کۆمۆنیزم

کێشەکانی کۆمۆنیزم لە ئیران

کۆمۆنیزمی نوێ

لێکۆلێنەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و

 کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

١٩

 

کۆمۆنیزمی کرێکاری و کێشەی حزب

حزب وەک میتافۆری کارەکتەرێکی ئەفسانەیی

 باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم لێکۆڵینەوەدا پێویستە لەبەرئەوەی کە؛

 یەکەم؛ نمونەیەکمان دەداتێ لە تێگەیشتن و کارەکتەری کۆمۆنیزمی کۆتایی سەدەی بیست، کە ڕەخنەی لە کۆمۆنیزمی سۆڤیەت و چین هەیە و خۆی وەک کۆمۆنیزمی کرێکار پێناسە دەکا. حزب لەم کۆمۆنیزمەدا مەسەلەیەکی پرۆبلماتیک و گرێییە. ئێمە بە لێکۆڵینەوە لەم کێشەی حزبە دەتوانین پەیوەندی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم بە مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەوە بناسین. هاوکات لە کێشەکانی ئەم هەوڵانە تێبگەین کە کۆمۆنیستە جۆراوجۆرەکان لە سەدەی بیستدا داویانە بۆ دروستکردنی کۆمۆنیزمێکی نوێ.  ئەم هەوڵانە چونکە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی مێژووی بەلشەفیزم و جۆرەکانی تری سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا بووە هەمان تێگەیشتنیان لە خەباتی چینایەتی و حزب داوە بەدەستەوە و بەم پێیەش نەیانتوانیوە لەو چوارچێوە مێژوویی و فکریەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی تێپەڕن، کە لەبەشەکانی پێشودا باسمان کرد.

 دووەمیش؛ باسکردن لە کۆمۆنیزمی کرێکاری باسکردنە لە مێژووی چوار دەیەی چالاکی سیاسی ئێمە لە کوردستانی عێراق. دەمانەوێ دەرس و تەجروبە و تێگەیشتنی خۆمان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری بخەینەڕوو تا بزانین کێشەکانی ئەم کۆمۆنیزمی سەردەمە لەچیدایە و سەرچاوەی بێ توانایی و لاوازی و کەم کاریگەری ئەم چالاکیە سیاسی و جەماوەریانەمان لە چیدابووە لە ململانێ لەگەڵ حزبە ناسیونالیستە سەرمایەدارەکانی کوردستاندا.

بەشێوەیەکی شەخسی من وەک بەشدارێکی ئەم بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە کاتێک باسی کێشەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەکەم، ئەمە ڕەخنەیەکە لە بۆچوونەکان و پراتیکی شەخسی خۆشم. بەڵام لە لێکدانەوەکانم لەم کۆمۆنیزمەدا بێلایەنیەکی زانستیانەم ڕەچاوکردووە. بێگومان ڕەخنەگرتن لەکارێک کە سێ دەیە خەریکیم ئاسان نیە، بەڵام فاکت و زانست دەموچاوێکی شەخسی نیە، و یۆنیڤێرساڵە.

کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێراندا

 

 لە پەیوەند بە کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە لە ئێراندا ، ئێمە باسی مەسەلەیەک دەکەین کە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوەکانی ئێمەوە، کە ئەویش باسی حزبە. لێرەدا باسی دەوڵەت ناکەین چونکە ئەم کۆمۆنیزمە لە ئێران و عێراقدا بەدەسەڵات نەگەیشتووە، یان نەبووە بە بزوتنەوەیەکی جەماوەریی کە مەسەلەی دەوڵەتی لە ئەجێندادابێت. هەربۆیە لە باسی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزم باسی دەوڵەت و سیاسەت و کارەکانی ئەوانمان لە ئاستی کۆمەلآیەتی و جۆری دەوڵەتدا کرد، بەڵام لێرەدا جێگای باسی دەوڵەت لەئارادا نیە. تەنیا باسی جۆری ئەم حزبە و جێگای ئەم حزبە لە تێگەیشتنی مەنسور حیکمەتدا، کەکۆمۆنیزمی کرێکاری وەک کۆمەڵێک بیروبۆچوونی تایبەت بە ئەو خۆی ناساندوە، وە هەروەها پەیوەندی ئەم حزبە لەگەڵ چەپێک کە لە ئێراندایە دەکەین. چەپ واتە ئەو ڕێکخراو و گروپانەی لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێراندا بوون و دەوری بەکردەوە و چالاک بوو لەڕوخانی شادا، لە ڕێگەی مانگرتنە کرێکاریەکانەوە پەیوەندیان بە کرێکاران و شوراکانەوە هەبووە لەکاتی شۆڕشی ئێراندا.

 بەپێی بۆچونەکانی مەنسور حیکمەتیش کێشەی سێ دەیەی سەدەی بیستی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم بریتی بووە لە دوو کێشەی سەرەکی؛ یەکەمیان دروستکردنی حزبی سیاسی، و دووەمیان خۆجیاکردنەوە لەچەپ.

 مەنسور حیکمەت دوای سێ دەیە لەکۆنگرەى سێهەمدا لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەڵێ: ”هاوڕێیان ! ئێمە دەمانەوێت “حزبی سیاسی“ پێک بهێنین و باوەڕتان بێت کە تائێستا پێکمان نەهێناوە، خەریکە پێکی دەهێنین.. ئێمە دەبێت یەک ”حزبی سیاسی” دروست بکەین. حزبی سیاسی کلیلی مەسەلەکەیە.”.. ” بەبڕوای من لەم ڕێڕەودا زۆر چووینەتە پێشەوە، دووریەک کە ئێمە لەچەپى تائێستامان گرتووە زۆرە. بەداخەوە هێشتا زیاتر لەوان نزیکترین. هێشتا بەداخەوە زیاتر لەو چەپە نزیکترین تا لە ئەرکەکانمان.” [1]

 پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی پاش سێ دەیە ئەم بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە ناتوانێ حزبی سیاسی دروست بکا؟ ئایا کێشەکە لە کوێدایە؟

 کێشەی تێگەیشتنی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە حزب و بێ توانایی لە دروستکردنی حزبی سیاسیدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە لە ڕێگەی شیتەڵکردنی پرۆسەی ٤٠ ساڵەی دروستکردن و جیا بوونەوەی حزب و گروپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و هەروەها پەیوەست کردنەوەی ئەم کێشەیە یە بە سەرچاوە مێژوویەکەی کێشەی کۆمۆنیزمی سەردەمەوە، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بەشێکە لێی. هەرچەند کۆمۆنیزمی کرێکاری خۆی لە دینایەڵ و ئینکاری کردنێک دایە لەوەی کە ئەم بەشێک بێت لە مێژووی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. بەڵام ئێمە بزوتنەوە و ڕەوت و کەسەکان بەپێی ئەوە هەڵدەسەنگێنین کە لەواقعدا چین، نەک ئەوەی چی لەسەر خۆیان دەڵێن و چۆن لەسەر خۆیان بیر دەکەنەوە.

 ئەم بزوتنەوەیە سەرەتا پرۆسەی گەڕانەوەی بۆ “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ”ی دیاری کرد بۆ خۆجیاکردنەوە لە چەپی پۆپۆلیست و ریڤیژێنست، وە بەم هەنگاوە هەم بە بەرنامە و هەم بە حزبی کۆمۆنیستی ئێران گەیشت.

بەڵام پاش ماوەیەک ئەم خۆجیاکردنەوەیەی بە کافی نازانرێ و لە ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستدا دیسانەوە خۆجیاکردنەوەی لە ناسیونالیست و چەپی هەڵبژارد تاکو بە کۆمۆنیزمی کرێکاری گەیشت.

 بەڵام دوای ماوەیەک ئەم بەرنامە و حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەش نەیتوانی لە چەپ ڕزگاری بکا و دیسانەوە بانگەوازی گەیشتن بە حزبی سیاسی کرد.

 لەکاتێکدا بڕیاربوو بە بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕاگەیاندنی ئەو حزبە، وە دواتر بە بەرنامەی دنیایەکی باشتر و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، وەڵامی کێشەی دابڕان لە چەپی پێبدرێتەوە.

 بەڵام دەبینین دیسانەوە هەمان دیاردەی چەپ بەردەوامە، وە تا کۆنگرەی سێهەمیش هەروا نیشان دەدرێ کە چەپ لەناو کۆمۆنیزمی کرێکاریدا لە سونەت و پراکتیکدا ماوەتەوە.

 دوای مەنسور حیکمەتیش ئەم پرۆسەی جیا بووەنەوە ناو خۆیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەمووی ناوی پرۆسەی سیاسی بوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و گەیشتن بە حزبی سیاسی و جیابوونەوە لە چەپ وەردەگرێ. ئەم پرۆسەیە تا ئێستاش بەردەوامە و بێ کۆتاییە.

 پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەم  پرۆسەی ڕۆشن بوونەوە و جیا بوونەوەی لەچەپ کە ٤٠ ساڵە دووبارە دەبێتەوە، بەرئەنجامی چ دەرک و تێگەیشتنێکە لە حزب؟

 پێویستە بزانین ئەم سوڕانەوە لە بازنەی بەتاڵی حزب و چەپدا لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ و ئێستا بە کوێ گەیشتووە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ سەیری ئەو مەسەلە سیاسی و کێشانە بکەین کە خەباتی چینایەتی لە ئێران لەگەڵی بەرەو ڕووبوە، وەک شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران و مەسەلەی کۆمەڵە و خەبات دژی جمهوری ئیسلامی. ئێمە لەبەراورد بەم مەسەلە و دیاردە کۆمەڵایەتیانەی خەباتی چینایەتی دەتوانین لە ناوەرۆکی ئەم هەوڵانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری تێبگەین و هەڵیسەنگێنین.  لێرەدا پابەندین بەو تێڕوانینە ماتریالیستە کە، بزوتنەوەکان دەبێ بەپێی ئەوەی لە واقیعدا چین هەڵیانسەنگێنین، نەک بەپێی ئەوەی چی لەسەر خۆیان دەڵێن.

شۆڕشی ئێران

 “شۆڕشی ١٩٧٩ کە ڕژێمی شای ئێرانی ڕوخان، تاڕادەیەکی زۆر مەزنترین شۆڕشی هەفتاکانە، وە بە ناونیشانی یەکێک لە ترسناکترین شۆڕشەکۆمەڵایتیەکانی سەدەی بیست دەچێتە مێژووەوە.. پیاوانی دینی ئیسلام تیایدا بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە باری سیاسیەوە چالاک بوون، وە جێگایەکی کۆمەڵایەتی بێ وێنەیان هەبوو لەچاو هەرشوێنێکی تری دنیای ئیسلامی و تەنانەت لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعەشدا.. هاوکات توخمێکی نوێی ئەم شۆڕشەش مۆرکی ئایدیۆلۆژیەکەی بوو کە شکڵێکی “چەپ”ی سێکۆلار، وە بەتایبەت سۆشیالیست و کۆمۆنیستی هەبوو، وە دەوری ئەم چەپە تەقلیدیە ئامادەبوو بەکردەوە و چالاک بوو لە ئێراندا، دەوری لەڕوخانی شادا، لە ڕێگەی مانگرتنە کرێکاریەکانەوە بۆ نمونە، بە هیچ شێوەیەک کەم نەبوو”.[2]

 سەرەڕای ئەم هێزە کۆمەڵایەتیەی چەپ و کرێکاران و ئامادەییان لەم شۆڕشەدا بەڵام ئیسلامی سیاسی دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ و چەپ و کرێکاران سەرکوت دەکرێن. شکستی چەپ و کرێکاران شکستی هەموو ئەم بزوتنەوەیەیە ، بەهەموو گروپ و حزبەکانیەوە.

 کۆمۆنیزمێک لە ساڵی ١٩٧٩ ئێراندا دەیتوانی پێشڕەو بێ کە بەر بە دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی ئێران بگرێ، نەک خاڵی جیاکردنەوەی تیۆری خۆی لە چەپی ئەوکات دیاری بکا. بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەو دەورەیەدا شکستی هێنا، نەک لەبەرئەوەی کە تیۆری ماوی و سۆڤیەتی بەسەریدا زاڵ بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی خاوەنی ئەو خۆ ووشیارییە سۆشیالیستیە نەبوو، چ لە نێو گروپی ڕۆشنبیرانی و چ لە نێو جەماوەری کرێکاراندا، کە دەبێ هەموو توانای شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و گروپە ڕۆشنبیرە چەپەکان بخرێتەکار بۆ تێکشاندنی هێزەکانی دژە شۆڕش، کە جمهوری ئیسلامی و خومەینیە.

 ئایا کۆکردنەوەی ئەو هێزەی چەپ و کرێکاران دژی جمهوری ئیسلامی نەیدەتوانی ببێتە حزبێکی گەورە کە بتوانێ ڕێگە لە شکستی شۆڕش بگرێ؟ ئایا وەک کۆمۆنارەکان، سەرەڕای بیروڕای جیاوازیان لە نێو خۆیاندا، نەیاندەتوانی دژی بورژوازی بۆ٧٠ ڕۆژ دەسەڵاتی شوراکان دامەزرێنن؟ ئایا ئەم تێگەیشتنە لە کۆمۆنیزم و خەباتی چیانیەتی و ئەم ئەرکی شکست پێهێنانی ئیسلامی سیاسی لە دەستوری کاری هیچ گروپێکدا هەبوو؟

 بێگومان نا، سەرەرای ئەوەش هەرکام لە گروپەکان ئەم نایەکگرتوویی و جیا بوونەوەیان بەشێوەیەک لێک دەدایەوە و پاساویان بۆ دەهێنایەوە و دواتریش کاریان بۆ تەجسیدکردن و مانەوەی دەکرد.ئەمەش هۆکاری شکستی شۆڕش بوو لە ئێراندا و دواتریش ئەم شکستە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی کۆمۆنیستی دانا بەوەی لەپەرژوبڵاوی و ناکاریگەریدا هێشتیەوە.

 حیکمەتیزم، یان “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ”ی “یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست”، وەک یەکێک لەو گروپە چەپانەی ئێران، تێگەیشتنی لە شۆڕشی ئیران ئەوەبوو کە “چینی کرێکار ڕیزی سەربەخۆی خۆی ڕێک نەخست لەشۆڕشدا و لە گشتدا بە ملکەچی بۆ چینەکانی تر هاتە مەیدانی شۆڕشەوە”[3].

 کاتێک باسی ئەم ڕیزە سەربەخۆیەی چینی کرێکاریشی دەکرد، مەبەستی ڕیزی سەربەخۆی حزبێک بوو کە لەڕێگەی خەباتێکی ئایدیۆلۆژی گروپێکەوە بەدەست دێت “خەبات بۆ سەربەخۆیی ئایدیۆلۆژی-سیاسی چینی کرێکار، پێش هەرشتێک خەباتە بۆ حزبی سەربەخۆی چینی کرێکار واتە حزبی کۆمۆنیست.”[4]

 لەبەرئەوەی حزب لەم تێگەیشتنەدا تەنیا “نوێنەری ڕێکخراوی کۆمۆنیزمە وەک ڕەوتێکی جیاواز و دیاریکراو لە بزوتنەوەی کرێکاریدا” [5] .کەواتە سەربەخۆیی ئەم حزبە واتە سەربەخۆیی ڕەوتێکی جیاواز لە چینی کرێکاردا. تەنیا ئەم ڕەوتە دیاریکراوەش بە کۆمۆنیست ناسرا کە لەڕێگەی خەباتێکی ئایدیۆلۆژیەوە دەستی کرد بە “خۆجیاکردنەوەی تیۆریمان لەگەڵ پۆپۆلیزم هەبوو”[6] .بەم شێوەیە ڕیزێک دروست بوو کە، “ناسنامەیەکی سەربەخۆی هەبوو کە لە بزوتنەوەکەدا وەک ئاڵاهەڵگری خەبات دژی پۆپۆلیزم”.[7]

  کەواتە ئەمە حزبێکە کە تەنیا لایەنگران و ئاڵاهەڵگرانی دژی پۆپۆلیستی لەخۆ دەگرێ! بەم “بەرنامە”یەش سەربەخۆیی بەدەستهێناوە و خۆی جیاکردۆتەوە لە باقی گروپە چەپەکانی تر کە “پۆپۆلیستن” و ” لەشۆڕشدا چینی کرێکار مل کەچ دەکەن بۆ چینەکانی تر” و نوێنەری وردەبورژوازین. بەم خۆجیاکردنەوەیەش سەربەخۆیی چینی کرێکار، کە خۆی لە سەربەخۆیی حزبی کۆمۆنیستدا دەبینێتەوە، بە ئەنجام گەیشت!

 بەڵام ڕەخنە و ڕۆشن بوونەوەی مەنسور حیکمەت و گروپی “یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست” لەباری تیۆریەوە، وە “خەباتی ئیدیۆلۆژی و سیاسی” ئەم ڕەوتەی “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ” نەیتوانی بەر بەو شکستە سیاسیەی کرێکاران و چەپ لە شۆڕشی ئێراندا بگرێ و هیچ دەورێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەبوو لە ڕوبەڕوبونەوەی جمهوری ئیسلامی ئێراندا.

 پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیست کاتێک ئەم گرنگیەی پەیدا دەکرد کە ئەگەر ئەم حزبە هەموو ئەم هێزە شۆڕشگێڕانەی کۆبکردایەتەوە، نەک گروپێک لە دەوری بەرنامەیەک دروست بکا و ئەم بەرنامەیە بکاتە خاڵی جیاکردنەوەی لە گروپەکانی تر. بەرنامەی کۆمۆنیستی بریتیە لە کۆکردنەوەی هەموو هێزی چینەکە نەک کۆمۆنیستەکانی خاوەن یەک خەت و یەک بەرنامە. لە شکستی شۆڕشی ئێراندا دروستکردنی حزبێک لەو کەس و گروپانەی باوەڕیان بە “بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران” نەیتوانی هیچ لەو شکستەی شۆڕش بگۆڕێ و بەم پێیە لە خەباتی چینایەتی ئەو دەورەیەدا هیچ دەورێکی سەرەکی نەگێڕا. ئەم گروپەش وەکو باقی گروپە چەپەکانی تر سەرکوتکرا و خرایە کەنارەوە.

