وتار

ئازادیی و ئۆپۆزسیۆن و دیکتاتۆر

لە نارەزایەتیەکانی ئیستای کوردستاندا هەردوو ووشەی “سەرۆک” و “دیکتاتۆر” سەرنج ڕادەکێشێ. ئەمە زمانێکی دووانەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە کە تەعبیر دەکات لە شێواویەکی ئاسۆ و ئامانجی خەڵک لە ململانێی ئیستایاندا لەگەڵ دەسەڵات. بەڵام زمان سیمبولە و کۆکردنەوەی دوو سیمبولی دژبەیەکی دیکتاتۆر و سەرۆکە لە شەخسی مەسعود بارزانیدا تەعبیر لەو دەورانە ڕاڕاییە دەکات کە ناڕەزایەتیەکانی ئیستای پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەگەر ووردتر تەماشای ئەم ناڕەزایەتیانە بکەین دەبینین لەخوارەوە و لەسەر شەقام جەماوەر شیعاری ڕادیکال دەدات لە چەشنی “بڕوخێ دیکتاتۆر” و لەسەریشەوە و لەناو ڕۆشنبیراندا “داوا لە سەرۆک” دەکرێ کە کارێک بکات. لەخوارەوە و لەناو خەڵک ئەم دەسەڵاتە بەناشیرین و چەوسێنەر دەزانێ لەبەرئەوەی داهات و ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی زەوت کردوە و پیویستیەکانی ئاو و کارەبا و کرێ و معاش و خانوو و بیمەی کۆمەڵایەتی دابین ناکا و ملیارەها دۆلاری بودجەی خەڵک سەرفی بنەماڵە و عەشیرەت و مەسئولین و هێزی چەکداری دەکا ، بەڵام لەسەرەوە و لەناو ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتدا خەم بۆ لەکەدار نەبونی دیموکراسی کوردستان و ڕوخساری دەسەڵات دەخورێ ئەگەر سەرۆک واز لەم یاسا و داوایانە دژ بە میدیای ئازاد نەهێنێ. ئەم زمانی دووانیەی ئازادیە سیاسیەکان ڕەنگدانەوەی جیاوازیە لە گوتار و هەڵویستی ڕیزی خوارەوە و سەرەوەی ئەم ناڕەزایەتیانەدا. ئەمانە نیشانەی جیاوازی بەرژەوەندی ئەو هێزانەیە کە لە ناڕەزایەتیەکانی ئیستای کوردستاندا دژ بەدەسەڵاتداران بەشدارن. بۆ سەرخستنی ئەم ناڕەزایەتیانە و پاراستنی ئازادییەکان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەسەڵات گرنگە ئەم ناکۆکی و جیاوازیانە بناسین و ڕێگای یەکلاییکردنەوەی زمانی خەڵک لەبەرامبەر دەسەلاتدا بناسێنین .

سەرەتا دەبێ ئەو ڕاستیە باس بکەین کە بنەمای ئەم کێشەیەی پارتی لەگەڵ ئازادی و میدیای ئازاددا چیە؟ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆلی ساحەی سیاسی کوردستانی کردوە و یەکێتی وەک هێزی دووەم شەریکی دەسەڵاتێتی ،وە هەروەها گۆڕان و ئیسلامیەکانیش هەم ئۆپۆزسیۆنن و هەم لەسایەشیدا کار بۆ گرتنی ئیمتیازاتی دەسەڵاتیش دەکەن.سیناریۆی پارتی بۆ سەقامگیرکردنی ئەم پاوانخوازیەی دەسەڵاتی کە بەشی شێری لەداهات و سەرۆکایەتی و دەسەڵاتدا هەیە دروستکردنی مەملەکەتێکی بنەماڵەیی یە لەچەشنی شێخ نشینەکانی خلیج. لیستی دوردودرێژی داوا تۆمارکردن لەسەر میدیای ئازاد و کوشتنی رۆژنامەنوسان و پشتیوانی مەلاکان و نانەوەی جەوی ترس لەکاتی هەلبژاردنەکان و قەدەغەکردنی خۆپیشاندان بەیاسا و تەنانەت شیوازی کۆنگرەی حزبەکەیان ،ئەمانە سیناریۆی سەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەیە و پەیامی بارزانی لەپەرلەماندا دژ بەو ئازادیانەی ئیستا لە کوردستاندا بونەتە ئەمری واقیع لە تیشکی رۆژ رۆشنترە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر سیناریۆی پارتی و دەسەڵات بەم شێوەیە ڕۆشنە ئەی بۆچی هێشتا زمانێک کە ئازادی خەڵکی پێ بەیان دەکرێ ئاوا ڕاشکاو و رادیکال نیە بۆ بەرگری کردن لەخۆی؟لەبەرامبەر هێرشی پارتی و دەسەڵاتدا هێشتا دەبێ ئامۆژگاری دەسەڵات بکرێ کە ڕووی ناشیرینی خۆی بۆ جیهان دەرنەخات و دیموکراسی کوردی لەکەدار نەکا؟


