کۆمۆنیزم

قەیرانی ناوخۆی کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئاسۆیەک بۆ دەربازبون

بەبۆنەی بڕیاری دەرکردنی فەلاح عەلوان لە حزب

پلنۆمی ٣٣ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق هاوڕییەکی کۆمیتەی ناوەندی، فەلاح عەلوان”، لە حزب دەکرد بە بۆنەی “سەرپێچی کردنی لە بنەماکانی ڕێکخستنی کۆمۆنیستی” بە بڵاوکردنەوەی چەند وتارێک لەوانە ” سەبارەت بە رفراندوم، وەڵامێک بە ڕێبوار ئەحمەد”. هاوکات لەم پلنۆمەدا بڕیار دەرکراوە سەبارەت بە “پارێزگاری لە سونەتەکانی حزبیەتی کۆمۆنیستی لە ڕیزەکانی حزبدا” کە “تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە بووە”.

ئاشکرایە ئەمە قەیرانێکی ناوخۆیی دابەشبونی ناو کۆمیتەی ناوەندی حزب بوە کە کار گەیشتۆتە ئەوەی بە بڕیاری دەرکردنی ئەندامێک و بڕیاری توندکردنەوەی “سونەتە حزبیەکان” ئەم دوو قوتبیە یەکلایی بکرێتەوە و گروپی هاوڕییانی کەمایەتی ناو کۆمیتەی ناوەندی دواتر لە حزب ئیستقالە بکەن. بەڵام ئەگەر وەک هاوڕییانی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق پێمان وابێ بە هێنانی چەند بڕیارێکی “توندکردنەوەی حزبیەت” لەم قەیرانە ڕزگارمان دەبێ یان بە جیابونەوە و پێکهێنانی حزب و مەحفەلی جیاواز لەو”ڕابەریەی ئێستا” گەشە دەکەین ، ئەوا دەبێ بزانین کە لە بازنەی بەتاڵی قەیراندا دەخولێینەوە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا بۆ ئەم پرەنسیپە کۆمۆنیستیانە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراقدا کاری نەکردوە و کارناکات تاکو ئەم قەیرانە ناوخۆییەی پێ چارەسەر بکەن و کارنەگاتە ڕادەی دەرکردن و جیابونەوە؟ ئەمە بەڕای من هۆکاری ئەوە نیە کە سەرکردایەتی ئێستای حزب ڕێگرە و گروپێکی تر هەن لە ناو حزبدا کە ئەگەر جیاببنەوە دەتوانن کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم قەیرانە سیاسی و ڕێکخراوەییانەی ئێستایان دەربازبکەن.

دەبێ سەرەتا دان بنێین بە واقعیەتی ئەم قەیرانەدا و بزانین کە هۆکاری لاوازی کۆمۆنیزم و حزبەکانی لە چیدایە؟ بۆچی لە جیاتی گەشە و زیادبونی ریزەکانمان بەرەو لاوازی و پارچەپارچەبون و دابەشبون بەسەر گروپ و مەحفەلی داخراودا دەبین؟ بۆچی لە نێوکرێکار و زەحمەتکێش و ناڕەزایەتیەکانیاندا کۆمۆنیزم لاواز وحاشیەیی و بێ کاریگەرە؟ بەڕای من ئەگەر بچین خەریکی وەڵامدانەوەی ئەم کێشانەمان بین ئەوا هەست بە پێویستی یەکگرتویی و یەکڕیزی دەکەین.