 بەڵام لە کاتێکدا کۆمەڵگە و شۆڕش و کرێکاران پێویستیان بە بەرەیەکی کرێکاری و چەپی شۆڕشگێڕ بوو بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی و خومەینی، ئایا ئەم ئەنجامگیریەی خۆجیاکردنەوە لەچەپ دەورێکی سلبی نەگێڕا؟ ئایا باقی گروپە چەپەکانی تریش هەر بەهەمان شێوە بیرکردنەوە لە خۆجیاکردنەوە لە چەپەکانی تر، هەموویان پێکەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپیان بەرامبەر بە جمهور ئیسلامی چەک نەکرد؟

 ئەمە ئەو شتەیە کە ئەنگلس دەڵێ “کردارەکان خاوەن ئامانجێکی تاڕادەیەک خوازراون، بەڵام بەرئەنجامێک کە لەو کارانە دەکەونەوە، بەتەواوی نەخوازراون.”[8] .

 بێگومان ڕەخنە تیۆریەکانی مەنسور حیکمەت لە ئەفسانەی بورژوازی میللی و کارکردن بۆ ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران دژی بورژوازی دروستە، و باقی کۆمۆنیستەکانی پێش ئەو، وەک ترۆتسکی لەڕەخنە لە کۆمێنتێرن، وە ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و پانەکۆک لەسەر ڕیزی سەربەخۆ و شوراکانی کرێکاران ئەم بابەتە تیۆریانەیان نووسیوە. بەڵام،

 یەکەم؛ ئەمانە تیۆرێکن و پێویستە ئەنجامگیری سیاسی لێ بگیرێ  و بەتایبەت لەکاتی شۆڕشی ئێراندا ئەم ئەنجامگیریە سازکردنی بەرەیەکی سیاسی لە هەموو چەپ و کۆمۆنیست و کرێکاران بوو.

 دووەم؛ ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران لە شۆڕشدا تەنیا بریتی نیە لە گروپێک کە بەرنامەیەکیان قبوڵ بێت، بەڵکو ڕێکخستنی خەباتی چینێکە بە هەموو بەش و گروپەکانیەوە دژی چینی بورژوازی بەهەموو لق و حزب و ناوەندە ئایدیۆلۆژیەکانیەوە. وەک مارکس وتەنی؛ “هەر هەنگاوێکی عەمەلی کە بزوتنەوەی فیعلی دەینێ، گرنگترە لە دەرزەنێک بەرنامە. کەزانرا ناتوانین بەرنامەی ئیزیناخ ( کە باوەڕم وایە بەهیچ شیوەیەک بەکەڵک نایە و ڕۆحیەتی حزب تێک دەدا) تێپەڕێنین – هەلومەرجەکە ڕێگە بەمە نادات- پێویست بوو کە ڕێکەوتن بکەین، لانی کەم لەپێناو کارکردن دژی دوژمنی هاوبەش.”[9]

 بەڵام ئەم سیاسەتە لای مەنسور حیکمەت و “یەکێتی تیکۆشەرانی کۆمۆنیست” و گروپە چەپەکانی تر نەبوو، بەڵکو ئەم تیۆریانەی حیکمەتیزم بۆ خۆجیاکردنەوە لە چەپ و کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی تر بوو کە هێشتا پەیوەست نەبوو بوون بەم “خەباتە ئایدیۆلۆژی و سەربەخۆییە تیۆری و “بەرنامە”ییەوە.

 چۆن ڕاستی  یان نادروستی ئەم تیۆریانەی خۆجیاکردنەوە لە چەپ یەکلایی دەکرێنەوە؟

 “پرسیاری ئەوەی ئایا ڕاستیەکی ئۆبژەکتیڤ دەگەڕێندرێتەوە سەر بیرکردنەوەی مرۆڤ، پرسیاری تیۆر نیە بەڵکو پرسیارێکی پراتیکیە”[10].

 مەسەلەی سەربەخۆیی چینی کرێکار و شۆڕش دژی دەسەڵاتی بورژوازی وەک ڕاستیەک، مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژی نیە و بەڵکو پراتیکە و پراتیکیش هی گروپیک نیە، بەڵکو سەرجەم چینەکەیە. لە کاتێکدا ئەم ڕاستیە تیۆریانەی “سەربەخۆیی چینی کرێکار و خەبات دژی جمهوری ئیسلامی  پێویستی بە خۆجیاکردنەوەی چەپەکانە لە یەکتر لەکاتی شۆڕشدا” بە عەمەلی بەرامبەر بە دژە شۆڕشی ئیسلامی شکست دێنێ، ئەمە دەیسەلمێنێ کە ئەم تیۆریانە هەڵەن و خاوەنی ڕاستیەکی ئۆبژەکتیڤ نەبوون.

 لەکاتی شۆڕشدا مەسەلە لێسەندنی دەسەڵاتە لە بورژوازی. چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێران ئەگەر پۆپۆلیستیش بوونایە دیسانەوە هەر دەیانتوانی لەو شۆڕشەدا بە دەسەڵات بگەن. هەرچۆن لەسەدەی بیستدا نمونەی چەپی پۆپۆلیست زۆر بوون، لەچەشنی ماو و کاسترۆ و زۆرێک لە کەمپی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەر بەتێزی سێ جیهانیش کە توانیان بەدەسەڵات بگەن. کەواتە چەپی پۆپۆلیستی ئیرانیش دەیتوانی وەک ئەو چەپانە بەدەسەڵات بگات، ئەگەر چی هێشتا لە بیروباوەڕیشدا پۆپۆلیست بێت. یان کۆمەڵە توانی شەڕ لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێراندا بکات سەرەڕای ئەوەی پۆپۆلیستیش بوو. کەواتە مەسەلەکە بیروڕای بزوتنەوەی چەپ و کرێکاری نیە کە چۆن بیردەکەنەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بەرامبەر بە دوژمنی چینایەتیان و دەوڵەتەکەی و هێزە سەرکوتگەرەکانی چی دەکەن؟ ئەمە کارێک بوو کە چەپ و کرێکارانی ئێران نەیانکرد و مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاریش نەیانکرد. ئەمە هۆکاری شکستی شۆڕش و کرێکاران بوو لە ئێران و کێشە و قەیرانی کۆمۆنیزمی کرێکاریشە.

 ئایا هیچ دەرسێک لەم شکستە و لە خۆجیاکردنەوە و پەرژوبڵاوی کۆمۆنیستەکان وەرگیرا؟

 خۆجیاکردنەوەی حیکمەتیزم لەو گروپانەی پۆپۆلیستانەی وەک “چریکەکان ، ڕێکخراوی پەیکار، یەکێتی کۆمۆنیستەکان یا خود ڕێڤیژینستەکانی وەک ڕێگای کرێکار و زۆرێکی تر، تەنیا لای ئەم گروپەی حیکمەتیزم “سەربەخۆیی چینی کرێکار”ی درووستکردوە و هیچ هێزێکی سیاسی چەپ و کرێکاری لە شۆڕشی ئێراندا بەرامبەر بە هێرشی جمهوری ئیسلامی ڕێک نەخست. لە جێگای ئەمە هەموو گروپەکان سەرقاڵی “خەباتی ئایدیۆلۆژی” و بەرنامە بوون. حیکمەتیزمیش بە ئامانجی خۆی گەیشت کە “ناسنامەیەکی سەربەخۆی هەبوو کە لە بزوتنەوەکەدا وەک ئاڵاهەڵگری خەبات دژی پۆپۆلیزم”.

 بەداخەوە ئەمە میژووی هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی نیە کە لەمەیدانی ململانێی سیاسی ئێراندا بێ و ئێمە بتوانین فاکت لە سیاسەت و تاکتیکەکانی بهێنیەوە بۆ کۆکردنەوەی هێز بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، وەک چۆن لە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیەکانمان بەڵگەکانمان هێنایەوە. بەڵکو ئەمە مێژووی گروپێکی تیۆریە کە دەیەوێ خۆی ڕۆشن بکاتەوە و بەرنامە و پلاتفۆرمی هەبێ بۆ گەیشتن بە جۆرێکی تایبەت و دیاریکراو لە حزب .

  ئەم جۆری حزبە لە دوای شکستی شۆڕشدا زیاتر دەردەکەوێ و وەک گروپێک خودی خۆی دەبێتە میحوەر و مادەی کارکردن، و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی کرێکاران دەبنە مەقولە و ئامڕازێکی تیۆری کە ئەم حزبە بۆ “گەیشتن بەدەسەڵات” پێویستیەتی. دروستکردن و گەشەی ئەم حزبە و گەیشتن بەدەسەڵاتی، هەمووی لە چواردیواری ڕۆشنبوونەوەی تیۆری و بەرنامە و پراتیکی حزب خۆیەوە بەئەنجام دەگات. هەربۆیە خەباتی کرێکاران و ڕێکخراو بونیان و پەیوەندی ڕەوتە فکری و سیاسیەکانی ناو ئەم چینە، ئەمانە هیچ کامیان لە بەرنامە و ستراتیژی عەمەلی ئەم حزبەدا جێگایان نیە و لە دوای ٣٠ ساڵ لە تەمەنی ئەم حزبە هێشتا ئەم حزبە نابێتە “حزبی سیاسی” و دەرسێکی گرنگ لە شکستی شۆڕشی ئێران وەرناگیرێ، کە بزانێ جیابونەوەی ڕیزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەناوخۆدا لە یەکتر بەمانای شکستی شۆڕش دژی سەرمایەداریە.

 لەبەشی داهاتوودا لەسەر حزبی کۆمۆنیستی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری فاکت و ڕوداوە مێژوویەکانی ئەم ڕەوتە حزبیە و کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیانەی سەرەوە دەخەینە ڕوو.

٢٠

 

حزبی کۆمۆنیستی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

 پرۆسەی بوونە نوێنەری چینی کرێکار لە باری تیۆری و بەرنامەوە و خۆ جیاکردنەوە لە چەپ، ئەو بنەمایانەیە کە مەنسور حیکمەت بۆ هەڵوێستگیری سەبارەت بە  حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەیگرێتە بەر.

حزبی کۆمۆنیستی ئێران

 

 لە ساڵی ١٩٨٣ دا بە دروستبوونی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ئەنجامی یەکگرتنی گروپی “یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست” و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئیران، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ و بەتایبەتیش کۆمەڵە وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم لە کوردستانی ئێراندا لە بەرامبەر ناسیونالیزمی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا دەبێتە ڕەقیبی لە مەیدانی سیاسی و چەکداریدا.

 لەم کاتەدا مەنسوری حیکمەت ڕایگەیاند کە ئیتر “بزووتنه‌وه‌ی ئێمه‌ توانیویه‌تی ببێته‌ نوێنه‌ری تیۆری و به‌رنامه‌یی کۆمۆنیزمی ئێران. ڕه‌وتی به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ند و ئامانجه‌ سه‌ربه‌خۆ پرۆلیتارییه‌کان ده‌کا.”[11]

 وە هەروەها وتی: “چه‌پی ڕادیکاڵ له‌ چریکی فیدایییه‌وه‌، تا سۆسیالیزمی خه‌ڵکیی چه‌شنی په‌یکار، له‌ ماوه‌ی یه‌ک دوو ساڵدا هاته‌ مه‌یدان و درایه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵ و له‌ مه‌یدان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. “[12]

 بەڵام پاش ٦ ساڵ لە ١٩٨٩ ڕایەکی پێچەوانەوەی بەرامبەر بە حزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕایگەیاند کە ووتی؛ “له‌ ڕاستیدا له‌ باری چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین به‌شی ئه‌م حیزبه‌ له‌ هه‌مان نه‌ریتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕی دژی پۆپۆلیست پێک هاتووه‌” و “ئه‌م جۆره‌ مارکسیزمه‌ شۆڕشگێڕه‌، یانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕووناکبیرانی کۆمۆنیست، ده‌وره‌ی ته‌واو بووه‌ “.[13]

 وە حزبی کۆمۆنیستی ئێران “وه‌ك ڕه‌وتێکی دیاریکراوی سیاسی، مارکسیزمی شۆڕشگێڕی ئێران، خودی سۆسیالیزمی کرێکاری نه‌بوو. بلۆکێکی دژی پۆپۆلیستی بوو به‌ مه‌یله‌ جۆراوجۆره‌ جیاوازه‌کانی نێوخۆیه‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕۆشنه‌ که‌ به‌ کۆتایی پێهاتنی پۆپۆلیزم ته‌مه‌نی به‌که‌ڵکی ئه‌م بلۆکه‌ش کۆتایی پێ دێ.”[14]

 بابزانین بۆ ئەم حزبە لە “نوێنەری پرۆلیتاریا”وە گۆڕدرا بۆ چەپێکی ناکرێکاری کە تەمەنی بەسەر چووە و و چووەتە ڕیزی ئەو چەپانەی تر وەک چریک و پەیکار و سۆشیالیزمی خەڵکی کە لەمەیدان کرانە دەرەوە؟

 مەنسور حیکمەت دەڵێ “ئاشکرایه‌ که‌ په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌خنه‌ی مارکسیستی نه‌ده‌کرا چه‌پی ڕادیکاڵ به‌ره‌و چینی کرێکار و به‌ره‌و خۆ ڕێكخستنی زیاتر له‌گه‌ڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری پاڵپێوه‌ نه‌نێ.”[15] .

 کەواتە ڕەخنەکانی حیکمەتیزم ڕەوتێکی تری دروستکردووە کە کۆمۆنیزمی کرێکاریە.

 وە ئەو پێی وایە لەبەرئەوەی کە؛ “هه‌ر جۆره‌ کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ و له‌ باری فیکرییه‌وه‌ ئه‌رته‌دۆکس، ته‌نیا له‌سه‌ر بنچینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکار ده‌توانێ وجوودی هه‌بێ. “[16]

 کەواتە  ئەم ڕەخنەیەش پێویستی بە بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکارە و حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش زۆربەی لە سۆشیالیزمی ناکرێکاری دروست بووە، لەبەرئەوە جیابوونەوە لەم چەپەی ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە.

هەربۆیە ئەنجامگیریەکەی ئەوەیە کە “باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێك به‌ مانای جیاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی سۆسیالیزمی کرێکاریی ئێرانه‌ له‌ چه‌پی ڕادیکاڵی ناکرێکاریی ئێران و له‌ مێژووی ئه‌م چه‌په‌. ” [17]

 ئەمە دوو بارە کردنەوەی هەمان پرۆسەی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. پرۆسەیەک بە ڕەخنەیەکی تیۆری دەستی پێ کرد و دواتر بووە بەرنامەیەک و دواتر پێویستی بە جیا بوونەوەیەی ڕاگەیاند لەو چەپەی کە خۆی لە هەناوی ئەودا دروست بوو و ئێستاش هەمان پرۆسە بۆ دروستکردنی حزبێکی تر، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەست پێدەکا.

 ئەم دوو لێکدانەوەیە جیاواز و دژ بەیەکانەی حیکمەتیزم لەسەر حزبی کۆمۆنیستی ئێران چۆن لێک دەدەینەوە ؟

ئەوەی حزبێک سەرەتا بەهۆی گەشەی ڕەخنەیەکەوە لە چەپی پۆپۆلیست دەبێتە بەرنامە و دواتر دەبێتە ڕێکخراوی نوێنەری پرۆلیتاریا و دواتر دیسانەوە ئەم ڕێکخراوە زۆرینەی دەبێتەوە بە چەپی ناکرێکاری و پێویستی بە تیۆری و بەرنامە وحزبی ترە بۆ جیابوونەوە لەچەپی نا کرێکاریی؟

 ئەم پرسیارە سەرەکیە کە بۆچی ئەو هێزەی دوێنێی کۆمۆنیزم، کە نوێنەری پرۆلیتاریا بوو، ئەمڕۆ بوو بە چەپێکی ناکرێکاری و ئیتر ژیانی بەسەرچوو!! ئەم پێوەرە چیە کە گروپ و حزبێک دەکا بە نوێنەری پرۆلیتاریا و دوای ماوەیەک زۆرینەی ئەم حزبە دەکا بە سۆشیالیزمی ناکرێکاری و چارەنووسیان وەک چریک و پەیکار و ڕێگای کرێکاری لێ هات؟

 ئایا لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری و لە نێو گروپە ڕۆشنبیرەکانی سۆشیالیستی ئێراندا هیچ گۆڕانێکی بەم چەشنە ڕوویدا، وە یان ئەم گۆڕانکاریە لەنێو ئۆردوگاکانی کۆمەڵە و چواردیواری ڕێکخراوەی دەرەوەدا ڕویداوە و ئەم کادر و ئەندامانەی حزب لە نوێنەری پرۆلیتاریاوە بوونە چەپی ناکرێکاری؟

 وەڵامی  مەنسور حیکمەت بۆ ئەم ناکۆکی و گۆڕانەی حزب ئەوەیە کە گۆڕانێکی تیۆری بەسەر ئەم حزبەدا هاتووە کە بەشێکی حزبی کردۆتە کۆمۆنیزمی کرێکاری.

 ” په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌خنه‌ی مارکسیستی چه‌پی ڕادیکاڵ به‌ره‌و چینی کرێکار و به‌ره‌و کۆمۆنیزمی کرێکاری”

 بەڵام بۆچی ئەو ڕەخنە تیۆریە هەموو ئەم حزبە کە تا چەند ساڵ لەوەوبەر نوێنەری سەربەخۆی پرۆلیتاریا بوو نەکردە کۆمۆنیزمی کرێکاری؟! بەپێچەوانەوە زۆربەی ئەم حزبە لە نوێنەری پرۆلیتاریاوە بەرەو دواوە وەرگەڕا و بووە “چەپێک کە مێژووی تەواو بووە”؟!

 ئەگەر دەڵێین حزبی کۆمۆنیستی ئێران هێزێکی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم بوو لە ئێراندا، ئەی بۆچی بە تیۆریەک ئەم ئاڵوگۆڕەی بەسەردا هات و لە پڕێکدا زۆربەی گۆڕدرا بۆ سۆشیالیزمی ناکرێکاری و چەپی دژی پۆپۆلیست؟!

بۆ تێگەیشتن لەم جێ گۆڕکێ کۆمەڵایەتیەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران دەبێ جێگەی خودی حیکمەتیزم تێ بگەین.

 مەنسور حیکمەت لە ناساندنی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا دەڵێ؛ “ئه‌و بزاوته‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌ تیۆریك و سیاسییه‌ که‌ له‌نێو چه‌پی ڕادیکاڵی ئێراندا پێک هات”[18]. کەواتە جێگای کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاریش هەمان “بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕووناکبیرانی کۆمۆنیست”ە.

