کۆمۆنیزم

هەنگاوێک بۆ دواوە و چاوەڕوانیەک

 کێشەی ئێستای ناو حزبی حیکمەتیست تەجروبەیەکی شکستی حزبی سیاسیە و هەنگاوێکە بۆ دواوە لەو پرۆسەی ئاڵوگۆڕەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە دەیەیەک زیاترە دەیەوێ لە حزبی حاشیەیی و چەپی سونەتیەوە بگۆڕێ بۆ حزبێکی سیاسی. ئەگەر جیابونەوەی حیکمەتیستەکان لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بەرئەنجامی فشاری چەپی حاشیەیی و سونەتی فیرقەیی ئەو چەپە بوو لەناو کۆمۆنیزمی کرێکاریدا. ئەوا بەداخەوە ئینشقاقی ئێستای ناو حزبی حیکمەتی گەڕانەوەی حیکمەتیستەکانە بۆ دەوران و سونەتی فیرقەیی چەپی حاشیەیی.

ئەگەر لە پشت ئەم جیاوازیانەی ناو باڵەکانی حزبی حیکمەتیست و باسەکانیانەوە بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتی جیاواز نادۆزرێتەوە، ئەوا دەبێ ڕیشەی ئەم کێشانە و خەتەکانی ئێستا کێشراون لە ناو ئەو سونەتە سیاسی و تەشکیلاتیانەی چەپی فیرقەیی و حاشیەییدا بدۆزینەوە کە هەمیشە بەشێک بوون لە مێژووی دوور و نزیکی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری. ئەو سونەتە سیاسی و تەشکیلاتیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەمیشە لە شەڕدا بوە لەگەڵیان و هەمیشە لە خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەییدا بەربەست و ڕێگر بوون لە تەبدیل بوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە حزبی سیاسی و بە بەدیلێکی کۆمەڵایەتی کە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە ژیان و خەباتی کرێکاران و کۆمەڵگەدا بێنێتەدی.

 

دەرسێک لە تەجروبەی ڕابردووی چەپی عێراق

ئێمە بێ مانایی شەڕی فیرقەکانی ئەو کاتەی خۆمان لەگەڵ یەکتر دەزانین لە پێش دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق کە هاوچەشنی شەڕی نێو باڵەکانی ئێسای حزبی حیکمەتیە . ئەوکات ئێمەش سەرەڕای بەرنامە و خەتی سیاسی و خەباتی عەمەلی هاوبەشمان ناکۆکیە لاوەکیەکانی نێوخۆمانمان زۆر پێ گەورەتر بوو لەچاو خاڵەهاوبەشەکانمان. تەسویری ئێمە لە سنوری مەحفەل و پلاتفۆرمی عەمەلی خۆمان تێنەدەپەڕی و تەسویری حزبێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرگیر لەخەباتێکی کۆمەڵایەتی هاوبەشی مەزندا نەبوو . سنوری تەحەمول و مەرجی قبوڵکردنی یەکتر و مانەوەمان لەگەڵ یەکتر ڕێکەوتن بوو لەسەر ئەم پلاتفۆرم و خەت و نوسینانە وە ئەگەر خاڵە هاوبەشە تیوریانەمان نەمایە مەحفەل و فیرقەکانمان هەڵدەوەشاندەوە و ئینشقاقمان دەکرد. پێکهێنانی حزب تێپەڕاندنی ئەو سنور و سونەت و مەحفەلانە بوو. لە حزبدا خودی کۆکردنەوەی هێزی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی گرنگ بوو لەدەوری خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە ئەحزابی دەسەڵاتداری بورژوازی نەک تەنیا بەرنامە و پلاتفۆرمەکان. گرنگی ئەم هەنگاوە عەمەلیە حزبیە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە دە هێندەی کاری چەندین ساڵەی پێشتری ئێمە وەک ئەو چەپی فیرقەیی گرنگتر بوو کە خەریکی پاراستنی پلاتفۆرم و خەتی تیوری وسیاسی بووین. هەربۆیە لای ئێمە بیروڕای سیاسی و تەنانەت خەتی سیاسی جیاوازیش لە حزبێکی کۆمۆنیزمی کرێکاری جێگای دەبێتەوە لەبەرئەوەی فەلسەفەی حزب وەحدەتی عەمەلە بەدەوری بەرنامەی کۆمۆنیستی و ڕیزی شۆڕشی کرێکاریدا و کارکردن لەڕێگای ئەم حزبە سیاسی یەوەیە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات. ئێمە لە تەجروبەی تاڵی چەپی فیرقەیی و حاشیەییەوە هاتین و لەسەر دەستی مەنصور حیکمەت بوینەتە بەشێک لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە چەپی حاشیەیی بۆ حزبی سیاسی. ئەمانە دەرسێکن ئێمە لە سێ–چوار دەیەدا لە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بەعەمەلی فێری بووین و ڕەنج و تێکۆشانێکی زۆری ویستوە تا بەعەمەلی بۆ پاراستنی ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان پەیڕەومان کردوە .