دەبێت تێگەیشتنمان لە حزب بگۆڕین بە حزبێک کە جێگای هەموو کرێکارێکی تێدا بێتەوە. لە حزبی کۆمۆنیستەکانەوە ببێتە حزبی چینی کرێکار.لەم قاڵبی حزبەی تەنیا کەسانی خاوەن ئایدیۆلۆژی کۆمۆنیستیەوە بیکەینە حزبی هەموو ئەو کرێکارانەی کە خەبات دژی سەرمایەداری و لە پێناو دنیایەکی باشتردا دەکەن. بێگومان بەرنامەیەکی کۆمۆنیستی دەبێ بەرنامەیەک بێت کە باسی چۆنیەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاری بکا نەک تەنیا بنەماکانی کۆمۆنیزم باس بکا. لەم حزبەدا دەبێ خەت وتێروانین و سیاسەت و فراکسیۆنی جیاجیا جێگای ببێتەوە و حزبێکی کۆمەڵایەتی بێ و هەر وەک چۆن کرێکار چینێکی کۆمەڵایەتیە. هەموو ئەو میراتەی کۆمۆنیزمی کردۆتە گروپ و فیرقەی جیاجیا و بە خەت و ئیدیۆلۆژی سیکتاریستی بەناوی مارکسیزم و لینیزم و ماویزم و ترۆتسکیزم و ستالینیزم و حیکمەتیزم ڕزگاری بکەین و کۆمۆنیزم وەک بزوتنەوەیەکی کرێکاری ڕیکخەین کە فراوانترین بەشی خەباتکارانی ئەم چینە بتوانن تیایدا کاربکەن و بڕیاری تێدا بدەن. چوارچیوەی ڕیکخراوەیی ئەم حزبە دەبێ لە هەموو سونەت و بۆچونە بیروکراتیەکانی بورژوازی و ڕۆحیەتی فەردگەرایی و سیکتاریستی ڕزگاری بکەین. پێویستە حزبێکی سیاسی سازبکەین کە بتوانێ کاریگەری لەسەر ڕوداوەکان هەبێ و چیتر لە حاشیەدا نەبێ. حزبێک کە نمونەی دەوڵەت وکۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی لە خۆی نیشان بدا. واتە کرێکار تیایدا بە ئاسانی بتوانێ ببێتە بڕیاردەر و چالاک و چیتر بەدەست ” ڕابەری” تا ئەبەدەوە پاسیڤ دانەنیشێ و خۆی بەخاوەنی حزب و بڕیار و پۆستەکانی بزانێ. ڕیزەکانی خوارەوەی ریکخستن دەسەڵاتی هەبێ و نوینەرانی حزب و سەرکردایەتی بە ئاسانی لاببرێ و هیچ ئیمتیازێک بۆ کەسێک نەبێ لە ڕابەریدا و مامەڵەی جیاوازی ئەندامان و ئاستەکانی ڕێکخراو بکرێ لە جەدەلی نێوان ئەنداماندا. ڕادەربڕین بە بۆنەی ئەندام بونەوە بەرتەسک نەکرێتەوە و تۆڕەکانی پشکنین و پاکژکردنی بیروڕاکان لەناو ڕێکخستندا لاببرێ و هەموو ئەندامێک لە تۆڕی ئەنتەرنێتیدا بتوانێ بەشداری سیاسەت داڕشتن و جەدەلی کراوەی حزب بکا بۆ گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکان و نەخشەکارەکانی حزب. حزبی کرێکارانی بەریتانیا وەک حزبێکی خاوەن پایە لە ناو چینی کرێکاری بەریتانیا کە خاوەنی نیوملیۆن ئەندامە ، کە بەشێک لەم گۆڕانکاریە ڕیکخراوەییانەی کردوە کە بۆ حزبێکی کۆمۆنیستی ئەم مۆدێرنیزەکردنە زۆر گرنگترە تا بتوانێ هەموو توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان بێنێتە مەیدان.

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بۆ قەیرانی ئیستای ناوخۆی کۆمۆنیزمی کرێکاری بڕوانین و ئەم ئاسۆیەمان هەبێ بۆ ڕزگاربون لەم کێشە ناوخۆییانە. ئەوا دەکرێ هەڵوێستی دروستیش لە بڕیاری دەرکردنی هاوڕێ فەلاح عەلوان وەربگرین.