 بەم پێیە ئەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە چەپی ڕادیکالی ئێران جیادەکاتەوە “ڕەخنەی تیۆری و ڕەخنەی سیاسیە” . هەربۆیە ڕەخنەی تیۆری لێرەدا دەبێتە پێوەری کۆمۆنیستی کرێکاری بوون یان چەپی ڕادیکاڵ، بەوەی ئەمەی یەکەمیان خاوەنی تیۆر و بەرنامەی ڕادیکالترە و لێرەوە جێگەی “نوێنەرایەتی پرۆلیتاریا” بە چەپی ناکرێکاری چۆڵ دەکا.

 بەڵام ئەگەر کۆمۆنیزمی کرێکاریی بەرهەمی ئەم ڕەخنە تیۆریە بێ کەواتە بۆ ناکرێ چاوەڕوان بین ئەمیش هەروەک حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کە “نوێنەری پرۆلیتاریا” بوو، بە ڕەخنەیەکی تیۆری تر ببێ بە چەپێکی ناکرێکاری تر.

 ڕودانی ئەم ئەگەرە کراوەیە، چونکە جێگای کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاریش تەنیا لەباری تیۆریەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. کەواتە تیۆریەکی تر دەتوانێ کۆمۆنیزمی کرێکاریش لە “نوێنەرایەتی پرۆلیتاریا” بخات. ئەمە ئەو پرۆسەی بازنە بەتاڵەی نێو گروپە ڕۆشنبیریە سۆشیالیتەکانی چینی کرێکارە کە بەهۆی دابڕانیان لە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی کرێکاران بەردەوام دابەش بوونە ناچاریەکانی خۆیان تیۆریزە دەکەن. هەمیشەش بانگەوازی ئەوەدەکەن کە گروپە ڕۆشنبیریەکانی تر گۆڕاون بە چەپی ناکرێکاری و پاساوی جیا بوونەوە و دوور کەوتنەوە لە یەکتری و سێکتاریزمی پێدەکەن. مانەوەی گروپە ڕۆشنبیریەکان بە دابڕاوی لە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی دەیانکاتە گروپی ئایدیۆلۆژی وەک کەنیسە جۆراوجۆرەکانی مەسیحیەت کە لە جەماوەری کریستیانەکان جیادەبنەوە و دینەکەیان بەپێی کەنیسەکانیان دابەش دەکەن بە سێکتی جیاجیاوە.

 ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم کێشەیەی توشی حیکمەتیزم بووە پێویستە سەیری واقعیەتی دروستبوونی گروپە ڕۆشنبیریەکانی چینی کرێکار بکەین لە مێژووی سەدەی بیستدا کە بۆچی ئەم شکڵ و قاڵبە سێکتاریستانەیان وەرگرتووە و ناتوانن وەڵامدەرەوەی ئەو گۆڕانکاریانەدا بن کە بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی کۆتایی سەدەی ٢٠ و ئێستاماندا هاتووە.

 گرامشی دەڵێ؛ ”دروستبونی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان لە ناو چینی کرێکاردا کێشەیەکی ئاڵۆزە لە بەرئەوەی کە فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرن کە لە مێژووی ڕاستەقینەی شکڵگرتنی توێژ و کاتیگۆری جیاوازی ڕوناکبیرانی ئەم چینەوە هاتوون. “[19]

 کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیکمەتیزمیش وەک یەکێک لەم گروپە ڕۆشنبیریانە دەرگیری هەمان کێشەی چەپە. کێشەی خۆجیاکردنەوەی تیۆری لە گروپەکانی تر بەو خەیاڵەی ئەم گۆڕانە تیۆریە ئەم گروپە بەرەو “چینی کرێکار و به‌ره‌و خۆ ڕێكخستن له‌گه‌ڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری” دەبا. بەڵام تەجروبەی حیکمەتیزم پێمان دەڵێ کە جیابوونەوەی ئەم گروپانە ڕێگە چارە نیە بەڵکو تێکەڵاو بوونی ئەم گروپانە لەگەڵ یەکتر و تیکەڵاو بوونی هەموویان بە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتیەوە گرێی گەشەنەکردنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەکاتەوە.

 هەربۆیە ئەنجامگیریی ئەوەی کە “باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێك به‌ مانای جیاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی سۆسیالیزمی کرێکاریی ئێرانه‌ له‌ چه‌پی ڕادیکاڵی ناکرێکاریی ئێران و له‌ مێژووی ئه‌م چه‌په‌. “[20] تەنیا ئەنجامگیری یەکی لۆژیکی کە گروپە ڕۆشنبیرە دابڕاوەکان لە خەباتی چینایەتی پێی دەگەن و بە ڕاستی دەزانن.

 بەڵام لە واقعدا ئەم ئەنجامگیریە بۆ ئەم دابڕانە لە مێژووی حزبی کۆمۆنیستی ئێران هەنگاوێک بوو بۆ دواوەوە لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێراندا . حیکمەتیزم بەم جیابونەوەیە لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران هەرچی زیاتر بەرەو قاڵبی گروپێکی ئایدیۆلۆژی هەنگاوی نا، کە چیتر توانای هەڵکردنی لەگەڵ هیچ مەیل و  بەشێکی تری ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا نیە و بەم پێیە لە گەیشتن بە حزبی سیاسی چینی کرێکار دوورتر کەوتەوە. بابزانین ئەم حوکمەمان چۆن لە مێژووی نوێی ئەم کۆمۆنیزمی کرێکاریی یە دا خۆی نیشان دەدا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

 

 لەگەڵ ڕوداوەکانی شەڕی کەنداوی یەکەم لە ١٩٩٠ ئەمجارە کێشەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ چەپی ناکرێکاری ناو حزب لاوەکی دەبێتەوە و مەنسوور حیکمەت لە ململانێی لەگەڵ ڕەوتی ناسیونالیستی کوردی ناو کۆمەڵەدا دەگاتە ئەو باوەڕەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەبێ حزبی کۆمۆنیستی ئێران بەجێ بێڵێ. هەرچەند ململانێی سیاسی لەگەڵ ناسیونالیزمی کورد لەناو کۆمەڵەدا گرنگ و دروست بوو، بەڵام لەلایەن حیکمەتیزمەوە مەسەلەی کێشەی سەرەکی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ “چەپی ناکرێکاری” ناو حزب کە بە زۆرینەی حزب دادەنرا بەتەمومژاوی بەجێدەهێڵرێ.

 لە کاتێکدا پێش شەڕی کەنداو و پێش تووند بوونەوەی کێشەی لەگەڵ ناسیونالیزمی کوردی ناو کۆمەڵەدا بە دوای شەڕی کەنداو دا، مەنسوور حیکمەت ڕایگەیاند کە “به‌رنامه‌یه‌کی حیزبی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ ده‌نووسین و بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ به‌رنامه‌ی حیزب هه‌وڵ ده‌ده‌ین. له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌ و له‌سه‌ر بنچینه‌ی مه‌وازینی حیزب، ڕابه‌ریی حیزب و هه‌موو پایه‌ ڕێکخراوه‌یییه‌کانی حیزب ده‌بێ بدرێته‌ ده‌ست سۆسیالیزمی کرێکاری و حیزب خۆی له‌سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ریته‌ سیاسی و ڕێکخراوه‌یییه‌کانی ئه‌م ڕه‌وته‌ ڕێك بخا.” [21]

 سەرەتا مەسەلەی جیابوونەوەی خۆی لە “حزبی کۆمۆنیستی ئێران” شەخسی دەکاتەوە و مەنسور حیکمەت وەک ئەندامێک وازدەهێنێ. بەڵام هۆیەکانی باسی دەکا لە نامەی دەست لە کارکێشانەوەکەی لەساڵی ١٩٩١شەخسی نین. ئەو دەڵێ “کۆمەڵێک ئەرکی مێژوویی بۆ کۆمۆنیستی ئەمڕۆ هەیە کە هیچ کامیان لە مێژووی ئێران، مێژووی شۆڕش لە کوردستان، پلمیکی چەپەکانی ئێران و ئەوانی ترەوە سەرچاوە ناگرێ و ڕەنگی ناو وڵاتی پێوە نیە. ئەمە مەسەلەیەکی جیهانیە.” و “زیاتر خەریکی درێژەدانی مێژوویەکم کە لەحاشیەی ئەم ڕوداوانەدایە و هەرچی زیاتر بێ مانا دەبێ.” [22]

 بەڵام دواتر ئەو خۆی وەک نوێنەری ڕەوتێکی تر لە ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا دەناسێنێ و دەڵێ “ڕەوتێکی ترهەیە لەناو حزبدا، گرایش و مەیلی سۆشیالیزمی کرێکاری و مارکسیستیە کە لە شۆڕشی ٥٧ و شۆڕشی کوردستانەوە سەرچاوە ناگرێت، لە ئامانجە گشتیەکانی خۆیەوە دەجوڵیتەوە و هەوڵ دەدا کە قسەی بناغەییەتری مارکسیزم بخاتەڕوو.”[23] .وە ئەنجامگیریەکەی ئەوەیە کە “بزوتنەوەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە دواکەوتوەکان و دامەزراندنی دیموکراسی پەرلەمانی ئێستا کرێکاران سەرکوت دەکەن. بزوتنەوە نەتەوەییەکان مافی کرێکار زەوت دەکەن. ئەم مەیلانە ئیمکانی هەبوو لە ساڵێ ١٩٧٨-١٩٧٩ خاڵی هاوبەشیان لە دژی سەرکوت یان ئیمپریالیزم هەبێ.”  .بەڵام ئەمڕۆ”ئەم سێ گرایش و مەیلە دەبێ جیاببنەوە لە یەکتر.”[24]

سەبارەت بە شەخسی خۆشی دیسانەوە دەڵێ” مەسەلەیەکی تر کە جیابونەوەی من پێویست دەکا ئەوەیە کە جیاوازیم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کادرە کۆنەکانی حزبدا هەیە و ئەوان بە مارکسی نازانم.”[25]

 لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ جیابوونەوە لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران بەپێی قسەکانی سەرەوەی مەنسور حیکمەت ئەوە بوو کە دەبێ “حیزبێکی یه‌ك پایه‌ و یه‌ك مه‌یلی” کۆمۆنیزمی کرێکاری دامەزرێنێ و لەو مێژووی چەپەی زۆرینەیە لە حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا داببڕێ. هەروەها پێ داگری دەکا لەسەر دابڕان لە مێژووی کۆمۆنیزم لە ئێران.

 لێرەوە جارێکی تر ڕەوایەتی جیا بوونەوە لە چەپی ناکرێکاری ناو “حزبی نوێنەری پرۆلیتاریا”ش ڕەواج پەیدا دەکا و تیۆری جارێکی تر دەبێتەوە بەو پێوەرەی کە خەتی نێوان سۆشیالیزمی کرێکاری و ناکرێکاری لەناو حزبێکی کۆمۆنیستیدا دەکێشێ. بەپێی ئەم دیدگایەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ حزب  “ئه‌م حیزبه‌ ده‌بێ ببێته‌ حیزبێکی یه‌ك پایه‌ و یه‌ك مه‌یل.”[26]

 وەک ئاماژەمان پێکرد، ئەم پرۆسەی بوونە نوێنەری چینی کرێکار لە باری تیۆری و بەرنامەوە وخۆجیاکردنەوە لە چەپ، ئەو بنەمایانەیە کە مەنسور حیکمەت بۆ هەڵوێستگیری سەبارەت بە  حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و دروستکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەیگرێتە بەر، سەرەڕای ئەوەی پاساو و هۆیەکان لەهەر دەورەیەکدا شتێک بوون.

 باچەند نمونەیەک لەم حزبە “یەک پایە و یەک مەیلە “بهێنینەوە ،کە پاساوی جیابوونەوە بوو لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران، بزانین ئایا ئەم حزبە چۆن کاردەکا و کێشەکانی ناوخۆی چۆن سەیر دەکا؟

 لەساڵی ١٩٩١دا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ڕادەگەیەنرێ. بەڵام لەناو ئەم حزبە تاک مەیل و تاک پایەشدا هێشتا کۆمۆنیزمی کرێکاری لەو چەپە ڕزگاری نابێ کە بڕیاربوو “کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێك به‌ مانای جیاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی سۆسیالیزمی کرێکاریی ئێرانه‌ له‌ چه‌پی ڕادیکاڵی ناکرێکاریی ئێران و له‌ مێژووی ئه‌م چه‌په‌ بێت “.

 لە ساڵی ١٩٩٩جیابوونەوەی “ئیرەجی ئازەرین و رەزا مقدم” کە لە دامەزرێنەرانی “کانونی کۆمۆنیزمی کرێکاری” بوون و کۆمەڵێک کادری ئەو حزبە لای مەنسوور حیکمەت بەوە دەزانرێ کە “ئەم ڕوداوە بەزیان نەبووە، ڕاستیەکەی بەڕای من دەتوانین بیگۆڕین بە خاڵێکی بەهێزی گرنگ لە ڕێڕەوی دروستبوونی حزبمان. ئەم ڕوداوە هاوڕێیانی هێنایە مەیدان تا لە ڕێکخراوەکەیان ، لە یەکێتی بۆ شۆڕشی کرێکاری.. لەبەرامبەر بێ ئومێدی و پرسیاری عرفانی و هەڵچوونی ڕۆحی بیپارێزن”[27].

 هەربۆیە لەم جۆرە لە کۆمۆنیزمە کرێکاریەدا “ئەم ڕوداوانە بەزیان نەبووە”، بەڵکو جیابوونەوە ڕوداوێکی پێویستە کە حزب هەمیشە دەبێ خۆی پێ پاک بکاتەوە لەم چەپانە، لەبەرئەوەش ئەمە “خاڵێکی بەهێزی گرنگە لە ڕێڕەوی دروستبوونی” حزبی سیاسی”دا!

 بەڵام دیسانەوە دوای ئەوەی ڕزگاربوون لەو “دەستە چەپە بێ ئومێد و عرفانیەش”، هەمان دیاردەی چەپ هەربەردەوامە و تا کۆنگرەی سێهەمیش لە ساڵی ٢٠٠٠واتە سێ دەیە لەتەمەنی حیکمەتیزم هەروا نیشان دەدرێ کە چەپ لەناو کۆمۆنیزمی کرێکاریدا لە سونەت و پراتیکدا ماوەتەوە.

 هەربۆیە دوای مەنسور حیکمەتیش ئەم پرۆسەی جیابوونەوە ناو خۆیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەمووی بەناوی پرۆسەی حزبی سیاسی و مودەعی قودەرت بوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری و جیابوونەوە لە چەپ ڕویدەدا، کە بەبێ وەستان هەربەردەوامە. سیناریۆی جیابوونەوەکانی ناو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دوایی مەنسور حیکمەت  نیشانمان دەدا کە هەمووی یاری کودەتا بەسەر کورسی “نوێنەرایەتی پرۆلیتاریا” بوو. تا ئێستاش بەپێی ئەم دیدگا و میتۆدە هەر دێت و کۆمۆنیزمی کرێکاری دابەش دەبێ بۆ گروپی بچوک و بچوکتر و هەموشیان هۆیەکی بۆ بوونی ڕەقیبەکانیان بە چەپی ناکرێکاری و ڕزگارنەبوون لە چەپ دەیگەڕیننەوە.

 نمونەیەکی تر کارکردنی ناوخۆیی ئەم حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەیە لە باڵاترین ئاستیدا، کە پلەی لیدەرە.

 تێگەیشتن لەم خاڵە پێویستە تا لە شێوازی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و کارەکتەرەکەی بگەین.

 مەنسور حیکمەت لیدەرشیپی بە یەکێک لە پێویستیەکانی حزبی سیاسی دەزانی، بەڵام لە کاتێکدا خۆی ناتوانێ دەوری لیدەر ببینێ باسی لیدەر دەخاتە لاوە و دەیگۆڕێ بە “ڕابەری دەستەجەمعی”. ئەو دەڵێ؛ “هەڵبژاردنی کەسێک بە ناونیشانی لیدەر، تا ئەو کاتە بەشیوازێکی کارساز دەژمێردرێ کە؛ یەکەم، کاندیدگەلێکی کافی و ئامادە بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە لە ئارادا بێت. دووەم، لەهەمان کاتدا، کەسێک وەیان چەند کەسێک لە کاندیدەکانی ئەم پۆستە، لەئۆتۆریتەیەکی سیاسی و مەعنەوی جێکەوتوو، کە یەکگرتویی کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی حزب لەژێر ڕابەرایەتی خۆی ڕابگرێ، بەهرەمەند بێت. ئەگەر بەم جۆرە نەبێت، ئەوا ئەشێ، بەیەکێک لە گەورەترین کێشەکانی سازمانکاری ڕابەری ،بگۆڕێت”.[28]

 ئەم تێڕوانینە لە حزب کە لیدەری تەنیا بە توخمێکی هەڵبژاردە دەکرێ جێگای تێڕامانە! لیدەری تەنانەت بە دەیان یاخود سەدان کەسێک ناکرێ زیاتر لە ٣٠-٤٠ ساڵیان لەگەڵ ئەم جۆرە کۆمۆنیزمەدا بەسەر بردووە!  ئەو هێشتا پێی وا نەبووە کە “کاندید گەلێکی کافی و ئامادە بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە لە ئارادا بێت”!!

 لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە لە ٣٠-٤٠ ساڵ لەکارپێکەوەکردنی حزبێکی گەورە و گراندا “کەسێک وەیان چەند کەسێک لە کاندیدەکانی ئەم پۆستە، لەئۆتۆریتەیەکی سیاسی و مەعنەوی جێکەوتوو، کە یەکگرتویی کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی حزب لەژێر ڕابەرایەتی خۆی ڕابگرێ، بەهرەمەند بێت” دروست نابێ.!!

 ئەمە چ پرۆسەیەکی عەجیبی پەیداکردنی ئۆتۆریەتەی سیاسی و مەعنەویە! ئەمە چ جۆرە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی و دابڕاوە لە خەباتی چینایەتی کرێکاران. ئەمە لە پۆستی مەرجەعی شیعەکان دەچێ کە دەبێ ٣٠-٤٠ ساڵ بخوێنن و یاخود لە دیاریکردنی پاپای کاسۆلیکەکان دەچێ کە دەبێ لەسەروو ٧٠ ساڵەوە بێ تەمەنیان.

