کۆمۆنیزم

گرامشی و حزبی سیاسی 

خستنەڕوویەکی “دەفتەرەکانی زیندان”
ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ساڵی ١٨٩١ لە ئیتالیا لەدایک بوە و لە ١٩٣٧ دوای ساڵانێکی دورودرێژ لە زیندانی دەوڵەتی فاشستی مۆسۆلینی گیانی لەدەستداوە. ئەو لە ڕابەرانی کرێکاری شاری تورینی پیشەسازی بوە و پێش زیندانی سکرتێری حزبی کۆمۆنیستی ئیتالیابوە.
ئەم کتێبەی کە هەڵبژاردەیەکی نوسینەکانی زیندانێتی قەبارەی ٥٤٠ لاپەڕەیە و پێکهاتوە لە سێ بەشی سەرەکی : مێژوو و کلتور، سیاسەت و فەلسەفە.

بەشی یەکەم؛ لەسەر دەوری ڕۆشنبیران، فێرکردن و مێژووی ئیتالیایە. بەشی دووەم؛سەبارەت بە دوو کتێبی گەورە و گرنگێتی لەسەر سیاسەت بەناوی “میری مۆدێرن” و “دەوڵەت وکۆمەڵگەی مەدەنی” وە نوسینێک لەسەر ئەمریکانیزم.بەشی سێهەمیش؛ باسی فەلسەفەی کۆمۆنیزمە، باسەکانی ناویان دراسەی فەلسەفە و کێشەکانی مارکسیزمە.
ئەوەی سەرنجی منی بۆ گرامشی ڕاکیشا کتێبی “چۆن دنیا بگۆڕین”ی هوبسبام بوو کە لە دوو چاپتەردا باسی ڕۆڵی گرامشی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئیتالیا و جیهاندا دەکا و بەتایبەتیش هەردوو کتێبی “میری مۆدێرن” و ” دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی” دەناسێنێ. هەربۆیە لەم ناساندنەی گرامشیدا لەم بەشەدا ئاماژە بە ڕاکانی هوبسبام لەسەر گرامشی دەکەم.
لەبزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ئێمە زیاتر لە دوو دەیەیە تێرمی “حزبی سیاسی”باس دەکەین و دانی پێدادەنێین کە حزبی سیاسی نین. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کە بۆگەڕان بەدوای دەوای ئەم دەردەدا ئاوڕێکمان لەمێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی نەداوەتەوە کە چ تیۆروتەجروبەیەک لە تیۆری سیاسیدا لە ٢٠٠ساڵ زیاتری خەباتی چینایەتیدا هەیە و بۆچی گرنگیمان بە گرامشی نەداوە ؟ لەکاتێکدا کە ئەو”هاوشانی فەیلەسوفانی پراتیکی سیاسی ،مارکس و ئەنگلسە” لەبواری سیاسەتدا.وە هەروەها “لەناو تێۆریستە کۆمۆنیستەکانیشدا ڕۆشنترین کەسە کە تەقدیری گرنگی سیاسەت بکا وەک بوعدێکی تایبەتی کۆمەڵگە و لەبەرئەوەی کە زۆربە لە سیاسەتدا بەشدارە نەک لە دەسەڵاتدا”،ئەم “ئۆتۆنۆمی سیاسەت و کلتور”ەی گرامشی مارکسمان بە بیردێنێتەوە. وە ئه و “بلیمەتیکی تیۆریسینی کومونیست بوە کە ڕابەری گەورەترین حزبی جەماوەری کرێکاری بوە” کە زیاتر لە لینین کاری تیۆری لەسەر چۆنیەتی حزبی کرێکاری و پەیوەندی بە چین و دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیەوە کردوە. بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیەوە گرامشی جیاوازیەکانی حزبی کرێکاری لەگەڵ حزبی نوخبە و بیروکراسیدا لەژێر ڕۆشنایی تەجروبەی سیستەمی سیاسی حزبی بەلشەفیک دەخاتەڕوو. هاوکات گرامشی وەک “میکاڤیللی تیۆریستێکی ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵگە(سیاسی)کان پەیدابون و دەگوێزرێنەوە” و دەوری ئەو لە زانستی سیاسیدا ئەوەیە کە لەدوای ئەوەوە “خوێندن و لێکۆڵینەوە لە مێژوو و دۆخی چینەژێردەستەکان بوە مەیدانێکی دراسە لە هەموو جیهاندا ، وە وەک بەشی (Historiography)هاتەئارا و چۆن ئاماژە بە مارکس ناچاریە لە زانستی ئابوری کاپیتالیستیدا، ئاواش خۆلادان لە گرامشی ئاسان نیە لە زانستی سیاسی و باسی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرمایەداریدا.

