بیوگرافی

کورتەیەک لەسەر ژیان و بەرهەم و چالاکییەکانت باسبکە؟
ئاسۆ کمال: له‌ ساڵی 1981 به‌مارکسیزم ئاشنابوم و له‌ 1982 چومه‌ ناو کۆمه‌له‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان و له‌1984 په‌یوه‌ندیممم له‌گه‌ڵ حزبی کۆمۆنیستی ئیران په‌یداکرد و له‌ساڵی 1985 له‌گه‌ڵ گروپی کریکارانی کۆمۆنیست کارم کرد و چه‌ند ژماره‌یه‌ک له‌ بلاوکراوه‌ی کریکارانی کۆمۆنیستمان ده‌رکرد و چه‌ند مانگرتن و ناره‌زایه‌تیم له‌ دائیره کارگه‌‌کانی سلیمانیدا ریکخست.کۆلیژی ئه‌ندازیاری میکانیکم له‌1990 له‌به‌غداد ته‌واوکرد و له‌1991 به‌شداری راپه‌رینم کردو له‌ ریکخه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی بوم.له‌ 1991 هه‌سته‌ی کریکارانی سوسیالیست و له‌ 1992 سه‌رنجی کریکارمان دروست کرد.له‌ 1993 له‌ دامه‌زرینه‌رانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بوم و تیایدا به‌رپرسی کاری جه‌ماوه‌ری و سه‌رنوسه‌ری بۆپێشه‌وه‌ و به‌رپرسی رادیۆی حزب بووم. له‌ 1999 گۆڤاری رفراندۆمم ده‌رکرد له‌له‌نده‌ن و که‌مپینی رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستانم دروستکرد که‌ چه‌ند کۆنفرانسی له‌له‌نده‌ن و کوردستان گرت . لە2007 لە ڕیکخەرانی تۆڕی دوعا دژ بە کوشتنی ژنان بوم. له‌ 2008 له‌ دامه‌زرینه‌رانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بووم و به‌رپرسی ته‌له‌فزیۆنی سه‌نای کوردیش بوم. لە 2011 ئەندامی ئەنجومەنی سەرای ئازادی بووم و لە 2015 له‌ دامه‌زرینه‌رانی ناوەندى سێكولار لەكوردستان بوم.

خوێندن

لە ١٩٦٥ لە گەرەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لە دایک بوم . لە ١٩٧٠ چومەتە قوتابخانەی گوندی چنارە لای دەربەندیخان.لە ١٩٧١ تا ١٩٧٢ لە پۆلی دوو و سێ لە قوتابخانەی سەرەتایی شێخ مەحمود بوم لە سلێمانی لای شەقامی پیرەمێرد. لە ١٩٧٣تا ١٩٧٦ لە پۆلی چوار و پێنج و شەش یەکەمی قوتابخانەی گۆیژەی لای سەرای سلێمانی بووم. لە ١٩٧٧تا ١٩٧٩ لە ناوەندی سیروان لای چوارباخ بوم و لە ١٩٨٠تا ١٩٨٣لە ئامادەیی سلێمانی لە چوارباخ بوم کە لە پۆلی چوار بەشێک لە وانەکان و لە پۆلی پێنج هەمو وانەکان “معفو” بوم و لە پۆلی شەش ٨٧ نمرەی تێکڕایم هێنا. لە ١٩٨٣ چومە کۆلیژی ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی تەکنۆلۆژی بەغداد و لە ١٩٨٦ دەرکرام لەسەر نەچون بۆ “جیش الشعبی” و لە ١٩٨٨ چومە زانکۆ و لە ١٩٩٠ تەواوم کرد. لە ٢٠٠٥ کۆرسی سۆسێۆلۆژی و پۆلەتیکم لە کینگکس کۆلیژ لە لەندەن خوێند بۆ ساڵێک.

ئامادەیی سلێمانی کوڕان
کاتێک یادەوەری دەبێ بە مۆزەخانە هەست بەچی دەکەی؟

وێنەی ئەو ڕۆژەی سەرەتای بەهاری تەمەنت تۆ چویتە ئەم مۆزەخانەیە و ئەوکات ژیان تیایدا ڕوبارێکی بەخوڕ بوو. پۆلی چوار و پێنج و شەشم لەگەڵ پۆلێک هاوڕێ و هاوپۆلم لێرە بردەسەر کە وێنەکانیان لە زەینمدا هەر گەنجانەیە. وێنەی ئەو دەرسانەی مامۆستای ئینگلیزی چیرۆکی کیپەری پێ‌دەوتین یان خۆشترین وانە وەرزش بو کە مامۆستا خلیل تۆپێکی دەداینێ و هەموو وزەی گەنجی ئەو ڕۆژەمان ئەو نیوسەعاتە لە فوتبۆلدا سەرف دەکرد و حەزمان نەدەکرد کاتەکەی تەواو بێت. یا لەپۆلی پێنجدا سەرمان کردە خوێندنەوە و کتێبی مارکسی یاساغم لەگەڵ شەهید شوانی هاوڕێم دەگۆڕیەوە و ساڵی ١٩٨١ هەموو لەپۆل هاتینەدەر و لەم حەوشەیەی وێنەکەدا دژ بەبەعس کۆبوینەوە و باسی خۆپیشاندانمان دەکرد. یاخود پۆلی شەش و قسە خۆشەکانی مامۆستا فوئاد ئەسکەندەری کیمیا و ئەفراسیابی بیرکاری و کۆکردنەوەمان لەپۆلێکدا لەلایەن مامۆستا کەمالی ئینگلیزی کە لەخەمی ئەوەدابوو کە چۆن نمرەی سەروو ٩٠ بێنین لە بەکلۆری. ڕۆژانێکی خۆشمان لەو بەهاری تەمەنەدا بردە سەر بە کۆمەڵی هاوڕێ چون بۆ فلیمی شۆڕشی نیکاراگوا”THE DOG”. ئەم وێنەیە ئێستا دەتوانێ سەدان چیرۆکی لەم بابەتە بە پاڵەوانەکانی ئەم مۆزەخانەیە بگێڕێتەوە. قوتابخانە ئەو شوێنەی کە بەهیچ شوێنێکی تر بەراورد ناکرێ لە فێرکردنی ژیاندا بەڵام کاتێ قوتابین هەست بەوە ناکەین کە لە چ بەشێکی گرنگی ژیانمداین و چ ئایندەیەک بۆ ئێمە دروست دەکا. دیوار و کورسی خوێندن و حەوشە و هاوڕێ و مامۆستا و فەڕاش و کچانی خانزاد و خەڵکی چوارباخ و ڕێگای گەڕانەوە ماڵەوە هەمووی لەمۆزەخانەی یادەکانمانەوە زیندوو بونەوە کاتێ ئەم وێنەم بینی. لەم کاتانەدا خۆزگە دەخوازی ژیانی ڕاستەقینەش وەک ئەم یادانە زیندوو بونایەتەوە و جارێکی تر بچیتەوە هەمان شوێن و هەمان هاوڕێ و هەمان ژیان وەک خۆی دەست پێ بکاتەوە. سڵاو لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان. سڵاو لەهاورییانی خۆشەویستی کاتی ئامادەییم.

یۆتۆپیای گەنجی
ئەو شەپۆلانەی خەیاڵی ئێمە ،کە دەمانباتە جێگایەکی تر کە سەر زەمینی نیە ،بەڵام سەرتاپامان هەستی شادی دەگرێتەخۆ ، ئەوە یۆتۆپیای گەنجی یە. لەو کاتانەدا گەنجین، دەتوانین هەموو شتێک بخوازین. تۆ هەر ئەو کەسەی کە لە دوێنێی دەرەوەی زەمەنی تەمەندا، لە کۆڵانەکەی خۆتاندا دڵت بۆ کچە دراوسێکەتان لێی دەدا. ئایا چی گۆڕاوە کە نەتوانی جارێکی تر لە یۆتۆپیای خەیاڵدا بچیت و ئەو شیعرەی بۆت نوسی ئەمجار شەرم نەکەیت بۆی بخوێنیتەوە تا بەدڵ گوێت بۆبگرێ کە پێت دەوت”لەگەڵ گوێم لەوشەی مەرحەبات بوو .. دڵم یەکپارچە هەلاهەلا بوو.”
ئەوە ئەو کاتانەیە کە دڵت وەک خونچە تازە پشکتوە و لەم بەهارەی ژیانتا هەر ڕۆژێک هەتاوی شۆخێک دەردەکەوێ دڵت وەک گوڵەبەڕۆژە بەرەو لای دەچەمێتەوە. منیش کە ماوەیەک بوو دراوسێ بوین حەزم بە بیستنی دەنگی ئەو شۆخە قژزەردە چاوکاڵەی بەرامبەر ماڵمان دەکرد. بەو مەرحەبایەی دڵی خۆی بۆ هەمیشە لای بەجێ هێشتم. بەڵام بەداخەوە ئەو هۆنراوەیەم هیچ کات بۆ نەخوێندەوە و تەنانەت لە پیاسەکردنەکەشم لەگەڵەیدا بە کۆڵانەکانی سابونکەراندا هەر پێم نەوت. چاوەڕێش نەبوم ڕۆژێ لە دەرگاکەمان بدا و داوای هۆنراوەکەمم لێ بکا. ئەمە کۆڵانە داخراوەکانی کەلتوری ئێمە بوو.
ئای ئەگەر بەو کلتورە ئێمە گەورەدەکراین کە هەموو شتەکانی دڵمان بۆ خۆشەویستەکانمان یەکسەر بدرکاندایە ئێستا چەندە خۆشحاڵ و ژیانمان چۆن سەرشاری شادی دەبوو.
ئەگەر ئەوکات وەڵامێکم لەو کیژۆڵەیە دەست کەوتایە منیش هۆنراوەیەکی ئەوم گوێ لێ دەبوو یاخود پەیامی خۆشەویستی خۆی پێ دەوتم و منیش لای هاوڕیکانم دەمکردە نەریتێک کە لەشاردا پاش ماوەیەک هەموو باخ و پارک و کۆڵان و کافتریایەک دەبوە باسی خۆشەویستی. شارەکەمان ئەوکاتە بە شاری کلتوری خۆشەویستی ناوی دەردەکرد.

