وتار

١٧ شوبات کۆتایی مێژووی بێدەنگی

 خرۆشانی سیاسی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان کۆتایی مێژوویەک لە بێدەنگی سیاسی بوو
بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ئەمە یەکەم جار بوو کە خەڵکی کوردستان ڕوبەڕووی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی ڕاوەستێ و داوای ڕووخانی بکا. ئەمە ئیلهامێک بوو کە خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی گەنجان و خەڵکی کرێکار و هەژار و ئازادیخوازی میسر و تونس وەری گرت و بۆ ماوەی ٦٢ ڕۆژ بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەیداندا مایەوە. ئەمڕۆ کە ساڵێک بەسەر ئەم خرۆشانە سیاسەدا تێپەڕدەبێ و دەسەڵات کەوتۆتەوە ترسی هاتنەوە مەیدانی جەماوەری ناڕازی و خەڵکی ئازادیخوازیش خواستی درێژەپێدانی ئەم مێژووە نوێیەی خۆپیشاندانی سیاسی بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی هەیە.

وەک هەموو شۆڕشە جەماوەریەکان شۆڕشگێڕان بەدوای ئەو پەیامانەدا دەگەڕێن کە لە هەنگاوەکانی پێشوویاندا نەیان توانی بیگەیەنن یان ئەو خواستانەی بەدەستیان نەهێنا تاکو بیکەنە شیعاری هاتنەوە مەیدانیان. وەک مارکس دەڵێ ئەم شۆڕشانە دەڵێی لەو کەوتنانە هێز وەردەگرن و هەربۆیە بەدەنگی بەرز دێنەوە مەیدان دەڵێن گوڵ لێرەیە لێرە سەمای بۆبکە.

پەیامی یەکەمی ١٧ شوبات “بڕوخێ” بوو بە دەسەڵات.  گەنجان و خەڵکی ئازادیخواز لە سەرای ئازادی سلێمانی بەم دروشم و داخوازیەوە هاتنە مەیدان . شەڕوپێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران لەگەڵ لقی چواری پارتی و لە ڕۆژانی دواتردا لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی بڵێسەی شۆڕشی “بڕوخێ” بوو. لەهەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا کردەوە دەکەوێتە پێش تیۆریەوە و لێرەش ئەگەر هیچ کەس و لایەنێک ئەم “بڕوخێ”یەی پێشتر نەکردبوە بەرنامە بەڵام گەنجان و جەماوەری ناڕازی کردیانە ئەو خواستەی کە زۆر زوو تەعبیری لەم خرۆشانە سیاسیە کرد. حزبە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بەتایبەت گۆڕان و ئیسلامیەکان و کۆمۆنیستەکان هاتنە پشتی ئەم خۆپیشاندانانە بەڵام جەماوەری “بڕوخێ” لەلایەن هیچ هێزێکی سیاسیەوە بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕین یا حەرەکەتێ بۆ ڕوخانی دەسەڵات ڕێک نەخرا. ڕاوەستان لەنیوەی ڕێگادا بەزیانی شۆڕشگێڕانە ، ئەمە تەجروبەی دوای “بڕوخێ”ی ١٧ شوباتە. هێنانە خوارەوەی داواکان تەنیا بۆ دادگایی تاوانباران نەیتوانی ئەو هێزە بەرەوپێشەوە بەرێ کە “بڕوخێ” کۆی کردبۆوە. بینیمان لەکۆتاییدا گەنجان کە بۆ “بڕوخێ” هاتبونە مەیدان خۆیان لە قاڵبی مانەوە لە مەیدانی ئازادیدا پێ قەناعەت نەدەکرا . ئەم شۆڕشانەی ناوچەکە کە خەڵکی کوردستان  ئیلهامی لێوەردەگرن لەسەر “ڕوخانی” دەسەڵات تا ئاخر شەڕدەکەن. دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیش بە تەجروبەی ١٩ نیساندا نیشانیان دا کە لەبەرامبەر “بڕوخێ”دا تا ئاخر شەڕدەکەن. هەربۆیە دەرس و پەیامی ١٧ شوبات بۆ بەدیهێنانی ئازادی لەکوردستان و گۆڕینی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی تەنیا شەڕە تا ئاخر لەسەر “بڕوخێ” ، ئەگەر نا ١٩ نیسانی سەرکوت درێژەبەخۆی دەدا.