بەڕای من دەرکردنی ئەم هاوڕێ بڕیارێکی ناکۆمۆنیستیە. ئەو پێشێلکاریانەی ئەم هاوڕێیە لە سنوری نوسین و دەربڕینی ڕا تێنەپەڕیوە و کردەوەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی دژی حزب و چینی کرێکار و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی  لە پێناو خزمەت بە حکومەت و حزب و دەزگایەکی بورژوازی ئەنجام نەداوە. هەربۆیە بەپێی پرەنسیبی ڕێکخستنی کۆمۆنیستی و پەیڕەوی ناوخۆی حزب ناتوانرێ سزای دەرکردنی لە حزب بەسەردا بدرێ. وتارەکانی هاوڕێ “فەلاح” تەشهیری تێدایە بە هاوڕێ ڕیبوار و هاوڕێیانی تر، کە ئەم هاوڕێیانە وەک هاوڕێ فەلاح دەتوانن وەڵام بدەنەوە و لەناو ڕیزەکانی حزبدا سەرنجی هاوڕییانی حزب بۆ ئەو شیوازە ناکۆمۆنیستیانە ڕاکێشن و ڕەخنەی لێبگرن. بەڵام حزب ناتوانێ لەسەر ڕەخنە گرتنی ئەفراد لەیەکتر سزای دەرکردن بۆ کەس دەربکات. حزبی کۆمۆنیستی ئەگەر خاوەنی یەک ملێون ئەندام بێت و لەناو ئەم ئەندامانەدا، جا لەهەر پلە و پایەیەکی ڕێکخستندا بن، ناتوانێ ببێتە دادوەری جەدەل و بێنەوبەرەی ئەم ملیۆن کەسە. ئەوە یانەی ئایدیۆلۆژی ڕۆشنبیرانە کە کاری پاکردنەوەی زەین و زمانی ئەندامانێتی لە وشەی تەشهیر و ناشیرین. ئەم سنورجیاکردنەوە و دابەشبونە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە وتار و هائاوازی دەقەکان تەنیا ڕەوشتی کاری گروپە چەپەکانی پێش حزبە و کاری حزبی سیاسی ئەوەیە کە پراتیکی کۆمەڵایەتی ئەندامانی چ لەسەرەوە بێ و چ لە خوارەوە بکاتە پێوەری پابەندبون بە حزبیەت و پراتیکی کۆمۆنیستیەوە.

ئەم بریارە لە باری بنەمای ڕیکخراوەییشەوە نادروستە چونکە هیچ ئۆرگانێک ناتوانێ ئەندامێکی خۆی دەربکا و دەبێ دادگایی و بڕیاری دەرکردنی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی لە ئۆرگانێکی باڵاتر لە پلنۆمەوە ، واتە لە کۆنگرەی حزبەوە بدرێ تاکو دادگایەکی بێ لایەن وعادلانە بێت لە نێوان دوولایەنی کێشەکە و هەردولا لای لایەنی سێهەم بەڵگە و یاساکان بخەنەڕوو و لایەنی سێهەم بڕیاربدا. هەر گۆڕانکاریەک لەم پرەنسیبەدا لەم چەند ساڵەی ئاخری ناو حزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری کراوە و ئێستا لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا کراوەتە مادەی “١٥” ئەوە هەڵەیە و بەشێک لەو بیرکردنەوە و سونەتە نادروستانەی ناو کۆمۆنیزمی کرێکاریە کە بوەتە مایەی لاوازکردن و پارچەپارچەکردنی ئەم بزوتنەوەیە و ئەم بڕیارەش خۆی یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو جیابونەوانەیە و دەبێ لاببرێ.

هەربۆیە ئەم بڕیارە بڕیارێکی نادروست و ناکۆمۆنیستیە و پێویستە کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق هەڵیوەشێنێتەوە.

من بڕیاری جیابونەوەی هاوڕێ موئەیەد و یەنار و هاوڕییانی ترم پێ ڕێگەچارە نیە. پێویستە هەموو ئەندام و کادرانی کۆمۆنیست و حزب پێکەوە کار لە پێناو گۆڕینی دۆخی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا بکەن. ئەمڕۆ سەرەڕای جیاوازی و ناڕۆشنیەکانمان دەتوانین لەسەر بنەمای بەهێزکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی پێکەوە کاربکەین و شێوازی نوێ و بەرنامە و تێڕوانینی نوێی کۆمۆنیستی بۆ کار و خەبات دیاری بکەین. ئەگەر وا نەکەین بێگومان ئەمە یەکەم دەرکردن و جیابونەوە نەبوە و ناشبێت.

لەکۆتاییدا گرنگە بڵیین کە پێویستە ئەو کێشانەی ئەمڕۆ حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و گروپ و چالاکە کۆمۆنیستەکان هەیانە بە خستنەڕوویەکی زانستیانەی ئەم کێشە فکری و سیاسی و ڕێکخراوانە وەڵام بدرێتەوە و بەگیانێکی هاوڕییانە و کۆمۆنیستی جەدەلەکان ببرێنە پێش و هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە پێناو بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی بەهێزدا کە سنورە سکتاریستی و مەحفەلی و بیروکراتیەکان لابەرێ و ئومێد بەسەرکەوتن دروست بکا لە خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت و دەسەڵات و حزب و بزوتنەوەکانیدا.

Add Comment

Click here to post a comment