نارەزایەتیەکان

کوشتاری کرێکارانی باشووری ئەفریقا لەلایەن ئاپارتایدی سەرمایەداری یەوە بەتوندی مەحکوم دەکەین

کوشتاری کرێکارانی باشووری ئەفریقا لەلایەن ئاپارتایدی سەرمایەداری یەوە بەتوندی مەحکوم دەکەین

 

کوشتنی ٣٤ کرێکاری کانەکانی پلاتینی مەریکانیای باشووری ئەفریقا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەو ووڵاتەوە لە ١٦ئابی ٢٠١٢نیشانی دا کە حکومەتی سەرمایەداران هەر ڕەنگێکیان هەبێ بەرامبەر بەکرێکاران یەک هەڵوێستیان هەیە ئەویش کوشتار و سەرکوتی کرێکارانی ناڕازی و خەباتکارە.

 

کرێکارانی ئەم کانانە کە سەرمایەیەکی گەورە بەرهەم دێنن خۆیان لەسەرەتایی ترین پێویستیەکانی ژیان بێبەشن و هەربۆیە ماوەیەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کرێ دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین و کۆمەڵەی کرێکارانی کانەکان و یەکێتی بیناسازی the Association of Mineworkers and Construction Union (AMCU) ڕابەری ئەم  مانگرتنانە دەکات و ڕێگانادات کە یەکێتی نیشتمانی کرێکارانی کانەکان (NUM) سازش لەسەر خواستی کرێکارەکان بکات لەگەڵ سەرمایەداران و حکومەتی کۆنگرەی نیشتمانی باشووری ئەفریقادا (ANC) بکات . کۆمپانیای Lonminی خاوەن کانەکە کە بنکەکەی لە لەندەنە بە پشتیوانی پۆلیسی حکومەتی سەرمایەداران هێرشی کوشتن و گرتن و دەرکردنی کرێکارانی مانگرتوویان دەست پێکرد و بۆ کۆتایی هێنان بەو مانگرتنەکەش ڕۆژی ١٦ی ئابیان وەک ڕۆژی کوشتن (D-DAY)دیاری کرد و لەئەنجامدا ٣٤ کرێکاریان کوشت. ئێستاش سەرەڕای ئەم کوشتارە هەڕەشەی دەرکردنی لەسەر کاری ٣هەزار کرێکاری مانگرتوو لەلایەن ئیدارەی Lonmin ەوە بەپاڵپشتی حکومەت و پۆلیس دراوە ،بەڵام کرێکاران لەمانگرتن بەردەوامن و داوای جێبەجێ بوونی خواستەکانیان و دادگایی بکوژانی کرێکاران دەکەن.

 

ئەم بەربەریەتەی سەرمایەدارانی باشووری یەفریقا نیشانی دەدا ئەگەر چی ڕژیـمی ئاپارتایدی سیاسی  سەرمایەدارانی سپی پێست کۆتایی پێهات بەڵام ئاپارتایدی ئابووری سەرمایەدارانی ڕەش و سپی دژ بەکرێکارانی  باشووری ئەفریقا جێگای ئەو ڕژێمە تاوانبارەی بە ڕژێمێکی تری تاوانبار پڕکردۆتەوە. کرێکارانی باشووری ئەفریقا بەهەمان شیوەی جاران لەلایەن سەرمایەدارانی کۆن و نوێی باشووری ئەفریقاوە دەکوژرێن و سەرکوت دەکرێن و برسیەتی و بێکاری و هەژاریان بەسەردا دەسەپێنرێ. دەزگای پۆلیس لەم ڕژێمەدا ئامادەی درێژەدان بەهەمان سیاسەتی پێشووی کوشتار و سەرکوتی کرێکارانە لە پێناو دابینکردنی سوودی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی باشووری ئەفریقادا و تەنیا ڕێگای کرێکاران کۆتایی هێنان بەم ڕژێمی ئاپارتایدە ئابوریەی سەرمایەدارانە.

 

ئیـمە لەڕیکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەتوندی ئەم کوشتار و بەربەریەتەی پۆلیسی حکومەتی باشووری ئەفریقا مەحکوم دەکەین و پشتیوانی لەداوا و خواستەکانی کرێکارانی کانەکانی مەریکانا و کۆمەڵەی کرێکارانی کانەکان و یەکێتی بیناسازی the Association of Mineworkers and Construction Union (AMCU) دەکەین. پێویستە پشتیوانی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانی دنیا فشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مەحکوم کردنی ئەم تاوانکاریەی حکومەتی باشووری ئەفریقا و جێبەجێکردنی داواکاریەکانی کرێکارانی ناڕازی و مانگرتوو.

 

کۆمیتەی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

20‏/08‏/2012 

Add Comment

Click here to post a comment