دواى دە ڕۆژ لە کوژرانى سەردەشت هەموو شوێنى خرۆشاوە و چاوەڕيَى سەرۆکى هەرێمن بکوژەکان بدۆزێتەوە و دادگایان بکات . چاوەڕوانیەکى سەیرە چونکە لاى سەردەشت بکوژەکانى ناسراو بوو و وەک ئێستا لە سەرابدا نەبوون ڕەقەم تەلەفۆنەکانى دابونە بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى هەولێر، ڕاگرى کۆلیزەکەى ئاگاداربوە و زیرەڤانیەکانى زانکو ئاگادارى لێدان و رفاندنەکەى بوون ، هەموو خەڵکى بە نامەى “یه‌که‌مین زه‌نگی کوشتنم لێیدا …” ئاگادارکردبۆوە. جیاوازى ئەم تیرورستانە لەوەدا بوە نەترساون و بە ئاشکرا دەڵێن کە خاوەنى شارى هەولێرن وەک سەردەشت لەم نامەیەدا دەڵى “له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بۆ یه‌که‌مین جار پێیان گوتم، ته‌مه‌نت چه‌ندی نه‌ماوه، یان به‌گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه، به‌ڵام نه باکم به‌مردنه و نه ئازاردان، له‌چاوه‌ڕوانی کۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌که‌مم تا دیداری بکوژه‌کانی خۆم بکه‌م”. بەم پێیە ئەگەر سەرۆک لیژنە دروست دەکا بۆ دۆزینەوەى ئەو تیرۆریستانە ئەوا شارى موسڵى بۆ نەگەڕىَ بەڵکو ئاشکرایە لە پایتەختەکەى خۆیدایە. جەنابى سەرۆکى هەرێم ئەمە شوێنى تیرۆریستانە کە سەردەشت بۆى ئاشکرا کردویت..
ئەگەر وەزارەتى ناوخۆش کێشەى سەردەشتى پىَ تەمومژاوی یە و دەیانەوىَ بەکێشەى شەخسى دایبنێن ئەوا سەیرى نوسراوى “نە سەرۆک خوایە نە کچەکەى” بکەن تا بزانن کە کێشەى سەردەشت لەگەلَ کێدایە؟ سەردەشت دەڵىَ “ئێرە ئەم وڵاتەیە کە نابێت بە سەرۆکەکەت بڵێى موچەکەت چەندە؟ بۆ کوڕ‌و نەوە و خزم و کەسوکارت ئەم هەموو پۆستە سەربازى و حکومییەیان پێدراوە؟ نەوەکانت ئەم هەموو سامانەیان لەکوێ بوو؟ جا ئەگەر یەکێک جورئەتى ئەوەى کرد و ئەم پرسیارانە بکات، ئەوا سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەکەى بەزاندووە و دەکەوێتە بەر رەحمەتى تفەنگ و قەڵەمەکانى ئەوان، بۆ منیش کە لەیەکێک لە نووسینەکانما ناوى کچەکەى بارزانیم هێناوە ئەوا یەکێک لە هێڵە سوورەکانى وڵات و ئەخڵاق و ئەدەبیاتى راگەیاندنم بەزاندووە.” جەنابى وەزیرى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى هەولێر ئەوەتا کێشەى سەردەشت لەگەلڕ سەرۆکى هەرێم ، مەسعود بارزانیدایە و بەدوادا گەڕانى ناوآ ئەگەر دەتانەوىَ لیپرسینەوە دەست پێ‌بکات فەرموون ئەوە داواکراو دیارە و سەردەشت پيَى ناساندون.
ئەگەر بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى هەولێریش باسى ئارامى و ئاسایشى هەولێر دەکەن و باوەڕناکەن لەم شارەدا هیچ رفراندن و گرتن و تیرۆر و تۆقاندنێک هەبێ ئەوا گوىَ لەم هەڕەشە بەردەوامانە بگرن کە لەو شارەدا بەردەوام بەرامبەر سەردەشت و هاوڕێکانى کراوە..
“ئاخر من چۆن له‌گیانی خۆم دڵنیابم، که چه‌ند رۆژێکه هاوڕێیه‌کم له‌سه‌ر چه‌ند نووسینێکه‌وه درایه به‌ر شه‌ق و ناچاربوو، ئه‌م شاره‌جێبێڵێت؟هه‌رچی بێت من له‌م شاره‌ناڕۆم و له‌چاوه‌ڕوانی دیداری مردنی خۆم داده‌نیشم.”