 کۆمۆنیزمی کرێکاری ئێران و عێراق مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە ، گواستنەوەی دەرسەکانی پاراستنی حزبیەت لە تەجروبەی حزبی عێراقەوە لەئێستادا بۆ ئێمە هاندانی حیکمەتیستەکانی ئێرانە بۆ پشتگیری کردنیان لەو هەوڵانەی ئێستای هەردوو حزبی عێراق و کوردستان بۆ یەکگرتوکردنەوەی ڕیزەکانی حیزبی حیکمەتیست دەیدەن.

 دەرسێک کە بەبڕوای ئێمە حیکمەتیستەکان لەم تەجروبەی ئێستایان دەتوانن وەریگرن ئەوەیە کە کێشەکانی ئێستایان لەسەر پلاتفۆرم و گۆڕینی ڕەیل و کۆمیتەی کۆمۆنیستی و خروقاتی پەیڕەوی ناوخۆ نەکەنە ئەوەی کە ڕیزەکانی حزبێکی سیاسی پێ پارچە پارچەبکەن و کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی ئێران لەم دەستکەوتەی نیوسەدە لەخەباتی کۆمۆنیستی مەحروم بکەن.  سازش و ڕەخنەگرتن و جەدەل و کۆبونەوە لەگەڵ یەکتر تەنیا ڕێگایەکە کە دەتوانرێ ڕیزی ئەم حزبێکی سیاسی پێ بپارێزرێ و هەرکەس و لایەنێک ئەم وەحدەتی حزبە نەخاتە سەروو هەر ناکۆکیەکی لاوەکی تر و ئەولەویەتەکانی خۆیەوە ئەوا بەرپرسیارێتی پاشەکشە و شکستی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەکەوێتە ئەستۆ. ئەم ئینشقاقەی ئێستا هەردوولا لێی بەرپرسن و دەبێ هەردوولا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە لەسەر ئەم تەجروبەی ئینشقاقە چی دەڵێن و ئەمە بە پاشەکشە و بەرەودواوەگەڕانەوە دادەنێن یاخود بەدەستکەوتی دەزانن؟ وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە ئەم تەجروبەی ئینشقاقە شکست و هەنگاوێکە بۆ دواوە. حزبێکی سیاسی یەکپارچەی حیکمەتیست لەخەباتی چینی کرێکاری ئێراندا بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سوسیالیستی بە هەموو کێشە سیاسی و پلاتفۆرمە جیاوازەکانەوە گرنگترە لەو ڕیزە دوو کەرت بوەی ئەو حیکمەتیستانەی زۆر بەخەمی پلاتفۆرم و تیوری و فراکسیۆنی مارکسیزم و حیکمەتیزمی ڕەسەنەوەن.