من خولیام بوو کە هۆنراوە بۆ ئەو کچانە بنوسم کە لەدڵەوە خۆشم دەویستن و بەڵام زۆرکات وەک کاری سیاسیم بەنهێنی دەکرد لە ترسی بەعس،فێربوبوم کە شیعرەکانیشم لە ترسی کەلتور بشارمەوە و ئەو ڕازە خۆشەویستیانەی کە لەوانەیە هەریەکەیان ژیانێکی شادیان دروستکردایە چیترلە سەرزەمینی یۆتۆپیای عەشقەکەمدا بەتەنیا نەدەگەڕان.

بەڵام هەرکەسێک خولیای دزینی ئاگری خۆشەویستی هەبێ لە ئەفرۆدێت ئیتر لە زیۆسی خوای خواکانی کەلتور ناترسێ. ئەوکاتە بوو کە بڕیارمدا گەشتێک بۆ سەرزەمینی یۆتۆپای عاشقەکانم بکەم و شیعرەکانمیان بۆ بخوێنمەوە.
ئازادی ئەو سەرزەمینەیە ئێمە تیایدا بەگەنجی دەمێنینەوە. ئازادی خەیاڵ ، ئازادی خۆشەویستی، ئازادی خۆبوون. ئازادی سەرزەمینی یۆتۆپیایی خولیاکانی ئێمەیە. گەنجی جوانترین شتی ئێمەیە ئەگەر هەمیشە یاوەرمان بێت لە هەموو ساتەکانی تەمەندا. پیربونی فیزیکی کاری سروشتە کە دایکی هەمومانە ، بەڵام پیربونی خولیا و ئازادی و خو و نەریتی ژیانمان ئەوە وەک سەرزەمینی سروشت نیە کە بەبێ ئەو لەدایک نەبێ. نهێنی یۆتۆپیای گەنجی لای خۆمانە و دەبێ فەلسەفەی هۆشمەندی ئێمە ئەو زەمینە هەمیشە بەهارە لە دەرون و دەوربەرماندا بکاتە ئەمری ئیلاهی خۆی.
هەمیشە گەنج بە لە دەربڕینی ئازادانەی خۆشیەکانی ژیانت و کاتێک ئازاد دەبین کە سنوری پێویستی ڕۆتینی کلتوری مانەوەمان تێپەڕاند و پەیامەکانی خۆشەویستیمان گەیاندە ئەو دڵانەی حەزدەکەین گوێ بیستی بن.

 

 

 

 

 

 

برایەک لە شەکر

“ئێمە وەک دوو برا دوابەدوای یەکتر هاتینە دنیا, بەڵام برایەتیمان دەست لەناو دەستی یەکتر دەڕۆن، نەک یەکێکمان لەپێش ئەوی ترمانەوە. “
We came into the world like brother and brother, And now let’s go hand in hand, not one before another.
William Shakespeare🎂🎂🎂

 

هاوڕێیەتی

بەیادی شوانی هاوڕێم

لەگەڵ ئەو لەسەر یەک کورسی پۆلی پێنجی ئامادەیی سلێمانی کوڕان دادەنیشتین. هەردوکمان دوو گەنجی ئارام بوین و مارکس بوو بە هاوڕێی سێهەممان . بەڵام هاوڕییەتی ئێمە لە کتێب گۆڕینەوەدا نەوەستا و بوینە دوهاوڕێی گیانی بەگیانی کە زۆر کەس دەوروبەرمان لێکی نەدەکردینەوە و کوڕێکی تری خێزانە کرێکاریەکەی ئێمە بوو. لە زۆربەی مەسەلەکانی ژیانی مندا لە سیاسەت و پیاسە و گەڕان بە دێ و شادی و کۆڕی هاوڕێیانە و مەسەلەی خێزان و سەردانی کۆمەڵایەتی و سەردانی کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی ئێران پێکەوە بوین. شوان زۆر لەخۆبردوو و خۆنەویست بوو. ئەو چەند ساڵێک سەربازی و فراری بینیبو و وەرزشی دەکرد و هەربۆیە لە شوراکاندا چەکداربوو و لەگەڵ هاوڕییانی شورا بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ دەچوو و لە ٣١ ئازاری ١٩٩١ کاتێک لە شورای مەجید بەگ خواحافیزیمان کرد و ئەوان بەرەو تاسڵوجە چوون نەمزانی کە ئێتر ئەوە دواماڵئاوایی یە. لە تاسڵوجە ئەو و هاوڕێ نەوزاد لەکاتی بەرەنگاربونەوەی هێرشی دەبابەکانی بەعسدا بۆ سەر سلێمانی گیانیان بەخشی. ئێمە تا دواڕۆژی ژیانی شوان ئەوەی پێکەوە بەستینەوە هاوڕییەتیەکی قوڵ بوو کە تەنیا باوەڕە هاوبەشەکان و نزیکایەتی شەخسیەتمان نەبوو بەڵکو خۆشەویستیەکی هاوڕێیانە بوو کە مرۆڤ پێویستە هەمیشە لەگەڵ یەکتر هەیبێ بەڵام بەداخەوە دەگمەنن و لەکاتی لەدەستدانیدا بۆ هەموو ژیانت بە حەسرەتەوەیت جارێکی تر ئەو ڕۆژانەت بگەڕێتەوە تا بەو هاوڕێیەت بڵێی چەند خۆشم دەوێی. یادی هەمیشە ئازیز و بەرزە لەلام کاکە شوانە.

 

 

دڵی خانوە گڵە ئەبەدەیەکە
شەوانی هاوینی ماڵە گڵەکەمان لە گۆیژە خەیاڵی هەمیشە دەبردم بۆلای ئەو مەعشوقە خەیاڵیەی بەڕۆژ دەمبینی و نەمدەتوانی باسی دڵمی بۆبکەم. کاتێک گەرەک کپ و بێدەنگ دەبوو لەسەر ئەو چەندین سەربانەگڵانەی پیکەوە ڕیزبوبون ئەو کات لەگەڵ مانگەشەوە گەورەکەدا دڵی منیش باسی خۆی بۆ ئەو عاشقە بەخەیاڵی شیعری دەکرد. ئەو مەعشوقە هیچ کات ئەم نامانەی نەدی و هەرکات دەمبینی خۆم لەو دنیایەی شەوانی مانگ و شیعر و غەزەلە فارسیەکانی گوڵەڕەنگاوڕەنگەکان دەدزیەوە و هیچ وشەیەکی شەوم لەڕۆژدا بۆ ئەوم نەدرکاند. هەربۆیە هیچ کات ئەم عەشقە ڕۆمانتیکە نەبوە ڕیالیست؟ نازانم بۆ؟
بەڵام دنیای خانوی گڵ و غەزەل و مانگەشەو تەنیا دەیانتوانی لەناخمدا خۆشیەکی بێوێنەدروست بکا. ئەم دنیای خەیاڵەم بەلاوە هەموو مەبەستەکەم بوو.
پاش ساڵانێکی دورودرێژ ئەم یادە خۆشانە دەتوانێ بتگەڕێنێتەوە بۆ ئەو جیهانەی کە هەموو شتێکی تێداگۆڕاوە ئەم هەست و یادگاریە نەبێ. لەوەدەچێ خۆشەویستی وەک یادگاری دەوانی زۆرمناڵی بچنە بەشی دراوسێی ئاگاییەوە و هیچ فلتەرێک نەیانگرێ لە مێشکدا هەربۆیە تا ئەبەد لەوێدا دەمێننەوە.
ئەو دڵەی لە خانوە گڵەکانەوە دەکرانەوە بەڕووی مانگەشەودا ئێستاش لەگەڵ هەر نەسیمێکی ئەو تاڵانەی قژی مەعشوقدا ئامادەی کۆڕی شەونخونیە بەدیار غەزەلی ڕەنگاوڕەنگەوە و دەڵێی هیچ شتێک لەم دنیایەدا نەگۆڕاوە. تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت ئەمە ببێتە ئەبەدەیەت؟ ئەمە ئەو خەیاڵەیە کە مرۆڤ لەسەرەتای دروستبونیەوە لەگەڵیدا لەدایک بوە و ئەستەمە. بەڵام ئەبەدیەت دەتوانێ لە سنوری ئەو خەیاڵەیەدا بێت کە سەرتاپای ژیانت لەگەڵتا بێت و ڕۆحت سەرشاری خۆشی خۆی بکا.
لەمنالیەوە حەزم لە چیرۆک بوو و لەگەڵ ڕۆمانەکاندا گەورەبوم و دواتر خولیا و حەزەکانی خۆم واتێکەڵاوی ڕۆمانەکان بوو کە نازانم کامیان چیرۆکی خۆشەویستی لای من دروستکردوە؟ دنیای چیرۆکەکان لە خانوە گڵەکاندا ڕۆچونەتە ڕاستیەکانی خەێاڵدانی منەوە کە وا هەست دەکەم دڵێکی ئەبەدی پێ بەخشیوم کە هەست بە هەمان هێزی لێدانی گەنجی ئەو ساتانەی دەکەم کە شەوانە لە بەردەم مانگەشەودا شیعرە کورتەکانی بۆ ئەو تاڵانە دەوت کە هەرکامێکیان دڵێکی پێوەهەڵواسرابوو.

