بابەتی هەڵبژاردە کۆمۆنیزم

دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم

وتاری پێنجەم لە زنجیرەی حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

 یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا هات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە جێگای ریفۆرم و هەڵوێست سەبارەت بە دەوڵەت بوو لەم بزوتنەوەیەدا.

لە دەورانی شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا و لە خەباتی دیموکراتی بورژوازی دژی دەرەبەگایەتی و خاوەن موڵکە ئەرستۆکراتەکان کرێکاران لە پێناو ئازادی و مافە ئابوریەکانی خۆیاندا بەشداری ئەم شۆڕش و خەباتە سیاسیە بوون. بەڵام بە سەقامگیری دەسەلاتی پەرلەمانی بورژوازی، وەک ئاکامی جیگیربونی ئیمتیازات و یاسا و باج و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و نەهێشتنی ئیمتیازاتی دەرەبەگایەتی ،ئیتر بورژوازی بوە هێزی دەسەڵاتدار کە سەرکوتی هەر خەباتێکی کرێکاری دەکرد کە دژ بە سیستەمی کاری بەکرێی سەرمایەداری دەوەستایەوە. سەرەتا بورژوازی تازە دەسەڵاتدار ئەم خەباتەی کرێکارانی ڕاستەوخۆ سەرکوت دەکرد و هەروەک لە ئەڵمانیا یاسای دژی سۆشیالیستەکانی سەپاند و لە هەموو وڵاتانی تریش هێرشی بەردەوامی دەکردە سەر یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕیکخراوە سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار.

بەڵام دواتر و بەتایبەت پاش کۆمۆنەی پاریس بورژوازی بە ناچاری و وەک ئەمری واقع دانی نا بە دەوری چینی کرێکار و ڕیکخراوەکانیدا و هەر بۆیە ڕێگای لە قاڵبدانی ئەم بزوتنەوەیەی گرتە بەر لە چوارچێوەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی بورژوازی خۆیدا و لە هەندێ لە وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا ڕیگا بە کاری یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕۆژنامە سۆشیالیستیەکان درا وڕێگریەکانی بەردەم دەنگدانی گشتی کەمکرانەوە و نوێنەرانی سۆشیال دیموکراتەکان توانیان بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بکەن و کورسی بەدەست بهێنن.

ئێمە لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریانەی لە کۆمەڵگە و دۆخی خەباتی چینایەتی نێوان کریکاران و بورژوازیدا ڕویداوە دەچینە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کریکاراندا هاتوە لەو دەورانەی سەرەوەدا لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە تاکو جەنگی جیهانی یەکەم.

دەورانی شۆڕشگێڕانەی ئەنتەرناسیونال و کۆمۆنە

یەکێتیەکی ئۆرگانیک کە لەنیوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا لە بڕیارنامەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم سەبارەت بە “بنەماکانی ئەنتەرناسیونال و سەبارەت بە یەکێتیە کرێکاریەکان” هاتبوو، گۆڕدرا بە دوالیزمی شۆڕش و ریفۆرم.

لەم چوار خاڵەی بڕیارەکانی ئەنتەرناسیونالدا لەساڵی ١٨٦٤و١٨٧٢داهاتوە کە:

” ١.ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.

٢.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پیکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.

٣. گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەهێشتنی چینەکانە. “*2

٤.دواتریش لە بڕیاری یەکێتیە کرێکاریەکان ، ڕابردوو،ئێستا و ئایندە” لە ساڵی ١٨٦٦دا هاتوە کە:” ئەم ‘سەندیکایانە’ جگە لەمەبەستی سەرەکی، کە یەکگرتوکردنی چینەکەیانە ، پیویستە بەشێوەیەکی وشیارانە وەک ڕیکخراوی ناوەندی چینی کرێکار کاربکەن لەپێناو بەرژەوەندی سەرتاپاگیری هەموو چینەکە بۆ ڕزگاری تەواو و کامڵ. ئەوان دەبێ قەناعەت بە جەماوەری فراوانی چینی کرێکار بهێنن کە ئەم خەباتەیان دوورە لە تەسکبینی و خۆپەرستی و ئامانجی ڕزگاری ملێۆنەها چەوساوەیە”.*3