 

فراکسیۆنیزم و حزبی سیاسی

ئەوەی لای هەردوو باڵەکەی ناو حزبی حیکمەتی تەفسیری ئەم ئینشقاقەی پێدەکرێ ئەوەیە کە جیاوازی سیاسی و پلاتفۆرمی جیاواز هەیە!. باڵی هەيئەتی دائمی مەکتەبی سیاسی پلاتفۆرمێکی جیاوازی هەیە و ئامادەنەبوو لەدەستوردا لایبەرێ تا گرتنی پلنۆم و باڵی ئەقەلیەتی مەکتەبی سیاسیش ئەم پلاتفۆرمە پێ لادانە لە ڕەیلی حزب و هەربۆیە ئامادەنەبوو لە پلنۆم و ئۆرگانێکی حزبیدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکا و لای خۆیەوە شەرعیەتی لە ئۆرگانەکەی خۆی کە مەکتەبی سیاسیە سەندەوە. ئەم ماوەیە هەردولا هەوڵیان داوە بمانخەنە ناو ئەو بازنەیەوە کە ئایا کام ئیقدامەیان حزبیە و کامەیان لادانە لە پەیڕەوی ناوخۆی حزب و تا لێرەوە شەرعیەت بدەن بە فراکسێۆنەکەی خۆیان کە لەبەر ئەوەی نەیهێشتوە لایەنەکەی تر حزب و پلاتفۆرم و ئسوڵ و ئۆرگانەکانی بشێوێنێ ئەوا حەقی خاوەنداری حزب بە فراکسێۆنەکەی ئەوە و لەم پێناوەشدا سیناریۆی بەستنی پلنۆمی ئەکسەریەتی مەکتەبی سیاسی و کۆنگرەی ئەقەلیەتی مەکتەبی سیاسی داڕێژراوە.

ئێمە لە پێشدا نابێ بچینە ئەو بازنەیەی ئەم دوو فراکسێۆنە کێشاویانە و دەیانەوێ هەرکەسێک داوەری دەکا یەکێک لەو دوولایەنە و سیناریۆکانی هەڵبژێرێ.دەبێ سەرەتا بێیینە سەر هۆیەکانی ئینشقاقی ئێستای حیکمەتیستەکانی ئێران و بزانین چ جیاوازیەکیان لەگەڵ سونەت و شێوەکاری چەپی فیرقەیی و حاشیەیدا هەیە ؟ چۆن و بەپێی چ پرۆسەیەکی سیاسی ئاشکرا حزب بوە بە دوو فراکسیۆنەوە و تەفسیری هەردوولا چیە لەسەر ئەم فراکسیۆنیزمەی ناو حزب ، پلاتفۆرم و پەیکەرەی تەشکیلاتی کامەیە و ڕەسمیەتیان لەکوێ وەرگرتوە ؟  دواتر ئایا لە حزبی سیاسیدا ئاکامی هەر جیاوازیەکی سیاسی فراکسیۆنیزم و دواتر ئینشقاقە؟ ئەگەر وانیە بۆ لە حزبی حیکمەتیدا جیاوازی پلاتفۆرم و خەتی سیاسی شەرعیەتی بە دروستکردنی فراکسیۆنی ئەکسەریەت و ئەقەلیەت داوە؟ بۆچی ئەم دوو فراکسیۆنە بەناوی فراکسیۆنەکانیانەوە قسەناکەن و ئەگەر حزبیان کردوە بەدوو بەشەوە بۆ هەردولا ئیدعای ساحێب بوونی حزب دەکا؟ ئەو گرێ کفراوی و هەنگاوە کفراویانە چین کە ئێستا دیواری چینی لەنێو ئەم دوو باڵەدا دروستکردوە و ڕێگای وەحدەتی بەبن بەست گەیاندوە؟ کەواتە ئەم پرۆسە و کێشەیە لە تەرحی پلاتفۆرمێک و “تەغیر ڕەیل”ی ئەکسەریەت و کودەتای ئەقەلیەتەوە دەستی پێنەکردوە و ئەمە تەنیا یەکێک لەو وێستگایانە بوە کە کێشەکەی تێدا تەقیوەتەوە نەک ئەمە خودی کێشەکە بێت و داوەری لەسەر ئیقداماتێک بێت. ئەم دوو فراکسێۆنە بە پیادەکردنی سونەت و سیاسەتی فراکسیۆنیستی و فیرقەگەرایی پێشتر حزبیان دوولەت کردوە و هەربۆیە جیاوازی سیاسی و پلاتفۆرمی جیاواز لەسەر دەستی ئەم فراکسیۆنیزمە حزبی ئینشقاق پێکرد. حزب کرا بوە فیرقە بۆیە تەحەمولی جیاوازی سیاسی لەنێو خۆیدا نەکرد. حزب کرایە فیرقە بۆیە ئەقەلیەت ڕێگای کودەتا لەجێگای فراکسیۆنی ڕەسمی بۆ دیفاع لەخەتی حزب پیادە دەکا.حزب کراوەتە فیرقە بۆیە ئەکسەریەتی مەکتەبی سیاسی بۆی گرنگ نیە کە لایەک لە کۆمیتەی ناوەندیەکەی ئامادەی پلنۆمەکەی نابێ و ئەم باڵەی ئەکسەریەت هەر سوورە لەسەر ئەوەی بەم جۆرە پلنۆمە چارەنوسی حزب یەکلایی بکاتەوە و ئینشقاق ڕەسمیەت پێ بدا. ئەمە شەڕە لەسەر سەپاندنی فیرقە و سونەتەکانی چەپی فیرقەیی بەسەر حزبی سیاسیدا. ئەم فراکسیۆنیزمەیە کە دیواری چینی لە نێو ئەم دوو باڵەدا دروستکردوە و شەڕی فیرقەکان حزب و ئۆرگان و موازین و پرەنسیپەکانی حزبی سیاسی بەبارمتە گرتوە و خەریکی تێکدانی حزبە بەناوی حزب و ئۆرگان و خەت و پرەنسیپەکانیەوە.

