بابەتی هەڵبژاردە کۆمۆنیزم

مارکس و حزبی کرێکاری

مارکس و حزبی کرێکاری

بەشی دوەم لە ناساندنی کتێبی “چۆن جیهان دەگۆڕین”

لە نوسینی ئیریک هۆبسبام

لەم بەشەدا کە ناوی “مارکس، ئەنگلس و سیاسەت”ە، باسێکی مێژوویی تێگەیشتن و هەڵوێستەکان و کارەکانی مارکس و ئەنگلسە لەسەر دەوڵەت ، خەباتی چینایەتی ،سیستەمی پەرلەمانی ،شۆڕش ، قۆناغی گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم ،شێوازی ڕیکخراوەکان ،حزب ،تاکتیک و ستراتیژی بزوتنەوەی سۆشیالیستی، بزوتنەوەی کرێکاری ، ناسیونالیزم، مەسەلەی نەتەوایەتی، شەڕ و بەگشتی باسی مەسەلەی سیاسەتە بۆ چینی کرێکار. هۆبسبام لە ساڵی ١٩٥٦ ەوە دەستی کردوە بە نوسینی ئەم بەشانە.

من ئەم بەشە دابەش دەکەم بۆ چەند بەشێکی بچوکتر تا لە پۆستدا بتوانرێ بخوێنرێتەوە. لێرەدا باسی حزب و بزوتنەوەی کرێکاری و حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەخەمەڕوو لەبەرئەوەی لە ئێستادا بۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی باسێکی گرنگە و دەتوانێ لەو ڕوبەڕوبونەوەی ئەو کێشە و ئەزمانەی ڕوبەڕوی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەگشتی و لە عێراق بەتایبەتی بوەتەوە، ئەم باسە یارمەتی دەربێت.

من لەگەڵ ئەو ڕایەی هۆبسبامدام کە بەپێی ئەم لێکدانەوە میژوویانەی بەڵگەی نوسین و کارەکانی مارکس و ئەنگلس و بەراوردکردنی لەگەڵ کۆمۆنیزمی پاش مارکس دەڵێ” هیچ بەشێکی تیۆری مارکس لەباری تیۆری و بزوتنەوەوە بەهێندەی فکری مارکس و ئەنگلس لە بورای بیرکردنەوەی سیاسیدا تێک نەدراوە.” هەربۆیە چاوخشانەوە و ریڤیوی ئەم کار و تیۆری مارکس لە سیاسەتدا گرنگە و ئەم کتێبە کۆمەک بە گەیشتن بەو بەڵگە و لێکدانەوە کۆمۆنیستیانەی مارکس دەکا و پێشنیاری گرنگیدانی هاوڕییان بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەکەم.ئەمەش مەبەستی منە لە ناساندنی ئەم کتێبە.

مارکس و ئەنگلس لە باسی پێشبینیەکانیان بۆ ئایندە بە ئاگاداری و حەزەر بون ئەمە زیاتر بەهۆی ئەو ڕاستیەوە بوو کە دروستکەر و ڕابەری شۆڕش کە پرۆلیتاریایە، خۆی چینێک بوو لە پرۆسەی گەشەکردندا. هێڵە گشتیەکانی تێڕوانینیان سەبارەت بەم گەشەکردنە، بەشێوەی سەرەکی پشتی بە بەڵگەی تەجروبەی بەریتانیای ئینگلس بەستبوو،کە لە “مانیفیستی کۆمۆنیستدا” خراوەتەڕوو؛گەشەکردن لە یاخی بونی تاکەکانەوە دەست پێ دەکات بەرەو لۆکاڵ و خەباتی یەکە ئابوریەکان، سەرەتا بە ناڕەسمی ، دوایی ڕیکخراوبونی زیاددەکا لە ڕێگای یەکێتیە کرێکاریەکانەوە، بەرەو”خەباتێکی سەراسەری(نیشتمانی) لە نێوان چینەکاندا”،کە پێویستە ببێتە خەباتێکی سیاسی لەپێناو دەسەلاتدا.” وە”ڕیکخراوی کرێکاران وەک چینێک دەبێ لە ئاکامدا ببێتە حزبێکی سیاسی”.