 ئایا بەڕاستی ئەگەر کرێکاران بیانەوێ نوێنەرێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خاوەنی کارگە دیاری بکەن ئەم هەموو ساڵەی پێ دەچێ؟ بۆچی لە خەباتی دژی سەرمایەداریدا کرێکاران هەموو پلەوپۆستەکانیان بەئاسانی هەڵدەبژێرن و هیچ کام لەم مەقامە بیرۆکراسیانەیان پێویست نیە. بەڵام نوێنەرایەتی کردنی حزبێکی گروپی چەند سەد کەسی، ئایا “توخمێکی هەڵبژێردراوی ئیلاهی” یت دەوێ تا ئۆتۆریتە لە ناو گروپەکەتدا پەیدابکەی، وە تا شایەنی نوێنەرایەتیکردنێك ببیت؟

 کێشەکە لێرەدایە کە تەنیا مەنسور حیکمەت لەو حزبەدا گەشتبووە ئەم پلەوپایەیە. ئەمە بۆ خۆی جێگای ئەو پرسیارەیە کە ئەم حزبە وەک مۆدیلی دەوڵەتی داهاتوو، هەمان بیرۆکراتیزمی حزبی بەلشەفی دوبارە ناکاتەوە؟ وەک ترۆتسکی لەسەر ئەم مۆدێلە زۆر بە دروستی لە سەرەتاوە ووتی؛  “ئەم شێوازە لە سیاسەتی ناوخۆی حزبدا بە دۆخێک کۆتایی دێت کە ڕابەری حزب جێگای حزب و دواتر کۆمیتەی ناوەندی جێگای ڕابەری دەگرێ و سەرئەنجام یەک دیکتاتۆر جێگای کۆمیتەی ناوەندی دەگرێت و دۆخێک دروست دەبێ کە کۆمیتە حزبیەکان بەبێ بەشداری جەماوەری خەڵک هەمیشە سیاسەتەکانی خۆیان دەگۆڕن.” [29]

 بۆچی ئەگەر ئەمە حزبی  کرێکارانە لەماوەی ٢٠ساڵدا لەهەموو ئەو ئەندامانەی کە ٣٠-٤٠ ساڵێک پێکەوە خەبات دەکەن تەنیا یەک کەس “خاوەنی لەئۆتۆریتەیەکی سیاسی و مەعنەوی جێکەوتوو، کە یەکگرتویی کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی حزب لەژێر ڕابەرایەتی خۆی ڕابگرێ، بەهرەمەند بێت”.؟!

 ئەم حزبە بە چ پرۆسەیەکی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەییدا تێپەڕ بووە تا تەنها یەک ئۆتۆریتەی هەیە.

 ئایا ئەمە بە کارێکی ئاسایی ناو حزبێکی کرێکاری دادەنرێ، کە دەبێ “ڕۆحی دەوڵەت”ی داهاتووی کرێکاران بێ، کە تیایدا هیچ پلەوپۆستێکی سیاسی بەمانای ئیمتیازاتی مادی و سیاسی و ڕێکخراوەیی نابێ؟

 کۆمۆنیزم بریتیە لە هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و حزب و پلە و پۆستی سیاسی و ئۆتۆریتەی سیاسی  Authorityواتە دەسەڵاتدارێتی سیاسی،  بەوپێیەی “لەگەڵ یەکەم هەنگاوی بۆکردنی موڵکیەتی سەرمایەداران بە موڵکی دەوڵەت” ئیتر دەوڵەت و حزبی کرێکاری مۆرکی سیاسیان نابێ و دەبنە دەزگایەکی ئیداری کە پێویستیان بە سەرۆک و لیدەر نابێ و هەموو کرێکارێک دەتوانێ ببێتە نوێنەر بۆ هەر پلەوپۆستێک و کار و بەڕێوەبردن بەشێوەیەکی هاوکاری و هاوبەش بەڕێوەدەبرێ.  ئەگەر لە حزبێکدا دوای ٣٠-٤٠ ساڵ نەتوانی لیدەر شیپی ببێتە پۆستێک کە هەر ئەندامێکی سادەش بتوانێ خاوەنی بێ، ئایا لە دەوڵەتێکدا پۆستی سەرۆکی حکومی لە چەند ساڵدا دەبێتە کارێکی ئاسان، کە “ژنێکی ناو مەتەبخ” وەک لینین دەڵێ، بتوانێ ئەو پۆستە وەرگرێ؟

 ئەمە میراتی ئەو بیرۆکراسیەیە کە لە مێژووی مۆدیلی حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە لە ناو کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ماوەتەوە و بووەتە کارەکتەری پلە باڵای ئەم حزبە.  سەرەڕای ئەو هەموو ڕەخنە دروستانەی لە ئابوری سۆڤیەت و سەرمایەداری دەوڵەتی گیراوە لەلایەن حیکمەتیزمەوە، بەڵام دیدگای مەنسور حیکمەت تەواو هاوڕایە لەگەڵ ئەم مۆدێلە لە دیکتاتۆری حزبیدا، بەوەی کە ناوی دەوڵەتی کرێکاری لە دەوڵەتی سۆڤیەت دەنێ و لەباری سیاسیەوە ئەو مۆدێلی دیکتاتۆری حزبیەی بەلشەفیەکان بە کێشەی سەرەکی نابینێ. ئەمەش خاڵی هاوبەشی تێروانینی بەلشەفی و حیکمەتیزمە لە حزب و لیدەریدا.

 بێگومان کۆمۆنیزم پێویستی بەو شیوازە نیە لە نوێنەرایەتی و پۆست و لیدەری، بەڵکو وەک مارکس وتەنی، کۆمەڵگە و کرێکاران خۆیان لە “نوێنەرەکانیان دەپارێزن تا نەبنە سەرۆکیان بەڵکو خزمەتکاربن”.

 لەدوای نەمانی مەنسوری حیکمەت ئەم دیدگایە بۆ لیدەر بووە مایەی ئەوەی شەڕی ڕەوایەتی ئۆتۆریتە بۆ لیدەری لە نێوان کۆرشی مودەرسی و حەمیدی تەقواییدا لەناو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراندا بگاتە ئاستێک کە ئەو حزبە “یەک مەیل و یەک پایە”یەی کرد بە دوو بەشەوە. وە دوای ئەویش شەڕ لەسەرئەوەی کێ نوێنەرایەتی خەتی حیکمەتیزم دەکا حزبی حیکمەتیستی کرد بە دوو بەشەوە. دوای ئەمەش دیسان جیابوونەوەی تر بەهۆی  ئەم شەڕی ئۆتۆریتە و میراتگریەی نێو کۆمۆنیزمی کرێکاری درێژەی هەیە و بە بەردەوامی گروپ و حزبی تری لێ دەبێتەوە.

 لەم مێژوەوە بۆمان دەردەکەوێ کە هەموو ئەم خەباتە تیۆری و ئیدیۆلۆژی و سیاسیە لە چواردیواری حزبێکدا دەچێتە پێش، وە زۆربەی کاری ئەم کۆمۆنیزمە بریتیە لە ڕۆشنکردنەوە و جیاکردنەوەی خۆی لەو ڕەوتانەی تر کە لەناو حزب خۆیدا یان لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا هەیە. بە پێی ئەم بەرنامە و ڕۆشنبوونەوە تیۆریانەش مۆری حزبی کۆمۆنیست و نوێنەری سەربەخۆیی چینی کرێکار هەر جارەی لە کەسێک و گروپێک دەدرێ و کەسانێکی تر مۆری چەپ و ناکرێکاری و پۆپۆلیست و هتد لێیان دەنرێ و لە بزوتنەوەکە دەکرێنە دەرەوە. لەم پرۆسەیەدا هەر لایەک بە تیۆریەکی  تازەوە دێتە دەردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەم تیۆری و گروپانە توانیبێتیان لەبواری خەباتی چینی کرێکار و مەیدانی خەباتی چینایەتیدا پێویستیەکانی کرێکاران بەم هەموو گروپ و بەرنامە و تیۆریانە بسەلمێنن، وە یان لەلایەن کرێکارانەوە ئەم جیاوازیانەی نێوان گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان هیچ دەورێکی لە خەباتی ڕۆژانەی ئەواندا هەبێ.

 ئەمە پرۆسەی مێژووی نیو سەدەی کاری ئێمەیە تا نووسینی ئەم کتێبە، کە ئایدیای خۆجیاکردنەوە لەچەپ بەردەوامە، سەرەڕای ئەمەش کۆمۆنیزمی کرێکاری هێشتا نەیتوانیوە بگات بە “حزبی سیاسی”. بۆیە لێرەدا دەبێ هەڵوێستێک لەم مێژووەی تا ئێستامان بکەین تا بزانین کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری چیە؟

٢١

 

کێشەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی چیە؟

 

 بە تێڕوانین لەو پرۆسە تیۆری و حزبیەی  مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە کرێکاریە لە ئێراندا لە دوو بەشی پێشوودا خستمانە ڕوو، ئەم کێشانەی خوارەوەمان لە کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بۆدەردەکەوێ؛

یەکەم؛ دابڕانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە مێژوو

 

 ئێمە لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا، کە لە ژێر ناونیشانی “چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟” دایە، باسی گروپ و سێکتە کۆمۆنیستیە جیاوازەکانی سەدەی بیستمان کرد کە چ تێگەیشتنێکیان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە. هەمان ئەم تێگەیشتنە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریشدا زاڵە، بەوەی کە مێژووی گروپەکەی خۆی بە مێژووی چینی کرێکار و خەباتی چیانیەتی دادەنێ. حیکمەتیزم بەپێی تیۆر و بەرنامەی خۆی قاڵبێک دروست دەکا کە چ بەشێک لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریە و کامیان چەپی ناکرێکاریە؟ ئەم پێوەرە تیۆریە جێگای مێژووی واقعی گروپی کۆمۆنیزمی کرێکاری دەگرێتەوە. بەم شێوەیە وای دادەنێ کە هەربۆیە ئەنجامگیریی ئەوەی کە “باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێك به‌ مانای جیاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی سۆسیالیزمی کرێکاریی ئێرانه‌ له‌ چه‌پی ڕادیکاڵی ناکرێکاریی ئێران و له‌ مێژووی ئه‌م چه‌په‌. “[30]

 بەڵام بابزانین ئایا ئەم دابڕانە مێژووییە لە دنیای واقعدا ڕویداوە یاخود تەنیا لە دووتوێی بەرنامە و فکری ئەم گروپەدا بووە؟

  لە کاتی جیابوونەوە لە حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا مەنسور حیکمەت بەوە دەست پێ دەکا کە  “ئه‌م جۆره‌ مارکسیزمه‌ شۆڕشگێڕه‌، یانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕووناکبیرانی کۆمۆنیست، ده‌وره‌ی ته‌واو بووه‌”.[31] وە هەروەها وتی: “چه‌پی ڕادیکاڵ له‌ چریکی فیدایییه‌وه‌، تا سۆسیالیزمی خه‌ڵکیی چه‌شنی په‌یکار، له‌ ماوه‌ی یه‌ک دوو ساڵدا هاته‌ مه‌یدان و درایه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵ و له‌ مه‌یدان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. “[32]

 با وای دابنێین کە ئیتر گروپە چەپە ناکرێکاریەکان لە ئیران، وەک چریک و ڕێگای کرێکار و ئەوانی تر ، تەواو بوون. هەرچەند ئەمە لە ڕاستیدا وانیە و ئێستا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و حیکمەتیستەکان لە یەکێتی کارکردندان لەگەڵ ئەو گروپانەدا! پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا مێژووی “کۆمۆنیزمی کرێکاریی” خۆی چیە؟

 ئەگەر ئەم مێژووە لە مارکسیزمی شۆڕشگێڕەوە دەست پێ دەکا، کەواتە مێژووی حیکمەتیزم مێژووی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕووناکبیرانی کۆمۆنیستە، کەواتە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە بزوتنەوەیەکی ڕوناکبیرانەوە دەستی پیکردوە. باشە چۆن بزوتنەوەیەکی ڕوناکبیری کە “ده‌وره‌ی ته‌واو بووه‌ ” دەگۆڕدرێ بە سۆشیالیزمی کرێکاری؟

 حیکمەتیزم پێمان دەڵێ کە لە ئەنجامی “په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌خنه‌ی مارکسیستی چه‌پی ڕادیکاڵ به‌ره‌و چینی کرێکار و به‌ره‌و کۆمۆنیزمی کرێکاری”[33] ئەم بزوتنەوەی ڕوناکبیرانە گۆڕاوە بۆ بزوتنەوەیەکی کرێکاریی کە مێژووی لە چەپی ڕۆشنبیران جیاوازە.!

 بەڵام لە دنیای واقعدا چۆن بزوتنەوەیەکی چەپی ناکرێکاری دەبێتە بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی کرێکاری تەنیا لەڕێگەی ڕەخنەوە. ئایا لێکدانەوەی ماتریالیستی و زانستی بۆ مێژوو ڕێگەی گۆڕانی مادی “توێژێکی ڕوناکبیری ناکرێکاری” دەدا بۆ چینێکی کرێکار، کە چینێکی جیاوازە لەو توێژە؟  ئایا ئەم گروپەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی چۆن لەماوەی ٦ ساڵدا، واتە لە ١٩٨١بۆ ١٩٨٩، لەئیراندا لە گروپێکی ڕۆشنبیرانەوە بوونە بزوتنەوەیەکی کرێکاری سۆشیالیستی؟ لەکاتێکدا ئەم گروپە تەنانەت “لە ناو حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشدا زۆرینە نیە” و “له‌ ڕاستیدا له‌ باری چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین به‌شی ئه‌م حیزبه‌ له‌ هه‌مان نه‌ریتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕی دژی پۆپۆلیست پێک هاتووه‌”.[34]

 دواتریش دەڵێ “ڕەوتێکی ترهەیە لەناو حزبدا، گرایش و مەیلی سۆشیالیزمی کرێکاری و مارکسیستیە کە لە شۆڕشی ٥٧ و شۆڕشی کوردستانەوە سەرچاوە ناگرێت، لە ئامانجە گشتیەکانی خۆیەوە دەجوڵیتەوە وهەوڵدەدا کە قسەی بناغەییەتری مارکسیزم بخاتەڕوو.” [35] “وە لەم مارکسیزمەشدا “جیاوازیم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کادرە کۆنەکانی حزبدا هەیە و ئەوان بە مارکسی نازانم.”[36]

 لەم قسانەی مەنسور حیکمەتەوە دەردەکەوێ کە کۆمۆنیزمی کرێکاری نە لە شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران و نە شۆڕشی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و نە لە حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشەوە سەرچاوە ناگرێ و سەر بەو مێژووە نیە، بەڵکو”لە ئامانجە گشتیەکانی خۆیەوە دەجوڵیتەوە.”، واتە لە کاتی دەستپێکردن بە نوسینەکان و بەرنامەی ئەم گروپە خۆیەوە ئەم مێژووەی “کۆمۆنیزمی کرێکاریی” دەست پێ دەکا، وە لە مێژوویەکی واقعی دابڕاوە، کە ئەم گروپە ڕۆشنبیرەی لێوە هاتووە.

 ئەگەر ئەم پێوەرە لەلایەن هەموو گروپ و کەسایەتیە کۆمۆنیستەکانەوە بگیردرێتە بەر بۆ ناساندنی مێژووی چینی کرێکار و بزوتنەوە کۆمۆنیستیەکەی، ئەوا هیچ کات ئەم مێژووە بونی نابێ. چونکە هەر کەسێک بە هێنانی تیۆرێک خۆی دەخاتە جێگرەوەی چینەکە و گروپەکانی و ئەوانی تر دەخاتە دەرەوەی مێژوو.

 ئەم پێوەرە تیۆریە بۆ جیاکردنەوەی مێژووی چینی کرێکار لە مێژووی گروپە ڕۆشنبیریەکانی ئەم چینە نیشانەی جێگەی قەتیسماوی ئەم گروپانەیە لە پەراوێزی خەباتی چینایەتی و مۆدێلی بەلشەفی حزبی جێگرەوە و نوێنەری چینی کرێکار. ئەم تێگەیشتنە پیویستی بە بینینی مێژووی واقعی چینەکە و گروپە ڕۆشنبیریەکانی و مەیل و ڕەوتە زاڵ و لاوەکیەکانی ناوی نیە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەم گروپە خۆی لەباری تیۆریەوە بە نوێنەری چینەکە دەزانێ و هەربۆیە لەگەڵ هەر گۆڕانکاریەکی تیۆری و بەرنامەیی بەسەر ئەم گروپەدا لەگەڵ خۆی مێژووی چینەکەش دەبات.

 بەپێی ئەم پێوەرەیە مەنسور حیکمەت هەمووکات توانیویەتی بڵێ “بزووتنه‌وه‌ی ئێمه‌ توانیویه‌تی ببێته‌ نوێنه‌ری تیۆری و به‌رنامه‌یی کۆمۆنیزمی ئێران. ڕه‌وتی به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ند و ئامانجه‌ سه‌ربه‌خۆ پرۆلیتارییه‌کان ده‌کا.”[37] ،یاخود “کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێك به‌ مانای جیاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی سۆسیالیزمی کرێکاریی ئێرانه‌ له‌ چه‌پی ڕادیکاڵی ناکرێکاریی ئێران و له‌ مێژووی ئه‌م چه‌په‌ بێت”.[38]

  ئەم دیدگایە نەک هەر سێکتاریزمێکی ڕیکخراوەیی بەرهەم دەهێنێ، بەڵکو کۆمۆنیزم و چینی کرێکار لە پرۆسەی مێژویی خەباتی چینایەتی و تێگەیشتن لە هۆکارەکانی شکست و دەرس وەرگرتن لە تەجروبەی بەرینی ئەم چینە بەرفراوانە ملیارد نەفەریە دەخا و ناپەیوەستی دەکات بە دنیای واقعی و خەباتی چینایەتی سەردەمەوە.

 بەو هۆیەشەوە کە ئەم شەڕ و جیاکردنەوە تیۆری و ڕیکخراوەییانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری تەنیا لە چوارچێوەی گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکاردا دێت و دەچێ . ئەم گیر خواردنە لە قاڵبی گروپە پەراوێز کەووتوەکاندا هۆکاری جیابوونەوە چار هەڵنەگرەکانێتی و مانەوەیەتی لە ئەزمەیەکی سەرتاپاگیردا.

