کۆمۆنیزم

بۆچی لای کرێکار حزب میتافۆرە؟

حزبی کرێکاری لە میتافۆرێکی ئەفسانەیی دەچێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی سەرمایەداری. چینی کرێکار دەیەوێ خۆی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیستەمێک ڕزگاربکا کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوە. بەڵام ئەم چینە بۆ ئەوەی ئەم کارەبکا دەبێ ئامڕازەکانی خەباتی لەسەر شێوەی دەزگاکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دروست بکا. دروستکردنی حزبی کرێکاران و دروستکردنی دەوڵەتی کرێکاری خۆیان پێچەوانەی ئامانجی سڕینەوەی کۆمەڵگە و دامودەزگای چینایەتین، هەربۆیە لەڕاستیدا حزبی کرێکاری و حکومەتی کرێکاری ئامانجی کریکاران نین و ئەمانە پیرۆزیەکانی ئەم چینە نیە و مانای واقعی خۆیان نابەخشن. حزب و دەوڵەتی کرێکاری میتافۆریکن)مەجازی) لە حزب و دەوڵەتی بورژوازی ،کە مانا و ناوەرۆکی جیاوازیان هەیە لەوەی کە لە ڕوناکبیری و کەلتوری کۆمەڵگەی بورژوازیدا ڕەواجی هەیە. لێرەدا هەوڵدەدەین جیاوازیەکانی نێوان حزبی کرێکاری و حزبی بورژوازی و پەیوەندی حزب و چین لە ڕوانگەی چینی کرێکارەوە باس بکەین.

ئێمە بۆ سادەکردنەوەی باسەکە لەسەرەتادا ئەم حزبە لە پرۆسە مێژوویەکەی دەردەهێنین کە لە خەباتی چینایەتیدا چ ئاڵوگۆڕیکی بەسەردێت و لەبەشی دواتردا باسی ئەو نمونە مێژوویانە دەکەین ، وە لێرەدا بەشیوەیەکی گشتی دیدگا و جیهانبینی کۆمۆنیستی بۆ حزب دەخەینەڕوو.

لەبەشەکانی پێشودا باسمان لەوەکرد کە کۆمۆنیزم و حزب پاشکۆی خەباتی چینایەتی کرێکارن. پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکاریش لە نێودڵی ئەم خەباتەدا شکڵ دەگرێ. دیدگا و جیهانبینی کۆمۆنیستی بۆ ئەم پەیوەندیە لە ڕیگەی بەشداری کۆمۆنیستەکان لە خەباتێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ئەم چینەدا و هەوڵی بۆ شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریدا ساغ دەبێتەوە و هەژمونی پەیدادەکا. بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان چۆنیەتی و ڕیگەی هەژمونی پەیداکردنی دیدگای کۆمۆنیستی و حزبێکی کۆمۆنیستی لە نێو چینی کرێکاردا لەچاو هەژمونی پەیداکردنی دیدگا و حزبێکی بورژوازی لە نێو چینی بورژوازی و لە کۆمەڵگەدا. هەربۆیە زانست و سونەت و یاساکانی کاری حزبی بورژوازی جیاوازە لەو یاسا و ڕێسایانەی لەکاری حزبی کۆمۆنیستدا کاردەکا.

شێوازی بەهەمهێنانی سەرمایەداری لەسەربونی چینی کریکار ڕادەوەستێ و سەرمایە لەسەر بەدەستهێنانی زێدەبایی لە هێزی کاری ئەوانەوە توانای مانەوەی هەیە. هەروەها بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە شێوازی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی دەدا بەم چینە کە کرێکاران بەهۆی ئەم جێگاوڕیگایە وە توانای شۆڕشی کۆمەڵایەتیان هەیە. تایبەتمەندی ئەم شۆڕشەی کرێکارانیش لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا چینێک کە زۆرینەی کۆمەڵگەیە موڵکایەتی هەرەوەزی دەکاتەوە ، بەپێچەوانەی شۆڕشی چینە کەمایەتیەکانی تری وەک دەرەبەگ و بورژواکان کە موڵکایەتی تایبەتیان لەدەستێکەوە دەدایە دەستەکەی تری کەمایەتیەکی کۆمەڵگە. ئەم موڵکایەتیە هەرەوەزیەی کرێکاران سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و خودی سروشتی مرۆڤیش دەگۆڕێت . گرامشی دەڵێ” بنەمایەک کە مارکس پێشکەشی زانستی سیاسی و زانستی مێژووی کردوە ئەوەیە کە نیشانی دەدا “سروشتی مرۆڤ”ی دابڕاو و ئەبستراکت و جێگیر و نەگۆڕ نیە، بەڵکو سروشتی مرۆڤ خۆی گشتگیری ئەو چارەنوس و دیتێرمینە مێژووییەیە کە پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان هەیانە”. چینی کرێکار لە ڕیگەی گۆڕینی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە واتە لە ڕیگەی کۆتایی هێنان بە موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەدارانەوە، سروشتی چینایەتی مرۆڤ دەگۆڕێ. ” ئەمە تێگەیشتنە لە” زانستی سیاسەت، بە هەردوو شێوەی ناوەرۆکی کۆنکرێتی و فۆرمۆلەی لۆجیکی، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی سیاسەت دەبێ وەک گەشەیەکی ئۆرگانیکی ببینرێ*1”.

