ئەدەب

شەوانی زستانی گۆیژە

ئای لەو ڕۆژانە کە خۆش بوون!
لە دڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتیدا هەمیشە ڕابردوو ئامادەیە. بۆچی ئێمە جگە لە ڕابردوو شتێک شک دەبەین؟ ئەمە دیوە حەسرەتناکەکەیەتی. بەڵام دیوە قوڵەکەی ئەو یادگاریە شیرینانەیە کە دنیای نوێی سەرمایەداری لەیەک ڕەنگ وبۆ نەیشێواندوە. یاخود لەوانەیە دووری لەو ڕۆژگارانە و بێ تامی لە ڕۆژانی لەیەکچوی ئێستا ئەو یادانەی زۆر شیرین کردبێ، بەهەرحاڵ ئەمە پرسیارێکی وەڵام نادیارە کە دوێنێی سادە خۆشتربوە یان ئەمڕۆی پڕلەنادیاری ئەمە زۆر نسبیە و پەیوەندارە بەو کات و دۆخەی کە تێایدایت. دەمویست بچمە ناو خەیاڵێک کە ساتەکانی زۆر دووری گەنجیم تاوتۆی دەکەن.
نازانم تۆ لە سابونکەرانی سلێمانی ژیاویت یان نا؟ بەڵام بۆمن بۆن و بەرامی ئەو کۆڵانانە تام و چێژێکی سەیری هەیە. بەتایبەت سەر لە ئێوارانی کە پەرەسێلکەی گوێسوانەکان لەگەڵ ئەو پیادە ڕەوانەدا بە شیوەیەکی سەیر دەهاتن و دەڕۆشتن کە دەتوت خەریکی ژیانێکی سەیری پڕلە نهێنی ئێوارانی پایزانن کە نازانن پیاسەی شەقامەکە خۆشتر و بەتامترە یان خۆشی گەیشتنە بەرئاگردانی ماڵەوە. کە گەنج بویت هیچ کامیکمان ماڵەوەمان مەبەست نیە بەڵکو چێژ وەرگرتن لە کاتەکان سەرمەستت دەکا.
بەڵام من نەک ئێواران بەڵکو شەوانی هاوین و دانیشتن تا نیوەشەو لە کۆڵان لەگەڵ هاوتەمەنەکانم و باسی سیاسەت و کتێب ، یان چونە ژورەوە لەزستان و دانیشتن پێکەوە و خوێندنەوەی شیعرێک یان باسی هەر شتێک کە هاوڕیکانت پێیان خۆش بوو، لەوانە باسی مارکس یان لینین یان فەلسەفە یان گوێگرتن لە ئاوازێکی فارسی یان مەزهەری خالقی هەر هەموو ئەو شەوەی لەگەڵ خۆی دەبرد. ناوەرەۆکی ئەم شتانە هەرچیەک بونایە تۆ کەسێکی سەرحاڵ بویت کە کەسانی خۆشەویستی خۆتت لەگەڵدایە.
شەوێک کە قەت لەیادم ناچیتەوە لەگەڵ هاوڕیکانمدا دوای ئەوەی هەموو کەس لە کۆڵانەکەمان لە گەڕەکی گۆیژە خەوتبوو و تەنانەت حکومەت لەشاردا نەمابوو و هەموی خەوتبوو، ئێمە چوار قۆڵی بەناو بەفرێکی سپیدا هەرچی کۆڵانی دەوربەری سابونکەران، گۆیژە و گاوران بوو تەیمان کرد .هەستێکی عەجیب خۆش بوو. دنیایەکی سەرتاپا ئارام و تۆ لە دنیای ئارامی خۆتدایت. دنیای تۆ جگە لە خۆت و هاوڕێ خۆشەویستەکانت هیچی تر نیە.نازانم چۆن باسی خۆشی دڵێکی گەنجانتان بۆ بکەم کە دنیا بەم شیوەیە دەبینێ ؟ ئای کە ڕۆژانێکی خۆش بوو. گەنجێتی ڕۆژانەکانیشی گەنجانەیە. خۆراکی هەموو تەمەنت لە توێشووی گەنجێتیدا کۆدەکەیتەوە و گەنجێتیت زۆر پڕقیمەتە جوان بیڕازێنەوە تا هەموو تەمەنت لە سێبەریدا بحەسێیتەوە. ژیان ئەوەی خۆشە کە وەک تیۆری نیە لە هەر قۆناغێکدا خۆشیەکی شاراوە هەیە کە دەبێ بەشوێن دۆزینەوەیدا بین. بەمە دەڵێن خۆشی ژیان.

Add Comment

Click here to post a comment