کۆمۆنیزم

لەوەڵامی هاوڕێ خەرمان دا: ئایا مەرکەزیەت لە شوراکاندا دەمێنێ

هاوڕێ خەرمان سڵاو… سەبارەت بە مەرکەزیەت
پرسیارەکەت ئەوەیە کە : ئەو خەباتەی باسی دەکەی لەکوردستان مەبەستت لەکاری هەرەوەزی ياشورای گەرەک دروست بکرێ ،بەڵام ئەوکاتەش بەبێ شێوەی هەرەم ،مەبەست دروستکردنی مەرکەزيەت نابی ئەوەيان جۆن دەجيتە بەشی پراکتيک ؟ ئایا شوراو کاری هەرەوەزی لەوێش مەرکەزيەت نابێ هەبێ؟
وەڵام:
لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا بەشێک لە چاپتەری ٤ و لەبەشەکانی تریشدا هاتوە کە ئایا جیاوازی شێوازی ڕیکخستنی کرێکاری لە شێوازی مەرکەزی حزبی بیرۆکراتی چیە؟
“سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕێکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بوونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچێوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕێکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی”.
لە بەشی ١١ شدا
گرامشی بەم کارە دەڵێ “سۆشیالیزەکردن لەسیاسەتدا، وە بەمانای کۆمەڵایەتی بە شیوەیەکی ئۆتۆماتیک و وشیارانە دەبێ، وەک دروستکردنی ئینسانی کۆلیکتیڤ و گشتی کە هەڵسوکەوتی ئینسانەکان دەکاتە ئۆتۆماتیک و پێویستیان بەدەزگای دەرەوە و سەروو ئینسان ناهێڵێ تا نۆرمێک بسەپێنێ.”
لە بەشی ١٣ شدا
ڕۆزا لۆکسمبۆرگ کە هەر لە ساڵی ١٩٠٤ەوە ڕەخنەی لەم مۆدیلە بەلشەفیە گرت کە حزبی کرێکاری دەبێ پەیڕەو لە “دیسپلینی کوێرانە و سەربازی بکا” .
خود دیسپلینی سۆشیال دیموکراتی تەنیا جێگاگرتنەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بورژوازیەکان نیە بە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی سۆشیالسیتی. چینی کرێکار هەست کردن بە دیسپلینی نوێ بەدەست دەهێنێ، خود دیسپلینێکی ئازادانەی سۆشیال دیموکراسی، نەک لە ئەنجامی سەپاندنی دیسپلینێک لەلایەن دەوڵەتی سەرمایەداریەوە، بەڵکو بە لەڕەگ هەڵکێشانی ئەم دیسپلینەی سەرمایەداری، ئەو خووە کۆنەی کە بەگوێڕایەڵی و ملکەچ کردنەوە گرتوویەتی.
ئەم ٣ نمونەیەی سەرەوە باسی جیاوازی ناوەندێتی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی لە ناوەندێتی حزبی کرێکاری و ڕیکخراوەی شورا یان هەر ئیدارەیەکی کرێکاریە.
کەواتە سیاسەت کردن و کاری ڕیکخراوەیی لای کرێکار بنەماکەی ئازادی ئەو کرێکارانەیە کە لەم ڕیکخراوە سیاسی و جەماوەریانەدا کاردەکەن و پێویست بەوە ناکا ناوەندێک یاسا و فەرمان دەربکا و خوارەوە مل کەچ بێ و کوێرانە پەیڕەو بکا لەو بڕیارانە.
شوراکان بریتی نین لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران بەڵکو بریتین لە کۆبونەوەی گشتی هەموو کرێکاران و ئەگەر شورا ویستی کارێک ڕوبەدەرەوەی خۆی بکا ئەوکات نوێنەرێک یان چەند نوێنەرێک بۆ ئەو کارە هەڵدەبژێرێ. شورا بریتی نیە لە پەرلەمانێک کە هەر ساڵە و هەر دەورەیە هەڵبژێردرێ و پۆستی شورا ببێتە دەزگایەکی بیرۆکراتی سەروو کرێکاران و ببێتە کارێکی ئیداری و پۆست و موچەی بۆ دیاری بکرێ، بەڵکو نوێنەرایەتی شورا کارێکی سادە دەبێ و تەنیا پێویستی بە ئامادەیی نوێنەرەکەیە بۆ ئەو کارە دیاریکراوە. هەر کارێکی ئیداری و کارگێڕی هەموو کرێکارێکی ناو شورا دەتوانێ داوای بکا و بە شێوەیەکی دەوری بگۆڕدرێ و ئەولەویەت بۆ کەسی تازە بێ.
