وتار

خەڵکی چەکداری کەرکوک و مەترسی داعش

11karkukئاسۆ کەمال:
هێزی چەکداری خەڵکی کەرکوک دژی داعش لە ٢١ ئۆکتۆبەردا ڕوداوێکی گرنگە کە میدیاکان گرنگی پێ نادەن و یەکێتی و پارتیش دەیانەوێ باسی ئەم هێزە نەکرێت. ئەوەی لەسەرەتای شەڕی کەرکوک دژی داعش بینیمان لەم ڕۆژەدا هاتنەمەیدانی خۆبەخۆیی خەڵکی چەکداری کەرکوک بوو و ئەم هێزە هەرچەند پەرژوبڵاو بوو بەڵام بەو ژمارە زۆرە و بەو گیانە جەنگاوەریەوە زوو توانی دۆخی ترس لەداعش نەهێڵێ و هێزی جەماوەری دژ بەو چەتانەی داعش کۆبکاتەوە. هەرچۆن ڕاپەڕینی ١٩٩١ خەڵکی چەکدار کردی نەک هێزی چەکداری یەکێتی و پارتی. ئەمە موبادەرە و دەستپێشخەری جەماوەریە دژی داعش و گرنگە پەرەی پێ بدەین.
هاتنە ناوەوەی دەیان چەکداری داعش فەشەلی ئاسایش و هێزەکانی یەکێتی و پارتی دەردەخا لە پاراستنی کەرکوک لە داعش سەرەڕای ئەو ملیۆنەها دولارەی بەدەست ئەم دەزگایانەوەیە. هەربۆیە خەڵکی کەرکوک پێویستە بۆ پاراستنی خۆیان لە داعش بیر لە ڕێکخستن و دروستکردنی هێزی چەکداری خۆیان بکەنەوە لە گەرەک و ناوچەکانی کەرکوکدا. نابێت ڕێگە بە هێزەکانی یەکێتی وپارتی بدرێت کەئەم دەستپێشکەری و هاتنەمەیدانەی خەڵک لەناوبەرن و بەناوی ئەوەی تەنیا ئاسایش و دژە تیرۆر دەتوانێ خەڵک بپارێزێ.
داعش تەنیا سوپایەکی پیشەیی نیە کە شەڕی جەبهە بکات و بەس ،بەڵکو ئەم هێزە لەناو خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری نفوزی هەیە. هەربۆیە ئامادەیی خەڵکی چەکدار لە گەرەک و شوێنەکانی شاردا زۆر گرنگە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و نەهێشتنی گەیشتنی چەکدارەکانی داعش بە ئامانجی زاڵکردنی فەزای ترس و کۆنترۆڵی گەڕەک و دائیرە و شوێنە گشتیەکان. بەڵام تێکشکانی داعش لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری تەنیا بە هێزی عەسکەری ناکرێ. داعش دەیەوێ لە کەرکوکدا شەڕی کورد و عەرەب دروست بکا و لەم بارەوە تەجروبەی دروستکردنی شەڕی سونە و شیعەی هەیە کە تیایدا سەرکەوتوبوە. هەربۆیە خەڵکی کەرکوک دەبێ دژی هەر سیاسەت و کردەوەیەک بوەستنەوە کە دەیەوێ خەڵکی عەرەب و سونەی ناو کەرکوک بە داعش هەژماربکا و بەمەش هانی ئەوەدەدا کە داعش ئەم خەڵکە بکاتە هێز و نفوزی خۆی. خەڵکی کەرکوک لە شەڕی دژی داعشدا سەرناکەوێ ئەگەر ڕێگە لە هەر کردەوە و سیاسەتێک نەگرێ کە بەشێک لە خەڵکی کەرکوک هان دەدا بۆ چونە پاڵ داعش و سەیرکردنی داعش وەک پەنا و هێزێک بۆ پاراستنی خۆی. هەر نەعرەیەکی شۆڤینیستی و مەزهەبی ، کوردی یان شیعی ، خزمەت بە بەهێزکردنی داعش دەکا و دەتوانێ هێز و نفوزی داعش زیادبکا.
خەڵکی کەرکوک بۆ نەهێشتنی داعش پێویستی بە هێزی چەکداری جەماوەری و ڕیزی یەکگرتوویی هەمو دانیشتوانەکەیەتی بە کورد و عەرەب و تورکمان و هەر مەزهەب و لایەنێک بێت.

Add Comment

Click here to post a comment