نارەزایەتیەکان

تاوانبارکردنی ڕاپەڕین بە ئاژاوەگێڕی پاساوی بەربەریەتی پارتیە

کوشتاری خۆپیشاندەرانی سلێمانی بەربەریەتی  دەسەڵاتی میلیشیایی لە کوردستان نیشاندا. پارتی دوای کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی ئیستا هەڕەشەی زیاتر دەکا. ئاشکرایە ئەم حزبە  بەم وەحشیەتە دەیەوێت ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەدژی دەسەڵاتەکەی شکست پێ بێنێ. بیانوی پارتی ئەوەیە کە خەڵک پەلاماری  بارەگای فەرمیان داوە و ئەوانیش دیفاعیان لەخۆیان کردوە بەچەک. بێگومان ڕاپەڕین دژی دەسەڵات ئاشکرایە کە گوڵبارانکردنی دەسەڵات نیە و گوێگرتن بۆ بەڵێنەدرۆکانی دەسەڵاتداران نیە بەڵکو بەکارهێنانی زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانەیە دژ بەدەسەڵات بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوت وچەوسانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لاوانی شاری هەڵمەت وقوربانی کردیان دژ بە بارەگای پارتی ئەو ڕاپەڕینەیە دژ بە لوتکەی دەسەڵات. ئەمە مافی ڕەوای خەڵکی ڕاپەڕیوە دژ بەدەسەڵاتداران. لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژ بەم دەسەڵاتەی کارەساتی شەڕی ناوخۆ و بیکاری و سەرکوتی سیاسی و گەندەڵی بەهێزی میلیشیایی ڕاگرتوە دەبێت چاوەڕێی چ شتێک بکرێت؟ پاراستنی دەزگا فەرمیەکان وەک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەیڵێن .ئەمە پوچ وبێمانایە. دەزگای سەرکوت کە بارەگای حزبە دەسەڵاتدارەکان و بنکەکانی حکومەتەکەیانە لەکاتی ڕاپەڕیندا جێگای ناڕەزایەتی ونەفرەتە نەک پاراستن.

 بەڵام ئەم قسەیەی پارتی ئەمڕۆ لەزمانی پارتیەوە ڕەواجی نیە کە بەخەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دژ بەدەسەڵات و بارەگای حزب و بنکەکانی حکومەتەکەی بڵێت ئاژاوەگێڕ، چونکە خەڵک لە گوێگرتن و فریوخواردن بەم دەسەڵاتە وپاساوەکانی بونەتەوە و لەدژی ڕاپەڕیون. ئەوەی جێگای هەڵویست گرتنی جەماوەری ڕاپەڕیوە ووتنەوەی ئەم قسانەی دەسەڵاتە لەزمانی ئەو حزبانەی خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات دادەنێن. بەیاننامەکانی  بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەم ڕاپەڕینەی شاری سلێمانی کە جەماوەری ڕاپەڕیویان بە ئاژاوەگێڕ داوەتە قەڵەم و ئیدانەی هێرشکردنە سەر بارەگای حزبە دەسەلاتدارەکان دەکەن پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەو بەربەریەتەی پارتی دژ بەخۆپیشاندەران کردویەتی. ئەم حیزبانە ئەگەر لەمیسر وتونس بونایە لایەنگری بەتلجیەکانی موبارەک و بن علیان دەکرد لەبەرئەوەی خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر دەزگا فەرمیەکانی دەسەڵات. ئەم هەڵوێستەی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان وئیسلامیەکان ئەمڕۆ مەجالی بەپارتی داوە دەستدرێژیەکانی زیاتربکات وخەریکی داگیرکردنی شاری سلێمانیە بەزێڕەڤانی. ئەم ئۆپۆزسیۆنە مامەڵەچیە بەئازادی و خواستەکانی خەڵکەوە تا دەسەڵات بەشێکی زیاتری لە کورسی و سەروەت بداتێ جیگای نەفرەت و مەحکوم کردنە.

خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان نابێ بەم شێوەیە ڕێگابدات دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی پارتی شکست بە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی بهێنێ. پێداگری لەسەر مافی خەڵکی کوردستان بۆ خۆپیشاندان وڕاپەڕین  تاکە ڕێگای گۆڕینی دەسەڵاتی سەرکوت ومیلیشیایی یەکێتی وپارتی یە لەکوردستان. دوای چەندین ساڵ لە مانگرتنی هێمنانە و داواکاری بەرزکردنەوە بۆ پەرلەمان وحکومەت و وەعدی درۆی دەسەڵاتداران ڕێگای تر نەماوە لەگەڵ ئەم حزبانەدا جگە لەڕاپەڕین. بەربەریەتی پارتی لە کوشتاری لاوانی  بێ چەکی شاری سلێمانیدا ئەمەی کردۆتە دەرسی یەکەمی ڕاپەڕین لەکوردستان کە تەنیا ڕێگا ڕاپەڕین و خەباتی جەماوەری ڕێکخراوە بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە بەربەریە. بارەگای لقی 4 ی پارتی وبارەگا بەربەریە فەرمیەکانی ئەم حزبە میلیشیایانە لەشار وشارۆچکەکانی کوردستاندا و نوینەرایەتیەکانیان لەدەرەوەی ووڵات دەبێ هەڵگیرێن ئەمە داوای دەست بەجێی ڕاپەڕینە.                                                            ئاسۆ کمال‏18‏/02‏/2011

18 February 2011 at 00:36

Add Comment

Click here to post a comment