ژیانی هاوسەری لەگەڵ گۆنا سعید

لە ١٠ مارسی ساڵی ١٩٩١ کاتی دروستکردنی شوراکان گۆنام ناسی و لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ دوو هاورێ و خۆشەویستی یەکترین. لە ١٩٩٢ یەکترمان خۆشویست و لە ١٩٩٣ هاوسەرگیریمان کرد و ٢ کوڕمان هەیە.

 

ئه‌و رۆژه‌ی ئێمه‌ی گه‌یانده‌ ئه‌م ڕۆژه‌ … نیوه‌ڕۆی رۆژی 10/3/1991 بوو ، ڕێک سێ رۆژ دوای ده‌ستپێکردنی راپه‌ڕین له‌ سلێمانی ، که‌ هاتیته‌وه‌ ماڵی خۆتان له‌ گۆیژه‌ ، کوڕیکی باریکه‌له‌ ی عه‌ینه‌ک له‌ چاوی سمێڵ قه‌یتانی ، جێگه‌ی برینداریه‌کی بجوک به‌ گوپی چه‌پته‌وه‌ ، شه‌ڕوالێکی کورت و جامانه‌یه‌ک له‌ ملت و کلاشنکۆفێک له‌ شانت … که‌ به‌ یه‌کیان ناساندین به‌ ده‌نگێکی نزم و ته‌وقه‌یه‌کی سارد سڵاوت لی کردم .. هه‌ندێک رووداوی زۆر بجوک هه‌ن که‌ قه‌ت بییر ناچنه‌وه‌ له‌ ژیان ، بۆ نمونه‌ ئه‌و ته‌وقه‌ سارده‌ ، له‌ دوای ده‌یان ساڵ و هه‌زاران ته‌وقه‌ی گه‌رم و گوڕ ، که‌چی ساردی ئه‌و ته‌وقه‌یه‌ هه‌ر له‌ بیره‌وه‌ریمدا چه‌سپیوه‌، ههههههه !!!! … ڕۆژانی دوای ئه‌وه‌ پڕ بوون له‌ راکه‌ راکی نیو شوراکان و خیتاب دان و نوێنه‌رایه‌تی کردن و رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونه‌وه‌کان … بۆ من پڕ له‌ ئه‌زموونی تازه‌ و شادی به‌شداری کردن له‌ شوراکان و ژیانی سیاسی و گشتیدا .. بۆ تۆش پڕ له‌ بییر کردنه‌وه‌ و کوبونه‌وه‌ و خولیای سۆشیالیزم و حکومه‌تی شورایی !!! … هه‌ر باشیشه‌ فریای ئه‌وه‌ که‌وتین که‌ به‌ تیله‌ی چاو چه‌ند سه‌رنجێک بگۆڕینه‌وه‌ و قه‌له‌مێکم پێشکه‌ش که‌یت تا دوای هاتنه‌وه‌ له‌ ئاواره‌یی و راکردن … پیرۆزمان بێت یادی ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ ئاراسته‌ی ژیانی پێکه‌وه‌ییمانی نه‌خشاند و خۆشه‌ویستی و هاوخه‌باتی له‌ یه‌ک کاتدا به‌ دیاری بۆ هێناین و گه‌یاندینی به‌م ڕۆژه‌ی ئه‌مڕۆ !!!!!!!… ئه‌وه‌شم بییر نه‌چێت بژی “تۆفیق” .. ههههههه!!!!!!!!!!! ..
( تێبینی: تۆفیق ئه‌و هاوڕی خۆشه‌ویسته‌ی هه‌ردوکمانه‌ که‌ بۆ یه‌که‌م جار به‌ یه‌کی ناساندین !) …

لە یادی ٣٠ ساڵی سەرەتای هاوڕێ یەتیمان ١٠/٣/٢٠٢١ .. ئاسۆ و گۆنا …
” دڵی تۆ و دڵی من، دوو هاوڕێیی زۆر زۆر کۆنن. ” ووتەی حافزی شیرازی!
هەندێ هاوڕێ لە ژیاندا لە یەکەم ساتی بینینەوە، بارگەی تەمەنێک لە لای یەک دائەنێن : ٣٠ ساڵ لەمەوبەر ئێمە ، “هەڵمەت و پشە” بووین بەم دوو هاوڕێیەی یەکتر … بەبێ پیلانێکی پێش وەخت هەریەکەمان بووین بەو ئینسانەی کە بۆ زیاتر لە نیوەی تەمەنی ئیستامان لە ژیانی یەکتردا خانەمان کرد…
پردێک هەیە لە نێوان ئینسانەکاندا دروست دەبێ کە ژیان بە ئارامی بەسەریدا تێپەڕ دەبێ: بەسەر ئەم پردەدا هەم ٣٠ وەرزی بەهار و هەم سەختی زستانەکانی تەمەنمان تێدا گوزەران .
کاتێکیش کە بەهاری پێکەوە ژیانمان دەستپێکرد ، ئەم پردی هاوڕێ یەتیەمان قایم تر کرد ! ..
ئیتر لەو کاتەوە، ئەم کۆکتێلەی جوانی و عەشق و خۆشی هاوڕێیەتی زۆرینەی ئێوارانی ژیانمانی لێ کردینە ئاهەنگ گێڕان . ئەو کاتانەش کە لەدووری یەک بەسەرمان برد ، ساتە خۆشەکانی پێکەوەبوون هێشتا مەستی دەکردین ..
هاوڕێی تەمەن جۆرێک لە هاوڕێ یەتیە کە ژیانت لەگەڵ بەش دەکا، لە ڕێگای شادیەکاندا بێت وە یا لە کڕێوەی سەرمای زستانیشدا بێت، هەر دەستی لە ناو دەستتدایە. ..
زۆر کات چوینە ئەودیوی خۆمان تا تێ بگەین ئەم هاوڕێ یەی بەرامبەرمان چی دەڵێ و چی پێویستە ؟ .. چەند جار چووینە جێگەی یەکتر و خۆمان فەرامۆش کرد ؛ چەند جار هەریەکەمان بوو بەووی تر و خۆی نەما … ئەم جۆرە هاوڕێ یەتی یە نیازێک بوو بۆ دەرچوون لە بەرتەسکیەکانی “خود” و “من “…
هاوڕێیەتی ئێمە لە درێژەی پێکەوەژیاندا باڵی گرت و بەرز ڕۆیشت ، سنورەکانی باو و نۆرماڵ و تەمەنی هەموو تێپەڕان ؛ ئیستاش هەمیشە لەگۆڕاندایە و هیچ چوارچێوەک بە باڵای ناکا . ئاخر ئێمە تەنانەت کاتێ کە ناکۆکیش بووین ، لە پشتەوە هێشتا باشترین هاوڕیی یەک بووین ؛ لەسەر یەکمان دەکردەوە ، و لە بەرامبەر بە خۆمان ، داد و بێ دادمان بوو ! ..
ئێمە هاوڕێی دەمەتەقێیەکانی ٣٠ ساڵ لە پێکەوە ژیانێکی جەنجاڵ و پڕ لە خەبات و منداڵداری و کار و زەحمەتی هاوبەشمان بووین ..
ئەم هاوڕێیەتی یە بەهاری ژیانێکە کە هەمیشە تیایدا گەنج دەمێنینەوە

 

 

 