هەموو ئەم هەوڵانەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بۆ ئەوەیە کە چینی کرێکار ،بە هەموو بەشەکانی و بیروڕا جیاوازیەکانی ناوخۆیەوە ، بتوانێ خۆی سەربەخۆ بکات لە بورژوازی و ببێتە خاوەن ڕیکخراوێکی سیاسی کە بتوانێ هەم خەباتی ڕۆژانە بکا بۆ باشترکردنی ژیان و ئامادەکردنی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری. بابزانین چۆن ئەم دوو بنەمایە گۆڕانکاریان بەسەردا هات. واتە هەم مەسەلەی سەربەخۆیی لە بورژوازی و دەوڵەت و دامودەزگاکانی و هەم پێکەوە بەستنی خەبات بۆ ڕیفۆرم لەگەل ئامانجی کۆتایی هێنان بەدەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری.

 پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان خەبات بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ئیستای ئابوری و سیاسی چینی کرێکار و پەیوەستکردنەوەی بە ئامانجی کۆتایی ڕزگاری ئابوری و شۆڕش بەسەر دەسەڵات و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، هەمیشە لای مارکس جێگای گرنگی پیدان بوە و ئەمەش بوەتە مایەی مشتومڕ و جەدەلێکی زۆر لەگەڵ ئەو بەشە لە کرێکاران و سۆشیالیستە ئەنارکیستەکان کە دەوری ئەم پرۆسەیەی گەشەکردنی ڕێکخراوەیی و تەجروبەی سیاسی کرێکارانیان بەلاوە گرنگ نەبو. مارکس خەباتی چینی کرێکاری بۆ ڕزگاری لە پرۆسەیەکدا دەبینی کە ئەم چینە ئامادەیی تەواوی هەیە و زەمینەی مادی لە کۆمەڵگەدا ڕەخساوە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی بێ چین و چەوسانەوە.

هەر لەم تێگەیشتنەوە مارکس ،چەند مانگێک پێش لە کۆمۆنەی پاریس، کرێکارانی پاریسی لە نائامادەیی بۆ ڕوخانی حکومەتی بورژوازی ئاگادارکردەوە. ئەو و ئینگلس لە ڕوانگەی ئامادەکاری زەمینە و پێویستیە کۆمەڵایەتیەکانی شۆڕشی کرێکارانەوە گرنگیان دەدا بە دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەری و سیاسیەکان و بەشداری لە خەباتی ڕۆژانە و وەلامدانەوە بە کێشە سیاسیەکانی بەردەم خەباتی چینایەتی و بەشداری لە پەرلەمان و ڕاکێشانی جەماوەری کرێکار بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێی سیاسی.

بەڵام ئەوان لە شۆڕشی کۆمۆنەدا نەکەوتنە سەرزەنشتکردنی کۆمۆنارەکان و کرێکارانی فەرەنسا بەڵکو بە پێچەوانەوە لەم پرۆسەی خەباتە چینایەتیەدا لە هەموو شت زیاتر گرنگیان بە تەجروبەی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنەی کرێکاران دا. کۆمۆنەی پاریس سەرەڕای هەر کەموکوڕیەکی تیۆری کرێکاران سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئایندەی کۆمۆنیستی دەیان ساڵ بزوتنەوەی کرێکاری نزیک خستەوە لەوەی چۆن ئەم چینە دەتوانێ بناغەی کۆمەڵگەیەکی نوێی ئینسانی دامەزرێنێ. هەڵوەشانەوەی دامودەزگای دەولەتی بورژوازی لە سوپای هەمیشەیی و بیرۆکراسیەت و جێگیرکردنی کۆمۆنە و چەکداربونی گشتی و هەڵبژاردنی هەموو پلەوپۆستەکانی بەڕیوەبردن و هتد..ئەمانە هەڵوێستی چینی کرێکاری بەرامبەر بەدەوڵەتی بورژوازی ڕەنگ ڕێژکرد و کردیە بنەما وبناغەی تێگەیشتن و هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەسەلاتدارێتی بورژوازی.