 گرامشی دەڵێ؛ ”دروستبونی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان لە ناو چینی کرێکاردا کێشەیەکی ئاڵۆزە لە بەرئەوەی کە فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرن کە لە مێژووی ڕاستەقینەی شکڵگرتنی توێژ و کاتیگۆری جیاوازی ڕوناکبیرانی ئەم چینەوە هاتوون. ئەم گروپانە ناتوانن حزبی سیاسی چینی کرێکار دروست بکەن تالەم سێکتانە ڕزگاریان نەبێ. “سێکتاریزم ناسیاسی بوونە”. حزبی سیاسی کرێکاری پێویستە بریتی بێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ و گروپ و بەرنامە پراتیکیەکانی سەرتاسەری چینەکەی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. حزب خۆی ووشیاربونەوە و گەشەکردنی ئەم خواستە کۆلێکتیڤ و هاوبەشەیە لەناو ئەم چینە و توێژە ڕوناکبیرەیدا. ئەم حزبە کاتێ لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێ کە ”لێکدانەوەیەک لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە هەبێ و نوێنەرانی هەوڵی خەبەرکردنەوەی ئەو خواستە هاوبەشە هەبێ و لە شکستەکانی ڕابردووی بکۆڵێتەوە”. هەروەها “کاتێک ئەم حزبە دەبێتە پێویستیەکی مێژوویی کە هەلومەرج بۆ “سەرکەوتن”، و بۆ گەشەی بونی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی، لانی کەم لە پرۆسەی دروستبووندا بێت. وە ئەم دۆخە ڕێگە بە گۆڕان وئیڤۆلوشنی ئایندەی بدا و ئەم پێشکەوتنانە بەچاو ببینرێ.”[39]

 حیکمەتیزم خۆی یەکێک لەم چەندین گروپە ڕۆشنبیریە کۆمۆنیستیەیە کە لە ئێران لە ئاکامی هاتنە مەیدانی کرێکارانەوە لە شۆڕشی ئێرانی ١٩٧٩ دا درووست بوون و دەستیان دایە چالاکی. هەرکام لەم گروپانە بەپێی دەرک و پێگەی کۆمەڵایەتیان دەوریان گێڕا لەو شۆڕشەدا. حیکمەتیزم، وەک باقی گروپە ترۆتسکیەکانی تری دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیست، پێداگریەکی زیاتر لە تیۆریەکانی مارکس و لینین دەکەن و لە ئەنجامی ململانێی چینایەتی نێوان کرێکاران و شوراکان و خۆپیشاندان و مانگرتنەکانیان هەڵویستی سیاسی ڕۆشنتریان سەبارەت بە جمهوری ئیسلامی و باڵی لیبرالی بورژوازی ئێران هەیە و دواتریش یەکگرتنیان لەگەڵ ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا، هەنگاوێکی گرنگ بزتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئێراندا دەباتە پێش. بەڵام تێگەیشتنی ئەم گروپەش سەبارەت بە سۆشیالیزم و مانەوەی لە سایەی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا ڕێگەی پێشڕەوی زیاتری پێ نادا بۆ شکڵپێدانی کۆمۆنیزمێکی نوێ و دەرگیری هەمان کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم دەبێ.

 کۆمۆنیزمی کرێکاری بە درێژایی سێ تا چوار دەیە بەبێ ئەوەی خۆوشیاریەکی سەبارەت بە جێگەی کۆمەڵایەتی گروپەکەی هەبێ، بەهەمان سیستمی فکری مۆدێلی بەلشەفی خۆی بە نوێنەر و جێگرەوەی چینی کرێکار دادەنێ. هاوکات بەهۆی ئەو واقعیەتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی بەسەر ژیانی سیاسی و ئاستی گەشەی چینی کرێکار لە ئیراندا هەیە و هەمیشە لەژێر سایەی سەرکوتدا بوە، و ئەمەش فشاری کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ لەسەر گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان کەم کردۆتەوە. سەرەڕای ئەمەش جیابوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کۆمەڵەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران فرسەتی زیاتری دەرگیر بوون لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی بەردەمی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کوردستانی ئیرانیشدا لەدەست دا. ئەم فاکتەرە زاتی و مەوزوعیانە وا دەکا کە کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم قاڵبە بەرتەسکە ڕۆشنبیریەی دەرنەچێ و و ئەم گروپە بەرەو دواوە بچێ، وە لە ئێستادا توشی کێشە وئەزمەیەکی بەردەوام دەبێ.

دووەم؛  حزب وەک سێکتێکی ئایدیۆلۆژی

 

 وەک لە بۆچوونەکانی مەنسور حیکمەت و دروستبوونی هەرکام لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراندا بینیمان، حزب بە پرۆسەیەکی تیۆری بۆ نووسینی بەرنامە و پلاتفۆرمێک دەزانرێ و دواتر بەم تیۆری و بەرنامەوە حزبێک دروست دەکا کە خۆی بە تاقە نوێنەری چینی کرێکار دەزانێ و خۆی لەهەموو ئەوانە جیادەکاتەوە کە “چەپ و سۆشیالیزمی ناکرێکارین” و بەم پێیە دەیەوێ چینی کرێکار لە قاڵبی ئەم گروپەی خۆی بدا.

 هەربۆیە حیکمەتیزم حزب بەو ڕێکخراوە نابینێتەوە کە؛ هەموو چینەکە کۆدەکاتەوە لە خەباتی دژی سەرمایەداریدا، بەڵکو حزب لێرەدا تەنیا بەشێکی دیاریکراوە کە بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاری پێ قبوڵە، وەلای ئەو هیچ کام لە گروپە ڕۆشنبیرەکانی تری ئەم چینە ناتوانن خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکار لەقەڵەم بدەن و ئەم کورسیە تەنیا بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری گیراوە.

 حیکمەتیزم نازانێ ئەم نوێنەرایەتیە بەبێ ئەوەی لە جەرگەی خەباتێکی چینایەتی دا شەرعیەتی  بەدەستهێنابێت واقعیەتی نیە و وەهمیە و ئیلوژنە. لە دنیای واقعیدا ئەم نوێنەرایەتیە لە پرۆسەیەکی ناو خەباتی ڕۆژانە و سیاسی و سەرتاسەریدا دروست دەبێ، نەک لە دوتوێی چەند “تیۆری و پلاتفۆرم” ێەکەوە.

 لەکاتێکدا تاکە پێوەری ئەم نوێنەرایەتیە لای کۆمۆنیزمی کرێکاری دەبێتە پرۆسەیەکی تیۆری بۆ نووسینی بەرنامە و پلاتفۆرم، ئەوا ئاشکرایە کە ئەم بەرنامە و پلاتفۆرمەش چونکە پەیوەندی نیە بە خەباتێکی چینایەتی کە لەئارادایە دەبنە بنەمایەکی گشتی و بێ گیان کە ناتوانێ لە دنیای واقیعدا هێزی مادی کۆمەڵایەتی هەڵخرێنێ. نەبوونی ئەم حزبە بەو هێزە مادیە کۆمەڵایەتیە پاش لە دەورەیەک چالاکی  پراکتیکی ئەم حزبە تووشی قەیران دەکا. وەڵام بەم قەیرانەش لە ڕێگەی دیسانەوە گەڕان بە شوێن شوێنەوارەکانی چەپی ناکرێکاریەوە یە، کە بە سەرچاوەی کێشە وبن بەستی کۆمۆنیزمی کرێکاری دادەنرێ. لێرەشەوە جگە لە جیاکردنەوەیەکی سەر لە نوێ لەم تارمایی چەپە ڕیگا چارەیەکی تر نیە. بۆ ئەمەش پێویست بە ئەپدەیت و داهێنانی تیۆری نوێ یە. هەربۆیە هەمیشە بۆ دیاریکردنەوەی سنورەکانی ناو حزب پێویست بە پاکسازیەکی تیۆریە تا وەڵامی ئەو بنبەستە بداتەوە کە بۆچی تەنانەت ڕیزەکانی ئەم  گروپە “کۆمۆنیستی کرێکاری”یە توشی ئەزمەی دەوری دەبن و ناتوانن تاسەر پێکەوە کاربکەن؟ ئەمە بازنەی بەتاڵی ڕیسایکلینی تیۆری نێو گروپی ڕۆشنبیری کۆمۆنیزمی کرێکاریە.

 تەنانەت ئەم کێشەیە بە پرسیارێکی سوفساتی دەخرێتە ڕوو کە ئایا ئێمە بە تەواوەتی سۆشیالیستین یان ئەو کارانەی دەیکەین کۆمۆنیستیە یان نا؟ کێشە لە تیۆردایە یان لە پراتیکماندا؟ یاخود ئەم حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریە سیاسیە یان گروپی فشار؟ بێ ئەوەی وەڵامەکانی ئەم پرسیارانە بگات بەهیچ دەرەنجامێکی پراتیکی کە دۆخی ئەم سێکتە بگۆڕێ و لەو ئەزمە و جیابونەوە دەوریانە ڕزگاری بکا.

 کۆمۆنیزم لێرەدا یەک ئایدیایە، کە هەموو شتێک لەگەڵ ئەودا بەراورد دەکرێ . ئەم ئایدیایەش لە کۆتایدا بریتیە لە قسەیەک کە لیدەر یان مەکتەبی سیاسی و حزب و بەرنامەکەی دەیکا. ئەمەش پێچەوانەی شتێکە کە مارکس و ئەنگلس لە مانیفیستی کۆمۆنیستدا دەیڵێن؛”دەرەنجامە تیۆریەکانی کۆمۆنیستەکان بەهیچ جۆرێک لەسەربیروڕاو ئسوڵێک دانەمەزراوە کە ئەم یان ئەو چاکخوازی جیهان دایهێنابێ یان دۆزیبێتیەوە. ئەو تیۆریانە،تەنیا،ڕونکردنەوەی گشتی ئەو پەیوەندیە ڕاستەقینانەن کە لەخەباتێکی چینایەتی حازر، لەبزوتنەوەیەکی مێژوویی کە لەبەرچاوماندا دەگوزەرێ، دەوەشێتەوە.”[40]

 لێرەدا لەبەرئەوەی حزب دەرگیری خەباتێکی چینایەتی ڕاستەقینە نیە و خەباتی چینایەتی بە تیۆریەکی ڕوت دەبینێ کە بەرنامە و نوسینەکانی حزب یان لیدەرەکەی دایڕشتوە،هەربۆیە ئەم شەڕ و پاکتاوە تیۆریە لە دنیای فکری موجەرەددا لە چاوەڕوانی گۆدۆدایە و بێ ئەنجامە.

 ئەگەر بمانەوێ خۆمان لە بازنەی بەتاڵی ئەم پرسیارە سۆفساتیانە دەربازبکەین و بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین کە بۆچی کۆمۆنیزمی کرێکاریی ناتوانێ دوای نیوسەدە حزبی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست بکا؟ ئەوا پێویستە سەیری مۆدیلی دروستبوون و کارکردنی ئەم حزبە “کۆمۆنیستیە کرێکاریە” بکەین.

 حزبێک کە خۆی لە گروپە ڕۆشنبیریەکانی تری ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و ڕەوت و مەیلە سۆشیالسیتی و کرێکاریەکانی ناو چینی کرێکار جیاکردبێتەوە و بیەوێ بەپێی قاڵبی بەرنامەکەی خۆی هێز کۆبکاتەوە، بێگومان تەنیا کەسانێک پەیوەست دەبن بەم حزبەوە و کاری لەگەڵدا درێژەپێدەدەن کە خەریکی خۆجیاکردنەوەی تیۆری بن لە باقی چینی کرێکار و گروپە ڕۆشنبیریەکانی تری ئەم چینە. ئەمەش حزب دەکاتە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەیەک کە تەنیا سێکتی بەرنامە و شێوەکاری سێکتاریستی خۆی پێ قبوڵە . ئەو بەرنامە “یەک مەیل و یەک پایە” ی ئەم گروپەی کۆمۆنیزمی کرێکاری دایناوە تەنیا بریتیە لە بنەما گشتیەکانی کۆمۆنیزم، لەگەڵ ئەو جیاوازیانەی کە لەگەڵ باقی گروپەکانی تردا هەیەتی. ئەگەر گروپە کۆمۆنیستیەکانی تر کێشەیان لەسەر بنەما گشتیەکانی بەرنامەی “دنیایەکی باشتر”نەبێ، کە دوبارەکراوەی مانیفیست و بەرنامەکانی تری ناو مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیە، کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە جیاوازیەکانی لێکدانەوەکانی “کۆمۆنیزمی کرێکاری”یە لە ناکۆکیەکانی لەگەڵ گروپە کۆمۆنیستیەکانی تردا. لێرەوە ئەم جیاوازیانە لەگەڵ چەپی ناکرێکاریدا دەبێتە تیۆر و بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاری.

 بەم پێیە ئەم حزبە ناتوانێ مەیل و بەرنامە و هەوڵە جیاوازەکانی چینی کرێکار لە ڕیکخراوێکدا کۆبکاتەوە کە لە مەیدانی جۆراوجۆردا خەریکی شەڕی چیانیەتیە لەگەڵ سەرمایەداران و حکومەتەکەیاندا. هەربۆیە ئەم حزبە نابێتە حزبی چینی کرێکار و گروپ و مەیلەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری ، وە نابێتە هێزێکی سیاسی کاریگەر لە ململانێی سیاسی لەسەر دەسەڵات لەگەڵ بورژوازی و حزبەکانیدا. لەبەرئەوەی بەرنامە لەسەر بنەمای جیاوازی گروپەکان لەیەکتر دانانرێ و نابێ بەرنامە بکرێتە ڕێگر لەبەردەم یەکگرتوو کردنی بەشەکانی چینی کرێکار و گروپە ڕۆشنبیریەکانیدا.

 مارکس و ئەنگلس هەمیشە گوتویانە کە «ئامانج و مەیلە گشتییەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتیی خۆیەوە سەرهەڵدەدات کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێت، هەروەها بزووتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە». هەر بۆیە هەڵوێستیان سەبارەت بە فۆرمەکانی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئەوە بووە کە: «بەپێی وەزعی کۆنکرێت بڕیاریان لەسەر دەدرێت کە نابێت بە کۆمەڵە یاسایەکی جێگیرەوە بەرتەسک بکرێتەوە. لەهەر وڵات و لە هەر ساتێکدا، لێکۆڵەرەوە کۆمۆنیستەکان دەبێت کۆمەڵێک یاسا پێشنیار بکەن، نەک بەسەر هەموو وەزعێکدا بیسەپێنن». نابێت لە تێکستەکانەوە تاکتیک و ستراتیژ دەربهێنرێت، مەترسیداریشە کە وەک سێکتێکی پێشتر ئامادەکراو بسەپێنرێت.[41]

 لەم تێرانینەی مارکس و ئەنگلس دا دەبینین کە حزب بریتی نیە لەبەرنامە و ڕیکخراوەیەکی جێگیر، کە وەک کۆمۆنیزمی کرێکاری لەماوەی نیوسەدەدا وەکو خۆی ماوەتەوە، بەڵکو پرۆسە و پراتیکێکی بەردەوام و زیندوی بەشە جۆراوجۆرەکانی نێو خەباتی چینایەتی کرێکارانە، کە فۆرمی ڕیکخراوەیی و بەرنامە و تاکتیک وسیاسەت و ستراتیژی لە حاڵەتی گۆڕان و گەشەکردندایە. حزب و بەرنامە “کۆمەڵێک یاسای جێگیر” و کۆمەڵێک “بنەما و ڕینمایی گشتی” نیە کە کۆمۆنیستەکان دایدەنێن.

 ئیریک هۆبسام لەم بارەوە زیاتر ئەم میتۆدە ڕۆشن دەکاتەوە و دەڵێ ئەو” ڕینماییە گشتیانە بۆ چالاکی هەمیشە هەوڵیان داوە ببنە دۆگما کەوەک E.Lederer  دەڵێ؛ ڕێنماییە گشتیەکان کورت بینن، ستایلی سادەکردنەوەیە کە فکر دەکوژێ، هەربۆیە دەبێ فکری گەورە و فراوان دژی ئەم ڕینماییە سادانە بوەستێتەوە ئەگەر بیەوێ جەماوەر بخاتە جوڵە و بزوتنەوە دروست بکا. ”ئەم میتۆدە وا لە کۆمۆنیستەکان دەکا کە باشتر لە مانای شاراوەی خەباتی چینایەتی تێبگەن کە بەئاشکرا بەبەرچاویاندا دەگوزەرێ، وە ئاخرین کەسانیک بن کە هەڵەی سکتاریستی بکەن.”حزب دەبێ ئامانجی ئەوەبێت کە چینێکی ڕیکخستوە، مارکس و ئەنگلس هیچ کات لەو ڕاگەیاندنەی مانیفیست لایان نەدا، کە کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.”[42]

 کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە کۆمەڵگەدا بەشوێن شوێنکەتوانی بەرنامە و قسەکانی لیدەرەکەیدا دەگەڕێ و کاتێک کرێکارانێکی تر دەبینێ خاوەنی دیدگا و بۆچونێکی ترن ئەوا دەبێ سنوری خۆی جیابکاتەوە لێیان. لە بەر ئەوەی ناتوانێ جگە لەو قاڵبەی حزبیەی خۆی دروستیکردوە، وە لە ژێر ناوی ئەوەی کە تەنیا ئەو “سەربەخۆیی چینی کرێکاری” بەدەستهێناوە، ئیتر هیچ قاڵبێکی تر بۆ هەڵسوڕان قبوڵ بکا. وەک ئەوەی مە نسوور حیکمەت لە هەڵوێست بەرامبەر سەندیکا کرێکاریەکاندا دەڵێ؛ “بزوتنەوەی سەندیکالیستی و سەندیکاکان بناماکانی لە ریفۆرمیزمی بورژوازیەوە دانراوە و دەستمایەی بورژوازیە حزبە سۆشیال دیموکراتەکانن”[43]