ئەگەر ئاسایشى هەولێر خەبەرى لەمانە نەبىَ ئةوا ئةبىَ پرسیارى هەواڵى ئەم ڕوداوانە ئاراستەى “ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان” بکات، چونکە بەپيَى بەیاننامەیەکى 13.05.2010 دەزگاى پاراستن کە دەڵىَ:
“له چوارچێوه‌ی گرینگی دانی کاک مه‌سرور بارزانی به توێژی قوتابیان و گه‌نجان سمینارێکی بۆ قوتابیانی به‌شه‌کانی ئینگلیزیی زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددیندا کردوه ” کە (سه‌رده‌شت عوسمان) ى لێبوە ،دیارە ئەم دەزگاى پاراستنە و کاک مەسرورى سەرۆکى بەپەرۆشى وەزعى ئەم بەشە بوون بەتایبەت لەناو ئەو دەیان بەش و سەدان پۆلەى لە زانکۆکانى کوردستاندا هەیە و ئەگەر ئاسایشى گشتى هەولێر دەیەوێت ئەو کەسانە بدۆزێتەوە کە پێش کوشتنى سەردەشت ئەم هەڕەشانەیان لەسەر دەشت کردوە و هاوڕێکەى “له‌سه‌ر چه‌ند نووسینێکه‌وه درایه به‌ر شه‌ق و ناچاربوو، ئه‌م شاره‌جێبێڵێت؟” کردوە ئەوا ئەم دەزگایە دەتوانىَ هاوکارى بکا و ئامادەشە “تۆماری گشت سمینارهکهش به وێنه له‌به‌ر ده‌سته ” بداتە دەست ئاسایش تاکو سەرەداوى بکوزەکانى سەردەشت پەیدابکەن. کەواتە سەردەشت بکوژەکانى خۆى و هاوڕێکانى وەک دەزگایەکى تۆقێنەرى رێکخراو کە بەدواى ئەو کەسانەوەیە کە ” سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەکەى بەزاندووە ” ناساندوە و بەپيَى ئەو دەسەڵاتەى ئەم باندە تیرۆریستە لە شارى هەولێردا هەیبوە لە ئاشکرا رفاندن و بێدەنگى زێرەڤانى زانکۆ لەم کارەى لە بەردەمیاندا ئەنجام دراوە و لەو سەلاحیەتەى هەیانبوە بۆ دەرچون لە بازگە قایمەکان ، پێویستە “ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ئەمانە بناسن ئەگینا چۆن دەتوانن ئەمنى قەومى و ئاسایشى هەرێمێک بپارێزن ناتوانن پاراستنى کۆلیژيَک و قوتابیەکانى کە کاک مەسرور گرنگیان پىَ دەدا. بۆیە حەتمەن ئەم دەزگایە دەبێت بانگ بکرێت بۆ لیکۆڵینەوە و گەیشتن بە ڕاستیەکانى کوشتنى سەردەشت و ناسینەوەى تیرۆریستان.
پرسیارى سەرەکى من لە هەموو ئەو لایەن و کەسایەتى و جەماوەرەى لەدزى ئەو تاوانە خرۆشاون ئەوەیە، دواى ئاشکراکردنى ئەم سەرابانەى کوشتنى سەردەشت لە زمانى سەردەشتى گیان بەختکردوەوە ئیتر چاوەڕيَى لیژنەى سەرۆکى هەرێم و داواى ناساندنى تاوانباران لەلایەنە بەرپرسەکان دەکەن و پێتان وایە ئەوان دەڵێن لە پایتەختى دەسەڵاتى پارتیدا کوژراوە و کێشەى لەگەلَ سەرۆکى هەرێم و هێڵە سورەکانی بنەماڵەدا بوە و دەزگاى پاراستن ئەو کەسانە تەسلیم بەدادگا دەکا. بەیاننامەى مەکتەبى سیاسى پارتى لە 13/5/2010 وەڵامى هەر کەسێک دەداتەوە کە بەدیار ئەو ليژنەیەى سەرۆک و لایەنە بەرپرسەکانەوە دانیشتوە و چاوەروانى ناساندن وسزادانى بکوژانى سەردەشت عوسمانە. ئەگەر دەتانەوىَ ئەنجامى لیژنەى سەرۆک بزانن فەرموون بزانن لیژنەکە چى دەڵىَ”هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ی رابردوودا بوختانیان به دام و ده‌ستگا ئه‌منیه‌کانی هه‌رێم و به پارتیمان کردووه و به بێبه‌ڵگه و هه‌روا له خۆڕا، تۆمه‌تباریان کردوون ، راپێچی به‌رده‌م دادگا ده‌کرێن و لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت .” لە جێگاى گەڕان بەدواى بکوزانى سەردەشت پارتى بەدواى گەڕان و دادگایی ئەوانەیە کە نەیانوتوە ئەم کارە پارتى نەیکردوە و هەر دەڵيَى پارتى ودەزگا ئەمنیەکانى تیرۆر کراوە نەک قوربانیەکى دەسەڵاتى ئەوان.