دایە سەبری دایکی هەمووان بوو

بەردەوام بۆماوەی 12ساڵ لە کارگەی جگەرەی سلێمانی کاریدەکرد کە پێشتریش نزیک بە 10ساڵێک فەڕاشی قوتابخانە بوو شان بەشانی باوکم ، تا 6 کچ و 2 کوڕی گەورەکرد.ئەو لە نەوە سەرەتاییەکانی کریکارانی کوردستان بوو و ژیانی کارگە لە شێوەی ژیانی ژنانی ماڵەوەی تێداگۆڕیبوو. باوەڕ بەخۆبون و ئازایەتی لەداوای مافی کریکاراندا و چونی بەگژ سونەتی پیاوسالارانەدا تیکەڵ بە سوک سەیرکردنی مەلای مفتەخۆر و نەچونی بەلای ئیسلامدا کرد ژنێکی کۆمۆنیستی بە إغەریزە لێدروست کردبوو. پەیوەستی وێڵاشی ئەم غەریزەیە بە مناڵەکانیەوە وای لێکردین زۆر ئاسان کۆمۆنیزم وەک تیوری تەفسیری واقعی ژیانمان و بەرنامەی بەدیهاتنی خواست و ئارەزوەکانمان بدۆزینەوە. ئەمە سەرەتای غەریزەیەکی ئاگایانەی کۆمۆنیست بوونی ئێمە بوو ،کە ئایدیالی خێزانی خۆمانمان لە کتێبی “دایک” ی مەکسیم گۆرکی یەوە وەردەگرت. هەربۆیە ئەو ڕۆمانەمان پێکەوە تەواوکرد. دایکم دوای هیلاکی کاری کارگەی جگەرە حەسانەوەی خۆی لەگوێگرتن لەو ڕۆمانەدا دەبینیەوە بۆیە هەموو شەوێ پێی دەوتم “کاکە گیان کەی دایکمان بۆ دەخوینیتەوە”. دایک بۆ دایکم بوو بەو شەخسیەتەی کە ژیانی خۆی تیدا بەرجەستە کرد و ئەو دەورەی دایکی بە واقعی لە ڕوسیاوە خستە سەرشانۆی ژیانی کۆمۆنیستەکان لە کوردستان.ئەو باسی دەکرد کە لەهاتنی وەزیرێکی بەعسدا بۆ کارگەی جگەرە لە کۆبونەوەی هۆڵەکەدا هەستاوەتە سەرپێ و باسی لە بێمافی خۆیان و سەندیکای زەردی بەعس کردبوو و دەست وپیوەندەکانی سەندیکای بەعس بەپەلە کردبویانە دەرەوە و ترسیان لە قسە ئازاکانی بوو کە لەبەرچاوی وەزیردا ڕیسوای کردبوون.
کاتێک حزبی کۆمۆنیستی ئیران-کۆمەڵە مان ناسی لە سایەی ناسیونالیزمی کۆمەڵەی رەنجدەراندا نەماین و بوینە بزوتنەوەیەکی جیاواز و دژ بە ناسیونالیزم . زۆربەی مەراسیمەکانی کۆمەڵە کە لە مالومە دەکرا دایکمم بە حەزێکی زۆرەوە بو بینینی ڕێگەی شاخەکانی گاپیلۆنی دەبڕی و کە هیلاک دەبوو دەیوت ڕۆڵە من پیربووم با لەبن ئەم دارەدا ئیسراحەتێک بدەین و دایە سەبری زوو بوە ڕوخساری خۆشەویست لای پێشمەرگەکانی کۆمەڵە . وەک خۆی دەیوت پەیوەندی دایک و فەرزەندی لەگەڵ ئەواندا دروست کردبوو کە هەمیشە لە خەمیاندا بوو. لەناو هاوڕێکانماندا دایکم جێگای ڕێز و خۆشەویستیەکی زۆر بوو کە وێنەی خێزانێکی کۆمۆنیستی بەرجەستەدەکرد کە ناسین وئاشنابوون پێی هاندەرێک بوو بۆ هاوڕێیانێک کە تازە کۆمۆنیستەکانیان دەناسی.
کاتێک ڕاپەرینی 1991 بوو ئەو لە ڕیزی پێشەوەی شوراکاندا بوو. قسەکانی ئەو لەبەردەرکی سەرا سەرنجی هەموو خەڵکی بۆ لای کۆمۆنیستەکان ڕادەکێشا کە دایکێکی وا کۆمۆنیستیان لەگەڵدایە. لەشورای کارگەیی جگەرەش بانگەوازی کریکارانی دەکرد کە بێن ڕێگای کریکارانێکی کۆمۆنیستی وەک حەمە شوکر کە لەلایەن بەعسەوە ئیعدام کرا ، بگرن و کەسانی وەک کمال خۆشناو کە کاربەدەستی بەعس بوو وە ببوە پارتی لە کارگە دەرکەن.
کاتێکیش هێشتا خەڵک سەرگەرم بوون بە کاکە و مامە کە جێگای سەدامیان گرتبوەوە ئەو وەک کرێکارێک لەسەر مانەوەی سفرەی خاڵی خۆیەوە وێنەی واقعی ئەم تازە دەسەڵاتدارانەی دەبینی. هەربۆیە حەپەسانن کاتێک لەشاشەی تەلەفزیۆنی حسکەوە لەساڵی 1992 چاوپیکەوتنی دایەسەبریان بە سەرە سپیەکەیەوە بینی کە لەناو بازاڕی گرانی سلێمانیدا دەیوت ئەم دەسەڵاتدارانە”سەرمایەدارن ، بورژوازین بۆیە خەڵکیان لە برسیەتی ونەبونیدا هێشتۆتەوە و خۆیان لە ئیسراحەت و نیعمەتدان”. ئیتر دایە سەبری کۆمۆنیست لە زۆر شوێن دەناسرا وببوە ڕوخساری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ناو شاری سلێمانی. کاتێک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری پێکهات دایە سەبری زۆر خۆشحاڵ بوو وە بە حزبی خۆی دەزانی و حسابی مناڵەکانی خۆی بۆ هەموو ئەندامانی حزب دەکرد. ماڵە بچکۆلانەکەی لە خانوەکانی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار ببوە شوێنی هاوڕییانی حزب و هەموو ئەو کەسانەی دوور ونزیک دایەیان دەناسی و لەکاتێکدا پیویستیان بە مانەوە بوو. ئەو لەکاتێکدا یەکێتی هێرشی دەکردە سەر ڕادیۆکەمان لە گردی زەرگەتە بەخۆی مەنجەڵێک یاپراخەوە هاتبوو بۆ مقەر ئەویت نانم بەبێ ئێوە پێنەخوراوە لەم کاتەدا کە ئەو دز و پیاوکوژانە هاتونەتە سەرتان. هەمیشە لەدژی ئەو دەسەڵاتدارانە بە وشە پڕلەقینەکانی خەڵکی ئاگاداردەکردەوە کە کۆمۆنیستەکان چۆن لەگەڵ زوڵم وستەمی سەرمایەداران و جەهەنەمی سەرمایەداران لەشەڕدان . بەسۆز و دڵسۆزی بێپایانیشی بۆ کۆمۆنیستەکان و بەشمەینەتانیش نیشانی دەدا کە چ دنیایەکی ئازاد ویەکسانی بۆ هاوچینەکانی دەوێ وچۆن ژیان و خۆشی خۆی لە هاوبەشی خەم وخۆشی لەگەڵ ئەواندا دەبینیتەوە. شانازی بەوەوە دەکەم کە کوڕی دایکێکی وا گەورە و کۆمۆنیست بووم و ژیانی ئەو ئیلهامە بۆ کۆمۆنیستەکان ،بەڵام بەداخەوەم کە هەموو ئاواتەکانی نەهاتنەدی لەوانە خانویەک کە باخێکی لەسەر جادەکەی سەرچنار بێت ولەخانوە دڵتەنگەکەی ناو کۆڵانەکانی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار نەمێنێ. دایکم بەدڵێکی گەورە و ئاواتێکی بچکۆلانەوە بەجێی هێشتین بەڵام یادی بۆ هەمیشە لەلای هەمووان زیندوە چونکە بەڕاستی دایکی هەمووان بوو.

پیرۆزبێ یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار
دایکم دڵی بە یەکی ئایار زۆرخۆش بوو چونکە خۆی کرێکاری کارگەی جگەرەی سلێمانی بوو لە هەفتاکانەوە. ئەو هەمیشە بەشداری بۆنە و مەراسیمەکانی دەکرد وەک لەم وێنەیەدا “دایە سەبری” دیارە چۆن بە حەماسەوە وەک گەنجەکان دەستی بۆ سرودی ئەنتەرناسیونال بەرزکردۆتەوە. دایکم بەهۆی کرێکار بونەکەیەوە باوەڕی بە خۆی ،وەک ژنێک، زۆر زیادکردبوو کە دەیوت”خۆم بە ٧ پیاو ناگۆڕمەوە” وهیچ کات وەک “ژنی ماڵەوە” سەیری خۆی نەدەکرد.کاتی بەعس دەچوین بۆ ئۆردوگاکانی کۆمەڵە(حزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە مالومە بۆ بەشداری لەمەراسیم و لەدوای بەعسیشەوە کاتێک ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکان و دواتر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق مەراسیمی دەکرد دایکم لە هەمویاندا بەشداربو. ئەو لە شاشەی تەلەفزیۆنی سەرەتای نەوەدەکانەوە سەرمایەدار و بورژوازی کوردی بە هۆکاری برسێتی کرێکاران و هەژارانی کوردستان دەزانی و خەڵک ئەم وشانەی بۆ تازەبوو لە زمانی ژنێکی بەتەمەنی کرێکارەوە بیبیستێ. هەر ئەم ڕاستیە هاندەری بوو کە وەک دایکێکی کۆمۆنیست لەگەڵ نەوەکانیدا سفرەی ماڵی بەش دەکرد و بەشداری خۆشی و خەبات و ئایارەکانی چینەکەی دەبوو.
یەکی ئایار بۆ چینی ئێمە ڕۆژی مێژووی چینێکە کە ٢٠٠ساڵە داوای گۆڕینی ئەم سیستەمە دژی ئینسانیەی سەرمایە دەکا و ڕۆژی ئومێدی گەیشتن بە ئایدیای دنیایەکی ئازاد و یەکسانە.