 لە کاتێکدا لە مێژووی ٢٠٠ ساڵەی سەندیکالیزمدا ئاشکرایە، کە سەرەڕای هەر مانەوەیەکی ئەم ڕەوتە سەندیکالیستیە لە قاڵبی ریفۆرمیزم و هاوکاری لەگەڵ سۆشیال دیموکراتەکاندا، هێشتا ئەم ڕەوتە بەشێک لە بزوتنەوەی کرێکاری بوە لەپاڵ ئەنارکیزم و ئەوانی تردا دژی سیستمی سەرمایەداری خەباتی کردووە. ئەوە واقعیەتی تاڵی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاریە کە هەرکامەیان لە ئەنجامی دروست نەبونی حزب و بزوتنەوە و بەرەیەکی جەماوەری چینی کرێکار بەرامبەر بە سەرمایەداری و حزب و دەوڵەتەکانیان، ئەم ڕەوتە کرێکاریانە هەموویان، بە ڕەوتی کۆمۆنیستیشەوە، توشی گرفت و لادان و نوشست و سازش بوون. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەم ڕەوتە کرێکاریانە ئیتر دەستمایەی بورژوازین و هیچیان بەشێک نین لە خەباتی چینایەتی کرێکاران دژی سیستمی سەرمایەداری، بەڵکو ئەمانە سەرەڕای هەر کەموکوڕی و لاوازیەکیان بەشەکانی ئەم بزوتنەوە و خەباتە چیانیەتیە بەردەوامەن. واقعیەتی ژیان و جێگەی توێژەکانی چینی کرێکار لە پەیوەندی بەرهەمهێنان و کۆیلایەتیان بۆ کاری بەکرێ، زەمینەی مادی و چینایەتی دروست دەکا بۆ پێویستی هاتنەمەیدان و یەکگرتوبون و خەباتی هاوبەشی ڕەوتە جۆراوجۆرە خەباتکارە کرێکاریەکان دژی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی. هەربۆیە خستنەلاوەی هەموو ئەم ڕەوت و بزوتنەوە سەندیکالیستی و ریفۆرمیستی و ئانارکیستی و فێمێنیستیانەی ناو کرێکاران بە بیانوی ئەوەی هەرکام لەمانە “دەستمایە” ی بورژوازین، یاخود نوێنەری وردەبورژوازین، هەڵە و لادانێکە بۆ جیاکردنەوەی ڕیزەکانی چینی کرێکار دەکرێ لەلایەن ئەو گروپانەوە کە خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکار دەزانن و هەموو ئەم بەشانەی تری چینی کرێکار بەلادەر و ڕیگر و ڕەقیبی کورسی نوێنەرایەتی خۆیان دەزانن.  ئەم گروپە ڕۆشنبیرانە، بە چەشنی مارکس ئەم جیاوازە واقعیانەی ناو کرێکاران ڕاڤە ناکەن، کە دەیووت ” بزووتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە”. هەر بۆیەشە کە دەبینین ئینتەرناسیونالی یەکەم و دووەمی کرێکاری و سۆشیالیستی لە گروپی جۆراوجۆری بزوتنەوەی کرێکاری پێکهاتوە، نەک تەنیا لە گروپە “مارکسیستیە دۆگمایەکان”. بەڵام ئەم گروپە ڕۆشنبیرانەی چینی کرێکار لە پرۆسەیەکی مێژوویی زاڵبونی فکر و جیهانبینی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا ئەوەندە وەهمی ئەوەی کە تەنیا خۆیان نوێنەری چینی کرێکارن تێدا قوڵ ڕیشەی داکوتاوە، کە ئیتر پێویستیان بە چینەکە خۆی نەماوە، و وەک گرامشی دەڵێ: ” ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و دەستەیەک کە خۆیان بە “سەربەخۆ” لە چین دەزانن و خۆیان “بەدەوڵەت” دەزانن.[44]

 لە کۆتایی ئەم پرۆسەی گۆڕانی حزب بە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی دابڕاو لە چینەکە و لە ڕەوت و بزوتنەوەکانی نێو چینی کرێکار، ئەم جۆرە حزبانە دەبنە حزبی ژەنراڵەکان و چیتر جەماوەری نابنەوە. لە کاتێکدا حزبی چینی کرێکار پێویستە لەگەڵ پرۆسەی بەرەو پێشەوەچوون و گۆڕانکاریەکانی خەباتی کرێکاراندا هەمیشە ئەویش لە گۆڕانێکی بەردەوامی بەرنامە و سیاسەت و چوارچێوە وشێوەی ڕێکخراوەیی و گۆڕانی پلەی ڕێکخراوەیی سەرەوە و خوارەوەدا بێ.

 هەربۆیە لەڕاستیدا حزب لای “کۆمۆنیزمی کرێکاریی” میتافۆری کارەکتەرێکی ئەفسانەییە، کە هەموو چینی کرێکار لای ئەو وەک زەوی وایە کە دەبێ بە دەوری خۆری حزبدا بسوڕێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە. بەم شێوەیەش ئایدیۆلۆژی ” جێگری چینی کرێکار”ی ئەم حزبانەش وەک ئەفسانەی مەسیحی سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردای لێهاتوە، کە سەرەڕای زانست سەلماندویەتی هەڵەیە، بەڵام لە بەرنامە و ئینجیلی ئەم سێکتە ئایدیۆلۆژیانە دا هێشتا خۆیان و حزبەکەیان بە سەنتەری چینەکە دەزانن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە حزبە دەبێ خۆی بکات بەبەشێک لەو خەباتەی کرێکاران کە ڕۆژانە و لە مەیدانی جۆراوجۆردا دژی سەرمایەداری دەچێتە پێش، تاکو ئەم حزب و ڕیکخراوە بتوانێ ڕۆڵ و کاریگەری لەو خەباتە چیانەیەتیەدا هەبێت.

 ئەگەر ئێمە پێشتر پێناسەی حزبمان لە حزبێکی جەماوەری کرێکارانەوە گۆڕیبێ بە حزبی نوخبەیەکی کۆمۆنیستی تاک خەت و تاک سەرکردە، ئاشکرایە کە ئیتر ئەم حزبە بە ڕیفۆرمی تیۆری نابێتە حزبی کرێکاری و حزبی سیاسی. چونکە حزبی کرێکاری بەپێی کۆمەڵێک بنەما و بەرنامەیەک خۆی جیاناکاتەوە لە باقی کرێکاران، بەڵکو هەوڵدەدا ئەو بنەمایانەی کە پێویستە بۆهەر دەورەیەکی بردنە پێشی خەباتی چینایەتی بکاتە بنەما و بەرنامەی هەموو بزوتنەوەی کرێکاری. بەم پێیە حزب دەتوانێ هەموو هێزی چینەکە کۆبکاتەوە و ڕیکخراو بکا، نەک لەم بنەما جێگیرانەی خۆی دایناوە بتی سێکتاریزم دابتاشێ و بەناوی نوێنەر و جێگرەوەی چینی کرێکار چوارچێوەی حزب بەرتەسک بکاتەوە لە قاڵبی حزبی گروپی ڕۆشنبیرانی هاوخەتی خۆی و ئەو کەسانەی لە باری تیۆری و بەرنامەییەوە ئەویان قبوڵە، وە بە “کۆمەڵێک بنەمای سێکتاریستی تایبەت بە خۆیان بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدەن”.

 بەڵام تەنیا کۆکردنەوەی هەموو گروپە ڕۆشنبیریەکان پێکەوە حزب دروست ناکا، وە حزب کاتێ دروست نابێ کە ئەم گروپانە لە دەوری بەرنامەیەکی “ڕێنماییە گشتیەکان” کۆببنەوە و بەرەیەکی چەپی گروپەکان دروست بکەن، بەڵکو کاتێک کە سێكتاریزم لەنێو زۆربەی گروپەکاندا نامێنێ و ئەم گروپانە خواستی کۆلێکتیڤ لەناو چینی کرێکاردا دروست دەکەن ئەو کات ئەم حزبە لەنێو خەباتی ڕۆژانەدا دروست دەبێ و گەشەدەکا. گەشەی ئەم پراکتیکە حزبیە لە نێو چینی کرێکاردا ئەم حزبە دەگەیەنێتە ئاستێک کە نەک حزب لەناوخۆیدا و لە دنیای تیۆری خۆیدا دەبێتە حزبی سیاسی، بەڵکو لە دنیای واقعی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ سەرمایەداریدا وەک دەسەڵاتی دەوڵەتی و بەدیلی دەوڵەتی بورژوازی دەبینرێ و حسابی لەسەر دەکرێ . واتە گواستنەوەیەک پێویستە ڕوو بدا بەوەی ئەم گروپە ڕۆشنبیرانە لەگەڵ جەماوەری کرێکاردا تێکەڵ بن و پێکەوە ببنە ئۆرگانێکی لێک هەڵپیکراو، ئەمە مانای واقعی پێکهاتنی حزب و چالاکی حزبیە و جێگیربونی پەیوەندی حزبیەتە لە نێوان گروپی ڕۆشنبیران و جەماوەری کرێکاردا.

 گرامشی بە شێوەیەکی زانستیانە باسی ئەوەمان بۆدەکا کە بۆ ئەوەی حزبێکی سیاسی کرێکاری هەبێ پێویستە سێ توخمی سەرەکی بەدیهاتبێ:

 یەکەم ؛ توخمی جەماوەری کرێکار.مەرج نیە ئەم جەماوەرە لە کرێکاری ئاسایی ڕۆحی داهێنەرانەیان هەبێ یان توانای ڕێکخراوکردنیان هەبێ بەڵام فۆرمێک لە دیسپلینی چینایەتی و بەڕێوەبردنی وەلائی سیاسیان تێدا شکڵ دەگرێ. بەبێ ئەمە حزب بونی نیە. بەڵام ئەگەر کەسانێک ئەم هێزە مەرکەزی نەکەنەوە و پێکەوە کۆیان نەکاتەوە ئەوا پەرژوبڵاودەبن و نامێنن.

 دووەم؛ ئەم توخمی پێکەوە گرێدان و کۆکردنەوەیەیە. کە مەرکەزی کردنەوەی هێزە ئاڵوز و سەراسەری و کاریگەر و بە‌هێزەکانی چینی کرێکارە ،نەک تەنیا لایەنگرە ئایدیۆلۆژە کۆمۆنیستەکان ،کە ئەگەر لێیان گەڕێی خۆیان پەرژوبڵاو و بچوک دەبن و دەبن بە هیچ. ئەم توخمەش بەبێ بوونی توخمی یەکەم وەک ژەنراڵەکانە بەبێ سوپا کە هیچی پی ناکرێ. بەڵام لە ڕاستیدا دروستکردنی سوپا لە دروستکردنی ژەنراڵەکان ئاسانترە. ئەوەش ڕاستیە کە سوپایەک دەشکێت ئەگەر ژەنراڵەکانی لە دەست بدات، لەکاتێکدا کە یەکگرتوویی گروپێک لە ژەنراڵەکان کە لەسەر ئامانجەکانیان ڕێک کەوتون دەتوانێ زوو سوپایەک دروست بکا کە پێشتر نەبوە.

 سێیەم؛ توخمی ناوەڕاست، ئەو توخمەیە کە هەردوو توخمی یەکەم و دووەم پێکەوە دەبەستێتەوە و پەیوەندیەکی ئۆرگانی لە نێوانیان دروست دەکا نەک تەنیا پەیوەندی فیزیکی بەڵکو مۆراڵی و ڕوناکبیرانەش.

 هەموو حزبێک ڕێژەیەکی جێگیری هەیە لە تێکەڵاو بوونی ئەم سێ توخمە و گەورەترین کاریگەری کاتێک بەدەست دێت کە ئەم “ڕێژە جێگیرە” هەست پێدەکرێ و دەزانرێ. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێ باوەڕێکی پۆڵایین دروست ببێ بەو ڕێگاچارە کۆنکرێتە بۆ چارەسەری کێشە گەورەکانی مەیدانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی. بەبێ ئەم قەناعەتە توخمی دووەم دروست نابێ.

 بۆ حوکمدان لەسەر توخمی دووەم (ژەنراڵەکان) ئەمانە پێویستە:

  1. بەڕاستی چی ئەنجام داوە؟
  2. بەپێی چ چاودێریەکی کارەکانی دەتوانین بڵێین دەتوانێ ڕوداو دروست بکا لەو کێشەکانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە؟
  3. لەکاتێکدا دەبێ شکست لە خەباتدا پێشبینی بکرێ بەڵام بەچ ڕادەیەک خۆی ئامادە دەکا بۆ سەرکەوتنێکی تر کە ئەم خۆئامادەکردنە بەڕادەی سەرکەوتنەکە گرنگە.
  4. هەموو کات دەبێ خۆبەزلگرتنی حزب ڕێگەپێ نەدا و لە جێگایدا فاکتەکانی بەهێزی و لاوازیەکان دابنرێ.
  5. حزب کاتێک پێشڕەوانە کاردەکا کە بەشێوەیەکی دیموکراتیک دەچێتە پێش و کاتێ بەرەودواوە دەگەڕێتەوە بیرۆکراتیانە کاردەکا. حزبی بیرۆکراتیک ئاسانە، بڕیاردەرەکانی بیرناکەنەوە، بەشێوەیەکی تەکنیکی سیاسەتی ڕێکخراو دادەنێن.[45]

 ئەمانە ئەو پێداویستییانەن کە حزبی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان دەبێ لێی بەهرەمەند بن. حزبی سیاسی و کرێکاری لەم پرۆسەیەی دەرگیر بوونی گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکار لە خەباتی ڕۆژانە و سەراسەری کرێکاراندا پێک دێت و مەسەلە و کێشەکانی ئەم خەباتە چینایەتیە لە دنیای واقعیدا بەرنامە و ستراتیژی عەمەلی ئەم حزبە دیاری دەکا و هێزی ئەم چینە بە هەموو گروپە جیاوازەکانیەوە بەدەوریدا کۆدەکرێتەوە.

سێیەم؛ حزب خۆی میحوەر و بابەتی کارە نەک چینی کرێکار

 

 لە کۆمۆنیزمی کرێکاریدا حزب سێکتێکە کە چینی کرێکار و دەسەڵاتی سیاسی و سۆشیالیزم  بەپێی ئەو لێک دەدرێتەوە ، هەربۆیە حزب میحوەر و هەموو بابەتی کارەکەیە و حزب سەرگەرمی خۆیەتی و وەک ئۆفیسێکی بەڕێوەبردنی کاری حزب چاوی لیدەکرێ. بۆ ئەمەش پێویستە ئەم حزبە بەسەربەخۆ لە خەباتی چینایەتی کرێکاران پرۆژەی جۆراوجۆری حزبی هەبێ. خوێندنەوەی واقعی سیاسیش بەو شێوەش دەکرێ کە ئەم پرۆژانە پێویستیانە. مەنسوری حیکمەت لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەڵێ “کۆنگرەی داهاتوو لەوانەیە دوای یەکلاکردنەوەی جمهوری ئیسلامی بێ”.[46]

 ئێستا ٢٠ساڵ لەو مەوعیدەی ئەو دیاریکرد تێپەڕی و هێشتا جمهوری ئیسلامی لەشوێنی خۆیەتی. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە لە کوێوە هاتووە و بۆچی  لێکۆڵینەوەی فاکت و ڕوداو و هاوسەنگی هێز و لە هەمووی گرنگتر ئامادەیی چینی کرێکار دەوری نیە لەم لێکدانەوانەدا؟

 ئەم لێکدانەوەیە لە دنیای داخراوی گروپێکی کۆمۆنیستیەوە ڕاستە، کە لە ڕوانگەی خۆیەوە ئامادەیە بۆ گرتنی دەسەڵات و لەبەرئەوەی نوێنەری چینی کرێکارە، وە ئیتر هیچ پێویست بەگەڕانەوە بۆ چینەکە ناکا و ئەو دەتوانێ ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدا. ئەم ئایندەگرتنەوەیە هەڵەیەی، کە پێی وابوو “کۆنگرەی داهاتوو یەکلاکردنەوەی جمهوری ئیسلامی دەبێ!”، ئەنجامی ئەو لێکدانەوە هەڵە و نا واقعیەیە کە پێی وایە؛ “بزوتنەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، تەنانەت پێش ئامادەبوونی جەماوەری کرێکاران لە مەیدانی سیاسی ئیراندا ئامادەیە، وە ئێستا بە عنوانی یەکێک لە هێزە سیاسیە دەخاڵەتگەرەکان لە ڕەوەندی دۆخی سیاسی داهاتوودا لە ئاستی کۆمەڵگەدا بەڕەسمی ناسراوە.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بووە بە ئاڵاهەڵگری ئەسڵی ئازادیخوازی و یەکسانی خوازی، رادیکالیزم و سوسیالیزم لە کۆمەڵگەی ئێراندا. دژایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوە بە پێوەری وەفاداری لەگەڵ حکومەت و نیشاندانی بێ تاوانی لە خواستی سەرنگومی و رادیکالیزم و شۆڕش.”  [47]

 ئەم لێکدانەوانە جیا لە توقع و ئایندە گرتنەوەی ناواقعی  پرۆژەی نا واقعی و خەیاڵیش دەخاتە ڕوو تا لێکدانەوەکانی پێ جێبەجێ بکا. وەک لە پرۆژەی سیناریۆی سپی و سیناریۆی ڕەش دا ئەم جۆرە کارانە دەبینین. ئەمە جۆریك لە کاری سیاسی و پڕۆژە دروستکردنە تا نیشان بدرێ کە حزب لە پێش جەماوەری کرێکارانەوە لە ئێراندا ئامادەیە و حزب خۆی خاوەنی پڕۆژەیە، نەک بەشێک بێ لە خەباتی چینایەتی و پڕۆژەکانی ئەو خەباتە واقعیەیەی کە لە ئارادایە!

 بەڵام ڕوداوەکانی دوای ٢٠ ساڵ دوای ئەم لێکدانەوەیە، لەچەشنی خۆپیشاندانەکانی ئێران لەم دوو ساڵەدا نیشانی دەدا کە کرێکارانی ئێران و خەڵکی ناڕازی ئێران لە پێش هەموو گروپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوەن. ئەم دەورەی کە بەم شێوەیەی باسکراوە کە گوایە “بزوتنەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تەنانەت پێش ئامادەبونی جەماوەری کرێکاران لە مەیدانی سیاسی ئیراندا ئامادەیە “، نە ٢٠ ساڵ لەوەوپێش و نەئێستا بونی نیە. بەڵام ئێستاش بەشێک لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی بەهەمان شێوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو هەر لەسەر هەمان باوەڕن کە لە ئێستادا دەڵێن کە گروپ و حزبەکەی ئەوان دەوری سەرەکی هەیە لە مەیدانی سیاسی ئێراندا و خەڵک و کرێکاران بە پەیوەست بون بە یەکێک لەم گروپانەوە دەتوانن جمهوری ئیسلامی ئێران بڕوخێنن! ئەمە ئەو وەهمە و ئیلوژنەیە کە گروپێک جگە لە پێوەری نوسینەکانی خۆی هیچ پیوەرێکی تری نێو کۆمەڵگە و چینی کرێکار ناهێنێتەوە بۆ سەلماندنی ئەم ئیدعایانەی. بەڵام بێگومان هەرکەسێک و گروپیک ڕای لەسەر خۆی پێوەری ڕاست و دروستی واقعیەتی ئەو کەسە و لایەنە نیە، بەڵکو ئەوە واقع و پراتیکی کۆمەڵایەتی ئەو کەس و لایەنانەیە کە ڕاستیەکان دەسەلمێنێ.