کرێکارێکیش کە بەنوێنەری شورای گەرەک یان کارگە یان شارەکەی دەچێ لەگەڵ شوراکانی تردا کۆدەبێتەوە ناچێت ناوەندێتیەک دروست بکا تاکو ببێتە دەزگایەکی سەروو شوراکانی خوارەوە و لەوێوە فەرمان بۆ شورا و ڕیکخراوەکان و کرێکارانی خوارەوە دەربکا و ببێتە دەزگایەکی سەروو شوراکان و بیرۆکراتی.
بەڵکو ئەو ناوەندە بۆ هاوئاهەنگی هەنگاو و نەخشەکانە کە ئەو وەک کرێکارێک دوای بڕیاری کرێکارانی شوراکەی هێناویەتی تا یەکلای بکەنەوە و بیکەنە بڕیاری دەستەجەمعی و بەکۆمەڵی هەموو شوراکان . ئەو نوێنەرانە لەو شوێنەدا، بە لەبەرچاوگرتنی خواستی شوراکەی نوێنەرایەتی دەکەن، بەڵام بڕیاری دەستەجەمعی و هاوبەشی خۆیان لەسەر ئەوە دەدەن کە پێویستە چی بکرێ وبەرژەوەندی گشتی لە کوێدایە نەک بە شێوەی ململانێ لەگەڵ یەکتر و پێشبڕکێ لە پێناو بەرژەوەندیەکی تایبەتدا و هەر شورایە وەک بەشدارێک لەو بڕیارە بەکۆمەڵەدا خۆی بە ساحێبی بڕیارەکە دەزانێ.
ئێتر دوای ئەو کۆبونەوە و هاوئاهەنگیە ڕۆڵەکەی ئەو نوێنەرە کۆتایی پێ دێ و دەگەڕیتەوە شوراکەی خۆی و سەرکارەکەی خۆی. ئەم نوێنەرایەتیە نابێتە پۆستێک کە هەمیشە یان بۆ ماوەی چەند ساڵ و مانگێک وەک پۆستی نوێنەری شورا وەری بگرێ و موچە و ئیمتیازاتی پێوەربگرێ و دواتر دەزگایەکی نوێنەری هەمیشەیی سەروو شوراکان دروست بکرێ لەم نوێنەرانە. کۆنگرەی شوراکان تەنیا کاری ببێت بەوەی ئەم جۆرە دەزگای نوێنەرانی شوراکان هەڵبژێرێ و دەزگایەکی بیرۆکراتی بەناوی دەزگای بەڕیوەبردنی شوراکان و وەزارەت و وەزیر دروست بکا. کۆنگرەی شوراکانیش ببێتە هاوشێوەی پەرلەمانێکی بورژوازی و حزبێک یان چەند حزبێک لە ڕێگەی ئەندامەکانیەوە لە ئایندەدا کۆنترۆڵی بکا و نوێنەرانی شورا ببنە نوێنەرانی حزبە سیاسیەکان. ئەمە ئەو مەرکەزیەتەی شوراکانی ڕوسیا و سۆڤیەتەکان بوو کە پەیڕەویان لە سیستمی مەرکەزیەتی حزبی بەلشەفی کرد و دواتر حزب پێویستی بەو دەزگا شوراییە نەما لە کاتێکدا هەمو نوێنەرەکانی شورا بریتی بوون لە ئەندامی حزبی بەلشەفی . دیکتاتۆری حزبی ئەو مەرکەزیەتەی شوراکانی کردە پاشکۆی مەرکەزیەتی حزب و شوراکان بە واقعی نەمان و کۆنگرەکانی شوراکان هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو و تەنیا پەسەندکردنی بڕیارەکانی حزب کارەکانی ئەو بوو. وەک ترۆتسکی دەڵێ؛ ” شوراکان جێگای خۆیان چۆڵکرد بۆ دامودەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لە جەماوەر.” ئەم مەسەلەیە لە بەشی ١٤ دا بەدورودرێژی باسکراوە.
بەپێچەوانەوە پیویستە مەرکەزیەت بریتی نەبێ لە دەزگایەکی سەروو شوراکان و شوراکان هەرکات پێویستیان بە پەیوەندی کردن بەیەکەوە بوو لەئاستی شارێکدا دەتوانن بەشێوەی ئۆتۆماتیکی نوێنەر بنێرن و هەموو کاتێ بە پێی پیویست ئەو نوێنەرە بگۆڕن. لە دەورەیەکی کار و بە ڕاهێنانی بەردەوام هەموو کرێکارێک دەتوانێ نوێنەرانی کارگە یان گەرەک یان دامەزراوەکەی بکا و بەمەش لیدەرشیپی بە کۆمەڵ دروست ببێ. هەربۆیە دەبێ کاری ئیداری نەخشەدانانی مەرکەزی و هاوئاهەنگی کارەکان جیابکرێتەوە لە دروستکردنی پۆستی بیرۆکراتی سەروو شوراکان و سەندیکاکان.