بەبۆنەی یادی ١٣ ساڵەی ژوپینی کوڕم
کاتێ کە هاتە ژیانم دڵم شکۆفەی شادیەکی مەزنی کرد
کاتێ ڕوخساری شیرین و گەشی چەکەرەی کرد بوە ژەمە خۆراکی ڕۆحم
کاتێ هاتە کۆڵم و لەپارکەکاندا یاریمان دەکرد خاکی ژیانمی گۆڕی بە چیمەنە فەرشێکی سەوزی هەمیشە بەهاری
کاتێ دەستەنەرمەکانیم گرت بەرەو فێرگە چوین هەستەکانی هەموو ڕۆژێ باڵاکردن ڕەگی داکوتا لەناخمدا
کاتێ هۆگری قسە و بیرکردنەوە و سۆز وخۆشەویستیەکەی بوم ئیتر نەمامێکی جوان بۆ هەمیشە لە باخی ژیانمدا مایەوە
لەوڕۆژەوە هەر کات ماندوبم لەکار یان ناڕەحەت بم لە کەسێ یان دڵم دابگیرێ بەهەواڵێ یا ڕوداوێ بینینی ڕوخساری ئەو دەرگا دەتوانم بەڕووی بەهەشتی دەرونمدا بکەمەوە ناڕەحەتیەکان بەجەهەنەم بسپێرم
ئەمە مناڵە کە پێی دەڵێین داری سەوزی ژیان

 

 

 

 

چێژی بیرەوەریەکانی باوک
یادگاریم لەگەڵ باوکمدا وەک هەڵمی سەر پەنجەرەیەک لەسەر یادەوەریم ماوە. ئەو خەیاڵە بۆ ئەو دیمەنەم دەبات کە سەرەتای هاوینێکە و باوکم پارچەیەک سەهۆڵی لەدەستەسڕێکدابەدەستەوەیە و دەستەکەی تریشی لەناو دەستی مندایە. بەو ڕێگە بەردینەی بەناو دارەکاندا لەسەرجادەی سلێمانەوە دەچێتە ناو گوندی چنارە هەردوکمان سەردەکەوین. ئەو جۆگە ئاوەی بەناو دارەکاندا بڵاوبۆتەوە ئەو ناوەی زۆر فێنک کردۆتەوە. باوکم زوو بەجێی هێشتم بەڵام ئەو چەند ساتەکەمەی ئەو هەموو ژیانم لەگەڵمدا بوە. نازانم چۆن دەبوو ئەگەر لەژیانمدا ببوایە.ئەوە حەسرەتێکە کە ژیان بەمنی نەبەخشی. هیچ کات ئەو هەستەت بۆ دروست نابێ کە سروشت پێی نەبەخشیویت. ناتوانی دروستی بکەی.
زۆرکەس دەیوت کە ئارامیەکەم لە باوکم دەچێ. بەڵام ژیانی ئەوم لەو وشە تاک و تەرایانەدا بۆ نە نەخشێنرا.هەربۆیە وەک تابلۆیەکی تەواو نەکراو وێنەی باوکم لەلام مایەوە. باوک مێژووی تۆیە. من لەم مێژووەی خۆمدا حزورم نەبوو. مێژوویەک کە باوک بۆ کوڕ دروستی دەکا نازانم چ تام و چێژێکی هەیە.من تەنیا چەند وێنەیەکی خەیاڵاوی ئەو کەسەم هەیە کە هەموو مناڵیم بێ ئەو بەسەربردوە.ئەم بەشە لەژیانم تەواونەکراوە و لە بەشی نائاگایی بیرەوەریمدا جارجارە تابلۆیەکی ئەو ڕیگای لادێیەم پێ نیشان دەدا و چایخانەی سەر جادەی سەرەکی سلێمانی و ژیانی ناو لادێیەکە لەو یەک دوو ساڵەی لەوێ ژیاوم هەمووی وەک چیرۆکی باوکم لای من بەر شنەبای خەیاڵم دەکەوێ. ئەو یادگاریانە وەک مناڵیم هەروا ناسک ماون و پڕچێژترین دیمەنێکی ژیانمە کە خەیاڵم ئاسودە دەکا،کە وەک ئەوە وایە بەخۆم بڵێم شتێک هەیە کە جێگای بێ نازیەکەی بێ باوکیمی پێ پڕبکەمەوە!ئای کە ئارامی بەخشە یادەوەریەکانی باوک!
کاتێ خۆم چومە دەوری باوکەوە بە بێ مێژوو و مێژینە ڕۆڵم بینی. دەمەوێ هەرچی خۆشەویستیمە هەموو ساتێ بەمناڵەکانمی بدەم. بەڵام نازانم ئەوان چۆن تامی ئەو باوکایەتیە دەکەن چونکە خۆم بەو تامە نامۆم. زۆر هەوڵدەدەم مێژوویەکی نوێیان لەگەڵ دەستپێبکەم کە سبەینێی ئەوان ببینم کە بێ من وەک من نەبن و تاموچێژی باوک بگوێزنەوە بۆ مناڵەکانیان. خەیاڵ هەندێ کات دەمبات بۆ لای ئەوەی ئەگەر من باوکم بۆ ماوەیەکی زۆرترهەبوایە چۆن دەبوو؟ یان ئایا ئەویش وەکو من بیری لەوەکردۆتەوە سبەینێ مناڵەکانی چۆن دەبن و چۆن بیر لەو دەکەنەوە؟ یان وەک من لەبەر مەشغەڵەی تر هەموو کات هەست دەکا کە کاتی زۆرلەگەڵ مناڵەکانی سەرف نەکرد؟ ئەمە ئەو وێنەیەیە کە باوک لە مناڵدا وەک خوێندنەوەی بەردەوامی ژیانی خۆی دەیبینێ. کاتێک هەست دەکەیت ژیانی تۆ لەژیانی کەسێکی تردا درێژەی دەبێ هەست بەو نزیکایەتی و گرنگی پیدانە بەو منداڵەت دەکەیت. ئەمە ئومێدێکە بە بەردەوامی ژیان. ناڕەحەت دەبم بۆ باوکم کە ئەو خەون و خەیاڵەی لەوانەیە بۆی وەک تابلۆیەکی تەواونەکراو لەلا مابێتەوە!
لەوانەشە ئێمە هەمومان مەحکوم بەوەبین کە هەموو ئەو ئاوات و پێشبینانەمان بۆ نەبێتە وێنەیەکی ڕوون لە ژیانی نەوەکانمان چونکە ئەوەندە سەرقاڵی کێشەکانی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیانین. ئایندە لەوانەیە لای هەمومان هێشتا نامۆبێت چونکە خاوەنی نین. بەڵام مناڵ مەخولقێکی عەجیبە و هەمیشە پەیوەستمان دەکاتەوە بە ئایندەوە. لێ ناگەڕێ کە بیر لە ئایندە نەکەینەوە. مناڵ خۆی بۆ ئێمە و لە گۆشەنیگای ژیانی باوک و دایکەوە ئایندەیە. نەک هەر ئایندەی مناڵەکە بەڵکو ئایندەی خۆمان هی گەورەکان. نامۆبون بۆ هەر شتێکی تر ڕاست و ناچاری بێ بەڵام فشاری منداڵەکان دەتوانن ئەو ئیرادەیەمان پێبدەن کە ڕوبەڕوی ئەم نامۆییە بە ئایندە ببینەوە و کاربکەین لە پێناو باشترکردن و خۆشحاڵ کردنی مناڵەکان. کاتێ مناڵانەکانمان لە ئەمریکا و بەریتانیا دەبینین خەریکە خۆیان بۆ پاراستنی ژینگە و ئایندەی ژیان لەم گۆی زەویەدا پێش ئێمەی گەورەکان دەکەون، ئەمە گەلێک مانا بەخشە. ئەمە پێشکەوتنێکە لە مرۆڤایەتیدا کە ماوەی نێوان دەورانی باوک و دایک و نەوەکانیان زۆر کورت بۆتەوە و زۆر گۆڕاوە. ئەو مناڵانە لە ئێستاوە باوک ودایکێکی گەنجن. هەرچەند ئەمە دیوە خەمناکەکەی دنیای سەرمایەداری ئێستایە کە مناڵانیشی خستۆتە ژێر فشاری نیگەرانی ئایندەوە و ئەوە ئەرکی گەورەکانە بە کاری مناڵانیش هەستن و ئەم بەڵایەی سەرمایەداری لابەرن.
باوکی منیش ،بەو کارەی وەک پاکەرەوە”فەڕاش”ی قوتابخانەکان و بە ئارامی ونەرمونیانیەکەی لەگەڵ ٦کچ و٢ کوڕدا کە بە خێوی کردوین ،هەر هەمان پەیامی باوکانەی خۆی گەیاندوە.پەیامێکی هەرچەند کورتە وەک تەلەگرافی سەردەمی ژیانی ئەو،بەڵام تێشویەکی ئارامی بەخشە.
ئەم بیرکردنەوانەم لەباوکم و لە کوڕەکانم پێی دەڵێم چێژی زنجیرەی زیندەگی.