ئەم سونەتە فراکسیۆنیستی و فیرقەییانەی چەپی حاشیەیی دەبێ بۆ حیکمەتیستەکان لە هەموو کەس ڕۆشنتر بێ .حزبی سیاسی بەبێ بیروڕای سیاسی جیاواز دەتوانێ تەنیا نیشانەی فیرقەیەکی فکری بێ ئیتر چۆن لە حزبێکی سیاسیدا تەبریری ئینشقاق و هەڵوەشاندنەوەی حزب جیاوازی سیاسی و پلاتفۆرمە. ئایا خودی حزبی حیکمەتی لەدژ بەم دیاردەی حزبی ناسیاسی و چەپی فیرقەیی دا دروست نەبوو؟ ئایا لە ناو کێشەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراندا بیانوی لادانی ڕاستی کورش لەلایەن فیرقەی حەمیدی تەقوایی نەکرایە ئاڵای تەسفیەی تەشکیلاتی و دروستکردنی حزبێکی تر لەڕێگەی دەنگدانی گشتی ئەندامانەوە؟

بۆچی ئێستا لە حیزبی حیکمەتیستدا لادانی کورش بوەتە پاساوی ئیقدامی تەشکیلاتی هەیئەتی دائمی مەکتەبی سیاسی، کە خۆی هەیئەتێکی تەنفیزیە ، بۆ گۆڕینی بەرنامەی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی. وە یان بۆچی لادانی مەکتەبی سیاسی لەخەتی کورش بوەتە پاساوی “کودەتا”ی تەشکیلاتی ئەقەلیەتی مەکتەبی سیاسی بەسەر ئۆرگانی خۆیدا و لێسەندنەوەی شەرعیەت لێی. ڕێگای ململانێی سیاسی و ڕێگای تەعبیرکردنی بیروڕای سیاسی جیاواز لەخۆیان و گۆڕینی ڕەیلی حزب و گۆڕینی ڕابەری حزب و لێسەندنەوەی شەرعیەت ، ئەمانە هەمووی بەپێی ئەساسنامەی حزبی حیکمەتی ڕێگای قانونی و حزبی هەیە.

 

لەناو حزبی حیکمەتیدا نە لادانی ڕاستی کورش کفرە و نەتوانرێ ڕەخنەی لێبگیرێ و پێویستی بە “دیکتاتۆریەتی” ئەکسەریەت بێت بۆ ئەوەی خەتی حزب نەبێ . وە نە لادانی مەکتەبی سیاسی لەخەتی کورش کفرە و پێویستی بە کودەتای ئەقەلیەت بێ تا وەکو خەتی حزب بیهێڵیتەوە. ئەمانە لە جەدەلی سیاسی ناو حزب و لە جەدەلی بڕیار و پلاتفۆرمەکانی ناو پلنۆم و کۆنگرەدا دەبرێنە پێش و لە ڕێگەی دەنگدانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێ و ناڕازیان بەخەتی ڕەسمی یان خەتە ناڕازیەکان بەیەکتر دەتوانن ململانێ بە شێوەی فراکسیۆنی ببەنە پێش.

