وتار

٦٦و٣١ئاب و ١٦ئۆکتۆبەر بۆچی ئەم مێژووانە زۆرئاسان و ئاسایی دووبارە دەبنەوە؟

سەیر لە ڕۆژەکاندا نیە کە دووبارە دەبنەوە، بەڵکو سەیر لەوەدایە کە هەرکام لە یەکێتی و پارتی هۆکاری ئەم مێژووە هاوبەشیان لای خەڵک دەشارنەوە. کاتێک سەرنج دەدەینە هۆکاری ئەم شەرمەزاریە مێژویانە دەبینین هەر باڵێکی بورژوازی کورد لەم ڕۆژە مێژوویانەدا سەرکەوتنی بەسەر باڵەکەی تریدا بەدەست هێناوە. هەربۆیە ڕاگرتنی باڵانسی دەسەڵاتدارێتی لە نێوان ئەم دوو بنەماڵە سیاسیەی بارزانی و تاڵەبانیدا پێویستی بەم سەرەوەریانەیە و ئەمە یاسای گشتی ڕیکخستنەوەی دەسەڵات و ئیدارەی ناوچەی حوکمی زاتی پێشتر و هەرێمی کوردستانی ئێستایە. گرنگ نیە دوێنێ بەعس و ئەمڕۆ شیعە ئەو دەسەڵاتەیە کە دەبابە یان حەشدی شەعبی دێنێتە سەر پەرلەمانی هەولێر یان پارێزگای کەرکوک ، ئەم دوو میلیشیا چەکدارەی یەکێتی و پارتی ستراتیژی مانەوەی خۆیان بە هێزێکەوە گرێداوە کە لە بەغدادەوە موچەکەیان بۆ بنێرێ یاخود هێشتنەوەی پشکی دەسەڵاتیان لە کوردستاندا بۆ دابین بکا.
تاکو چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان سیستەمی سیاسی میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی نەگۆڕێ بە دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانە پاشکۆیەتی بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق دەیان ڕۆژی تری وەک ٦٦ و ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر لە هەر توندپێچێکی ئەزمەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا چاوەڕوانێتی. ئەم بورژوازیەی کورد شەرمی لەهیچ مێژوویەک نیە چونکە ئەمانەی لای خەڵکی کوردستان جێگای شەرمەزاریە لای ئەم دوو حزبە ڕۆژەکانی سەرەوەریانە.

Add Comment

Click here to post a comment