بابەتی هەڵبژاردە

رفراندومى ديكتاتورى

ئەردوغان له ريگای رفراندۆمێکەوە لە ۱٦ نیسانی ۲٠۱۷دا لە تورکیادا سیستەمی پەرلەمانی گۆڕی بە سیستەمی سەرۆکایەتی. بەم پێییەش دەسەلاتی سەرۆکی کۆماری کرد بە باڵاترین دەسەڵاتی جیبەجێکردن و سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و کۆنترۆلی دادوەری و دەرچون لە چاودێری پەرلەمانتاران.
بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چ جۆرە سیستەمێکە باشترین کەس بۆ شاهیدی ئۆردوگان خۆیەتی. ئەو لە کانونی یەکەمی ۲٠۱٦ بۆ بەرگری لەم سیستەمە سەرۆکایەتیە وتی؛بەڵێ. هیچ شتێک نیە بڵێ تۆ ناتوانی سیستەمی سەرۆکایەتیت هەبیت لە دەوڵەتێکی تاک ناوەندا.. چەند نمونەیەک لەم جۆرە لە دنیای ئەمڕۆدا هەیە، وە چەند نمونەش لە ڕابردودا. ئەمە دەبینی کاتێ سەیری ئەڵمانیای هیتلەر دەکەی. دواتریش چەند نمونەیەک دوبارە لە وڵاتە جیاجیاکاندا دەبینی”*۱
ئەم ئاڵوگۆڕە لە دیموکراسی پەرلەمانیەوە بۆ دیکتاتۆری سەرۆکایەتی لە ڕێگای رفراندۆمەوە دەکرێ و دەنگی زیاتر لە نیوەی خەلکی تورکیای لەگەڵدایە.ئەمە مەسەلەی سەرەکی دنیای ئەمڕۆیە، کەبۆچی لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە دیکتاتۆرەکان بە دەسەڵات دەگەن. کێشەکە لە کوێدایە؟ بزوتنەوە جۆراوجۆرەکان وەڵامی جیاواز بەم دیاردەیە دەدەنەوە. بورژوازی لیبرالی ئەوروپا باس لەوە دەکا کە ئۆردوگان و ئەکەپە بەم رفراندۆمە تورکیا بەرەو دیموکراسی نالیبراڵ دەبەن و لەنمونەی دیموکراسی ڕۆژئاواییەوە بەرەو ئۆثۆتاریانیزمی ڕوسی دەبەن. ئەم لێکدانەوەیە تەنیا ڕویەکی ڕاستیەکەمان پیشان دەدا بەوەی ئۆردۆگان کاتێ نمونەی ڕوسیا و پۆتین دەبینێ هەست بە ئازادی دەکا بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی دیکتاتۆری لە دنیای ئەمڕۆدا. بەڵام ئەم وەڵامە نیوەی ڕاستیەکەی تری دنیای ئەمڕۆی ڕۆژئاوا باس ناکا، واتە باسی هاتنە سەرکاری ترامپی ئەمریکا و سەرکەوتنی دەنگەکانی لۆپێنی فەرەنسا ناکا کە هەمان بەرنامەی دیموکراسی نالیبرالەکانیان باڵادەستە و نیولیبرالیزمی تاچەر و ریگان ئەمڕۆ تیکەڵ بە ناسیونالیزم و پۆپۆلیزمی ڕاستی پەڕگیر بوە. سوڵتان ئەردۆگان کۆپیەکی ترامپی لۆمپن و پۆتینی مافیایە. کێشە لە بازاری دیموکراسی بورژوازیدایە، کە کاتی ئەزمەی ئابوری سیستەمەکەیان دەچنەوە سەر ئەسڵی خۆیان، ئەسڵی دیکتاتۆری کەمینە.
رفراندۆم و هەڵبژاردن لەسایەی چینی سەرمایەداردا کە ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک پێویستی بە چڕکردنەوەی دەسەڵات و داهاتە یاریەکە لەناو ئەو کێڵگەی ئەڵغامانەدا کە شەڕکەرە ئەسڵیەکان پێشتر کەشێکیان دروستکردوە لە بێکاری و سەرکوت و ترس و بێ ئومێدی کە دەنگدەر تیایدا بێ ئیرادە و گێژ کراوە. دەنگدەر کراوەتە ئەو ژمارەیەی کە چارەنوسی شەڕێکی پێ دیاری دەکەن کە نەک خۆی لەدانانی بەرنامەکەیدا دەوری نیە بەڵکو دژ بە ژیان و گوزەرانی زۆربەی دەنگدەرانە.  رفراندۆمی تورکیاش نمونەیەکی ئەم دیموکراسیە ئاوژوەیە کە بەناوی زۆرینەی خەڵکەوە حزبی ئەکەپەی ئیسلامی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری سەقامگیر دەکا کە لە ماوەی دورودرێژی دەسەڵاتیدا لە ڕێگای دیموکراسی لیبرالی پەرلەمانیەوە توانی تورکیا دوچاری ئەزمە و سەرکوت و بەرەودواگەڕانەوە بکا.
تورکیای دوای رفراندۆم تورکیایەکی ئایندە نادیارە، هەروەک جیهانی ئەمڕۆ بەدەست ترامپ و پۆتین و لۆپین و ڕاستڕەوەکانی ترەوە نادیارە. حکومەتی ئەردۆغان هەم لەئاستی ناوخۆ شەڕ دژی ئازادی و سێکولاریزم و دژی خەڵکی کوردستان گەرمتر دەکا و هەم لەئاستی ناوچەکە مەترسی دەستێوەردانەکانی زیاتر دەکا بەتایبەت لە سوریا و عێراقدا.
خەڵکی ئازادیخوازی تورکیا و جیهانی ئەمڕۆ پیویستی بە بەرەیەکی شۆڕشگێڕە تا ئەم تەوژمە ڕاستڕەوەی بورژوازی تێک بشکێنێ. ڕەخنەگرانی لیبرال خەمی لەدەستدانی سیستەمی سەرمایەداریانە بەهۆی هیتلەر و مۆسۆلۆنیەکانی ئەمڕۆی تورکیا وئەمریکاوە، بەڵام ڕەخنەگرانی شۆڕشگێڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەبێ ڕزگاربون لەدەست سەرمایەداری ئەمڕۆ ڕزگاربون لەدەست ئەم نەوە نوێیانەی بەرنامەی دەورەیەکی نوێی دیکتاتۆریان هەیە ئەستەمە.