ئازادی لە کوردستاندا پیداویستی ژیانی خەڵکێکە کە دەیان ساڵ لە سایەی سەرکوت وشەڕدا ژیاون و ئیستا کە بوژانەوەیەکی ئابوری و جێگیریەکی نیسبی ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە ، خەڵک دەیەوێت لەو ئیمکاناتەی لە کوردستاندا هەیە بەهرەمەند بێت و ژیانێکی خۆشگوزەران و مۆدێرن دابین بکا. بەڵام ئەم ئاستی خواست و داوایەی خەڵکی کوردستان پیچەوانەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتدارانی ئیستایە و لەسەرووتری عەقڵیەتی پاوانخوازی و میلیشیایی دەسەڵاتەوەیە و ئەم مافە بۆ خەڵکی کوردستان بەڕەوا نابینن و ڕوبەڕوی دەبنەوە. هەربۆیە لە دوای ڕوخانی بەعسەوە شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات لە کوردستاندا سەری هەڵداوە و ئازادی بوەتە پیویستیەکی خەڵک بۆ دەربڕینی خواست و کێشەکانی، وە میدیای ئازادیش بەشێک لەم واقعیەتیە. کێشەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات لەسەر دابینکردنی پیداویستیەکانی ژیانی پایەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە و بەرەی خەڵک لەسەر جادە و میدیا ئازادەکانەوە و بەرەی دەسەڵاتیش لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و وەزارەت و مزگەوت و شوینەکانی دەسەڵاتەوە زۆر ڕاشکاوانە بەرژەوەندی جیاواز و دژبەیەکی خۆیان بەیان دەکەن . لیرەدا ئەوەی خەلک دەستی دەکەوێت لە بەشی دەسەڵات کەم دەبێتەوە و ئەوەی دەسەڵاتیش پاوانی دەکا لەسەر حسابی سفرە وئازادی خەڵکە. ئەوەی پارتی دەیەوێ کردنی کوردستانە بە مەملەکەتی کە داهات و سوپا و حکومەت و فەرهەنگ و بازاڕ ودراو وحزب ویاسا و هەموو شتێکی مۆری بنەماڵەیەک و دیکتاتۆرێکی لێدرابێ. ئەوەی خەڵکیش نایەوێ حوکمی میلیشیایی و عەشیرەتی و نا عەدالەتیەکە کە کوردستانی کردۆتە بەهەشتێک بۆ سەرمایەدارانی حزبی و سەرزەمینی نائومێدی و نەهاتنەدی چاوەڕوانیەکانی خەڵک بۆ ئازادی ویەکسانی و خۆشگوزەرانی و مەدەنیەت . هەربۆیە لەم شەڕەدا کە هەردوو بەرە لە نیاز و مەرامی یەکتر لەڕیشەوە تیگەیشتوون و ئیتر دەورانی موجامەلەی ئاشتکردنەوەی دەسەڵات وجەماوەر بەسەر چوە و هەر دوولا ڕادیکاڵانە قسەی دڵی خۆیان بەرامبەر یەکتر دەکەن. جەماوەر دەڵێ “دیکتاتۆریکمان ڕوخان ئەتوانین بیکەین بەدوان ” و “سەرۆک”یش باکی نیە لەوەی بڵێ” ئەم ئازادیە فەوزایە وقبوڵی ناکەین”. ئەمە زمانی ڕاستەقینەی بزوتنەوە جیاوازەکانی کوردستانە کە هەرکامەیان تەعبیر لە خواستی خۆی دەکا و یەکێکیان بە “سەرۆک” دەڵێ سەرۆک و ئەوی تر پێی دەڵێ دیکتاتۆر.