 

ئەمە ئەو تەوافق و ڕێگاچارە سیاسیەیە ئەگەر هەردوولای کێشەکە لەسەری ڕێ بکەون دەتوانن تەجروبەی حزبی سیاسی کە ئێستا شکستێکی خواردوە و هەنگاوێ کۆمۆنیزمی کرێکاری براوەتە دواوە بگەڕێنێتەوە سەر ڕەیلی حزبی سیاسی و سونەتی چەپی فیرقەیی و حاشیەیی جارێکی تر لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دا شکست پێ بدرێ. ئەمە نمونەیەک دەبێ لە گێڕانەوەی متمانە بە حیکمەتیستەکانی ئێران کە دەتوانن وەک هەنگاوە پێشڕەوەکانی پێشوویان لە دژی سونەتەکانی چەپی حاشیەیی و فیرقەیی ،ئەم جارەش نمونەیەک لە حزبی سیاسی مۆدێرن و کۆمەڵایەتیمان نیشان بدەن و دەرسەکانی حزب و دەسەڵاتی سیاسی و حزب و کۆمەڵگەی مەنصور حیکمەت بەعەمەلی نیشان بدەن.

دوو ڕێگا و دوو ئایندە

حیکمەتیستەکانی ئێران دوو ڕێگایان لەبەردەم دایە ، یان درێژە بەم هەوڵانەی ئێستای خۆیان بدەن بۆ گرتنی پلنۆمی ئەکسەریەت و کۆنگرەی ئەقەلیەت کە یەکسانە بە شکستی کۆمۆنیزمی کرێکاری و گەڕانەوەیە بۆ چەپی فیرقەیی و لاوازکردنی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم لەبەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگیدا . وە یاخود ڕەخنە لەم تەجروبە شکست خواردوە دەگرن و هەنگاوێکی گەورە دەنێن بۆ تێپەڕاندنی سونەت و پراتیکی چەپی سونەتی و نیشانی دەدەن کە حزبی حیکمەتی حزبێکی سیاسی خاوەن سونەتی کۆمۆنیستی و کرێکاریە، هەر هەنگاو و تەجروبەیەک لە پەیوەند بە چینی کرێکار و شۆڕشەکەیەوە هەڵدەسەنگێنێ و ئەو بەرژەوەندیە دەخاتە پێش هەر بەرژەوەندیەکی ترەوە.

ئایا ئەم دوو باڵە سەرەڕای  ئیدیعاکانیان دەتوانن بیسەلمێنن کە ئەم تەجروبەیەی ئینشقاقەیان و ئەم پلنۆم و کۆنگرە ئینحلال خوازانەیان دەتوانێ کۆمۆنیزمی کرێکاری و خەباتی کرێکاران لە ئێراندا بەرێتە پێش ، وە یان هەموو شاهیدی لاوازکردن و بێ باوەڕی و بێ ئیعتبارکردنی حزبی حیکمەتیست دەبین لەدوای ئەو پلنۆم و کۆنگرەیەوە؟

ئەگەر ئەمە تەجروبەیەکی مەنفیە کەواتە بۆ زەربەیەکی لەم چەشنە لەم بزوتنەوەیە دەدەن؟ وە ئەوە چ بەرژەوەندیەکی سیاسی و تەشکیلاتی ترە کە ئەوان ناچاردەکا ئەم تەجروبەی شکستە تا ئاخر بەرن؟  سبەینێ چۆن دەتوانن کرێکاران و حیکمەتیستەکانی ئێران قەناعەت پێ بێنن کە ئەو دوو حزبە تازەیە بە وەسیلە و زەرفی ڕێکخراوبوون و خەباتی خۆیانی بزانن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لەئێراندا ؟ وە چۆن دەتوانن ئیدعای ئەوە بکەن کە لەناو ڕیزی ئەمانەدا کێشە و ململانێی سیاسی بەشێوەی مۆدێرن و شەفاف و ئسوڵی دەبرێتە پێش و وەحدەتی ئیرادە بۆ پاراستنی ڕیزی تێکۆشەرانی عەمەلی ڕێگای شۆڕشی کرێکاری دەپارێزن؟