دەرسێکی تری ١٧ شوبات ئەوەیە کە هەڕەشە و دەست درێژیەکانی دەسەڵات لەدژی خۆپیشاندەران جەماوەر زیاتر هاندەدا دەکا بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە و لێرەوە دەتوانرێ زیاتر مەیدان لە بەردەم دەسەڵات تەنگ بکا و پاشەکشە بەدەسەڵات بکا. نمونەی سوتاندنی خێمەکانی سەرای ئازادی ئاشکرایە کە جەماوەری بۆ خۆپیشاندان و ڕاوەستانەوەی زیاتر هاندا. لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان دەست پێدەکاتەوە گرنگە سەنگەر بەسەنگەری ئەم پێشڕەویانەی جەماوەر بکرێنە دەست کەوت بۆ خودی جەماوەر و ڕاپەڕینەکەی. ئەوەی پاشەکشانەی دەسەڵات لە ساڵی پاردا بۆ ئەنجومەنی ئازادی و خۆپیشاندەرانی کوردستان کردی بەدەستەوە نەگیرا بۆ ڕێکخراوکردنی خۆپیشاندەران و سەپاندنی داواکانیان و ڕێگە درا کە ئۆپۆزسیۆن بیکاتە دەستمایەی گفتوگۆی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتدا. ئەمە دیمەنی سیاسی لە شەڕی خەڵک لەسەر ئازادی و گۆڕینی دەسەڵاتەوە گەڕانەوە بۆ دواوەسیناریۆی گفتوگۆی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن. دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی خەڵک نابێت مامەڵەی پێوەبکرێ و جەماوەر دەبێ خۆی ببێتە بڕیاردەر لەسەر هەر گفتوگۆ و هەنگاوێک لەمەڕ جێبەجێکردنی داخوازیەکانی. ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی ئەوکاتەی ئەم بێدەنگیەی لەسەر گفتوگۆی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا بەسەردا سەپا خۆی و خۆپیشاندەرانی بێ دەور و دەسەڵات کرد. دروستکردنی ئۆرگانە جەماوەریەکان و دەورگێڕانیان لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆپیشاندەراندا هەستکردنی ئەم خرۆشانە سیاسیەی خەڵکە بەهێزی خۆی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی نێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵات و ڕێگای بەدیهاتنی خواستەکانی خۆپیشاندەرانە. جەماوەری ناڕازی ناڕێکخراو دەبێتە سوتەمەنی و لەشکری بێکرێی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات ، ئەمە دەرسێکە لە ١٧ شوباتی پاری کوردستان و میسر و تونس دەبێ بەجدی وەریگرین ئەگەر بمانەوێ ئازادی ئاکامی ئەم خەباتەمان بێ.

دەرسێکی گرنگی تر ڕاکێشانی ئەو هێزە چەکدارانەی یەکێتی و پارتی بۆ سەرکوتی خۆپیشاندان دەیهێنن بۆ لای داواکانی جەماوەر و نزیک بونەوە لێیان وەک ئەو نمونانەی ساڵی پار لە ١٩ شوبات ودواتر لەگەڵ هێزە چەکدارەکاندا دەکرا بەڵام بەداخەوە درێژەی پێ نەدرا. ئەمە لەلاوازکردنی دەسەڵاتی سەرکوتی ئەم حزبانەدا دەورێکی جدی هەیە و دەبێ شێوازی کاریگەر بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەم هێزانەی لە خەڵکی هەژار و ستەمدیدە دروست دەکرێ بەکاربهێنرێ.

مێژوویەک کە بە ١٧ شوبات دەستی پێکردوە مێژووی هەست کردن بە غرور و سەربەرزی خەڵکی ستەمدیدە و ئازادیخوازی کوردستانە لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی میلیشیایی و دیکتاتۆریدا ، بەدەستی ئێمە ئەم مێژووە دەتوانێ ئایندەیەکی باشتر و ژیانی ئازاد و یەکسان بەدی بێنێ . ئەمە لە گرەوی هاتنەوە مەیدانی ئێمەدایە بەسوودوەرگرتن لەم تەجروبە جەماوەریەی ١٧ شوباتی پارمان.

ئاسۆ کمال – ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی

Add Comment

Click here to post a comment