 ئەم بۆچوونانە لە وێوە سەرچاوە دەگرێ کە کۆمۆنیزمی کرێکاری حزب لە چینەکە جیادەکاتەوە و تەنانەت پێی وایە حزب خاوەنی هێزی سەربەخۆی خۆیەتی کە “پێش لە چینی کرێکار لە مەیدانی سیاسی ئێراندا ئامادەیە”. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم حزبە بەو پێیەی خۆی بەنوێنەری چینی کرێکار دەزانێ ئیتر ئەمە کافیە تاکو پێش چینەکە شۆڕش بکا و ئامادەبێ بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات! لینین و بەلشەفیەکان کاتێک دەسەڵاتیان گرت کە بۆ زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو خاوەنی ڕێکخراوی جەماوەری کرێکاران و نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و شۆڕشی شوبات و شورا کرێکاری و سەربازی و جوتیاریەکان بوو، بەم هێزە چینایەتیەشەوە هێشتا کەمینە بوو. بەڵام هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە و پەرتەوازەیی بورژوازی و شەڕی جیهانی فرسەتی گرتنی دەسەڵاتی بۆ بەلشەفیەکان هێنایە ئارا. ئەمانە هیچ کامیان نەک لە ٢٠ ساڵ لەمەوپێشی ئێراندا نەبوە، بەڵکو لە ئێستاشدا لەئارادا نیە. کەواتە چۆن حیکمەتیزم پێی وایە “لە پێش چینی کرێکارەوە ئامادەیە لە مەیدانی سیاسیدا”؟ ئەم هێزە مادیەی شۆڕش لە کوێدایە؟ لێرەدا کە هێزی مادی شۆڕش نابینین کە بەدەوری ئەم حزبەدا ڕێکخراوبێ، هەربۆیە حزب خۆی بەهێزێکی مادی دەزانێ کە دەتوانێ پێش لە کرێکاران شۆڕش بکا یان دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.

 بە پێچەوانەی ئەم دیدگایەی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە سیاسەت بۆ مارکس پاشکۆی گەشەی مێژوویی چینی کرێکار بووە. واتە ئەوە هەوڵی سیاسی سۆشیالیستی نیە کە شۆڕشی چینی کرێکار دروست دەکا، بەڵکو هەوڵی سیاسی سۆشیالیستی پشت بە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری دەبەستێ، کە لەسایەیدا چینی کرێکار پێگەیشتوە، لەئاستی جیهانی و لە وڵاتێکی دیاریکراودا، بە لێکدانەوەی ئەم دۆخە بەشێوەیەکی زانستی بنەمای ستراتیژی سیاسەتی سۆشیالیستی دادەنرێ. سیاسەت لە چوارچێوەی مێژودا تەجسید بوە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێ ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، وە بەپێچەوانەوە چۆن بزوتنەوەی چینی کرێکار لە شکان نەهاتوە”، ئەگەر لەو چوارچیوە مێژووییەدا بێت. ئەم گەشەیە بریتیە لەوەی “چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکا، و بەدیسپلین دەبێ ، یەکگرتوو دەبێ، ڕیکخراو دەبێ، لەڕێگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆیەوە.”[48]

ئەم گروپە ڕۆشنبیرانەی چینی کرێکار دەبێ بە شێوەیەکی عەمەلی لە خەباتی ڕۆژانە و سەراسەری ئەم چینەدا ئامادەییان هەبێ تابتوانن بگۆڕێن بەو هێزە سیاسیەی کە ببنە قوتب و پێوەری شۆڕشگێڕی و دەخاڵەتیان لە چارەنووسی خەباتی چینایەتی و لەڕوخانی ڕژێمی ئیسلامی و بەهێزکردنی چینی کرێکاردا  هەبێ.

 ئەمە پرۆسەیەکە کە بە “بڕیاری کۆنگرەی حزب بۆ بەگرنگی دانان باسی “حزب و دەسەڵاتی سیاسی” و “حزب و کۆمەڵگە” ناگاتە ئەنجام و خودی ئەم گروپانەی وەک کۆمۆنیزمی کرێکاری دەبێ لە قاڵبی نووسراوە و بەرنامەکانیان بێنە دەرەوە و بزانن کرێکاران لە چ مەیدانێکدا ئامادەن تا کۆمۆنیزم بچێ لەوێدا دەرگیری خەباتی ئەم چینە ببێ، تا کرێکاران و کۆمۆنیستەکان یەکگرتوو بن و خۆیان ئامادەی شەڕی دەسەڵات بکەن. ئەو گروپانەی لە قاڵبە حزبیەکانی خۆیانەوە دەگۆڕێن بۆ قاڵبی حزبێکی گەورەتری چینی کرێکار و هەموو باسە تیۆری و سیاسیەکانیشیان لەنێو جەرگەی ئەو خەباتە هاوبەشەی فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکانی نێو کرێکاراندا دەکەن، دەتوانن لە تەجروبەی ٣٠ساڵی ڕابردویان سود وەرگرن تا لە ٣٠ ساڵی داهاتوویاندا کۆمۆنیزمێکی جیاواز و نوێ لەوەی ئەمڕۆ دروست بکەن.

 

چوارەم؛ کۆمۆنیزمی کرێکاری درێژەی سوشیالیزمی دەوڵەتیە

 بەڕای من ئەنجامگیریە گشتیەکانی کە لەباسی کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەمدا کردمان، وە بەتایبەت مۆدێلی حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، هەمان ئەنجامگیرین بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێران و عێراقیشدا. بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم ئەنجامگیریەمان پێویستە سەرەتا خاڵی هاوبەشی تێگەیشتنی بەلشەفی و کۆمۆنیزمی کرێکاری بخەینەڕوو تاکو بزانین ئەم خاڵە هاوبەشە لە بواری تێگەیشتن و تیۆری حزبی لینینیدا چۆن خۆی نیشان دەدا و چۆن کۆمۆنیزمی کرێکاری درێژەی ئەو ڕەوەندە مێژووییەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکانە؟

 مه‌نسوور حیکمه‌ت لە نووسینی “هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی  له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت”دا دەڵێ “مه‌یلی نه‌خوازراوی جۆراوجۆر به‌ره‌و سازش له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵی کۆندا و گه‌شه‌ی بیرۆکراسی و لاوازکردنی دیموکراسی ده‌روون حیزبی و که‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانه‌کانی کاری ڕاسته‌وخۆی کرێکاران و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ قوڵکردنه‌وه‌ی گۆڕینی سیاسی له‌ ژیانی حقوقی و فه‌رهه‌نگی و شتی تردا به‌رچاو ده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ بۆ ئێمه‌ لیستێک له‌ هۆیه‌کانی شکست نین، چونکه‌ هێشتا ململانێی چاره‌نووسسازی پرۆلیتاریا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی ئابووری نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌م ململانێیه‌ له ‌ده‌یه‌ی (٢٠)ه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد. ئه‌گه‌ر له‌م ململانێیه‌دا ئاڵته‌رناتیڤی موڵکایه‌تی سۆسیالیستی و نه‌هێشتنی کاری کرێگرته‌، ئاڵته‌رناتیڤی پرۆلیتاریا له ‌زه‌مینه‌ی دوورنمای ئابووری ڕوسیادا سه‌رکه‌وتایه‌، ئه‌و کاته‌ ئه‌م مه‌یله‌ سیاسی ئیدارییه‌ نه‌خوازراوانه‌ نه‌ ته‌نها له‌ هه‌ر جۆره ‌پایه‌یه‌کی مادی بۆ مانه‌وه‌ بێبه‌ش ده‌بوون، به‌ڵکوو له ‌ڕه‌وه‌ندی گۆڕانی قوڵی ئابووری کۆمه‌ڵیشدا که‌مڕه‌نگ ده‌بوون و جێگای خۆیان به ‌شێوه‌کار و کارکردی سیاسی هاوتا له‌گه‌ڵ ئه‌م ئابوورییه‌ له‌ حاڵه‌تی گۆڕاندا و له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشڕه‌وییه‌ تازه‌یه‌ی شۆڕش له‌ چاره‌نووسسازترین مه‌یدانی خۆیدا ده‌دا.”[49]

 هەروەها دەڵێ “ئاشکرایه‌ که‌ دامه‌زراوه‌‌ کرێکارییه‌کان هه‌موو له ‌ده‌وری به‌هێزکردنی حیزبی کرێکاران و ده‌وڵه‌تی کرێکاران سازدرابوون و له‌م نێوه‌دا شێوازه‌‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ناحیزبی و ڕاسته‌وخۆی کرێکاری لاواز بوون. “[50]

 ئەم دیدگا و تێگەیشتنەی حیکمەتیزم دەبێ لە دوو بواردا شیبکەینەوە؛

یەکەم؛ باسی نەبونی ڕۆشنگەری ئابوری لای بەلشەفیەکان وەک هۆکاری سەرەکی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی

دووەم؛ پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکار لە شۆڕشی سۆشیالیستیدا و لە دەورانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دا.

 سەرەتا کێشە لەوەدایە کە حیکمەتیزم هەموو ئەو شتانەی لە سیاسەتی بەلشەفیەکاندا بە ئاشکرا دیفاعی لێ ناکا بە “مەیلی نەخوازراو و سازش و لادان بە پێچەوانەی خواست” و شتی لەم بابەتەوە ناویان دەبا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە بڕیاری کۆنگرە و نەخشە و بەرنامەیەکن کە کێشە و شەڕ بوە لەنێوحزبی بەلشەفیکدا لەسەریان، نەک ئەمانە مەیلی نەخوازرا و پێچەوانەی خواستی حزب بوو بن.

 باسکردن لە “سازش لە گەڵ بیرۆکراتیزمی ئیداری و گێڕانەوەی سوپای پیشەیی” و “قەدەغەکردنی فراکسیۆن وڕای جیاواز لە حزبدا” و “هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتەکانی کارگە و دانانی تاک بەڕیوەبەری لە جێگایان” و “نەهێشتنی دەسەڵاتی شوراکان لە ئابوریدا و دانانی بەرپرسی حزب لە جێگایان”، ئایا ئەمانە مەیلی نەخوازراوی ناو حزبی بەلشەفی بوون یاخود بڕیارەکانی کۆنگرە و ئۆرگانە باڵاکانی حزب؟! نەخێر، ئەمانە مەیلێکی خوازراو و فەرمی حزب بوون و ڕاوەستانەوە بەرامبەریان بە دادگایی و زیندان و دەرکردن و لە حزب و هەڕەشەی کوشتن دەگەیشت.

 ئەمانە چۆن ناودەبرێن  بەوەی “لادانە سیاسی و ئیداریەکان له‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و خواست و گه‌ڵاڵه‌ی حیزبی پێشڕه‌و به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێت.”[51]. پرسیارەکە ئەوەیە کێ ئەمانەی بەسەر حزبی بەلشەفیدا سەپاند؟  لە کاتێکدا فراکسیۆنی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” لە حزبدا لەسەر ئەوە سزادەدرێ کە قایل نیە بە گۆڕینی بەرنامەی بەلشەفیەکان لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە بەرەو کۆنترۆڵی تاک بەڕیوەبەری سەرمایەدار”؟ ئیتر چۆن ئەمە پێچەوانەی مەیل و خواستی حزبی بەلشەفیە، لەکاتێکدا کە هەر کەس و گروپێک، کە تەنانەت باسی گەڕانەوە بۆ ئەم بەرنامەیەی ١٩١٨حزبیش بکا، ئەوا لەحزب دەردەکرێ و بەلادانی سەندیکالیستی و ئەنارشیستی لەلایەن لینینەوە سەرکۆنە دەکرێ؟

 بەپێچەوانەوە هەرکام لەم سیاسەتانە سیاسەتی سەرەکی و نەخشە و پلانی ئابوری داڕیژراو و خاوەن بەرنامە و ڕۆشن بوون کە بەلشەفیزم بە تاکە ڕێگا و دەرگای بنیاتنانی سۆشیالیزمی دایدەنان.

 حیکمەتیزم ئەمانە بەهۆی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی لەڕوسیادا نازانێ و هەربۆیەش بەم شێوەیە ناوی ئەم سیاسەتانەی حزبی بەلشەفی دێنێ کە نەخوازراو و پێچەوانەی خواستی ئەم حزبە بوون.

 بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی حیکمەتیزم ئەمانە بە هۆکاری شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی نازانێ؟

 مەنسور حیکمەت دەڵێ”چونکه‌ هێشتا ململانێی چاره‌نووس سازی پرۆلیتاریا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی ئابووری نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌م ململانێیه‌ له ‌ده‌یه‌ی (٢٠)ه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد. دواتریش بەوردی ئەم کاتە دیاریدەکا و دەڵێ”لە شۆڕشى ڕووسیادا بێگومان دەتوانین بڵێین ساڵەکانى ٢٢– ١٩١٧ ده‌ورانێکی شۆڕشگێڕانەیە بە ماناى تایبەتى وشەکە، لە حاڵێکدا ساڵەکانى ٢٨– ١٩٢٣ ده‌وره‌ی هێمنایەتییەکى ڕێژه‌ییه‌ کە ده‌وڵه‌تى تازە کەم تا زۆر لە خەم ڕەخسیوە”.[52]

 بەپێی ئەم لێکدانەوەیە واتە ئەم “مەیلە نەخوازراو” انەی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی تەنیا سەرخانی کۆمەڵگەن، وە لەبەرئەوەی ژێرخانی ئابوری یەکلایی نەکراوەتەوە، کەواتە شەڕ لەسەر سەرخان پێویست نیە و مانەوەی سەرخانی کۆن نابێتە هۆی شکستی شۆڕش!

 بەڵام ئەگەر شێوازی دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆری حزبی بەلشەفیەکان و دەوڵەتە تاک حزبیەکەیان بریتی بێت لەو “مەیلە نەخوازراو”انەی حزبێک کە “ڕێگە بە شورا و کۆمیتەی کارگە و فراکسیۆنی حزبی و ئازادی حزبایەتی نادا و لەبەرامبەریشدا سازش لەگەڵ دەزگای بیرۆکراتی و سوپای پیشەیی و زیندانی دەوڵەتی بورژوازیدا دەکا،  چۆن هەمان حزب دەتوانێ “ئاڵته‌رناتیڤی موڵکایه‌تی سۆسیالیستی و نه‌هێشتنی کاری کرێگرته‌، ئاڵته‌رناتیڤی پرۆلیتاریا له ‌زه‌مینه‌ی دوورنمای ئابووری ڕوسیادا سه‌ربخات‌”؟!

 لەمەش زیاتر چۆن چاوەڕوانی هەر لەم حزبە دەکرێت کە دوای ڕۆشنگەری ئابوری “ئه‌و کاته‌ ئه‌م مه‌یله‌ سیاسی ئیدارییه‌ نه‌خوازراوانه‌”ی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی حزبی خۆی لەناودەبا؟!

 ئێمە لەباسی بەلشەفیزمدا ئەم مێژووەمان بەووردی شیکردەوە و وتمان کە؛ حزب و دەوڵەتە بەلشەفی بەم دیدگا و سیاسەتانەی “دیکتاتۆری حزبی” یەی کە گرتیەبەر ئیتر دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و دەسەڵاتدارێتی شورا و ئۆرگانە جەماوەریە کرێکاریەکانی لە دەسەڵات خست. ئەمەش ناکۆکی سەرەکی “سۆشیالیزمی دەوڵەتی” بەلشەفیەکان بوو لەگەڵ پێویستیەکانی بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی سۆشیالیستیی لەڕوسیادا، بەوەی کە دەسەڵاتێکی کەمایەتی حزبی خستەجێگای دەسەڵاتی زۆربەی چینی کرێکار و جوتیاری ڕوسیا.

 حیکمەتیزم بە پێچەوانەی ئەم لێکدانەوەی ئێمەوە دەڵێ کە بەلشەفیەکان لە ١٩١٧تا ١٩٢٣ توانیان دەوڵەتی کرێکاری دامەزرێنن، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەی بۆچی بەلشەفیەکان نەیانتوانی ئابوریەکی سۆشیالسیتی دامەزرێنن؟

مەنسور حیکمەت لەوەڵامدا دەڵێ “ئه‌م شۆڕشه‌ ئابوورییه‌ ڕووی نه‌دا. چونکه‌ چینی کرێکار و حیزبی پێشڕه‌وی ئه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی ماددی ئاسۆیه‌کی له‌م بابه‌ته‌یان له‌ به‌رامبه‌ر خۆیاندا دانه‌نابوو.”[53]

 ئەم حوکمە لەکوێوە هاتوە و کامە ئەو سەرچاوانەی کە دەیسەلمێنن کە شۆڕشی ئابوری ” به‌ شێوه‌یه‌کی ماددی ئاسۆی” لینین و بەلشەفیەکان نەبوە؟ لینین لە کتێبی دەوڵەت و شۆڕشدا باسی گۆڕانکاری ئابوری و نەمانی دەوڵەت و هەموو بنەما تیۆریەکانی شۆڕشی سۆشیالیستی دەکا کە مارکس و ئەنگلس نووسیویانە.[54]

 ئێمە لە لای مەنسوری حیکمەت جگە لەڕستەی “ئاڵته‌رناتیڤی موڵکایه‌تی سۆسیالیستی و نه‌هێشتنی کاری کرێگرته‌” هیچ ڕۆشنکردنەوەیەک نادۆزینەوە تا بزانین ئەم ئاسۆیە چیە؟ ئەگەر تەنیا ناوهێنانی نەهێشتنی کاری کرێگرتە و موڵکایەتی سۆشیالیستیش کافیە، ئەوا ئەمانە لەهەموو بەرنامە و نووسینەکانی لینین و بەلشەفیەکاندا وەک خۆڵ وایە. جگە لەمەش کۆمەڵێک نووسین و بڕیار و بەرنامەکانی لینین و بەلشەفیەکان لە ١٩١٨ تا ١٩٢٣بۆ ئابوری دەوڵەتی بەلشەفی هەیە کە لەم کتێبەشدا ئاماژەمان بۆکرد .