 

 

دوجار هەوڵی نوسینی کورتە چیرۆکم داوە ، یەکەم ١٧ ساڵ بوم ،وە ئەم چیرۆکە. هیوادارم بەدلتان بێت

گەشتێکی خەیاڵ بەرەو نەسیم
ئایا دەکرێ ژیانێک چاوەڕوانی نەسیمێک بیت و دواتر بەلاتا تێپەڕێ بێ ئەوەی ئاوڕێک بداتەوە؟ ئەمە بەسەرهاتی من بوو نازانم تۆ حەز دەکەیت گوێ بۆ چیرۆکێک ڕادێری کە تەنیا خەیاڵێک بێت. بەڵام ئەم خەیاڵە کە چەندین ساڵ من بەدوایدا دەچوم لەوانەیە شتێک بەتۆش بڵێ لەسەر ئەو خەیاڵانەت کە هەموو تەمەنت بەشوێنیدا وێڵیت. بزانە ئاکامی ئەو خەیاڵە چیە کە دەبێتە واقیع بەڵام باوەڕناکەی کە ئەوە کۆتایی چاوەڕوانیەکەیە.
من ،ناوم خەیاڵە، لە دامێنی شاخی گۆیژەدا لەدایک بوم. چەندین ساڵ لەوەوبەر نەسمێکی خۆشەیستی بە ڕۆحمدا گوزەری کردبوو و بەڵام لەو کاتەوە بەدوایدا وێڵ بووم و بە حەسرەتەوە بووم کە پێش ماڵئاوایی لە ژیان جارێکی تر ئەو نەسیمە لەدنیای ڤێرچواڵیشدا بێت ببینمەوە.
من زۆر لە دنیای خەیاڵی خۆمدا دەژیام و پێم وابوو هەموو دنیا لەو چرکە ساتانەی یەکەم ژوانەکان لەگەڵ ئەودا ڕاوەستاوە و هەر کات بیری لەو نەسیمە دەکردەوە دەتوت لەو ساڵە دورودرێژانەی هەموو شتێک گۆڕاوە ، بە سپی بونی تاڵەکانی سەری خۆشمەوە، لە دنیایەکی تردابوم کە تەمەن تیایدا ڕاوەستاوە. هەربۆیە نەمدەیویست ئەو چاوەڕوانیەی لەگەڵ هەموو تەمەنمدا بوبو بەهاوڕێ ،لەناو ئەو بڵقی بیرکردنەوە لە نەسیمەکەدا بچێتە دەرەوە و هەواشی بەرنەکەوێ تاکو ئەو خەیاڵەم نەبێتە بڵقی سەرئاو.
دەرگای هەموو خەیاڵەکان گەڕام تا هەواڵێکی ئەو نەسیمەم جارێکی تر دەست بکەوێ و ئەو مەدوا پچڕاوە گرێ بدەمەوە کە تیایدا ئەم نەسیمەی لەبەرچاوم ون کردبوو. کاتێک خەیاڵەکان خیانەتیان لێکردم و هیچیان بۆ نەکرا تا سەردەواێک پەیدابکەن. کەوتمە دوای سێبەری هاوڕێکانی نەسیمەکە و بەدوای هەواڵی هەموو کزەباو و ڕەشەبا و تەوژمێکی گەرما و سەرما دا دەچووم. دواتر زانیم ئەوانیش دەمێک بوو دوور کەوتبونەوە لە سەرزەمینی ئەو کەشوهەوایەی کە جاران کۆی دەکردنەوە و هیچ هەواڵێکیان لەو دۆستە قەدیمیەیان نەبوو.
دەڵین هەموو دنیا لە گوندێکدا بچوک بۆتەوە بەڵام من چەندین ساڵ لەم گوندە بچوکەدا کۆڵان و ماڵی نەمابوو سەری پێدانەکەم. دەست بەتاڵ هیچم دەست نەدەکەوت. کاتێک بێ ئومێد دەگەڕامەوە بەخۆم دەوت دنیا بۆ هەموو کەس بچوک نەبۆتەوە. بێ ئومیدی وەک سکی بەتاڵ وایە هیچ واقعێکت لا ڕۆشن ناهێڵیتەوە. بەڵێ خەفەت و حەسرەت نسیبی ئەو خەیاڵە بوو کە دنیای تەی دەکرد بەدوای نەسیمەکەدا و دواتر دەبوایە بگەڕایەتەوە ناو خەیاڵدان و شوێنێکی تری نەبوو بۆ دڵدانەوەی خۆی. ئەوە حاڵی هەموو گەڕیدەیەکی عاشق بە ڕاستیە کە دەبێ دڵی خۆی بەوە خۆش بکا کە گرنگە هێشتا خاوەنی باوەڕبون بە ئایندەیە و نابێ واز لەو خەیاڵە بهێنێ کە ئەو ئایندەیە چاوەڕوانیەتی.
ئەنشتاین دەڵێ خەیاڵ لە زانیاری داهێنەرترە. نازانم ئەم جۆرە خەیاڵە بە نەسیمەوە چ داهێنانێکی لە خەیاڵی مندا دروستکرد، بەڵام دەزانم ئومێد و ڕۆمانس و خەیاڵی خۆش بەشێک لەو خۆراکە گیانیە بوو کە ئەم گەڕانە بەدوای نەسیمدا بەمنی دەبەخشی. ئێمە ئێستاش بەدوای خەیاڵی کۆمۆنە سەرەتاییەکانی مرۆڤداین کە تیایدا ژیانمان ئاسودەتر و پڕ بەهای ئینسانی بوو، ئێمە هەموو ژیانمان بۆ ئەوە تەرخانکردوە کە دوبارە ئەو نەسیمە لە خۆشەویستی بگێڕینەوە بۆ ژیانمان. منیش بەخۆم دەوت خەیاڵەکەی منیش مشتێکە لەو خەروارە.
خەیاڵ دەتوانێ زیندانیت بکا، بەڵام ئەم نەسیمە لە خەیاڵی مندا منی بەدوای خۆیدا کێش دەکرد تا لە زیندانی مانەوە لە ڕۆتیندا دەرچم. دەرچوون بۆ ئەو بەری ڕوبارەکە، کە ئەگەر ئەم خەیالە نەبوایە نەمدەتوانی بچم و غەرقی ڕۆتینات بوبوم. ئێمە بەشێکی زۆری ژیانمان لەم ڕۆتیناتەدا بەسەر دەبەین. تەنیا کاتێک ،کە لەناو فڕۆکەدا لە ئاسمانەوە سەیری مرۆڤە بچوکەکان دەکەین کە چۆن سەریان کردوە بە ژیانی ڕۆتینەوە و هەمیشە وەک شارە میروولە دەجوڵێن ،بە خۆمان دەزانین کە ئەمە چ جۆریک لە خۆخەریک کردنە. لەوکاتەدا بەخۆت دەڵییت مرۆڤەکان بۆ ئەم خوە ناگۆڕن. تۆ سەیرکە کاتێک سەفەر دەکەیت چ ئاسودەییەک بە ناو ڕۆح و گیانتا گوزەردەکا و هەست دەکەیت لە زیندانێک ڕزگارت بوە. خەیاڵ بۆ من ئەم گەشتانە بوو و زۆر مورتاحی دەکردم . هەرچەند من نەمدەزانی قۆناغی کۆتاییم کوێیە؟ بەڵام گرنگ بوو سەفەر دەکەم و چاوەڕێی شتێک دەکەم.
هیگڵ دەڵێ “زانینی پێویستی ئازادیە”. من هەستم بەم ئازادیە دەکرد کاتێ دەمزانی پیویستم بە سەفەرێکی خەیاڵە.بەڵام ئەم گەشتانەی من لە چیرۆکە ئەفسوناویەکانی کۆن دەچێ کە ڕێگاکەی شاخاوی و نەزانراوە و تەنیا سەردابێکە. ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان بۆ شوێنێکی نادیار تەرخان دەکرد و گیانیان دەخستە خەتەرەوە دیارە بەهەمان ئازادی گەیشتبون کە دەبێ شتێکی نەزانراو بدۆزنەوە و یان خەونێکیان بهێننە دی.
لەوە زیاتر ئێوە لەگەڵ ئەم سەفەرانەدا هیلاک ناکەم. بۆیە باپێتان بڵێم چی ڕویدا کاتێک بە کۆتایی خەیاڵەکە گەیشتم. من بە نەسیمەکەم گەیشتم بەڵام ئایا گەیشتنێک کە دڵم دەیخواست و خەیاڵەکەم نەخشەی کێشابوو؟ دنیای واقعی وەک خەیاڵەکانمان سادە و ئاسان نیە. ئێستا لە پێشتر هەست بە نادیاری دەکەم بەڵام جیاوازی هەیە. من ئێستا هەست بە ژیان و زیندویەتی خەیاڵ دەکەم کە نەسیمێک لە خەیاڵەوە بوەتە ڕاستی. دەتوانم بیبینم ، دەتوانم هەستی پێ بکەم. ئایا خەیاڵی من بەدوای چیترەوە بوو؟ بێگومان خەیاڵ سنوری نیە هەربۆیە داهێنان دەکا. ئەمە سروشتی خەیاڵە و من کارێکم پێ ناکرێ بۆ ڕاگرتنی.
بەڵام کاتێک گەشتمە مەنزەڵ بۆم دەرکەوت من سەفەرم لە گەڵ خەیاڵی خۆمدا کردوە و ناتوانم جگە لە خەیاڵی خۆم شتێکی ترم دەست بکەوێ.بەخۆم وت گرنگ ئەوەیە خەیاڵیک کە هەمانە کاری بۆ بکەین تا دەگەینە واقیع. لێرە ئازاد دەبین و دەزانین کە ئێمە هەین چونکە دەتوانین خەیاڵ بکەین و سەفەربکەین بۆ گەیشتن بەو نەسیمەی دەمانەوێ ئاسودەمان بکات. ئەمە سەفەری ئەفسوناوی ژیانە کە ئایندە دیارنیە بەڵام هەمیشە نەخشەی خەیاڵێک هەیە کە دەمانبات بەرەو زانین و بەدەستهێنانی ئەو ئایندەیە. ئەمە چیرۆکی گەشتە خەیاڵیەکەی من بوو…