کۆمۆنەی پاریس مێژوویەکی گرنگی لە چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا دروستکرد ، کە بەرجەستەکردنی خەباتی نزیک بە نیوسەدەی کرێکاران بوو لە ڕاگەیاندنی ڕەشنوسی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی داهاتوودا.ئەمە بەرجەستەکردنی بڕیارەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بوو لەوەی کە ” ڕزگاری چینی کرێکار دەبێ بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.ئامانجی کرێکاران بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نیە بەڵکو هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن ئەوا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە  دەبێتە ئەرکێکی  گرنگی چینی کرێکار. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.”*٥

کۆمۆنە نمونەیەکی لە دەوڵەتی کرێکاری و دەسەلاتی سیاسی کرێکاران نیشاندا کە لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمان و یاساکانی. دەوڵەتێکی کاتی کە پشتی بە “دیموکراسی” زۆرینە بەستوە ،کە نوێنەران کارگێڕیشن نەک وەک پەرلەمانتار قسەکەر بن و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەدەست کەسانی ترەوە بێ. هەربۆیە کۆمۆنەی کرێکاران ئەنتی تێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بوو.

بەڵام شکستی کۆمۆنە پرسیار و جەدەل و جیابونەوەشی بەدوای خۆیدا هێنا. دوو مەسەلەی سەرەکی دوای کۆمۆنە بریتی بوون لە مەسەلەی پیویستی حزبی سیاسی و هەڵویست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمان. ئەنتەرناسیونالی یەکەم دوای کۆمۆنە بڕیاری پێکهێنانی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار پەسەند دەکا و حزبە سۆشیال دیموکراتەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێک دێن . سەبارەت بە دەوڵەتیش مارکس لەسەر تەجروبەی کۆمۆنە و ئەنگلسیش لەسەر ” بنچینەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت” تێگەیشتنی کۆمۆنیستی سەبارەت بە دەوڵەت دەخەنەڕوو. بەڵام ئەم بنەمایانە لە دەورەی دوای کۆمۆنەدا لە دڵی هەلومەرجێکی جیاواز لە دەورانی پێش کۆمۆنەدا پراکتیک دەکرێن و جیاوازی و کێشەکان لەسەر ئەم دوو تەوەرە شکڵ دەگرن.

دوالیزمی ئیڤۆلوشن

دەورەی دوای کۆمۆنە دەورەیەکی دوالیزمی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری بزوتنەوەی کرێکاریە. دیوێکی وەک لەسەرەوە باسمانکرد گەشەی سۆشیال دیموکراتی و یەکێتیە کرێکاریەکان و جیهانی بونەوەی خەباتی چینایەتیە.بەڵام ئەمە تەنیا دیوێکی ڕوداوەکان و دۆخی دوای کۆمۆنەی پاریسە. دیوەکەی تری بریتیە لە چەند ئاڵوگۆڕیکی دژ بەیەک و ئاڵۆز.

بورژوازی ئەوروپا و جیهان لەبەرامبەر شۆکی کۆمۆنەدا خەتەری ئەم چینەی لەسەر سیستەمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری کرد و بەدیل و “گۆڕهەلکەنی” خۆی بینی. هەربۆیە لەلایەک کەوتە توندکردنەوەی فشار لەسەر هەموو ئەو ڕیکخراوانەی کە سەر بەو ” کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران” بوو و سیاسەتێکی ئەهوەن تریان بەرامبەر یەکێتیە کرێکاریەکان گرتە بەر. لەلایەکی تریشەوە لیبرالیزمی بورژوازی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و ئابوری باڵادەست بوو، وە لەسەر بنەمای گەشەی جیهانی سەرمایە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری دانا و توانی ئاستی چاوەڕوانی و شێوازی کاری یەکیتیە کرێکاران لە قاڵبی ریفورمیزم و پەرلەمانتاریزم بەرتەسک بکاتەوە و ململانێی بیروڕای شۆڕشگێڕانەی نێو بزوتنەوەی کرێکاری بکا. لە چەشنی فابیەکانی بەریتانیا و “ئیمکانگەرا”کانی فەرەنسا.

