و
بۆ دانی سەرنج لەسەر بابەتی هەرەوەزیەکان. یەکەم؛ئەم بنەمایانەی ئینتەرناسیونالی یەکەم باس لە بنەمای شیوازی بەرهەمهێنانی سۆشیالسیتی دەکا کە دەڵێ”سیستمێکی گەورە و هاوئاهەنگی ئازاد و هەرەوەزی کرێکاران” بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی کە جێگای شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بگرێتەوە. یان وەک بەیانەکە دەڵی سیستمی سەرمایە”دەتوانرێ بگۆڕدرێ بە سیستمێکی کۆماری و سوودبەخشی کۆمەڵەی ئازاد و یەکسانی بەرهەمهێنەران.”. ئەمە کۆمۆنەکانی بەرهەمهێنانە کە شیواز و پەیوەندی نوێی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا دەخاتە جێگای پەیوەندی کاری بەکرێی کرێکاران بۆ سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان. هەربۆیە باس لە گرنگی ناوەرۆکی هەنگاوی هەرەوەزی بەرهەمهێنان دەکرێ. بەڵام ئەم ڕێنوینیە زۆر بەڕۆشنی باسی ئەوەدەکا کە “نابێ کۆنگرە، بانگەشە بۆ سیستمێکی تایبەتی هەرەوەزی بکات”. واتە لەسەدەی ٢١ یشدا دەکرێ شێوازی هەرەوەزیەکانی کرێکاران جۆرێکی تر بێ لەوەی لە سەدەی ١٩ و ٢٠ دا هەبوە. لێرەدا پیویستە بڵێم ڕاستە باسی سیستمی داهاتوی سۆشیالیستی بەرهەمهێنان پێویستی بە وردەکاری زیاترە، کە گرنگە جیاوازی خۆی نیشان بدا لە سیستمی سەرمایەداری دەوڵەتی بەلشەفیەکان و سۆشیال دیموکراتی . لێرەدایە باسی دەوری شیواز و پەیوەندی هەرەوەزیانەی بەرهەمهێنەران پێویستە جیاوازی خۆی نیشان بدا لەگەڵ شێوازی موڵکایەتی دەوڵەت و نەخشەی داڕیژراوی ئابوری لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە کە بە ئابوری و ئیدارەی سۆشیالیستی ناسێنراوە. هەروەها جیاوازی هەرەوەزیەکانی سۆڤیەت لەگەڵ سیستمی “هاوئاهەنگی ئازاد و هەرەوەزی کرێکاران” . دووەم؛ گرنگی ئەم بنەمایەی ئینتەرناسیونالی یەکەم لە پشت بەستن بەو تەجروبانەیە کە کرێکاران خۆیان بۆ ڕزگاری خۆیان دەستی بۆدەبەن. هەربۆیە دەڵی”کاری ئینتەرناسیونالی کرێکاران پێکەوە گرێدان و گشتی کردنەوەی بزوتنەوەی خۆبەخۆیی چینی کرێکارە، نەک سەپاندنی هەر جۆرە سیستمێکی بیروباوەڕە. “. شۆڕش و کاری کۆمۆنیستی بریتیە لە پێکەوە بەستنی ئەم هەنگاوانەی چینی کرێکار لە بزوتنەوەیەکی سەراسەری و گشتگیردا لەگەڵ بوارەکانی تری خەباتی چیانیەتی، واتە بورای سیاسەت و فەرهەنگ و ڕێکخستندا. بەڵام کۆمۆنیزمی ئێستا لە کرێکاران و هەنگاوە خۆبەخۆیی و ناڕەزایتیەکانیان دابڕاوە و هەر ئەمەشە بوەتە هۆی ئەوەی مامۆستا
دەڵی”بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیش لە ئاستێکدا نییە رابەرێتی و پێشڕەوی وەها کارێک بکات بۆ گۆڕانکاریی ” . ئێمە پیویستە ئەم دۆخەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بگۆڕین و لەم بارەوە بە دورودرێژی لەسەر مێژووی ئەم قەیرانەی ئێستای بزوتنەوەکەمان لە کتێبی” کۆمۆنیزمی نوێ”دا باسکراوە و پێویستە ئێمە بزانین کە ئێمە چ دەرسێک لە سەرجەم مێژووی خۆمان وەردەگرین. مێژووی ئێمە تەنیا شکست نەبوە بەڵکو پرۆسەیەکی خەباتکارانە بوە کە سەرکەوتن و تەجروبەی گرنگی تێدابوە کە لە وشیاری چینی ئێمەدا جێکەوتوە و هەرەوەزیەکان لەپاڵ حزب و سەندیکا و شورا و ئینتەرناسیونال و دەیان شێوازی تری خەباتدا ئەو ئامڕازانەن کە لەم خەباتەدا فێری بوین و پیویستە لەهۆکارەکانی شکستی بەکارهێنانیان و بەرتەسکی تێگەیشتن و تەجروبەکانمان بکۆڵێنەوە. جارێکی تر دەستان خۆش هاوڕییان و بێگومان باسی کاری هەر هەروەزی و سیستمی هەرەوەزی بەرهەمهێنان و شیوازەکانی ئێستای تەجروبەی کاری هەرەوەزی پێویستی بە لێکۆڵینەوە و باسی زیاترە و پێویستە هەمومان بەشداری لە گەڵاڵەکردنیدا بکەین و بەتایبەت لە دۆخی هەنوکەیی ئێستای کوردستان کە حکومەتی هەرێم کەرتی گشتی دەفرۆشێ کە کۆمپانیاکانی خۆی و دەیکاتە موڵکی حزبە دەسەڵاتدارەکان، ئەمە بابەتێکی گرنگە کە قسە لەسەر چۆنیەتی فێربونی کرێکاران و فەرمانبەران لە کۆنترۆڵ کردن و ئیدارە و دروستکردنی هاوپشتی چینایەتی بکەین، کە بەشێک بێت لە ستراتیژیەتێکی سیاسی و ڕیکخراوی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی یەکیتی و پارتی.
Add Comment