شانسی دوو دایکی
بەهەشت لەپێی ژێر دایکدایە بەڵام بەهەشتی ژێرپێی دایک لەو شوێنە خەیاڵیە نیە کە دینەکان دایاناوە بەڵکو هەر ئەم سەرزەویەی ژێر پێی دایکەکانمانە کە ئێمەی تیا گەورە دەکەن.
بۆیە من شانسی دوو بەهەشتم هەبوە چونکە دوو دایکم هەبوە لەژیاندا.
دایکی دوەمیان ئەو خوشکە گەورەیەم بوو کە چاوم لەگەڵ سۆزێکی فراوان و خۆشەویستیەکی بێ پایانیدا هەڵهێناوە.
ئێمە زۆرکات ئەوەندە خۆشەویستی دایکەکانمان بە مسۆگەر وەردەگرین کە ناچینە ناو ڕۆحی ئەوانەوە تا خۆمان ببینین لە چ دەریایەکی خۆشەیستی ئەواندا مەلە دەکەین. بێ باکی شتێکە دەڵێی لەگەڵ شیردا دەماندەنێ تا ئاوڕنەدەیتەوە لەو بەخشندەییەی هەمیشە دەڵێی چاودێری دڵت دەکا و شەونخونی هەناسەکانتە.
چەند خۆشە کاتێ کە ئەم خۆشەیستیانە تەنیا لە خانەی دراوسێی ئاگایماندا خۆیان نەشاردۆتەوە و بە هەموو جوانیەکانیانەوە دەردەکەون و ئەم دایکانەمان دەزانن کە زمانی خۆشەویستیمان بۆیان پژاوە و لە وردەکاری ژیانی ئەوانیشدا ئێمەش بە هۆش و هەستەوە ئامادەین.
کاتێ ئەم کەسە نزیکانەمان نابنە میوانی بیرو گفتوگۆی ڕۆژانەمان و تەنیا لە نزیکیان دەژین دەبێ بزانین کە چ بەشێکی گرنگی ژیانی خۆمان لێ ونە و لە فەرامۆشیدا دەژین. ئایا چی دەزانین دەربارەی ناخی ئەو کەسانەی شەو و ڕۆژ لەگەڵیان دەژین و ژیان بەسەر دەبەین؟
ئەگەر بەهەشت ئەو ئاسودەییە نادیارەیە کە هەموو ژیانی مرۆڤایەتی بریتیە لە چیرۆکی ئەو، ئەوا دایک و خۆشەویستە نزیکەکانمان ئەو بەهەشتە دیارەی ئێمەن کە دەبێ بە هەموو پێدەشت و ڕوبارەکانی ئاشنا بین و بزانین کە ئاسودەیی ئێمە لەچ سەرچاوەیەکەوە هەڵقوڵاوە.
دانیشتن و گفتوگۆکردن و باسی ڕازی دڵ و نهێنیەکانی ژیانت لای ئەم کەسە نزیکانەت بکە تا بزانی چی هەیە لە ژیاندا هێندە ئاسودەت بکا بە هێندەی خۆشەویستی ئەوان. بەهەشت هەر گرنگ نیە کە هەت بێت بەڵکو گرنگە پێی ئاشنابیت و هەموو شوێنێکی گەڕابیت و چێژت لەهەموو شتێکی وەرگرتبێ.
بەڵێ من شانسم هەبوو دوو بەهەشتم هەبوو و دایکی دوەمم “باجی” بەشی زیندوی بیرەوەریەکانی مناڵی و گەنجیمە ،کە لە هەر ئاوڕدانەوەیەکی خەیاڵمدا وەک میهرەبانیەکی گەورە ئامادەیە و چاودێریم دەکا. حەزدەکەم بتوانم منیش لە هەر ئاوڕدانەوەیەکی بیرەوەری و خەیاڵەکانی ئەودا بم تا پێی بڵێم کە چەندم خۆش دەوێ.

