وتار

رۆژنامەنوسانى کوردستان لە خەونى دەسەڵاتى چوارەمدا

یاداشتێک لەکۆبونەوەیەکى بەرفراوانى رۆژنامەنوسان لەشارى سلیمانى ‏8‏/06‏/2006 بەدواى کێشەکەى ئاسۆس هەردى و توانا عوسمان لەگەلڕ حکومەتى هەرێمەکەى سلیمانىدا، چەند داوایەکى بۆ سەرۆک و حکومەت و ئەنجومەنى یەکگرتوى یەکیتى وپارتى بەرزکردۆتەوە و داواى یاسایەکى هاوچەرخ دەکەن تا ئەو کاتەى یاساکەش دەردەچآ یاساى بەعس بۆ سزادان هەمووار بکرێ تا ئەو فشارى گرتن و دەست دریژیکردن و ریگریانەى دەکرێتە سەر رۆژنامەنوسانى کوردستان لاببرێت.
ئەمانە مافى ڕەواى رۆژنامەنوسانى کوردستانە کە فشار و دەست دریژى کردنە سەریان کۆتایى پآبێت و یاسایەکى چاپەمەنى هاوچەرخ لە کوردستاندا هەبێت.بەڵام ئەوەى ئەم رۆژنامەنوسانە سەرنجیان نەداوەتآ یان ڕێگەکەیان بەهەڵە گرتوە ئەوەیە کە داوای دەسەڵاتى چوارەم ،واتە راگەیاندن، لە دەسەڵاتى یەکەم و دووەم و سآیەم ، حکومەت و پەرلەمان و دادگا، بکرآ.
لە کوردستان دەولەت و دەسەلاتێکى مەدەنى نىیە کە دەسەلاتەکانى یەکەم و دووەم و سآیەم ، واتە حکومەت و پەرلەمان ودەزگاى قەزایی، لەسەر بنەماى دیموکراتى و پرەنیسیپى پلوالیزم دامەزرابآ تاکو داواى جێگایەکیش بۆ دەسەلاتى چوارەم بکەیت. کاتێک سیستەمى حکومڕانى کوردستان 15 ساڵە لەسەر بنەماى میلیشیایى و شەڕى دەسەلات بەشێوەى شەڕ و ڕێکەوتنى نیوان ئەم یەکیتى و پارتى دامەزراوە و قانونەکانى بەعس حوکم دەکا، دەسەلاتى چوارەم ناتوانێت سەربەخۆ لەمانە و بەرامبەر بەمانە دروست ببێت. رۆژنامەنوسانێک کە بەتەجروبەى خۆیان بۆیان دەرکەوتوە کە لەسایەى دەسەلاتى میلیشیایى و نامەدەنیدا دەسەلاتى ئەوان بریتى بووە لەوەى لەبەرامبەر بلاوکردنەوەى هەر هەوالیکدا کە بەدڵى ئەم حزبانە نەبیت دراون بەدادگا یان وەک کەمالى سەید قادر حوکمى سى سالڕ زیندانیان داوە و ئەم دەسەلاتى چوارەمى ئەم رۆژنامەنوسانە هەمیشە لەژێر پآى دەسەلاتەکانى یەکەم ،دووەم و سێهەمدا ماوەتەوە.
رۆژنامەنوسانى کوردستان ئەگەر داوا لە پەرلەمانى یەکێتى و پارتى بکەن کە یاساى چاپەمەنى هاوچەرخیان بۆ دابنێ ، بێگومان یاسایەکیان بۆ دادەنآ هەروەک ئەوەى 1993دایان نا کە دەسەلاتەکانى یەکەم و دووەم وسێهەم بپارێزآ نەک ببێتە رەقیب و دەنگى نارازى بەرامبەر بەخۆى. ئەگەر رۆژنامەنوسان بەدیار سیستەمى حکومڕانى لەم چەشنەى کوردستان دانیشن تاکو دەسەلاتى چوارەمیان بەپێى یاساى هاوچەرخ پآ ببەخشآ ئەوا دەبێت لەگەڵ هەر شەق و پەلامارێکى ئاسایش و هەر بانگ کردنێکى مەحکەمە خەون بە دەسەلاتى چوارەمەوە ببینى کە رزگاریان بکا.
هەروەها لەم یاداشتەدا سەرەراى رەخنە لە سەندیکاى رۆژنامەنوسان رێگاى “چاوخشاندنەوەى جدى و بنەرەتى بەکاروچالاکییاندا” دەخاتە بەردەم رۆژنامەنوسان.ئەمە رێگایەکى هەڵەیە کە نابێت ئەم رۆژنامەنوسانەى لەدەرەوەى دەسەلاتن بیگرن ئەوەیە کە سەندیکاى رۆژنامەنوسانى دەسەڵاتداران بە وەسیلە و شوێنى دەسەلاتى چوارەم ببینن و هەوڵى چاکردن و چاوخشاندنەوە بەکارەکانیدا بدەن. ئەمە ئەگەر دەسەلات و کاریکى هەبێت ،دەسەڵاتى چوارەمى حزبە دەسەلاتدارەکان و شوێنى کۆنترۆلکردنى رۆژنامەنوسانى ئازادە.
نارەزایەتى رۆژنامەنوسانى ئازاد و حەقیقەت خواز و نارازى بەدەسەلاتى میلیشیایى و گەندەڵى دەسەلاتداران لە دروستکردنى ریکخراوى سەربەخۆى خۆیان و فشار هێنانە بۆ سەپاندنى یاساى چاپەمەنى مۆدێرن و حەقیقەت خواز و ئینسانى دا بەسەر دەسەلاتەکانى یەکەم و دوەم و سێیەمدا و وەکو دەسەلاتێکى ئۆپۆزسیۆنى چوارەم بێتە مەیدان و داوا ڕەواکانى خۆى بەدەست بێنآ وجێگیرىبکا.
‏18‏/06‏/2006

Add Comment

Click here to post a comment