ئەم گەشە ئۆرگانیکەی سیاسەت لای چینی کرێکار ،واتە دروستبونی وشیاری چینایەتی کرێکاران بەدەوری مێژوویی خۆیان، لە پرۆسەیەکی مێژوویی خەباتی چینایەتیدا دروست دەبێ و لەسەرەتادا لای گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار دەچێتە قاڵبی تیۆریەوە و دواتر لە خەباتی ڕۆژانە وئابوری پەرژوبڵاوەوە دەبێتە جوڵانەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراو و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینەکە دروست دەبێ و لە حزبدا فۆرمێکی کۆنکرێت وەردەگرێ.

حزب لای چینی کرێکار وەک وتمان بەرهەمی پرۆسەیەک لە خەباتی چینایەتی بوە. سەرەتا ئەم چینە لە حزبدا بەدوای دروستکردنی ئەو ئامڕازەوەیە کە سەرجەم هێزی ئەم چینە یەکگرتوو بکات . هەروەک لە سەدەی ١٩ەوە دروشمی”هێزی چینی کرێکار لە ڕیکخرابونیدایە” بوەتە وشیاریەکی گشتی و بەرامبەر بە چینی بورژوازی ڕیکخراو لە دەزگای دەوڵەتی و سیاسی و ئابوری جیاوازدا ،کرێکارانیش خۆیان لە یەکێتی و سەندیکای کرێکاری و حزب و دەستەی جیاوازدا ڕیک خستوە. حزب لەم سەردەمەدا مانای ڕێکخراوێک کە چینێک ڕیک بخا نەک گروپێکی تایبەت و کەسانی سەر بە بەرنامەیەکی تایبەت. نمونەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم ئەم واقعیەتە نیشان دەدا.

فەلسەفەی پشتی ئەوەی حزب بریتی نەبێ تەنیا لە بەشێک و بەرنامەیەک ، بریتی بوە لەوەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی گروپێک نایکا بەڵکو بەرئەنجامی ئامادەیی چینێکە بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمی کۆمۆنیستی. حزب دەبێ لەلایەن چینی کرێکارەوە بوبێتە ئەو ئامڕازە کە دەتوانێ ئەم کارەی پێ ئەنجام بدا، واتە بتوانێ بورژوازی و دەوڵەتەکەی لەسەر کارلابەرێت و موڵکایەتی لەسەرمایەداران بسەنێتەوە و سیستەمی موڵکایەتی هەرەوەزی و دەسەڵاتی شورایی کە لە خوارەوە دامەزراوە بخاتە جێگای دەزگای بیرۆکراتی دەوڵەت کە لەسەرەوە سەپێنراوە. کەواتە حزب دەبێ نەک تاڕادەیەکی پێویست ڕەزامەندی چینی کرێکاری لەپشت سەر بێت بەڵکو دەبێ بەشی چالاک و سیاسی ئەم چینەی یەکگرتوو کردبێ و لە حزبدا و لە ڕیکخراوە جەماوەریەکاندا ڕێکی خستبێ. هەر جۆرە سیکتاریزم و جیاکردنەوەیەکی ناو کرێکاران بەناوی کۆمۆنیستەکان ، سەندیکالیستەکان ، ئانارکیستەکان و هتد دەبێ وەک ڕێگریەک و کێشەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سەیربکرێ کە دەبێ چارەسەربکرێ نەک گروپێک لەمانە بەناوی چینی کرێکارەوە خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکار و باقیەکەی بە دوژمنانی چینی کرێکار لەقەڵەم بدەن و بەم شێوەیە ببنە مایەی تێکدانی ئامانجی سەرەکی ،کە ڕیکخراوکردنی چینی کرێکارە تا بتوانێ شۆڕش بکا و دەسەڵات بگرێ و کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین و چەوسانەوە دروست بکا. لێرەوە مانای ئەندامەتی لەحزبدا دەگۆڕێ و هەموو کریکارێک دەتوانێ و پێویستە لە حزبی خۆیدا ڕیکخراو و ئازاد بێت. دیسپلینی حزبی بریتی نیە لە پابەندبونی خوارەوە بەسەرەوە لەم ڕیکخراوەدا بەلکو بریتیە لە توانای خوارەوە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی کە بڕیارەکانی سەرەوە بە بڕیاری خۆی بزانێ و توانای گۆڕینی ئەم بڕیارانەی هەبێ ئەگەر لەگەڵ خواستەکانی ئەم چینەدا نەهاتەوە. سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕیکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچیوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕیکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی.*2