“ئەم لێکدانەوەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە هەموو ژیانی مارکسدا بەردەوام بوو، دەستکاری کەمی کراوە لەژێر ڕۆشنایی جێگیری سەرمایەداری و پەلوپۆهاویشتنی لە دوای ١٨٤٨، وە هەروەها بەپێی تەجروبەی ڕاستەقینەی بزوتنەوەی کرێکاری ڕیکخراودا.”

لەکاتی ئەزمەکانی سەرمایەداریدا کە خرۆشانە کرێکاریەکانی بەدوادا دەهات،مارکس و ئەنگلس گەشبین بون بەوەی کە لە چوارچیوەی سەرمایەداریدا ئیمکانی سەرکەوتنی خەباتی کرێکاران هەیە، واتە لە ڕێگەی چالاکی یەکێتیە کرێکاریەکانەوە یان بەدەستهێنانی ئەو یاسایانەی بە قازانجی کرێکارانە.

مارکس و ئەنگلس ، ئەرکی سەرەکی خۆیان بە گشتگیرکردنی بزوتنەوەی کرێکاری لە بزوتنەوەیەکی چینایەتیدا، کە ئامانجی خۆی بە ئاشکرا بهێنێتە بوون ، کە ئەویش گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمۆنیزمە، وە لە نزیکترین کاتدا بیکاتە بزوتنەوەیەکی سیاسی، کە حزبی چینی کرێکار جیابکاتەوە لە حزبەکانی چینە دەسەلاتدارەکان و بە ئامانجی گرتنە دەستی دەسەڵات.

لیرەدا دوو شت گرنگە یەکەم؛ ئەوەی کە هیچ ڕێگا نادرێ بە جیاکردنەوەی بزوتنەوەی ئابوری  چینی کرێکار لە خەباتی سیاسی ئەو.دووەم؛سروشتی حزبەکە گرنگی پلەدووی هەیە، گرنگ ئەوەیە کە حزبی چینێکە. ئەوان کاتێ باسی حزبی کرێکارانیان کردوە مەبەستیان حزبی سیاسی بوە کە لەزۆربەی ولاتەکاندا لە ١٨٧١ هەبوە و “یەکێتی کۆمۆنیستەکان”یان وەک ئەڵقەیەکی مێژوویی حزب باسکردوە. پێیان باش بوە حزبەکان ،ئەگەر لەتوانادا بێت، بەرنامەیان هەبێ بەڵام پێداگریان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەرنامەکە سێکتێک نەبێت . بەپیچەوانەوە پێداگریان لە دورکەوتنەوە لە فەرهەنگی سکتاریستی دەکردەوە .وە زۆر گرنگیان بە کێشەکانی ستراکتۆری حزب و ڕیکخراو و سۆسیۆلۆژی نەداوە کە دواتر بیری تیۆریسینەکانی داگیرکردبوو.ئەوان وتویانە کە “ئامانج و مەیلە گشتیەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتی خۆیەوە سەرهەڵدەدا کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێ، هەروەها بزوتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە.” هەربۆیە هەڵوێستیان سەبارەت بە فۆرمەکانی چالاکی سیاسی و ڕیکخراوەیی ئەوەبوە کە ؛”بەپێی وەزعی کۆنکریت بڕیاریان لەسەر دەدرێ کە نابێت بە کۆمەڵە یاسایەکی جێگیرەوە بەرتەسک بکرێتەوە. لەهەر وڵات و لە هەر ساتێکدا ، لێکۆڵەرەوە کۆمۆنیستەکان دەبێ کۆمەڵێک یاسا پێشنیار بکەن، نەک بەسەر هەموو وەزعیکدا بیسەپێنن.”.  نابێ لە تێکستەکانەوە تاکتیک و ستراتیژ دەربهێنرێ، وە خەتەرە کە وەک سێکتێکی پێشتر ئامادەکراو بسەپێنرێ.