دیارە حزبی حیکمەتی بۆ ئەو باڵانە بوەتە فیرقە و فراکسیۆنێک کە ئامانجی کۆکردنەوە و یەکگرتوکردنی ڕیزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیکمەتیستەکانی ئێران نیە و زۆر دورە لەوەی چاوەڕوانی حزبێکی سیاسی لێبکرێ کە سەرجەم هێزی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ئامادەدەکا. قانون و ئەساسنامە وئۆرگان و پلاتفۆرم و خەتی سیاسی بە وجودی ئەم حزبەوە گرنگن و بەشەقکردنی حزب بەهایەک بۆ پاراستنی ئەمانە نامێنێتەوە. ئەم دوو باڵەی کێشەکانی ناو حزبی حیکمەتی پێش باس لە پلاتفۆرم و ئۆرگان و ئەساسنامە دەبێ پێمان بڵێن دوای شەقکردنی حزب ئایا ڕەخنەگرتن لە یەکتر قەرەبووی لەدەستدانی ئەو هێزە دەکاتەوە کەحزبی حیکمەتیەکان لەدەستی دەدەن؟  ئیسراری کوێرانە لەسەر بەردەوامی دان بەم تەجروبەی شکستە نوسخەیەکی نائومێدیە کە نەهیچ قسەکەر و ئۆرگان و خاوەن پرۆژە و شەخسیەتێک تاقەتی ئەوەی نابێ بەیانی ڕاگەیاندنەکەی بنوسێ و مێژوو بەناوی تەجروبەی ئەوەوە تۆماری بکا. ئەمە ڕێگای شکستە و قارەمانی نیە و لە ڕووی دڵسۆزیەوە بانگەوازی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانمان  دەکەین کە بەشداری تێدا نەکەن.

هێشتا فرسەتی ڕێگای دووەم ڕێگای گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی حزبی سیاسی ماوە. ئەم ڕێگایە لەڕەخنەگرتن لەو سونەتانەوە دەست پێدەکا کە ئەم وەزعە مەحفەلی و فراکسیۆنیزمیەی دروست کردوە . لە ڕەخنەگرتن لەو سونەتانەی کە دەست و پێی هەردوو باڵەکەی گرتوە کە ناتوانن لە چوارچێوەیەکی سیاسی و تەشکیلاتی یەکپارچەدا ململانێ و کێشە و جەدەلەکانیان بەرنە پێش و ئامادەنین هەموو ڕێگاکان تاقی بکەنەوە و سازش بۆ یەکتر بکەن و یەکتر تەحەمول بکەن . ئەگەر حیکمەتیستەکانی ئێران لەم تەجروبەیەدا لەبازنەی بەتاڵی تاوانبارکردنی یەکتر لەلادان لە لە پلاتفۆرم و ئۆرگان و ئەساسنامە دەرچن ، نمونەیەک بەعەمەلی نیشان بدەن لە حزبی سیاسی “تعددی ڕاکان و وەحدەتی عەمەل و ئیرادە” ئەوا لە بازنەی چەپی فیرقەیی دەربازمان دەکەن . ئەمە چاوەڕوانیەکە هێشتا لەجێگای خۆیدایە و ئێمەش بەپەرۆشەوە هەموو پشتیوانیەک دەکەین بۆ سەرخستنی ئەو هەوڵانە. ئەگەر ئەمە ڕونەدا سەرجەم بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەنگاوێکی بۆ دواوە ناوە وکاری حیکمەتیستەکانی ئێران و عێراق قورستر دەبێ و وەک تەجروبەیەکی تری شکست دەبێ ڕەخنەی بێبەزەییانە لەو سونەتانە بگرین کە بۆ چەندین ساڵی تر کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێراندا لەدەست ڕاگەیشتن بە حزبی سیاسی دوردەخاتەوە.

 

 

 

ئاسۆ کمال

‏08‏/01‏/2012

10 January 2012 at 20:54

Add Comment

Click here to post a comment