وتار

ئەمانە لە کوێوە هاتوون؟

شەڕی ئێستای نێوان ئامۆزاکانی نێو یەکێتی درێژەی مێژووی بنەماڵەکانی جەنگیزخانەکانی پارتی و یەکێتی کوردستانە. ئاگاداربوون لە مێژووی سێ دەیەی دەسەڵاتیان بەرانبەر بە ئازادی خەڵکی کوردستان ناوەرۆکی ئەم دەسەڵاتەمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.
ئێمە کۆمەڵێک گەنجی کۆمۆنیست بووین و لەسەر گردی زەرگەتە لەسلێمانی ناوەڕاستی نەوەدەکان ئیزگەیەکمان دانا بەناوی “دەنگی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق”. هەر چیەک ڕاستی بوایە بە خەڵکی کوردستانمان دەگەیاند تاکو ئاگادار بن لەوەی کە خاوەنانی جەهەنەمی کوردستان چ ئاگرێکی شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساندوە. ئەو کات بەرپرسی ئەو ڕادیۆیە بووم و وتارم لە دژی ئەو شەڕە دەنوسی کە تەنیا قوربانیەکانی خەڵکی هەژار و پێشمەرگەی کەم دەرامەتی کوردستان بوو. ئەم دەنگی حەقیقەتە بۆ یەکێتی و پارتی وەک دڕکێک وابوو کە بە گەڕویاندا نەدەچوە خوار و میلیشیاکانی یەکێتی لەناوشاردا هاتن و دەوری ئەو گردەیان لێگرتین کە دەبێ ئەو دەنگەمان دابخەین.
ڕۆژانە مەفرەزەیەکی چەکداریان دەنارد و بەرەبەرە هەڕەشەکانیان زیاتر دەکرد و تا وای لێهات وەک قەڵایەکی گەمارۆدراو بە هێزی چەکدارێکی زۆرەوە هاتبوون تا پێمان بڵێن کە دەبێ دەممان دابخەین.
ئەو شەوە کە لەگەڵ علی هاوڕێم گەڕامەوە بۆ گردەکە تا بڕیاری چاوەڕوانی زیاتر لە دانەخستنی ڕادیۆ بە هاوڕێ شاپور و هاوڕێیانی تر ڕاگەیەنم دەتوت بەسەر مینی مەرگدا هەنگاو دەنێم و گردەکە بۆنی خوێنی لێدەهات.
سبەینێ چوین بۆ چارەسەری کێشەکە لەگەڵ م.س یەکێتیدا دوای ئەوەی کە چەند جار هەوڵماندا لەگەڵ عمری سید علی کە بەرپرسی سلێمانیان بوو. ئەم سەرۆکەی ئێستای گۆڕان، کە بۆ نیشاندانی سادەیی عەوام فریبانە لەپشت دەرگاکەی دادەنیشێ، ئەو کات یەکەم سەرکردەی یەکێتی بوو کە دیم و سەرم سوڕما لە کەلتوری بێ ئسلوبی ئەم شاخاویانە کە لەگەڵ نەیاری فکری خۆیاندا وەک ژێردەستە دەئاخاون. بەڵام ئەمەیان بە حەوت ئاو شۆردرابۆوە لە چاو جەبار فەرمانی تەور وەشێنێاندا کە سەرۆکی وەفدی کۆبونەوەی هەردوو م.س یەکێتی و ئێمە بوو.
ئەمانە لە شوێنێکەوە هاتبوون کە هیچ کات ئێمە لە ژیانی مەدەنیدا خەڵکی لەم بابەتەمان نەدیبوو. ئەم سەرکردەیەیان خۆناساندنەکەی بە ئێمە ئەوەبوو کە چۆن چونەتە سەر بارەگای حزبێکی چەکداری نەیاریان و لە ٢٢ سەرکردایەتیان ٢٠ لێ کوشتون و ٢ دانەیان بە شاهیدی بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە هێشتونەتەوە.
کاتێک ئێمە پێمان وتن ئێمە ئۆپۆزسیۆنین بۆیە ڕادیۆکەمان قسەکانی جیاوازە لەوان، ئەوان ووشەی ئۆپۆزسیۆنیان وەک تاوان دەهاتە گوێ و لەوە دەچوو هیچ کات لەڕوویاندا کەسێک تاوانی لەم چەشنەی بەرامبەر نەکردبن.
ناچاربووین ئاگاداری زمانی ڕادیۆمان بین تاکو حەقیقەت جارێکی تر نەبێتە قوربانی ئەم هێزانەی دەتوت تازە لە هێزەکەی جەنگیزخان دابڕاون.
ئێستا چارەکە سەدەیەک لەو ڕوداوانە تێپەڕ دەبێ بەبێ ئەوەی ئەم نەوانەی مەغۆلەکانی تاڵەبانی خان و بارزانی خان بە موو لەو سەرچاوە کەلتوری عەسابە و ژێرخانە شاخاویە لایان دابێت.
حەیفە ئێمە لەسەردەمێدا ژیاین کە زۆربەی خەڵک توانای ئەوەمان نەبوو کە ئەم جۆرە دەسەڵاتە مافیاییە لە کۆڵ بکەینەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە نەوەی ئێستا بزانێ ئەم مافیایانە لەچ مێژوویەکی نەگریسەوە هاتوون و چ هەڕەشەیەکن لەسەر هەر هەناسەیەکی ئازادی و حەقیقەت وتن و ژیانێکی ئاسوودەی خەڵکی کوردستان و ئەم دەسەڵاتدارانە شایەنی ئەوە نین ڕێگەیان پێ بدرێت ڕۆژێک ئایندە بە هێزی چەکدار بە بارمتە بگرن.
May be an image of 7 people, including Saleh Sardari and Aso Kamal, people standing and people sitting
Mihraban Ali, Zwhra Ali and 233 others
23 comments
5 shares
Like

Comment
Share

Add Comment

Click here to post a comment