مارکس هەمیشە هەوڵی داوە ئەوانەی دوای خۆی دێن ئەم جۆرە میتۆد و تێگەیشتنە فێربن کە بۆ ئەرکی توێژینەوە و چالاکیەکانیان پشت بە واقعیەتە مێژوویی و ئاستی کۆنکریتی گەشەی چینی کرێکار ببەستن نەک دەرسی ئامادەکراو کە لە تیکستەکانەوە وەریگرن. ئەم ڕینماییە گشتیانە بۆ چالاکی هەمیشە هەوڵیان داوە ببنە دۆگما کەوەک E.Lederer  دەڵێ؛ڕێنماییە گشتیەکان کورت بینن، ستایلی سادەکردنەوەیە کە فکر دەکوژێ، هەربۆیە دەبێ فکری گەورە و فراوان دژی بوەستێتەوە ئەگەر بیەوێ جەماوەر بخاتە جولە و بزوتنەوە دروست بکا.” ئەم میتۆدە وا لە کۆمۆنیستەکان دەکا کە باشتر لە مانای شاراوەی خەباتی چینایەتی تێبگەن کە بەئاشکرا بەبەرچاویاندا دەگوزەرێ، وە ئاخرین کەسانیک بن کە هەڵەی سکتاریستی نەکەن.”حزب دەبێ ئامانجی ئەوەبێت کە چینێکی ڕیکخستوە، مارکس و ئەنگلس هیچ کات لەو ڕاگەیاندنەی مانیفیست لایان نەدا ، کە کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.”

هەموو جەدەلە سیاسیەکانی مارکس لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا لە بەرگری لە سێ فکرە و کۆنسێپت بوو؛

یەکەم؛بزوتنەوەی چینایەتی سیاسی کرێکاران، دوەم؛ بینینی شۆڕش تەنیا گواستنەوەیەکی دەسەڵات بە یەک کەڕەت نیە کە یۆتۆپیایەکی سیکتاریستانەی بەدوادا بێت، بەڵکو ساتێکی بڕێنەرەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز و پێشتر نەخوێندراوەی دەورەیەکی گواستنەوەیە، سێهەم؛ ڕاگرتن وچاکردنی بەردەوامی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیە ، واتە جۆری شۆڕشگێڕانە و ئینتقالی دەوڵەت.

پەیوەندیەکی ئۆرگانیکی لە فکری مارکسدا هەیە لە تێروانین بۆ حزب و خەباتی چینایەتی و شۆڕش و دەسەڵات.  ئەمانە لە یەکتر جیاناکرێنەوە و کاراکتەر و پرەنسیپەکان و ستراکتۆرەکانیان یەک بنەمای چینایەتیان هەیە، کە چینی کرێکارە و یەک ئامانج ئاڕاستەیان دەکا ، کە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیە. ئێمە لە بەشەکانی تردا دێینە سەر دەوڵەت و شۆڕش.بەلام لەم بەشەدا درێژە بەم تێگەیشتنانەی مارکس لەسەر حزب و بزوتنەوەی کرێکاری دەدەین.

