ژنان

ژنانى ناوپەرلەمان و کێشەى ژنانى دەرەوەى پەرلەمان

سەرتاپاى کۆمەڵگاى کوردستان دژ بە کوشتن و توندتیژى بەرامبەر بە ژنان هاتۆتە دەنگ و رۆژبەرۆژ دژ بەم دیاردە دزێوە دەنگى نارەزایەتى بەرزدەبێتەوە، بەڵام سەیر لەوەدایە ئەم کێشە گەورەیە ژنانى ناو پەرلەمان نابزوێنآ. ژنانى نێو پەرلەمان سەرقاڵى چ شتێکن لە کێشەى کوشتنى ژنان گەورەترە و مەجالیان نىیە رۆژێکى پەرلەمان بە مەسەلەى ژنانەوە خەریک بکەن؟ بۆچى ئەم ژنانە لەدژى قانونە پیاوسالاریەکان و شەریعەتى ئیسلامى کە سەرچاوەى کلتورى پلەدوویی ژنانە دەنگ هەڵنابڕن و رۆژێک لە پەرلەمان مان بگرن لەدژى ئەو یاسایانە؟ بۆچى ناتوانن دەزگاى دادگا و قازیەکان راپیچنە بەردەم پەرلەمان و لە نەبونى ئیجرائات بەرامبەر بە تاوانبارانى کوشتنى ژنان بپرسنەوە ؟

بە نەبونى هیچ کام لەمانە لەدەستورى ژنانى ناو پەرلەماندا دەبێت بە ئینسافەوە مامەڵە لەگەڵ جێگاو رێگاى ئەو ژنانە و خودى پەرلەمانیش بکرێت. پەرلەمان ونوێنەرایەتى ژنان لەو پەرلەمانەدا کە لەسەر گەورەترین کێشەى کوشتن و تودوتیژى کە کێشەى ژنانە قسەى نەبێت هیچ مانایەکى نىیە جگە لەوەى کە ئەو پەرلەمانە و ژنانى بەشدار تیایدا دەورێکى واقعى و فعلى نیە و تەنیا پاشکۆیەکى ڕەمزى و رازاندنەوەى دەسەڵاتێکى نامەدەنیە لە کوردستاندا نەک چاودێر بەسەر دەسەلات و لەوەش زیاتر یاسا دانەر و نەخشەدانەر بێت بۆ دەسەڵات. سیستمى سیاسى دەسەلات لە کوردستاندا سیستەمى دەسەلاتدارێتى دوو حزبى چەکدارە کە کۆنترۆلى ئیدارە و داهاتى کوردستانیان کردوە و هیچ فرسەتێکى تێدانىیە بۆ ژنان و هیچ توێژ و چینیکى کۆمەڵایەتى کە مافەکانى دابینەکراوە و ستەمى لێدەکرێ بەم دەسەلاتە و نارەزایەتى دەردەبڕێ و خوازیارى گۆرینى ئەم هەلومەرجەیە. ژنانى ناو پەرلەمان لە سیستەمێکى وادا دەورێکیان نىیە جگە لە پڕکردنەوەى بۆشاییەک کە حیزبى چەکدار لەپێشەوە دیاریکردوە وبڕیار بەدەستى ئەول وئاخرە. ژنانى ناوپەرلەمان ئەگەر نارەزایەتى بەرامبەر بەم سیستەمە دەرببڕن زوو پۆستەکانیان لێدەسەندرێتەوە و لەجێگایاندا ژنانێکى بآدەنگ دادەنێن. ئایا ژنانێکى لەم چەشنە کە ئامادەن ئیمتیازاتى شەخسى خۆیان بخەنە خەتەرەوە لەم پەرلەمانەدا هەن و دەورێکیان بۆ خۆیان داناوە لە گەورەترین کێشەى ئینسانى ئەم خەڵکەدا بیگێڕن؟

تەجروبەى چەندین ساڵى بآکەڵکى ئەم پەرلەمانە و نەبونى دەورى ژنان تیایدا ئەو راستیە دەخاتە ڕوو کە ژنان دەبێت لەدەرەوەى پەرلەمان چاوەڕێى چارەسەرى کێشەکانیان بن و ژنانى ناوپەرلەمانیش ئەگەر دەیانەوێت دەورێک بگێڕن دەبێت لە بەرامبەر دەسەلاتدا ببنە فشار. ئەوانەى کەیسى کۆتایى هینان بە کوشتن وتوندوتیژى دەداتە دەست ژنانى پەرلەمان تا بەسەرەنجامى بگەیەنێت ئەوا لەسەرەتاوە خۆى بێکارکردوە و لەچاوەروانى گۆدۆى پەرلەماندا خۆشخەیاڵانە دانیشتوە . حەرەکەتێک کە دژى کوشتنى ژنان و توندوتیژى لە دواى روداوى کوشتنى دوعاوە دەستى پێکردوە جیگاى ئومێدە کە بتوانێت ئالوگۆڕ لەم وەزعەى ژناندا پێک بێنآ . ئاسۆیەک کە ئەم بزوتنەوە یەکسانیخوازانە لەبەردەم خۆیدادایناوە رۆژ بەرۆژ ئەم ئومێدە لەنێوژناندا گەورەتر دەکا و ژنانى نێو پەرلەمانیش ئەگەر دەیانەوآ کارێک بۆ کێشەى ژنان بکەن پیویستە لەریزى ئەم بزوتنەوەیەدا شوێنى خۆیان ببیننەوە.

 ته‌مموز 24, 2007 لە لایەن soran

Add Comment

Click here to post a comment