دروستکردنی ئەم ڕیکخراوە کرێکاریانە کە جیاوازن لە سیستمی دەوڵەتی بورژوازی لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەدا دروست دەبێ کە کرێکاران تیایدا فێردەبن چۆن لە جیاتی حوکم کردن بەسەر یەکتردا ڕۆحیەت و ڕەوشتی هاوڕێیانە و ئامانجی کۆلێکتیڤ و هاوبەشیان فێریان دەکا کە چۆن دەتوانن سیستمێکی نوێی بەڕیوەبردن دروست بکەن. ئەمە تێپەڕینە لەو دابەشکردنی کارەی کۆمەڵگەی چینایەتی لە نێوان کاری سیاسی و نوێنەرایەتی سیاسی و دەزگای سیاسی و ئیداری و کاری بەرهەمهێنان و چالاکی ئابوریدا دروستی کردوە و ڕاستەخۆ بەشداریکردنی بەرهەمهێنەرانە لە ئیدارە و ڕیکخستنی کاروبارەکانی کۆمەڵگەشدا. ئەمە پرۆسەیەکە و بەپێی هەلومەرجی خەبات و دۆخی سیاسی و ئاستی فەرهەنگی و زانستی جێ بەجێ دەکرێ و بەرەو پێشەوە دەچێ.
هیوادارم وەڵامەکە ڕۆشن بێت و هەر ناڕۆشنیەکیش هەبێ پێم خۆشە ئاماژەی پێ بکەیت و لەگەڵ ئەم نامەیەدا شیوازی کاری تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی* دەنێرم بەڵکو یارمەتی دەری چۆنیەتی ڕیکخستنێکی ئاسۆیی بێت.
هەرشاد و سەرکەوتو و تەندروست بن
—————
[1] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا
[1] هۆبسبام، چۆن جیهان دەگۆرین، بەشی گرامشی، ل٤٢١، بەزمانی ئینگلیزی
[1] ڕۆزا لوکمسبورگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکانی سۆشیال دیموکرارت ڕوسیا، بەزمانی ئینگلیزی Rosa Luxemburg: Organizational Questions of the Russian Social Democracy
[1] ئارنست ماندل، دەربارەی خۆڕیکخستنی چینی کرێکار لەگەڵ حزبی پێشەنگ، بە زمانی فارسی. https://www.marxists.org/…/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm
*تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی وەک تۆڕێک لە پزیشک و کارمەندی تەندروستی و چالاکوانێک کاردەکەن بە ئامانجی پارێزگاری لە تەندروستی گشتی خەڵکی کوردستان .
شێوازی کارکردنی تۆڕەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1- تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ناوەندی هەموو تەندروستکارێکە و هەمووان ماف و فرسەتی یەکسانیان هەیە لە بەڕیوەبردنی تۆڕەکەدا و خۆی لە هەر جۆرێکی بیرۆکراتی بەدوور دەگرێ
2- دابەشکردنی کار دەکرێ بۆ بەڕیوەبردنی کارەکان، بەڵام هەمووان بەشداربن نەک تەنیا بەرپرس و خاوەن ڕۆڵێک کاربکا. خاوەن ڕۆڵ و بەرپرس ڕیکخەر و نوێنەری کاتین نەک سەرۆکی هەمیشەیی و نەگۆڕ
3- هەموو ئەندامێک دەتوانێ داوای هەر کارێک وڕۆڵ بکا
4- هیچ ڕۆڵێک تەنیا بۆ کەسێک یان دەستەیەک جێگیر نیە و هەر کات کاندیدی نوێ لە کۆبونەوەی هەفتانەدا داوای ڕۆڵێکی کرد پێویستە ڕۆڵەکە دەست بەدەست بکرێ
5- بڕیارەکان هەفتانە لە کۆبونەوەدا دەدرێن لەسەر کارە سەراسەریەکان
6- هەر نەخۆشخانەیەک خۆی بڕیار لەسەر کارەکانی دەدا و بۆ کارێک کە پەیوەندی بەسەراسەریەوە هەبێ ڕاوێژ و ڕاو و بڕیاری سەراسەری وەردەگرێ بەپێی ئامانج وبنەماکانی کارکردنی تۆڕەکە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٣٠ ئابی ٢٠٢٠

Add Comment

Click here to post a comment