دروستکردنی حزب و گرنگی حزب لای کرێکاران وەک بورژوازی بۆ دروستکردنی دەسەلاتی کەمایەتی نیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نیوان توێژەکانی سەرمایەدایە کە پرۆسەی چڕبونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا و تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنوسی هەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا.

لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرهەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. بەپێچەوانەوە کرێکاران لەنێویەکدا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوبون و نەهێشتنی ناکۆکیەکاندایە کە ڕیگەیان لێدەگرێ وەک هێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگاربونی چینێکە بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و دابەش بونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو. لێرەدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارن. “مانیفیستی کۆمۆنیست” هەمووی جەختکردنەوە لەسەر ئەم فەلسەفەیەیە کە کرێکاران خۆیان وەک چینێک بە هۆی جێگای لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەتوانن ئەم سیستەمە بگۆڕن. ئەمە بنەمای دروستکردنی حزبە لای مارکس کە لە ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا پەیڕەوی لێکرد.

لەهەر هەنگاوێکدا حزب دەچێتە پێش و گەورە دەبێ و جەماوەری دەبێ دەسەلاتی نوخبەی سەرەوە کەمتر دەبێتەوە و پێویستی بە گۆڕینی شێوازەکانی ڕیکخستن و بەڕیوەبردن لە حزبدا دەبێتە پیویستیەک. ئەمە تەنیا بە هەڵبژاردنی پلەوپۆستەکان و ” سەنترالیزمی دیموکراتیک” بەرتەسک نابێتەوە. بەڵکو حزب دەبێتە ئۆرگانێک کە هەموو کرێکارێکی سادە دەتوانێ تیایدا بەشداری بڕیارەکان بکات و بڕیارەکان لای گروپێک کۆنابێتەوە کە ساڵی یان چەند ساڵ جارێک وەک سیستەمی پەرلەمانی هەڵدەبژێردرێن و تا ئەبەد لە پۆستە “ڕابەریەکانیاندا” دەمێننەوە. دابەشکردنی کار لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا سادە و ئاسان دەکرێ تا هەر کریکارێک بتوانێ هەر بەرپرسیاریەتیەک بگرێتەخۆ. ئەگەر بورژوازی حزب لەسەر بنەمای مەڵبەندەکانی دەنگدانی پەرلەمانی ڕیک دەخا ، کرێکاران ڕیکخستنەکانی لەسەر بنەمای شوێنی ژیان و کارەوە دەبێ، کە بنکەی خەباتی هەمەلایەنەن دژی بورژوازی. حزبی کرێکاری لە هەموو هەنگاوێکیدا بەربەستەکانی بەردەم سنوری بەرتەسکی حزبی و خەباتی جەماوەری لادەبا و بەم شێوەیە هەمیشە لە ڕیکخراوەیەکی تایبەتی پیشەییەوە بەرەو ڕیکخراوێکی جەماوەری هەموو چینەکە دەچێ و ڕیگە لە هەموو هەنگاو و سیاسەتێک دەگرێ کە حزب بکاتە سێکت و کۆمەڵێک فەرمانبەری بیرۆکرات کە ئیدارەی حزبێک بکەن کە خۆی بخاتە جێگای چینەکە. ئەم ئەو جیاوازیە سەرەکیەیە کە حزبی کرێکاری لە حزبی بورژوازی هەیەتی.