چینی کرێکار لەم دەورەیەدا ڕوبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی نوێ بوەوە کە جیاواز بوو لە کێشەی دەورانی سەرکوتی دەوڵەت و برسێتی لەڕادەبەدەری جاران. لە کاتێکدا گەشەی سەرمایەداری بۆ دەورەیەک ڕەخسا بوو ، توێژێکی ئەرستوکراتی کرێکاری دروست بوبو کە پلە و پۆستی سەرەوەی سەندیکا و یەکیتیە کرێکاریەکانیان بەدەستەوە گرتبوو. لەهەمان کاتدا گەشەی سۆشیال دیموکراتی و سۆشیالیستەکان و یەکێتیە کرێکاریەکانیش گەیەیشتە ڕادەیەکی بەرز کە توانی زۆربەی فشارەکانی دەولەتە بورژوازیەکان لەسەر کاری سیاسی و جەماوەری لابەرێ و ئەمەش زەمینەی کاری یاسایی و پەرلەمانی کردەوە و ئەم چینە پێی نایە مەیدانێکی تازەی خەباتی سیاسیەوە.

ئەو پرسیارەی لەم دەورەیەدا دروست بوو ئەوە بوو کە دوای ئەو گەشە ئاسۆییەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی کردی ستراتیژی گەیشتنە دەسەڵات چی یە؟ وەڵامەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی بەم مەسەلە و دۆخە نوێیە جیاوازبوون و هەربۆیە کێشە و ناکۆکی لە نێوخۆی بزوتنەوەکەدا سەریهەڵدا. ئەمە ئەو ئەزمە ودوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشی سۆشیال دیموکراتیە کە گەشەی کرد وچارەنوسی بزوتنەوەی کرێکاری گۆڕی . لێرەدا باسی ئەو کێشە و گۆڕانکاریانە دەکەین.

ستراتیژی حزبە جەماوەریەکان

مارکس و ئەنگلس ستراتیژی بزوتنەوەی کرێکاریان بە دروستکردنی حزبە جەماوەریە کرێکاریەکان دانا. هەربۆیە سەرەڕای جیاوازیەکان لەگەڵ لاسالیەکانی ئەڵمانیا، ئیمکانگەراکانی فەرەنسە و فابیەکانی بەریتانیا تەئکیدیان لەسەر یەکگرتوکردنی بزوتنەوەی سیاسی چینی کرێکار دەکردەوە سەرەڕای جیاوازیەکان و لێرەوە مارکس لە نامەیەکدا بۆ براکە دەڵێ” هەموو هەنگاوێک کە بزوتنەوەی عەمەلی ئێستا دەینێ گرنگترە لە دەرزەنێک بەرنامە”*٦.

ئەمە ستراتیژیەکی سەرکەوتو بو لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە بۆ ئامادەکردنی چینی کرێکار و ڕیکخراوکردنی لە پێناو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا. گەشەی مەزنی حزبە سۆشیالیستە جەماوەریەکان و بەشداریان لە پەرلەماندا و دەنگ و کورسی هێنانی زۆر وا دەکا کە ئینگلس لە ساڵی ١٨٩٥دا بڵێ (حکومەت و بورژوازی ئەڵمانی”لە خەباتی قانونی حزبی کرێکاران زیاتر دەترسێ وەک چالاکی ناقانونی، لە سەرکەوتنی هەڵبژاردن دەترسێ وەک لە یاخی بوون”.)*٧ پیشتریش مارکس باسی نمونەی لەم بابەتەی کردبوو ،وەک لە شۆڕشی فەرنسە و شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، کە خەباتی شۆڕشگێڕانە فۆرمی شەڕێک لە نێوان “حکومەتێکی شەرعی و دژە شۆڕشی یاخی”دا دەگرێتەخۆ*٨. ئەمە لەدریژەی ئەو جەدەلەدا بوو لە ساڵەکانی ١٨٧٠دا کە مارکس سەرخەتی ئەوەی باسکردبوو کە لەوڵاتانێکدا ڕیگری دەستوری نیە بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی سۆشیالیستی.”*٩ ئینگلس لە پێشەکی ئینگلیزی کتێبی سەرمایەشدادەلێ مارکس گەیشتۆتە ئەوەی کە “بەریتانیا تەنیا وڵاتێکە کە لەوانەیە ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیەی کە هەرڕودەدا ،بەتەواوی  ئامڕازی ئاشتیخوازانە و یاسایی ئەنجام بدرێت”.*١٠

ئینگلس ڕوو بە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ئەو پرسیارە دەکا کە ” ئاکامی هەموو ئەمانە دەبی چی بێ؟ ئەوەنەبێ کە حزب کتوپڕ ، لەکاتی بریاردا، نەزانێ چی بکا؟ لە کاتێکدا کە ناڕۆشنی و نادڵنیایی هەبێ سەبارەت بە خاڵە بڕێنەرەوەکان، ئەو خالانەی کە پێشتر هیچ کات گفتوگۆیان لەسەرنەکراوە؟”*١٠