لەپاڵ ئەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کریکار وزەحمەتکێشیشدا هێزی سیاسی وەک “بزوتنەوەی گۆڕان” و توێژی کۆمەڵایەتی تر وەک ڕۆشنبیران هەن لە کوردستاندا کە ناڕازین بەم دەسەڵاتە و ئۆپۆزسیۆنن. زمانی دووانەی ئەم ناڕەزایەتیانە و هەڵکشان وداکشانی هەنگاو و شیعارەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەژیر کاریگەری ئەم هێزە سیاسی و ڕۆشنبیرانەدایە . بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان ، کە بەپێی دۆخی ململانێکانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی وە بەکار هێنانی تاکتیکی وەرگرتنی ئیمتیازاتەکان لەڕێگەی فشاری ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لەسەر دەسەڵات ، شیعار وزمانی خۆی بەسەر ئەم حەرەکەتانەدا زاڵ دەکات .کێشەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا لەسەر ئەزمونی باڵادەستی ئەحزابی میلیشیایی نیە لە 20 ساڵی ڕابردوودا کە کوردستانیان کردوە بە ئۆردوگا و خۆیان کردۆتە خاوەنی ژیان و گوزەران و مافەکانی خەلک ،بەڵکو بە باڵادەستی پارتی ناڕازیە و داوای باڵادەستی خۆی دەکا و هەربۆیە لەزمانی ئەم هێزەدا مەسعود بارزانی سەرۆکە ئەگەر دەسەڵات لەگەڵ ئەوان لە کوردستان و عێراق بەش بکا و دیکتاتۆریشە ئەگەر فراکسیۆنیەکەیان لە کوردستان کەمینە بێ و لە عێراقیش وەزارەتی پێ نەدرێ. هەورەک لە ڕوداوی تیرۆری سەردەشت عوسمان لەلایەن پارتیەوە ئاماژەم پیکرد ” ئەم جەماوەرە نە گۆڕانە ترسى لە ئیمتیازاتى پەرلەمانى و بودجەکەى بێ و لەگەڵ هەڕەشەى دەسەڵاتدا ڕایگەیەنێ” ئێمه‌ له‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان هاوڕای‌ به‌ڕێز سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی‌ کوردستانین له‌وه‌ی‌ خراپ به‌کارهێنانی‌ ئازادی‌ مه‌ترسیی‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی‌ کوردستان دروست ده‌کات ” و نە نانى سەرسفرەشى لە چەپڵە لیدان بۆ هەڕەشەکانى سەرۆک لە “خراپ بەکارهێنانى ئازادى” دایە*. هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئیستای یەکێتی وپارتی ئەوەندە پیویستی بەم ناڕەزایەتیانەیە کە ئەجیندای دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی خۆی لەگەڵ ئەو حزبە دەسەڵاتدارانە پیویستیەتی.