ئەگەر بێینەوە سەر پرسیارەکەی سەرەوەمان و بپرسین ئێمە کە دەردی نەبونی حزبی سیاسیمان هەبوە بۆچی بەلای دکتۆر گرامشیدا نەچوین؟ لە کاتێکدا کۆمۆنیزم بریتیە لە بزوتنەوەیەکی مێژوویی چینایەتی کە تیۆرو دەرسەکانی سەرکەوتنەکان و شکست وتەجروبەکانی خۆی لەبەرچاودەگرێ بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و ئەمانە لەناو خەباتی عەمەلی و سیاسیدا ڕەنگ دەداتەوە.
هۆیەکی سەرەکی ئەم دابڕانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری جیهانی و لە گرامشیش دەتوانرێ لەم قسانەی مەنسور حیکمەتدا پەیدابکرێ،”ئەمە بە تەواوی ئێمە دەباتە ناو یەک سوننەتی سیاسی عەمەلی جیاوازەوە، سەبارەت ڕەوەندی ڕووسی بۆ نموونە، یان ڕەوەندی ترۆتسکیست، چەپی نوێ، گرامشی، یان ڕەوەندی ئۆرۆکۆمۆنیزم. ئەگەر بزووتنەوەی ئێمە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەرە لەناو سیاقێکی سیاسیدا ڕۆشنگەرە نەک لە سیاقێکی مەزهەبی، مەعنەوی، فەلسەفیدا. ئێمە بزووتنەوەیەکی سیاسین و ئەمە کاراکتەری سیاسی بزووتنەوەکەیە.”مەنسور حکمەت “تیۆری چۆن دەگۆڕێ بە هێزی ماددی؟”
بەڵام لەڕاستیدا گرامشی تەواوی تەئکیداتی لەسەر ئەوەیە کە “هەر چینێکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری خۆی هەیە” و ” ئەم ڕۆشنبیرانە لە پەیوەند بە گروپە(چینە) کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست دەبن ،و بەتایبەت لەگەڵ مەسەلە ئاڵۆزەکانی دەسەڵاتدارێتی چینەکەدا”. بەڵام ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار،”ژەنراڵەکان”، تەنیا یەک توخمی سەرەکی بزوتنەوە و حزبی سیاسی ئەو چینەن کە لەپاڵ توخمی جەماوەری کرێکار و توخمی گرێدانی هەردوو ئەم بەشەی بزوتنەوەکە پێکەوە بزوتنەوەیەکی سیاسی جیانەکراوەن. هەربۆیە ناتوانرێ باسی “بزوتنەوەی ڕۆشنگەری لە سیاقی مەزهەبی و مەعنەوی و فەلسەفیدا” دژ بە گرامشی بەکاربهێنرێ کە تیۆری سیاسی کۆمۆنیستی ئەو لەسەر بنەمای ئەوە دامەزراوە کە “یەکێتی لە نێوان “خۆڕسکی وعەفەویەت”ی جەماوەر لەگەڵ “ڕابەری وشیار” یان “دیسپلین” چالاکی سیاسی ڕاستەقینەی چینە ژێردەستەکانە( کرێکارە)، لەکاتێکدا سیاسەتی جەماوەر بێ نەک موغامەرەیەک لەلایەن گروپێکەوە کە ئیدعای نوێنەرایەتی جەماوەربکا”( میری مۆدێرن-ل١٩٩). بەم پێیە دەردەکەوێ کە لە سیستەمی فکری و جیهانبینی کۆمۆنیستی گرامشیدا ئەم گواستنەوەی ڕۆشنگەری و وشیاریە بەشێک لە چالاکی سیاسی و پرۆسەی ئیڤۆلوشن و گەشەی سیاسی چینەکەیە لە ململانێی چینایەتی کۆمەڵگەدا. وە هەموو زانستە سیاسیەی گرامشی لە “دەفتەرەکانی زینداندا” دەیخاتەڕوو لەسەر ڕونکردنەوەی ئەم پراتیکە سیاسیەیە. کەوەک هوبسبام دەڵێ ” سیاسەت بۆ گرامشی چەق و ناوەرۆکە نەک ستراتیژی سەرکەوتنی سۆشیالیزم بەڵکو سۆشیالیزم خۆیەتی. ناوەندی چالاکی ئینسانە، واتە تاکە وشیاریە کە چوەتە ناو پەیوەندگرتن بە دنیای کۆمەڵایەتی و سروشتی لە هەموو فۆرمەکانیدا.”
هەربۆیە کۆمۆنیزم و چینی کرێکار لە کوردستاندا بۆ دروستکردنی حزبێکی سیاسی پێویستی بەو “دەفتەرانەی زیندانە” تاکو بزانێ گرامشی چۆن لە ڕیگەی ئەو زانستە سیاسیانەی دەیخاتەڕوو؛وەڵامی ئەوەمان دەداتەوە کە حزب لە چ پرۆسەیەکدا دەبێتە هێزێکی سیاسی و پیویستە چ ستراکتۆرێکی هەبێ و چ جیهانبینی و فەلسەفەیەک لە پشت کاری سیاسی و کەلتوری کۆمۆنیستیەوە هەیە و چ خوێندنەوەیەکی بۆ تەجروبەی تا ئێستای حزبی هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئەم زانستەدا؟
