ئەدەب

سەفەر

زۆرترین سەرسوڕ‌ینەرەکانی ژیانمان لە سەفەردایە. لەو کاتەی نیشتەجێیت ژیان ئاسایی دەڕوا و ڕیتمێکی کەم تا زۆر یەکڕەنگی هەیە. لە سەفەریشدا شتی کتوپڕ لە ڕوداوی ئاسایی زیاتر توشی شتی سەرسوڕهێنەرت دەکا.
ئەو دەریاچەیە لێنەگەڕا هەروا من بە خەیالەکانی خۆمەوە سەفەر بکەم و لەدوا ساتەکانی پەڕینەوەدا دیسانەوە بانگیان کردم .
ئەوم تا ئەوکات نە ناسیبوو. بەڵام سەفەر بێ ویستی خۆت لەگەڵ خەڵکێکدا دەتکاتە هاوسەفەر کە لەوانەیە شەو و ڕۆژیان پێکەوە لەگەڵدا بکەیتەوە.
ئێمە زوو ئاشنای یەکتر بووین..
دڵ شتێکە ڕینوێنی کەری سەربەخۆی خۆی هەیە و بیر و مێشکی ئێمە هەمیشە بێدارنین لە ئاست ئەو هەستانەدا کە دڵ وەک لێشاوی ڕوبارێکی بە خوڕی بەهار لەناو دەرونماندا دەتەقێتەوە.
ئەو زستانە ساردە دەتوت بۆ سەفەرێکی وا ڕیکخراوە کە ئێمە لەژورێکدا بەتەنیا بمێنینەوە. هاوسەفەرەکەم ناساغیەکی پڕ لە نازی هەڵگرتبوو و هەر بۆیە منیش دەتوت فریشەیەکی ژوور سەریم هەرگیز بەجێم نەهێڵا بەتەنیایی.
کێشەی فریشتەیی لەوەدایە کە بە ئیشێکەوە گیر دەخۆیت کە دڵت لێت بێزار دەبێ. هەر بۆیە فریشتەیی تۆزێ پێویستیان بە دابەزینە ناو ڕۆحی ئینسانە. لەوە دەچێ ئەو کەسانەی بیرۆکەی فریشتەیان بەکارهێناوە لەسەرەتاوە بۆ بەتاڵ کردنەوەی مرۆڤ بوە لە دنیای هەستە واقعیەکان.
بەڵام من لە دنیای فریشتەیی خۆمدا خۆشەویستیەکی قوڵم دەبینی. نازانم بۆ نەمدەتوانی وەک خۆی دەری ببڕم و لام دەبوە ڕێگرێک کە دەبوایە لە سیمای سۆزێکی بێ دەنگدا خۆی دەرببڕی . ئەمەش وایکرد کە زمانی خۆشەویستیمی درەنگ پژاند.
ئەم سۆزەم لە توێی شیعرەکانی ئەو سەفەرەمدا هەڵگرت و خستمە پەڕاوی یادەوەریمەوە. بەڵام دڵم لەگەڵ هەر سەفەرێکی ئەودا هاوسەفەرێک بوو لە بیرەوەریدا.
ساڵانێکی زۆر ڕۆشت و جارێکی تر سەفەر ئێمەی کردەوە بە هاوڕێ. شانسی ئەم خۆشەویستیە ئەمجارە هاوین بوو. هاوین وەک زستان نیە، دڵەکان زیاتر پێویستیان بە هەناسەیەکی کراوەیە. ئەو شەختەی چەندین ساڵە لەبەرگەرمای ئەم دڵانەدا ئەمجارە وەک تاوەرە سەهۆڵەکانی پۆڵی باکوور دەتوانەوە.
ئەستێرەکانی ئەو شەوە سەمایان دەکرد و دەستیان بۆ زەوی شۆڕ کردبۆوە تا بیان بینین.
یادەوەری کە بێ بەربەست دەڕژێ، وەک شەتاوی دەریاکان وایە دەیەوێ هەر چی خۆشیەکانە بەسەر بەرزاییەکانی ژیاندا بڕژێنێ.
ئێمە وەک دوو هاوسەفەر باسی گەشتێکی دوورودرێژی حەزەکانمان کرد. بەختەوەری ژیان ئەوەیە کە خواستەکانت ڕۆژێک هەست بە ئازادی تێپەڕ بونیان بە پێش چاوتا بکەیت و خۆشت هێشتا باوەڕ نەکەیت.
سۆزێک کە لە دێر زەمانەوە بۆ ئەوم هەبوو بوە ئەستێرەیەک و لە ئاسمانی ژینمدا شەوێک درەوشایەوە. ئەگەر ئێمە هەموو سۆزەکانی ژیانمان ئەم شانسەیان هەبوایە ئەوا دەبوینە بونەوەرێک کە هەموو شەوێکی ئەم سەفەرەی ژیانمان ئەستێرەیەک یارمان دەبوو. ئەو کات چاخەکەمان ناوی چاخی بەختەوەری دەبوو.
پوشکین لەسەر مێزەکەمان ئەو شەوە باسی ئەو ساڵانەی دووری دەکرد:
ساڵان تێپەڕی، زریان بێزارکەر بوو، تەم و مژاوی بوو
من بە فانتاسییە خاوەکانم پەرش و بڵاو بوومەوە
دەنگی ناسکی تۆم لەبیرچوو
وە ئایکۆنە خودایەکانت!
ڕۆحم جارێکی تر لە خەو هەستا
وە جارێکی تر هاتە لای من
وەک خەیاڵێک کە دەست پێی ڕاناگات
وەک پوختەیەکی جوانی پاک
دڵم دووبارە لە نەشئەدا دەزێتەوە
له ناو خۆیدا جارێکی تر هەڵکشا
هەستی جۆش و ئیلهام
بۆ ژیان، فرمێسک، خۆشەویستی!

Add Comment

Click here to post a comment