بەڵام ئەو ڕاستیانەى سەردەشت دەیەوێت بە ئێمەى بگەیەنىَ لە ناساندنى دوژمنانى ئازادى لێرەدا تەواو نابێت و گرنگترین بریارێک کە وەک هەر جەنگاوەرێکى شەڕ دەیدات ئەوەیە کە دەڵىَ” ئه‌زانم ئه‌مه یه‌که‌مین زه‌نگی مردنی خۆمه که له‌کۆتاییدا ده‌بێت بهزهنگێک بۆ گه‌نجه‌کانی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته، به‌ڵام ئیدی ئه‌مجاره نه‌سکاڵا تۆمار ده‌که‌م و نه‌لایه‌نه به‌رپرسه‌کان ئاگادار ده‌که‌مه‌وه، هه‌نگاوێکه ناومه و ئازاره‌که‌شی خۆم ئه‌یگرمه ئه‌ستۆ، ئیدی بۆ من له‌داهاتوودا هه‌ر وشه‌یه‌ک که ده‌ینووسم وابیرده‌که‌مه‌وه، که دواهه‌مین وشه‌بێت له‌ژیانمدا،” ئەمە ڕاستیەک و دەرسێکى گەورەیە کە سەردەشت خەڵکى کوردستان فێردەکا و پێیان دەڵىَ ئەگەر دەتانەوىَ ئازادى بەدەست بێنن و بچنە شەڕى دوژمنانى ئازادى خەڵکەوە چیتر چاوەڕيى سکاڵا تۆمارکردن مەبن لاى ئەوانەى دەتانکوژن ، چیتر باوەڕ بەوە مەکەن کە ئاگادارکردنەوەى “سەرۆک و لایەنە بەرپرسانەکان” رۆژنامەنوسێکى رەخنەگر و خوێندکارێکى مانگرتوو و خۆپیٍشاندەرێکى داواى ئاووکارەبا دەکا و ژنانێکى نارازى لە دەست توندوتیزى دەپارێزىَ بەڵکو ئەوانە دەست لە هیچ کارێک ناپارێزن بۆ پاراستنى ئەوە سەروەت و کورسیەى زەوتیان کردوە. ئەمە پەیامێکە سەردەشت بەئێمەى دەدات و ناڕەزایەتیەکانى ئیستاى خەڵکى کوردستان ئەگەر دەیانەوێت هەڵگر و درێژەپیَدەرى ئەو ڕێگایەبن کە سەردەشت گیانى خۆى بۆکردە قوربانى پێویستە سکاڵا لاى ئەو سەرۆکەى هەرێم تۆمار نەکا و ئەو لایەنە بەرپرسانە ئاگادار نەکەنەوە کە ئاگادارى کوشتنى سەردەشت بوون و کێشەیان لەگەل سەردەشت بوو و شارى هەولێریان بەسەردەشت چۆلَ دەکرد و دەزگاى جاسوسى و تۆقاندن و تیرۆریان لەو شارەدا دژى سەردەشت بەرەڵاکردبوو.
سەردەشت ڕۆشت بەڵام وەک قارەمانێک ،کە نوینەرایەتى شەڕى ئاشکراى گەنجانى کوردستانى کردوە دژ بە سەرۆک و دەسەڵاتەکەى، هەموو ئەم سەرابانەى بکوژەکانى بەر لە مەرگى خۆى ئاشکرا کردوە چونکە دەیزانى زه‌نگی مردنی خۆمه که له‌کۆتاییدا ده‌بێت بهزهنگێک بۆ گه‌نجه‌کانی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته “. با ئەم زەنگەى مەرگى سەردەشت بکەینە زەنگى کۆتایی هێنان بە بێدەنگى لەئاست ئەو دەزگایەى تیرۆرى ئازادیخوازانى کوردستاى دەکا و ئەم ناڕەزاتیانەى ئیستامان بەڕووى دەسەڵاتداراندا دواى داخستنى دەزگاى جاسوسى و تۆقاندنى پاراستن بىَ . ئەمە ئەو ئامانجەیە کە سەردەشتەکانمان دەپارێزىَ. نابىَ هیچ حزبێک دەزگاى جاسوسى و تۆقاندنى هەبىَ و دەبێت بەپيَى یاسا ئەم دەزگایانە قەدەغە بکرىَ. هەموو هەڕەشەکانى پارتى لە خەڵکى ناڕازى کوردستان بۆ پاراستنى ئەم دەزگا سەرکوتگەرەیە و مانەوەى ناڕەزایەتیەکانى جەماوەر و هێزە سیاسیەکان لە چاوەروانى لیژنەى سەرۆکدا سارددەکرێتەوە و پارتى لەژیر ئەم فشارە جەماوەریە دەربازدەکا. ئەمە تەجروبەى خەباتى ئەو گەلانەیە کە دژ بەدەسەڵاتە دیکتاتۆریە عەسکەریەکان و میلیشیاکان جەنگاون. کۆمەڵگەى کوردستان شایستەى سیستەمێکى سیاسى مۆدێرنن کە دەزگاى جاسوسى وتۆقاندن جێگاى تێدا نەبێتەوە. ئەمە پەیامى ئەو شەڕەیە کە سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان دژ بەم دەزگایانەى سەرکوت بەرپایان کردوە و پارتى ناتوانێ بە ناوى پیلانگیرى نەیارانى ئەم داوایەى خەڵکى کوردستان سەرکوت بکا. جورئەتى سەردەشت بۆ خەڵکى کوردستان ئیلهامى ئەوەى تێدایە کە بێته سه‌ر دێڕێکی نوی و سه‌ر له‌نوی ده‌ستپێبکاته‌وه.
ئاسۆ کمال 13/5/2010
Add Comment