کەواتە ” ناڕۆشنی و نادڵنیایی” هەبوە سەبارەت بەم ستراتیژیەی حزبە جەماوەریە سۆشیال دیموکراتەکان بۆ گرتنی دەسەڵات و کاراکتەری خەباتی چینایەتی و پەیوەندی نێوان کرێکاران و بورژوازی لە کۆماری دیموکراتیدا و گەیشتن بە حکومەتی سۆشیالیستی لەڕیگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە .

بەلام دوایی ڕۆشن بوەوە کێشەکە هەر “ناڕۆشنی و نادڵنیایی” نیە لەوەی سۆشیال دیموکراتی دەبێ چی بکا؟ بەڵکو، “دەرکەوت کە گەشەی حزبە سۆشیال دیموکراتە جەماوەریەکان بەرەو شێوازێکی ڕوبەڕوبونەوە نەچو بەڵکو فۆرمێکی تیکەڵاوبونی بزوتنەوەکەی لەگەڵ سیستەمی مەوجوددا(سەرمایەداری) لێ دروست بوو.”*١١

هەرچەند لای مارکس و ئەنگلس ئەم لادانانە لە بنەما کۆمۆنیستیەکان لە نیو بزوتنەوەکەدا هەستی پێکراوە .بەڵام بەتایبەت دوای ١٨٩٠ لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراسی جەماوەری دەبێتەوە ئەم مەترسیەی کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری گەشە دەکا. ڕەخنەیەک لە ئینگلس هەبێ ئەوەیە کە حسابی کەمی بۆئەم مەترسیە کردوە.

گۆڕان لە حزبێکەوە کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریدا دروست بوە بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و هێشتنەوە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری گۆڕانێکی ڕیشەییە. ئەمە خاڵی سەرەکی ئەم وتارەیە کە لێکدانەوە لە هۆکارەکان و پرۆسەی گۆڕانی حزبی کرێکاری دەکا. ئەمە هەرچەند لە ڕابردویەکی دوردا ڕویداوە بەڵام زەمینەکانی لە دنیای ئەمڕۆدا وەکو خۆی ماوە و سەرەتای ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دواتر ڕێڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری گۆڕیوە . هەربۆیە جێگای گرنگی پیدانی ئەمڕۆمانە.

دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ناونیشانێک و نیشانەیەکی لادان و گۆرانکاری ڕیشەیی ترە کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو و هەر بەتەنیا بە باسی ناکۆکی نێوان خەباتی ئابوری و ریفۆرم لەگەڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشدا لێکنادرێتەوە. بەڵکو پیویست بە لیکدانەوە لەو گۆڕانکاریە بنچینەیی و لاوازی و تەجروبانەدایە کە ئەم دوالیزمەیان خولقاندوە.

لەبەشی دوەمی ئەم وتارەدا باسی پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریانەیە لە بزوتنەوەی کرێکاریدا دەکەین.

*١The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864

https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1864/rules.htm

https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1866/instructions.htm

* ٤ مارکس ، بەشداری لە ڕەخنەی ئابوری سیاسی

https://www.marxists.org/reference/archive/bernstein/works/1897/04/marx-reform.htm

*٥ https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1872/hague-conference/parties.htm

* ٦ نامەی مارکس بۆ براکە لە ٥ ئایاری ١٨٧٥

https://www.marxists.org/archive/marx/works/1875/letters/75_05_05.htm

*٧ ئینگلس، پێشەکی بۆ کتێبی ‘خەباتی چینایەتی لە فەرەنسە ‘ی مارکس

https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1872/hague-conference/index.htm

*٩هەمان سەرچاوە

*١٠ئینگلس پێشەکی ئینگلیزی کتێبی سەرمایە .ل ٩٩. سەرمایە.کارل مارکس، چاپی کوردی ، عەبدوڵا ڕەسوڵی. https://www.marxists.org/archive/marx/works/1867-c1/p6.htm

*١٠ چۆن جیهان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٩، هوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.

*١١ ل ٦٨ هەمان سەرچاوە

Add Comment

Click here to post a comment