کۆمۆنیزم

شۆڕشی کۆمۆنە

ئەمڕۆ لە مێژوودا: شۆڕشی کۆمۆنە
لە بەرەبەیانی ١٨ ی ئازاردا پاریس ڕاپەڕی و هاواری کرد: بژی کۆمۆنە!
کارل مارکس
“دوای ئەوەی کۆمۆنە سوپای هەمیشەیی و پۆلیسی هەڵوەشاندەوە، کە هەردووکیان ئامرازی ماددیی حکومەتی کۆن بوون، هەر یەکسەر ئەرکی شکاندنی ئامرازی چەوساندنەوەی ڕوحیشی کەوتە ئەستۆ: “دەسەڵاتی قەشەکان”، ئەمەیش بە هەڵوەشاندنەوەی کڵێساو جیاکردنەوەی لە ئیدارەو داگیرکردنی هەموو کڵێساکانیش بەو ئیعتبارەی هەیئەتی موڵکدارن. وە ئیتر لەسەر پیاوانی ئاین بوو بگەڕێنەوە بۆ ژیانە سادەو ساکارەکەی خۆیان وەک ئەو تاکە سادانەی کە وەک پێغەمبەران لەسەر سەدەقاتی باوەڕداران دەژیان. هەموو دامودەزگاکانی خوێندنیش خۆڕایی کران بۆ گەل و لە هەمانکاتیشدا، خرانە دەرەوەی کاریگەریی کڵێسا و دەسەڵات. وە هەر بەوجۆرە، هەر تەنها فێربوونی قوتابخانە نەکەوتە ژێردەستی هەموان و بەس، بەڵکو تەنانەت خودی زانستیش لەو ڕێگریانە ڕزگاری بوو کە وەهمی چینایەتی و دەسەڵاتی حکومی سەپاندبووی بەسەریدا.
هەروەها فەرمانبەرانی دادگا لە هەموو ئەو سەربەخۆییانە ڕووتکرانەوە کە هیچ نەبوو ماسکێک نەبێت سەرشۆڕی و ماستاوچێتی ئەوانی دەشاردەوە بۆ هەموو حکومەتە یەک لەداوی یەکەکان .. وە ئیتر ئەوانیش وەک هەموو فەرمانبەرانی تری کۆمەڵگا، هەڵدەبژێردران بە ئاشکراو هەرکاتیش پێویست بوایە لە بەرپرسیارێتی دەخران.
بێگومانیش دەبوایە کۆمۆنەی پاریس ببێتە نموونە لە هەموو ناوەندە پیشەسازیە گەورەکانی فەرەنسادا. وە ئەگەر سیستمی کۆمۆنی لە پاریس و شوێنەکانی تردا خۆی بگرتایە، ئەوا حکومەتی ناوەندی کۆن جێگای خۆی بۆ خۆبەڕێوەبردنی بەرهەمهێنەران چۆڵ دەکرد لە هەموو پرۆڤینسەکاندا ..
وە یەکێتی گەلیش بە شکاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەبووە ڕاستیەک کە ئەو دەسەڵاتە خۆی بەو یەکێتیە دەزانی، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو دەسەڵاتە سەربەخۆ بوو لە گەل، خۆی زل دەگرت بەسەریدا، وە لە واقیعدا دەسەڵاتی دەوڵەت هیچ نەبوو کرمێکی مشەخۆر نەبێت بەسەریەوە. ئەرکەکانی کۆمۆنەیش بڕینەوەی ئەو ئامێرەی چەوساندنەوە بوو کە پاشکۆی دەسەڵاتی حکومیی کۆن بوو، وە داماڵینی ئەو فەرمانانە بوو لە دەسەڵات کە لەسەروو کۆمەڵگاوە بوون، وە تەسلیم کردنی ئەو فەرمانانە بوو بەو بەرپرسانەی کە خزمەتکاری کۆمەڵ بوون. وە ئیتر لە بری ئەوەی هەر سێ یان شەش ساڵ جارێک بریار بدرێت کام ئەندامی چینی سەروەر نوێنەرایەتی کۆمەڵ بکات و بە پەرلەمان بیچەوسێنێتەوە، ئیتر لە بری ئەوە، مافی هەڵبژاردنی گشتی، خزمەتی میللەتێکی ڕێکخراوی دەکرد لە کۆمۆنەکاندا”.
کۆمۆنە شۆڕشێک نەبوو دژی ئەم یان ئەو شێوەی دەسەڵات، شەرعی، دەستووری، کۆماری یان پادشایەتی، بەڵکو شۆڕشێک بوو دژی خودی دەسەڵات خۆی .. شۆڕشێک نەبوو ئامانجی گواستنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت لە دەستی بەشێک لە چینە سەروەرەکانەوە بۆ دەستێکی تریان، بەڵکو شۆڕشێک بوو ئامانجی شکاندنی ئامێرە سامناکەکەی خودی سەروەرێتی چینایەتی بوو .. ئەم شێوەیە لە سەروەرێتی چینایەتی، هەرەسی نەدەهێنا، ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێکارو ئامێری حکومی، نەکرانایەتە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی شۆڕش” (کارل مارکس، الحرب الاهلية في فرنسا).
له ئه كاونتى ئه نوه ر نورى وه رگيراوه

Add Comment

Click here to post a comment