ئەوە عەبەسیەتە کە لە مارکسدا بەدوای ئەو شتەدا بگەڕێیت کە ئەو سەر بەکام یەک لەو دولایەنە بوە کە دواتر جەدەلی لەنێوان “ریفۆرمیست” و “شۆڕشگێرەکان”ی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا دروستکرد. “مارکس ئەوەی ناسی کە ناکۆکیەک لە نێوان مەبدەئی خەباتی ڕۆژانەی کرێکار لە پیناو باشترکردنی هەلومەرجی خۆی نیە لەسایەی سەرمایەداریدا لەگەڵ دروستبونی وشیاریەکی سیاسی کە تەسەوری گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمەلگەیەکی سۆشیالیستی دەکا، یان چالاکیەکی سیاسی کە ئەگاتە ئەم کۆتاییە.” مەسەلەکە بۆ مارکس ئەوەبوو کە چۆن بەسەر ئەو کەموکوڕی ناپێگەیشتوانەی زاڵ بین کە گەشەی حزبی چینی کرێکاریان ڕاگرتوە. بۆنمونە مانەوە لەژێر کاریگەری شێوازی جۆراوجۆری دیموکراتی رادیکاڵی بورژوازی و وردەبورژوازیدا.” هەربۆیە ئەوە ئەنارکیە کە مارکس وەک “ڕاست” یان “چەپ”،یاخود “ناوەنجیگەر” یا “ڕادیکال” بناسێنی لە نێو ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا یان لە هەر بزوتنەوەیەکی کرێکاریدا. بەهەمان شێوە ئەوە مشتومڕێکی بێ مانایە لەسەر ئەوەی مارکس لە کاتێکدا وازی لە “شۆڕشگێر”بون هێناوە و بوەتە “گراجولیست” واتە خوازیاری گۆڕانی پلەبەپلە و شێنەیی بوە.

سیاسەت بۆ مارکس پاشکۆی گەشەی مێژوویی بوە. واتە ئەوە هەوڵی سیاسی سۆشیالیستی نیە کە شۆڕشی چینی کرێکار دروست دەکا ، بەڵکو هەوڵی سیاسی سۆشیالیستی پشت بە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری دەبەستێ ،کە لەسایەیدا چینی کرێکار پێگەیشتوە، لەئاستی جیهانی و لە وڵاتێکی دیاریکراودا، بە لیکدانەوەی ئەم دۆخە بەشێوەیەکی زانستی بنەمای ستراتیژی سیاسەتی سۆشیالیستی دادەنرێ. سیاسەت لە چوارچێوەی مێژودا تەجسید بوە، ئەگەر لەو چوارچیوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێ ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی ،وە بەپێچەوانەوە چۆن بزوتنەوەی چینی کرێکار لە شکان نەهاتوە”، ئەگەر لەو چوارچیوە مێژووییەدا بێت. ئەم گەشەیە بریتیە لەوەی “چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکا، و بەدیسپلین دەبێ ، یەکگرتوو دەبێ، ڕیکخراو دەبی ، لەڕیگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆیەوە.”

لای مارکس سیاسەت بڕینەرەوەیە. هەربۆیە چینی کرێکار دەبێ بەشێوەی سیاسی ڕیکبخرێ، (بۆنمونە وەک حزب) و تابتوانێ دەسەلاتی سیاسی بگۆڕی. هەربۆیە چالاکی سیاسی لەدەوری مێژوویی چینی کرێکاردا بناغەیە، کە لەڕیگەی سیاسەتەکانەوە کاردەکا بۆ نمونە لە سنوری هەڵبژاردەی-میژوویی، بڕیار و چالاکی وشیارانەی چینی کرێکار.

جیاکەرەوەی مارکس لە باقی سۆشیالیستەکان جگە لە ژاکۆبینەکان لە گرنگیدانە بە دەوری سیاسەت لە پێش و لەکاتی شۆڕش و لەدوای شۆڕشدا. ئەو لەگەڵ ئەنگلسدا بەشێوەیەکی ئەکادیمی هەڵویستیان لەسەر سیاسەت دوای شۆڕش دەربڕیوە ،بەڵام بۆ پیش شۆڕش کە خۆیان بەشداری چالاکانەیان تێداکردوە بە گرنگیان زانیوە کە حزبی کرێکاران لەهەموو جۆرە چالاکیە سیاسیەکاندا لەسایەی کاپیتالیزمدا بەشداری بکا.

دریژەی ئەم بەشە لەسەر تێڕوانینی مارکس سەبارەت بە دەوڵەت و سیستەمی پەرلەمانی و دەورانی گواستنەوەی شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی لە پۆستێکی تردا پێشکەشتان دەکەم.

Add Comment

Click here to post a comment