حزبی کرێکاری نابێ و ناتوانێ وەک حزبی نوخبە و کۆمۆنیستەکان بمێنێتەوە. حزب وەک ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سیاسی ئایندە دروست دەبێ. هەربۆیە کار و بەرنامە و سیاسەتەکانی حزب و شێوازی کارکردن و پەیکەرەی ڕیکخستن تیایدا ڕۆحی هەنگاو و کارەکانی دەوڵەت و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگەی نوێ و شێوازی حکومەتکردن و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەمان لە ئایندەدا نیشان دەدا. بۆیە هەر حزبێک وینەیەکمان لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابوری ئایندە نیشان دەدا. حزبی کریکاری ناتوانێ بەهەمان شیوازی حزبە بورژوازیەکان ڕیکبخرێ و سیاسەت بکا و بەرنامە بۆ دەوڵەت و ئابوری دابنێ. حزبی کرێکاری ڕۆحی دەوڵەتێکی کرێکاریە کە دەیەوێ سیاسەت وەک دابەشکردنی کارێک نەهێڵێ و هەموو کۆمەڵگە و هاوڵاتیان بەشداری بکەن لە دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژی و بەرنامە و کارەکانی دەوڵەتدا. هەربۆیە حزب لە فەلسەفەی وجودی خۆیدا کاردەکا کە کۆمەڵگە بگاتە ئاستێک پێویستی بە حزب نەمێنێ و دوای شکاندنی بەرگری بورژوازی لەپێناو گێڕانەوەی دەسەڵاتدا بگاتە ئاستێک کە کۆمەڵگە بەبێ حزب بتوانێ بەڕیوە بچێ. وەک گرامشی دەڵێ ” کاتێ حزب بەتەواوەتی دروست دەبێ و کامڵ دەبێ کە ئیتر بونی نامێنێ کە لەباری مێژووییەوە بەسەر دەچێ. هەر حزبێک ناونانی چینێکە، ئاشکرایە کە حزب کاری کۆتایی هێنان بە جیاکاری چینەکانە ئەمەش کاتێک بەدەست دێت کە خۆی نامێنێ بەهۆی چینەکانەوە، وە تەعبیرەکەی نامێنێ.” *3.

جیهانبینی کۆمۆنیستی جێگای حزب لای چینی کرێکار وەک ئامڕازێکی کاتی سەیر دەکا کە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتدارێتی بورژوازی پێویستە و لەدوای ئەم بەروارەوە پێویستە حزب و دەولەتی کرێکاری لە زوترین کاتدا و وەک بەشێک لەو مێژووی دەسەڵاتی کەمایەتی دەبێ جێگاچۆڵ بکا بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادی دوور لە دەسەلاتی سیاسی و یاسایی و بیرۆکراتی. کۆمەڵگەیەک کە ئازادی دەبێتە ناسینی پێویستیەکانی هەر تاکێک کە خۆبەخشانە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا.لەم کۆمەڵگەیەدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نیوان ئینسانەکاندا دروست دەبێ کە پیویستی بەهیچ ناوەندێکی یاسایی و دەزگای چاودێری و لێپرسینەوە و لیدەری نابێ. ئەمە ئەو ڕەوتەیە کە تیایدا توانایی ئینسان تیایدا لەگەشەیەکی بەردەوامدایە و فەلسەفەی ژیان پێک دێنێ. هەربۆیە تاکی کرێکار کە دەبێتە ئەندامی حزبی کرێکاری نابێ بەناوی بەرنامە وبڕیارەکانی حزبەوە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵسورانی سیاسی خۆی لەدەست بدا ،بەڵکو دەبێ حزب چوارچیوەیەک بێت کە هەموو بۆچونەکانی نێوکرێکاران و هەڵسورڕانی چینایەتی ئەوان بگرێتەخۆ و ساغبونەوەی بڕیار و هەنگاوە عەمەلیە هاوبەشەکان بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەشداری چالاکانەی هەموو ئەندامان بێت. هەر کات کرێکاران نەتوانن لە حزبدا چالاکانە کاربکەن ئەوا ئەندامان دەبنە کەسانی پاسیڤی ژێردەستی فەرمانبەرانێکی ئیدارەی حزب کە ئەمە نەخۆشی بیرۆکراتیە،” دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” *4