مانەوەی ناڕەزایەتیەکانی ئیستا لەم چوارچێوەیەدا خواستەکانی خەڵک لە دابینکردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی مسۆگەر ناکا و هەرکات ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەپێ پلیکانەی دەسەڵاتدا سەرکەوت خۆی یەکەم کەس دەبێ کە ئەم ئازادیانە بەرتەسک دەکاتەوە و ژیانی خەڵک لە هەژاری و گرانیدا ڕادەگرێت.بەڵام ئەمە بەتەنها ترس لە سبەینێ نیە کە جەماوەری کریکار وئازادیخواز دەبێت لەخەمیدا بن ،بەڵکو کردنی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان بە نوینەری خۆی بەرهەمی ئەم ناڕەزاتیانەی دەکاتە وەرگرتنی ئیمتیازاتێک لەم دەسەڵاتە لەلایەن ئەم ئۆپۆزسیۆنەوە و نەگەیشتنی جەماوەرە بە خواستەکانی باش بژێوی وئازادیە سیاسیەکان . ئەمە تەنها جیگرتنەوەی ئیمتیازاتی دەسەڵاتی حزبی بنەماڵەی عەشیرەتیە بە حزبێکی سەر بە هەمان بنەماڵەی چینایەتی بەڵام لەدەرەوەی ئەو عەشیرەتە. هەربۆیە بەرەی جەماوەری کریکار وئازادیخوازی ناڕازی لەم ناڕەزایەتیانەدا شیعار و زمانی ڕادیکالی خۆی دەبێ لەخوارەوە ولەسەر شەقامەوە بەرزکاتەوە بۆ سەرەوە و وەک هێزێکی سیاسی سەربەخۆ تاکو ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریە میلیشیایە شکست پێ بێنێ . سەرکەوتنی لەچەشنی مەحکوم کردنی پارتی لەتاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و پاشەکشەی بارزانی بە کەمپینی “ووشە بەووشە وەڵام دەدرێتەوە” بکاتە پێ پلیکانەی دابینکردنی خواستی ئازادی و یەکسانی بەیاسا و بەعەمەلی.


کاریگەری ئەم تاکتیکانەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ڕۆشنبیرانیش دەبینینەوە، کاتێک وەک لە نامەی “ئاراس فتاح و مەریوان وریا قانع” دا لەوەڵام بەکشانەوەی بارزانی لەداواکەی ، دەردەکەوێ کە پشتیوانی جیهانی لە ناڕەزایەتی خەڵک دژ بە هێرشەکانی پارتی بۆ سەر ئازادی بەلایانەوە گرنگە بەڵام هوشداری دەدەن بە سەرۆک کە بەدەنگدانەوەی ئەم سەرکوتانەی دەسەڵات وێنەی کورد لەدەرەوە ناشیرین دەبێ وەک ئەوەی خودی ئەزمونی دەسەڵاتی میلیشیایی بە بێ ئەم داوایانە خۆی ناشیرین وقێزەون نەبوبێ!. بارزانی مەحکوم دەکرێ کە لە پەرلەماندا شاوری هێرشکردنە سەر ئازادی لێدەدا و بەڵام کەمپینی “سەرۆک ئیمزای مەکە” چاوەڕوانە سەرۆک واژۆی یاسای دژی خۆپیشاندان نەکا. ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە هەیە کاتێک لەبەر ڕێزگرتن لە ئیسلام یاسای بێڕێزگرتنی ژنان بەپێی یاسای فرەژنی دەسەپێنێ کەچی لیستی ڕۆشنبیران داوا دەکەن حکومەتی هەرێم ئەزمونی دەسەڵاتی کوردستان لەدەستدرێژی مەلا و حزبە ئیسلامیەکان بپارێزێ.ئەمانە کێشەی زمانی ئازادیە بەرامبەر دەسەڵات. ئازادیەک کە لەژێر هەڕەشەی جدی دەسەڵات و سەرۆکەکەیدایە ناتوانێ بەم زمانی “نەشیش بسوتێت نە کەباب”ە سەرکەوتن مسۆگەر بکات.


ئەو رۆشنبیرانەی دەیانەوێ وەک قسەکەری جەماوەر بمێننەوە و بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ جەماوەر دەبیننەوە وچیتر هێز لەسێبەری ئۆپۆزسیۆنی جەماوەر وەردەگرن نەک ئۆپۆزسیۆنی مامەڵەچی ئازادی ،ئەوا پیویستە زمانی دوانەی ئازادی بکەن بە زمانی ڕاشکاوی ئازادی و بەسەرۆک بڵێن دیکتاتۆر.
________________________________________________
* وتارى (ئازادى دەسەڵات یا ئازادى جەماوەر.) ئاسۆ که‌مال. http://asokamal.kurdblogger.com

Add Comment

Click here to post a comment