خوشکەکانمان هەمیشە مایەی شانازیمانن

شەوانی زستانی گۆیژە

ئای لەو ڕۆژانە کە خۆش بوون!
لە دڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتیدا هەمیشە ڕابردوو ئامادەیە. بۆچی ئێمە جگە لە ڕابردوو شتێک شک دەبەین؟ ئەمە دیوە حەسرەتناکەکەیەتی. بەڵام دیوە قوڵەکەی ئەو یادگاریە شیرینانەیە کە دنیای نوێی سەرمایەداری لەیەک ڕەنگ وبۆ نەیشێواندوە. یاخود لەوانەیە دووری لەو ڕۆژگارانە و بێ تامی لە ڕۆژانی لەیەکچوی ئێستا ئەو یادانەی زۆر شیرین کردبێ، بەهەرحاڵ ئەمە پرسیارێکی وەڵام نادیارە کە دوێنێی سادە خۆشتربوە یان ئەمڕۆی پڕلەنادیاری ئەمە زۆر نسبیە و پەیوەندارە بەو کات و دۆخەی کە تێایدایت. دەمویست بچمە ناو خەیاڵێک کە ساتەکانی زۆر دووری گەنجیم تاوتۆی دەکەن.
نازانم تۆ لە سابونکەرانی سلێمانی ژیاویت یان نا؟ بەڵام بۆمن بۆن و بەرامی ئەو کۆڵانانە تام و چێژێکی سەیری هەیە. بەتایبەت سەر لە ئێوارانی کە پەرەسێلکەی گوێسوانەکان لەگەڵ ئەو پیادە ڕەوانەدا بە شیوەیەکی سەیر دەهاتن و دەڕۆشتن کە دەتوت خەریکی ژیانێکی سەیری پڕلە نهێنی ئێوارانی پایزانن کە نازانن پیاسەی شەقامەکە خۆشتر و بەتامترە یان خۆشی گەیشتنە بەرئاگردانی ماڵەوە. کە گەنج بویت هیچ کامیکمان ماڵەوەمان مەبەست نیە بەڵکو چێژ وەرگرتن لە کاتەکان سەرمەستت دەکا.
بەڵام من نەک ئێواران بەڵکو شەوانی هاوین و دانیشتن تا نیوەشەو لە کۆڵان لەگەڵ هاوتەمەنەکانم و باسی سیاسەت و کتێب ، یان چونە ژورەوە لەزستان و دانیشتن پێکەوە و خوێندنەوەی شیعرێک یان باسی هەر شتێک کە هاوڕیکانت پێیان خۆش بوو، لەوانە باسی مارکس یان لینین یان فەلسەفە یان گوێگرتن لە ئاوازێکی فارسی یان مەزهەری خالقی هەر هەموو ئەو شەوەی لەگەڵ خۆی دەبرد. ناوەرەۆکی ئەم شتانە هەرچیەک بونایە تۆ کەسێکی سەرحاڵ بویت کە کەسانی خۆشەویستی خۆتت لەگەڵدایە.
شەوێک کە قەت لەیادم ناچیتەوە لەگەڵ هاوڕیکانمدا دوای ئەوەی هەموو کەس لە کۆڵانەکەمان لە گەڕەکی گۆیژە خەوتبوو و تەنانەت حکومەت لەشاردا نەمابوو و هەموی خەوتبوو، ئێمە چوار قۆڵی بەناو بەفرێکی سپیدا هەرچی کۆڵانی دەوربەری سابونکەران، گۆیژە و گاوران بوو تەیمان کرد .هەستێکی عەجیب خۆش بوو. دنیایەکی سەرتاپا ئارام و تۆ لە دنیای ئارامی خۆتدایت. دنیای تۆ جگە لە خۆت و هاوڕێ خۆشەویستەکانت هیچی تر نیە.نازانم چۆن باسی خۆشی دڵێکی گەنجانتان بۆ بکەم کە دنیا بەم شیوەیە دەبینێ ؟ ئای کە ڕۆژانێکی خۆش بوو. گەنجێتی ڕۆژانەکانیشی گەنجانەیە. خۆراکی هەموو تەمەنت لە توێشووی گەنجێتیدا کۆدەکەیتەوە و گەنجێتیت زۆر پڕقیمەتە جوان بیڕازێنەوە تا هەموو تەمەنت لە سێبەریدا بحەسێیتەوە. ژیان ئەوەی خۆشە کە وەک تیۆری نیە لە هەر قۆناغێکدا خۆشیەکی شاراوە هەیە کە دەبێ بەشوێن دۆزینەوەیدا بین. بەمە دەڵێن خۆشی ژیان.
کاتێک کەشتیەکە بە جێت دەهێڵێ
هەندێ کات هەیە وا دەزانیت کۆتایی دنیایە، بەڵام هەر ساتێکە و بە دنیایەکی نوێ ئاشنا دەبی کە دنیا کۆنەکەت بە بیر چونەوە دەسپێری.
زۆر پەلەم بوو لە فرۆکەکەوە تەکسیم گرت تا بگەمە لای کەشتیەکەم. بەڵام کە گەیشتم ئەو ساتە دەنگی ئاژێری کەشتیەکە و دوکەڵەکەیم بینی و سەرنشینەکان دەیان ڕوانیە سەرنشینە بەجێماوەکە..منیش دەستێکم بەرز کردەوە و بای بایم لێکردن و دامە قاقای پێکەنین لە داخدا..ئای ساتێکی سەیرە لەژیان دەڵێی کەشتی ژیان بە جێی هێشتوتیت و ئیتر فریای ژیان ناکەویتەوە.. بەڵام شانسێک ژیان بەمنی بەخشیوە ئەوەیە کە ژیان بە گەنجی دەبینم.
شانسم هەبوو کۆمپانیایەکی تر کەشتیەکەیان نیو سەعات دوای ئەم کەشتیەی من لەو بەری کەنارەکەوە دەردەچوو..چوم و بە دڵێکی شکاو و تەنیاوە بومە سەرنشینێکی نوێ..
خورادنەوەیەکم بە دەستەوە گرت و چوم بۆ سەکۆی کە شتیەکە و چاوم بڕیە خۆرەکە تا کزکز وەک خەیاڵەکانی من چۆڕانە ناو دەریای خەیاڵی سەفەرەوە. هەمیشە من ئەم خۆرئاوابونانە خەیاڵم بۆ جیهانێکی تری پشت ئاسۆ بینراوەکانم دەبا..نازانم چۆن بوو زۆر زوو ئەو خەیاڵە ئێوارەکەمی گۆڕی و ئەو بوە هاوڕێم. بەداخەوە کە تەنیا بە هەست لەیەکتر تێدەگەیشتین و هیچمان وشەیەکی زمانی ئەوی ترمان نەدەزانی..
لەم کاتەدا کەوتمە دنیایەکی نوێی ژیانەوە کە دەتوت دنیای کۆنی زمانم بیرچۆتەوە بەیەکجاری..ئینسان دەتوانێ بچێتە دنیای دەرەوەی زمان و لە جیهانی هەستەکانی خۆیدا بگەڕێ..لێرەدا جیهانێکی تر هەیە کە ناخت خۆی قسە دەکا و پێویستت بە هیچ هەڵبژاردنێک نیە لە نێوان وشە و دەربڕینەکاندا..جیهانیكی ڕاستەوخۆی حەز و خەیاڵەکانە..زۆر شتی کۆن دەنون لە تۆدا تاکو دەنگە تازەکان لەدایک بن..هەستەکانمان زۆر کات ئەو بەشانەن، کە تا زمان خەوی لێ نەکەوێ، جوانی و قوڵی ئەوانمان لە دەرونماندا بۆ دەرناکەون..ئەو شەوەم وەک ئەستێرەیەک، کە بە ئاسمانی ئەفسوناویدا سەما دەکا، بەسەربرد و شەپۆلەکان لەگەڵ مۆسیقاکەدا دەجوڵان و منیش سەرشاری شادی بووم لە دنیا چاوەڕوان نەکراوەکەمدا..
ئیتر لەم ساتەوە من سەرنشینەکەی ئەو دنیایە نەبووم کە کە شتیەک بەجێی هێشتم ..بووم بەو سەرنشینەی کە کەشتیەکی ئارەزوو منی هەڵگرت و بەرەو دنیایەکی خۆشتری بردم کە خەیاڵەکانی پێشووم لەوە دەچووو فریای دووکەڵی کە شتیەکەی پێشوو کەوتبن تا ڕێگا بدەن حەزەکانم خۆیان بدەن بە دەم ئەم دەریا نا کۆتاوە کە کەشتیەکان بەبێ گوێدانە سەرنشینەکان تیایدا دێن و دەچن.. منیش لەو ڕۆژەوە ڕاهاتم لەسەر ئەوەی ژیان زۆر سەپرایزی لە خۆی گرتوە کە لە دەستدانی کەشتیە لەدەست چوەکانمان بیر دەباتەوە…
ساتێک لە سەروو هەورەکانەوە بژی
ئێوارەیەک بوو لە ناو فڕۆکەکەدا تەنیا بووم و لەو جۆرە ساتانە بوو کە دەڵێی تازە هاتویتە دنیاوە.
گەشتینە سەروو هەورەکان تیشکی خۆرەکە هیچ ڕێگری لێنەدەکرد کە هات خۆی بەسەر ڕەنگی شەرابە سوورەکەمدا پەخشکرد و منیش خۆم دایە دەست ئەم سەفەرە ئەرخەوانیە نادیارەی ژیانەوە.
کورسیەکەی تەنیشتم کیژێکی تێدا بوو وەک من تەنیا بوو. پرسیاری سەفەرەکەیم لێکرد. لە کاتێکدا ئەو بەدەنگە ناسکەکەی ڕۆچوە ناو باسی گەشتەکەی بۆ ئەو شارەی لەسەر ئاوە، نەم زانی چۆن شەرابە ئیتالیایەکە لەگەڵ خەیاڵەکانی ئەودا منی لەسەر هەورەکان دانابوو. زۆر زوو نوقمی ئەو دیمەنانەی شاخ و دەشتاییەکانی کردم. لە نێو هەورەکانەوە بە ڕێگا باریکەکانی و دەریاچە شینەکانەوە هەستم بە دووریەکی قوڵ کرد لەو خاڵی بونەوەیە لە جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانە.
پرسیارێک بە قوڵایی ئەو بەرزاییە لە سەروو هەورەکانەوە سەرنجەکانی منی شۆڕکردە خوارەوە بۆ سەر جادەکانی سەر زەوی. هەستێکی سەیر لە ناخمدا سەری هەڵدا. پرسیار وهەستێک سەبارەت بە سادەیی ئەو مرۆڤە بچوکانەی لە خوارەوە لە هاتوچۆدابوون، بەڵام هەر یەکەیان ئێستا خەریکی کارێکن و هەموو دنیا لەو کێشە و مەسەلەدا دەبینن کە ژیانیانی داگیرکردوە.
لە خۆمم دەپرسی بۆچی ژیان لەو خوارەوە هێندە ئاڵۆزە و پەشۆکاوە، بەڵام دیمەنی ئینسانەکان لەسەروو هەورەکانەوە ئەوەندە سادە و ئارامە؟
دەتوت لە دووربینی هابڵەوە سەیری مێژوویەکی دووری مرۆڤ دەکەم. ئەو ژیانە سادەیەی لە سەروو هەورەکانەوە هەستم پێدەکرد زۆر جیاواز بوو لەو هەموو ڕۆچونە ڕۆژانەیەی ڕیبوارەکان بە خۆیان و ماشێنەکانیانەوە وەک شارە میروولە بەبێ وچان دەجوڵان. ئای کە جەنجاڵیەکی سەیرە کە وا گیرۆدەی کردون فریای ژیان ناکەون!
خەیاڵە ئەرخەوانیەکەم لێی پرسیم بۆچی ئینسان نایەت لەسەروو هەورەکانەوە بژی تاکو سادەیی و ئارامی ژیان لە سەروو ئەم هەروانەوە هەست پێ بکات؟
لەوانەیە ئەو کات ڕای لەسەر ئەو هەموو خەم و گیرۆدەییە بگۆڕێ کە بۆتە نۆرمی ژیان. لەوانەیە ئیتر پێویست نەکا هەر خەون بە بەهەشتی ئەفسانەکانەوە ببینی و ژیانی خۆت بۆ ئەو خەیاڵانە سەرف بکەیت لە تەکیە و خانەقا و پەرستگاکاندا تا بە ئارامگایەکی خەیاڵی بگەیت.
سەفەری سەر هەورەکان فێرت دەکا کە شتێکی تر لەسەروو ماندوویەتی ژیانی ڕۆژانەی ئێمەوە هەیە! ئەویش سادەیی ژیان و ئارامیە.
ئارامی چێژێکی ژیانە، کە سەفەری دوور فێرمان دەکا، بەڵام دەتوانین بەسەردانێکی سەروو هەورەکان ئەم ڕێگایە کورت بکەینەوە و دەرسی گرنگی ئارامی لە ژیانی خۆمان وەرگرین.
ئێمەی مرۆڤ دۆزینەوەمان زۆر کردوە، بەڵام بۆ دروستکردنی ژیانی سادە و ئارام، کە گرنگترین دەستکەوتی ژیانمانە، دەڵێی چاوەڕوانی هەمان سیستمی پڕ لە کێشە و ڕاڕایی پلۆتۆی خواوەندی پارەین کە بەهای ئێمەی کردوە بە جەنجاڵی و خەمی ژیانی ڕۆژانەی نانەوە.
لەم چەند ساتەی سەروو هەورەکانەوە ئەم هەستەم بە ژیانێکی ئارام و سادەی مرۆڤ، وەک دۆزینەوەی ئارکۆلۆژیەک، مەستی کردبووم.
کاتێک فڕۆکەکەم بەرەو خوار دەبوەوە بۆ نیشتنەوە من ڕووم لەلای چەپی پەنجەرەکە وەرگێڕا و دیمەنە شینە دڵ ڕفێنەکانی دەریا و شارە دەریاییەکە ڕژا بوونە ناو چاوەکانی کیژەکەی تەنیشتمەوە و منیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. کیژەکە پێی وتم چاوەڕوانی بینینی شوێنێکی جیاواز بە، دیمەنەکانی شارێک لەسەر ئاو. لەو شارەدا بەسەر زەویەکی ئاویدا دەگەڕام تا پەیامی یۆتۆپیا و خەیاڵی سەر هەورەکان وەک ئیدیۆمی ژیانی سادە و ئارام بۆ ئەو ڕیبوارانە بەرم کە دانیشتوانی ئەم شارە توریستیەیان پێک هێنابوو. گەشتیارەکان هەمیشە بەدوای پەیداکردنی ساتێک ژیانی ئارام و ئاسودەن. هەربۆیە دڵم خۆش بوو کە ئۆدیەنس و گوێگری ئەم گەشتە ئەرخەوانیەی سەروو هەورەکان زۆرن.