئەمە دڵی پێشکەونخوازی و گەشەکردنە

ئەمرۆ کە دەستی کۆنەپارێزی دەگاتە ناوجەرگەی عەشق و ئازادی شارەکەمان و پەیکەری خۆشەویستی دەسوتێنێ و گۆڕی شێرکۆ دەشکێنێ،کاتێکە کە پیویستە دیفاع لە ماچ بکەین ، خۆشەویستی بە پیرۆز بزانین . پەیامێک کە لەپشت ئەم تاواناوەیە پێمان دەڵێ ؛ خۆشەویستی قەدەغەیە، ماچ قەدەغەیە، ئازادی و شیعری ئازاد قەدەغەیە. وەڵامێک ئێمە دەبی لە گشت شەقام و کۆڵان و گەرەک و پارک و شوێنێکی ئەم کوردستانەدا بەم دەستدرێژیە بیدەینەوە ئەوەیە کە بە ماچ وەک کامەران و خۆشەویستەکەی ، بە دانانی کۆڕی شیعری وەک شێرکۆ ، بە نمایش ،بە کۆبونەوە ، بە دەنگ و ڕەنگ لە میدیادا، بە دانانی خێمەی خۆشەویستی و بەهەرکارێک کە عەشق لە تاریکی و نهێنی دەربازبکا و دوژمنانی بزانن کە لە کوردستان چیتر عەشق و ئازادی لە هیچ ناترسێ.

 پەیامی ئەم تاوانە پێمان دەڵێ کە کۆنەپاریزی لەم شارە و لە کوردستاندا دەیەوێ هێز نیشان بدا و ڕێگا بۆ ڕەش پۆشکردنی ئازادی و خۆشەویستی و ئەم مافە مەدەنی و ئینسانیانەمان بکاتە واقع . نمونەی ئەم جۆرە کارانە لەو دەستە و تاقمە کۆنەپەرستانە دەوەشێتەوە کە بەرنامەیان زەمینە خۆشکردنە بۆ سڕینەوەی فەرهەنگی پێشکەوتو و ئازاد و ئینسانی لە کوردستاندا. لەپاڵ یاسا کۆنەپارێزەکاندا و لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و بێ دەربەست بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژار گەشەی ئەم دیاردە توندڕەوانە دژ بەئازادی ڕودەدەن. ناڕەزایەتی ئێمە وەک خەڵکی ئازادیخواز پێویستە ڕووبکاتە دەسەڵات و داوای پاراستنی ئازادی و مافە ئینسانیەکانمان بە یاسا بکەین و ئەو یاسایانە هەڵوەشێنرێتەوە کە کۆنەپارێزی لە کۆمەڵگەدا بەهێزدەکا. پێویستە ڕیشەکانی توندڕەوی کۆنەپاریزی لەناو بەرین .ئەرکی دەسەڵات پاریزگاری لە فەرهەنگ و سیما و خواستی مەدەنی و ئینسانی خەڵکی کوردستانە. پاراستنی پەیکەری ئازادی و مەزاری شیرکۆی شاعیر و ئازادی شیعر و شانۆ و کتێب و ڕەخنە و خۆشەویستی وئازادیە شەخسیەکان لە پارک و شوێنە گشتیەکاندا، ئەرکی دەسەڵاتە. ئەم دەنگ هەڵبڕینەمان لێرە و لە شوێنەکانی تری کوردستان و لەدەرەوەی ووڵات نیشانی دا کە سەرکەوتن بۆ ئازادی و خۆشەویستیە. ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ ئومێد بەخشین بە جوانیەکانی ژیان و دورخستنەوەی کوردستان لەو خواستە ڕەشانەی دەیانەوێ کوردستان بکەنە ئەفغانستان و سعودیە و پاکستان و هەڵەبجەی جاران. ئێمە نابێت بە کەمتر لە ئازادی عەشق و خۆشەویستی و ماچ و شیعر و پەیکەر وداهێنانی ئینسان ڕازی بین ئەمە دڵی پێشکەونخوازی و گەشەکردنی کۆمەڵگەی کوردستانە لە سەدەی بیست و یەکەمی مرۆڤایەتیدا.

Add Comment

Click here to post a comment