گرامشی ستراتیژی بەلایەوە چەقەکەی بریتیە لە ڕیکخستنی هەمیشەیی بزوتنەوەی کرێکاری و لای ئەو حزب دەگەڕێتەوە بۆ هەمان فکرەی مارکس کە حزب ڕێکخستنی چینێکە. هەربۆیە ئێمە بۆ بنیاتنانی حزبی کرێکاری و سیاسی پێویستمان بە گرامشیە لەپاڵ مارکسدا، هەرچۆن پیویستمان بە هەر هەوڵێکی تیوری و تەجروبەی کۆمۆنیسەکانی تریشە وەک لینین ، ترۆتسکی و مەنسور حیکمەت و ئەوانی تر. وەک گرامشی دەیبینێ کە ،هەر هیرارشی و پلەبەندیەکی مەقامات دروست بکەیت بێ عەقڵانە و بێ سودە چونکە ئەم ئینسانانە نوێنەری دەورەی جیاجیابون ؛هی زانست و چالاکی ،کە ئینسجامیان هەیە یان نا هاوئاهەنگن لە هەمان کاتدا. ئەم تەجروبانەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو دەبێت ببێتە میمۆریەکی زیندووی بزوتنەوەیەکی مێژوویی چینایەتی ئێمە ،کە یارمەتیمان دەدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای عەمەلی سەخت و ئاڵۆزی بنیاتنانی دنیایەکی ئازاد و یەکسان.
گرامشی لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە سیاسەتدا ڤیژنێک دەخاتە بەردەممان کە زیندویەتی هەوڵەکانی ئەو تا ئەمڕۆ تەعبیر لێ دەکەن و “وشەکانی شایەنی هەزمکردنە لەمڕۆماندا”.بۆ گرامشی سیاسەت تەنیا ستراتیژ و وەسیلەکان و ئۆپەراسیۆنەکان نەبوو. تەنیا ئامانجی سەرکەوتن نەبوو، بەڵکو دوای ئەمە بڕیاری جیاواز و شیوازی لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد.دەیوت جیاوازیەک لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا بوە ئەویش جیاوازی نێوان سەرکردەو پەیڕەوانە. هیچ کات ئەوەی لە بیرنەدەچوو کە کۆمەڵگەکان شتێکی زیاترن لەوەی ستراکتۆرێکی ئابوری و دەسەڵاتێکی سیاسی سەپێنراو بن. هێشتا ئینسجامێک هەیە تەنانەت کاتێک خەباتی چینایەتی دەچێتە ئاستێکی باڵا، کە ڕزگاربون لە چەوسانەوە وای لێدەکا ئەگەری ئەوە هەبێ بەڕاستی کە کۆمەڵگە وەک کۆمینیتی ئینسانە ئازادەکانی لێ بێت. “کۆمۆنیزم تەنیا ئیدعای ئەوەناکا کە هەموو ڕابردوو ڕۆشن دەکاتەوە و تەفسیری دەکا، بەڵکو هەروەها لەباری مێژووییەوە خۆشی ڕۆشن دەکاتەوە و پاساوی پێیوستی کۆتایی هاتنی خۆشی، وەک “ئایدیۆلۆژی” ڕۆشنکردنەوەی ناکۆکیە چینایەتیەکان، دەخاتەڕوو لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ناکۆکیە چینایەتیەکان نامێنێ. ئەمە گرنگرتین فۆرمی “Historicisim” مێژووگەریە ، ڕزگاربونی تەواو لە هەموو فۆرمە ئەبستراکتەکانی “ئایدیۆلۆژیزم” ، دەست بەسەراگرتنی ڕاستەقینەی هەموو مێژووە، سەرەتای شارستانێتی نوێیە. کۆمۆنیزم لەسەر ئەم بنەمایەوە خۆی وەک چینێک ڕێکدەخا کە سروشت و ستراکتۆر و بەرنامە و جیهانبینی و پراتیکی پشتی بەهەمان دروستکردنی مرۆڤی کۆلێکتیڤ بەستوە.
من لەبەشەکانی تردا گرامشی لە مەسەلەی حزب و پەیوەندی لە گەڵ چینی کرێکار و ستراکتۆر و توخمەکانی حزبی سیاسی و سکتاریزم و بیروکراسی دەناسێنم و لەبەشەکانی دواتریشدا باسی هەژمونی و دەوری ڕۆشنبیران و دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕیڤیودەکەم و لە کۆتاییشدا لەسەر دراسەی فەلسەفە و کیشەکانی مارکسیزم نوسینەکانی گرامشی دەناسێنین.

Add Comment

Click here to post a comment