پەیوەندی حزب و چین لای کرێکاران پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە. لەلایەک چینی کرێکار پێویستی  بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی هەیە تا بتوانێ لە خەباتی چیانیەتیدا بەسەر دەزگای دەسەلاتداری بورژوازیدا سەرکەوێ . بەڵام لەهەمان کاتدا چینی کرێکار پیویستی بەوەیە کە خودی ئەم حزبە وەک دەزگایەکی چینایەتی لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە بگۆڕێ بۆ ڕیکخراوەیەکی ناچینایەتی کە وەک سان سیمۆن دەڵێ “ئیدارەی شتەکانی کۆمەڵگەی پێ بکا ،نەک بیکاتە فەرمانڕەوا بەسەر ئینسانەکانەوە”. ئەم کارە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە دەزگای بیرۆکراتی بورژوازی و سوپاکەی هەڵوەشینیتەوە،وەک کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەر کردیان، وە تەنیا ئەوەندە بەس نیە کە فەرمانبەرانی حکومەتی کرێکاری بە هێندەی کرێکارێکی شارەزا موچە وەرگرن و دەزگاکانی دەوڵەتی کریکاری هەم یاسا دەرکەن و هەم یاساکان بەڕێوەبەرن لە جیاتی  ئەو دابەشکردنەی لە نیوان پەرلەمان و حکومەتی بورژوازیدا هەیە، بەڵکو دەبێ ئەم هەنگاوانە سەرەتایەک بن بۆ دروستکردنی سیستەمێک کە لەخوارەوەی کۆمەڵگەدا دەسەلاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بکرێنە کارێکی سانا و ڕۆژانە کە هەموو تاکێک بتوانێ بەشداری تیایدا بکا، وەک لینین دەڵێ”هەموو چێشت لێنەرێک بتوانێ حوکمی دەوڵەت بکا”. لە سۆشیالیزمدا بەپێی گەشەی تەکنەلۆژی و کۆمینیکەیشن سیستەمی ئیداری پیویستی بە دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی نوێنەرایەتی نامێنێ و بەرەبەرە دەسەلاتی سیاسی دەبێ هەڵوەشینرێتەوە و بەشداری ڕاستەخۆی هەموو هاوڵاتیان لە بڕیارەکاندا جێگای ئەم پلەبەندیە سیاسیە بگرێتەوە. حزبی کریکاری دەبێ ئامڕازی ئەم شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بێت بەسەر دەزگای سیاسی دەوڵەت و حزبدا کە مێژووی کۆمەڵگای چینایەتی دروستی کردون و سیستەمی چینایەتی پێ دەپارێزێ. سیاسەت لە کۆمەڵگەی ئینسانی ئازاددا ئیتر ئاگاداربونە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی زاڵ و زاڵ بونە بەسەر ڕیکخراوەی کۆمەڵایەتیدا و ئەو چالاکیە وشیارانەی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکترکە کۆمەڵگەی ئینسانی بەرەو شارستانیەتی ڕاستەقینەی ئینسانی دەبا و لەهەموو پاشماوەکانی مێژووی کۆیلایەتی و چەوسانەوە و سەرکوت و نایەکسانی پێشوو پاکی دەکاتەوە.

لەم پێشەکیەوە دەبێ بچینە بەراوردی مێژووی حزبایەتی کرێکاری لەگەڵ ئەم جیهانبینی و بنەمایانەی باوەڕی کۆمۆنیستیدا و بزانین ئەو مۆدیلانەی تا ئێستا هەبون چ جیاوازیەکی لەم دیدگایانە هەیە و چۆن ڕەنگدانەوە و هەژمونی مۆدیلی حزبی بورژوازی بەسەر حزبە کریکاریەکانی دوو سەدەی ڕابردوەوە هەبوە ، بەتایبەت لەسەر مۆدیلی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیکی قسەدەکەین و دواتریش دیینە سەر مۆدیلی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مێژوویەک کە ئێمە تیایدا کاری حزبی کۆمۆنیستیمان کردوە.

 

*1* https://asokamal.com/index/?p=1595

*2 https://asokamal.com/index/?p=1635

*3 Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P151

*4 https://asokamal.com/index/?p=1635

 

 

 

 

 

Add Comment

Click here to post a comment