 بەڵام بۆچی مەنسور حیکمەت ئەمانە بە ئاسۆی ئابوری نازانێ؟ وە نازانین لای حیکەمتیزم چۆن ئەم تیۆری و ئاسۆ ئابوریە پەیدا دەبێ و بەتایبەت بۆ لەو مێژووەی ١٩١٧بۆ ١٩٢٣ی ڕوسیادا ئەم ئاسۆ ئابوریە پەیدانەبوو یان بۆ حزبی بەلشەفی لە بەردەم خۆیدا داینەنابوو؟

 بێگومان هیچ وەڵام و ڕۆشنکردنەوەیەک لەم نووسینانەی حیکمەتیزم سەبارەت بەم پرسیارانە پەیداناکەین و ئەوەی پێداگری لەسەر دەکرێ تەنیا ئەوەیە کە ئەو کار و پراتیکانەی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی پێویست بوە و کێشە تەنیا ئەوەبوە کە نەخشەیەکی ئابوری نەبوە.

 مەنسور حیکمەت دەڵێ “ئێمه‌ جیاوازییه‌کی ته‌واومان له‌گه‌ڵ ئه‌و تێڕوانینه‌دا هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ، ستالین که‌ ده‌ستی باڵای په‌یدا کرد، به ‌ده‌رکردنی فڵان بڕیار سه‌باره‌ت به ‌مافی فراکسیۆنه‌کان و به‌ فڵانه‌ ده‌خاڵه‌تی شورای کۆمیساره‌کانی خه‌ڵک بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی شوراکان و کۆمیته‌کانی کارخانه‌، ئیتر فاتیحای شۆڕش و دیموکراسی کرێکاریی خوێنرایه‌وه‌ و ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌ماوه.‌ هه‌ر ئه‌م حیزبه‌ به‌ هه‌موو که‌موکورتییه‌کانییه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی هه‌بوونی پێشڕه‌وی خاواندارێتی سۆسیالیستی و شێوازه‌‌ سۆسیالیستییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، ده‌یتوانی له‌ قسه ‌و باسه‌ ئابوورییه‌کانی ده‌یه‌ی (٢٠)دا سه‌ربه‌رز بێته‌ ده‌ر و به‌م پێیه،‌ پایه ‌ماددییه‌کانی لابردنی ناته‌واوییه‌ سیاسی و ئیداری و که‌موکوڕییه‌ سه‌رخانییه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌دی بێنێت. گیروگرفتی ڕاسته‌قینه‌ له‌م ناته‌واوی و هه‌ڵانه‌ی حیزبدا نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌ ناته‌واوییه‌کی بنه‌ڕه‌تیتردا بوو. که‌ ئه‌ویش نه‌بوونی ئاسۆیه‌کی ڕۆشن ده‌رباره‌ی شێوازه‌‌کانی خاوه‌ندارێتی و به‌رهه‌مهێنانی سۆسیالیستی بوو.”[55]

 کەواتە کێشەی سەرەکی بەلشەفیەکان ڕۆشنگەری ئابوری بووە؟

 بەڵام ئەو پێمان ناڵێ چۆن حزب “ده‌یتوانی له‌ قسه ‌و باسه‌ ئابوورییه‌کانی ده‌یه‌ی (٢٠)دا سه‌ربه‌رز بێته‌ ده‌ر” و بیرۆکراتیزمی ستالینی و دیکتاتۆریەتی حزبی لەکاربخا و کۆمەڵگەی سۆشیالیستی دامەزرێنێ؟!

 ڕەخنەی مەنسور حیکمەت لە هەموو جۆرەکانی سۆشیالیزمی پێش خۆی ئەوەبوو کە لە “سیاقێکی مەزهەبی، مەعنەوی، فەلسەفیدا” باسی ڕۆشنگەری دەکەن نەک لە سیاقێکی سیاسیدا،  ”ئەمە بە تەواوی ئێمە دەباتە ناو یەک سوننەتی سیاسی عەمەلی جیاوازەوە، سەبارەت ڕەوەندی ڕووسی بۆ نموونە، یان ڕەوەندی ترۆتسکیست، چەپی نوێ، گرامشی، یان ڕەوەندی ئۆرۆکۆمۆنیزم. ئەگەر بزووتنەوەی ئێمە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەرە لەناو سیاقێکی سیاسیدا ڕۆشنگەرە نەک لە سیاقێکی مەزهەبی، مەعنەوی، فەلسەفیدا. ئێمە بزووتنەوەیەکی سیاسین و ئەمە کاراکتەری سیاسی بزووتنەوەکەیە. “[56]

 ئایا ئەگەر ئەم ڕۆشنگەریە ئابوریەی بەلشەفیەکان ،وەک مەنسور حیکمەت باسی دەکا، لە سیاقێکی سیاسیدایە نەک لە “سیاقێکی مەزهەبی، مەعنەوی، فەلسەفیدا”،  باشە چۆن ئەو دیکتاتۆریە حزبیەی لە سیاق و ڕێڕەوێکی سیاسیدا، کە بەلشەفیەکان وستالین و سەرمایەداری دەوڵەتی بەسەر چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکاندا سەپاندبوویان ، چۆن تەنیا بە باسێکی ڕۆشن لەسەر ئابوری دەیتوانی چارەنووسی سۆشیالیزم بگۆڕێ؟ لە کاتێکدا ئەو ڕەوتە سیاسیەی کە قەرارە ئەم ڕۆشنگەریە ئابوریە بکات خۆی دەسەڵاتی کەمایەتیەکی لەجێگای چینی کرێکار دانابوو ، ئیتر چۆن وازی لە موڵکایەتی تایبەتی دەوڵەتی حزبی بەلشەفی دەهێنا و بەرنامەیەکی ئابووری خاوەندارێتی گشتی هەموو بەرهەمهێنەرانی دەخستە جێگای، لە کاتێکدا بەلشەفیزم لە دەسەڵاتی سیاسیدا پەیڕەوی لە دەسەڵاتی کەمایەتی و دیکتاتۆری حزبێک دەکرد لە جێگای موڵکایەتی دەسەڵات بۆ هەموو چینی کرێکار و دیکتاتۆریەتی هەموو چینەکە؟ ئەگەر  حیکمەتیزم موڵکایەتی حزبی بەلشەفی بۆ دەوڵەت بە “حکومەتی کرێکاری” دەزانێ، ئیتر چۆن موڵکایەتی ئەم حزبە بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان بە “ناڕۆشنی ئابووری” بەلشەفیەکان دەزانی؟! مەگەر دەوڵەت جگە لە ئامڕازی پاراستنی موڵکایەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان شتێکی تر دەگەیەنێ؟

  چۆن حزبی بەلشەفی “ده‌یتوانی له‌ قسه ‌و باسه‌ ئابوورییه‌کانی ده‌یه‌ی (٢٠)دا سه‌ربه‌رز بێته‌ ده‌ر”، ئەگەر دەستبەرداری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارایانە و کەڵەکەی سەرمایە لەسەر حسابی هێزی کاری هەرزانی کرێکارانێک نەبێت کە کۆنترۆڵی کارگەیان لێ سەندرابێتەوە، وە یاخود  واز لە کەمپی زۆرەملێی کار نەهێنێ کە لە زیندانیانی سیاسی پێکهاتبوو، وە یان دەست هەڵنەگرێ لە لێسەندنەوەی موڵکایەتی لە جوتیاران ؟

 ڕێڕەوی سیاسی دیکتاتۆریەتی حزبی بێگومان ڕێگەی بەم جۆرە لە ڕۆشنگەری ئابوری نەدا. ئەم دیکتاتۆریە حزبیە پێویستی بە بەڕیوەبردن و بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانە بوو لە ڕوسیادا، ئەمە ژێرخانی گونجاوە لەگەڵ سەرخانێکدا کە دەسەڵاتی کەمایەتی بەلشەفی پێویستی بوو. جگە لەم مۆدێلەی سۆشیالیزم کە دەوڵەتێکی حزبی دەیسەپێنێ و کەڵەکەی سەرمایە و گەشەی هێزە بەرهەمهێنەکان لە پێناو کەڵەکەی سەرمایەدا دابین دەکا، هیچ جۆرێکی تر لە مۆدیلی ئابوری سۆشیالیستی لە ڕوسیادا لە بەرنامەدا نەبوە و لینین و حزبی بەلشەفی لەسەر ئەم بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتیە زۆرڕۆشن بوون. کاتێک باسی سەرمایەداری پیشەسازی و بانکی ئەڵمانیای سەرەتای سەدەی بیست دەکەن، دەڵین تەنیا بە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێ ئەڵمانیا ببێتە دەوڵەتێکی سۆشیالیستی. هەربۆیە هیچ کات قسە لەسەر ناڕۆشنی بەرنامەی ئابوری نەبووە و لە ساڵێ ١٩١٨ دا لینین بەڕۆشنی باسی گەشەپێدانی سەرمایەداری دەوڵەتی وەک ڕێگای گواستنەوە بۆسۆشیالیزم دەکا.[57]

  لینین بە ئابوری جەنگی ئەڵمانیا سەرسام بوە کە لە سێپتەمبەری ١٩١٧ دەڵێ”شەڕ گۆڕانی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی خێراکرد بۆ سەرمایەداری مۆنۆپۆلی دەوڵەتی کە ئەمەش بەتەواوی مادەکانی ئامادەکاری بۆ سۆشیالیزمە.بەبێ بانکە گەورەکان سۆشیالیزم ئیمکانی ڕودانی نیە.”

 ئەگەر ئەوەمان قبوڵ بێت کە ڕۆشنگەری ئابوری چینی کرێکار لە شۆڕشی سۆشیالیستیدا پەیوەندی هەیە بە پراتیکی سیاسی ئەم چینەوە لە خەباتی چیانەیەتیدا بۆ گۆڕینی سیستەمێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری، کەواتە دەبێ بچینە سەر دووەم بەشی لێکدانەوەکەمان لەسەر پەیوەندی نێوان حزب و چین لەم شۆڕشەدا و لە دەورانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا.

 مەنسوری حیکمەت دەڵێ “له‌ ده‌وره‌ی یه‌که‌مدا شوراکان لاوازکران تا ده‌وڵه‌تی کرێکاری له‌ کێشه‌کانی ڕزگار بێت.” وە “ئاشکرایه‌ که‌ دامه‌زراوه‌‌ کرێکارییه‌کان هه‌موو له ‌ده‌وری به‌هێزکردنی حیزبی کرێکاران و ده‌وڵه‌تی کرێکاران ساز درابوون و له‌م نێوه‌دا شێوازه‌‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ناحیزبی و ڕاسته‌وخۆی کرێکاری لاواز بوون.”[58]

 هەروەها دەڵێ “گه‌شه‌ی بیرۆکراسی لاوازکردنی دیموکراسی ده‌روون حیزبی و که‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانه‌کانی کاری ڕاسته‌وخۆی کرێکاران” ڕوویدا. [59]

 بەڵام سەرەڕای ئەمانە مەنسوور حیکمەت ڕایدەگەیەنێ کە “ئێمه‌ جیاوازییه‌کی ته‌واومان له‌گه‌ڵ ئه‌و تێڕوانینه‌دا هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ، ستالین که‌ ده‌ستی باڵای په‌یدا کرد، به ‌ده‌رکردنی فڵان بڕیار سه‌باره‌ت به ‌مافی فراکسیۆنه‌کان و به‌ فڵانه‌ ده‌خاڵه‌تی شورای کۆمیساره‌کانی خه‌ڵک بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی شوراکان و کۆمیته‌کانی کارخانه‌، ئیتر فاتیحای شۆڕش و دیموکراسی کرێکاریی خوێنرایه‌وه‌ و ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌ماوه.”[60]

 ئەمە ناوەرۆکی تێگەیشتنی حیکمەتیزمە لە حزب و دەوڵەتی کرێکاری و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. لێرەدا ئیتر باسی “مەیلی نەخوازراو و پێچەوانەی خواست” نیە بەڵکو باسی پێویستی لاوازکردنی شوراکانە تا دەوڵەتی کرێکاری لە کێشەکانی رزگاربێ!

 باسی مۆدێلێکە لە حزب و دەوڵەت کە دەبێ دەسەڵاتی ناحزبی و ڕاستەوخۆی چینی کرێکار لاوازبکا لە پێناو بەهیزکردنی حزب و دەوڵەتی “کرێکاری”!

ئەمە تێگەیشتنێکی تایبەتە لە شۆڕشی سۆشیالیستی بەوەی “دیکتاتۆری فەردی ستالین” و “دەرکردنی فراکسیۆنی کرێکاری ناوحزب” و “لاوازکردنی شورا و کۆنترۆڵی کرێکاری لەلایەن وەزارەتی بەلشەفیەوە”، ئەمانە هیچیان شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی و کۆتایی دیموکراسی کرێکاری ناگەیەنن!

پرسیارەکە وەک لە بەشی بەلشەفیزمدا باسمانکرد ئەوەیە کە بۆچی دەوڵەتی بەلشەفی دەبێ لەسەر حسابی لاوازکردنی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران و سەربازان لە کێشەکانی ڕزگاری ببێ؟ ئایا کێشەی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ شوراکاندایە تا دەبێ دەسەڵاتیان لاوازبکرێ؟ ئەگەر وایە ئەم دەوڵەتە لە کێ پێکهاتوە و چ چینێک دەسەڵاتدارە؟ چی بەسەر دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆشوراکان” ی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا هات؟ ئەم ناکۆکیە لە نێوان حزب و چینی کرێکاردا چی دەگەیەنێ؟ بۆچی چینی کرێکار لە ڕیگەی شورا و کۆمیتەکانی کارگە و فراکسیۆنە حزبیەکانیەوە ناتوانێ نوێنەرایەتی خۆی بکا؟ بۆچی ئەمانە ناکۆکن بەدەسەڵاتی حزبی بەلشەفی و دەبێ جێگای خۆیان بدەن بە دەسەڵاتی تاقانەی وەزیرەکان و کۆمیتە حزبیەکان و کەمایەتیەکی حزبی؟ بۆچی شۆڕشی سۆشیالیستی بریتیە لە لاوازکردنی بەشداری ڕاستەوخۆی چینی کرێکار و ئۆرگانە جەماوەریەکانی ؟ ئەم تیۆریەی دەڵێ “شکستی چینی کرێکار بەمانای شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی نیە” لە کوێوە هاتوە؟

 بێگومان ئەم هەڵوێستەی حیکمەتیزم لەسەر مۆدێلی حزبی بەلشەفی لە مەسەلەی شکست پێهێنانی گۆڕانی ئەم حزبە بۆ حزبی زۆرینەی کرێکاران و ناکۆکی لەگەڵ شورا و ئیرادەی جەماوەری کرێکاراندا، پێمان دەڵێ، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان تێگەیشتن کە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و بەلشەفیزم لە حزب و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریای هەیەتی. لەم دیدگا یەدایە کە حزب وەک جێگرەوەی چینی کرێکار مافی ئەوەی هەیە کە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و جەماوەری چینی کرێکار بخاتە لاوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی حزبی بخاتە جێگای دیکتاتۆری چینی کرێکار. بەم پێیەش لاوازکردنی شوراکان ئەگەر بە مانای ڕێگەدان بێت بە پەیڕەوکردنی دیکتاتۆری حزبی و دیکتاتۆری ئەم حزبە و تەنانەت فەردی ستالینیش، بەڵام بەمانای شکستی شۆڕش نیە!!!

 لێرەدا پێویستە خاڵێکی گرنگ و سەرەکی ئەم دیدگا و جیهانبینیەی حیکمەتیزم سەبارەت بە سۆشیالیزم و حزب و دەوڵەت ڕۆشن بکەینەوە.

 لەم دیدگایەدا سۆشیالیزم پراتیکی سیاسی چینێک نیە کە لە شەڕێکی چیانەیەتیدایە لەگەڵ سیستمێکی بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەی سەرمایەداریدا و دەیەوێ کۆنترۆڵی سەرمایە بەسەریدا کۆتایی پێ بهێنێ و کۆمەڵگە بە شێوازێکی نوێ ڕێکبخاتەوە کە هێزی کاری خۆی ئازادانە و ڕاستەوخۆ ئیدارەی بکا. بەڵکو لای حیکمەتیزم ، هەروەک لای بەلشەفیزم و جۆرەکانی تری سۆشیالیزمی دەوڵەتی،سۆشیالیزم بریتیە لە پراتیکی حزبێک کە خۆی بە نوێنەری ئەم چینە دەزانێ و ئەم پراتیکە حزبیە یە بڕیاردەدا کە کۆمەڵگە چۆن ڕێک بخرێ و دەوڵەت و ئابوری چۆن بچەرخێ. هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەم ڤێرژن و تێگەیشتنەدا تەنیا پراتیک و دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیستە و هیچی تر.ئەمەش سەرچاوەی ئەو ناکۆکیانەیە کە لەنێوان دەوڵەتی بەلشەفی و شوراکانی کرێکاران و جوتیاران و سەربازانی ڕوسیەدا لە ساڵی (١٩١٨) ەوە تا دیارنەمانی ئەم شورایانە، ڕوویدا.

 لەم دیدگایەدا سۆشیالیزم بریتیە لە تیۆر و بەرنامە و پراتیکی گروپ و حزبێک کە خۆیان پێ نوێنەری چینی کرێکارە بەهۆی دیدگا و بەرنامەکانیانەوە. هەر بەشێکی چینی کرێکار کە لە ژێر سایە و ئۆتۆریتە و دەسەڵاتی ئەم “ڕۆشنگەریە ئابوریە و بەرنامە سیاسیە و ڕیزەکانی” ئەم حزبەدا نەبێ، ئەوا دەبێ لە دەسەڵات لاببرێ، تاکو دەوڵەتی حزبی کۆمۆنیست، کە بەناوی کرێکاریەوە حوکم دەکا، بەهێز بکرێ!

 بەڵام گرامشی سەبارەت بە تیۆری سیاسی کۆمۆنیستی پێمان دەڵێ کە ” لە کاری سیاسی ڕاستەقینەی چینە ژێردەستەکاندا (کرێکار) یەکێتی لە نێوان “خۆڕسکی”ی جەماوەر لەگەڵ “ڕابەری وشیار” و “بە دیسپلین” دا بە تەواوەتی هەیە، تا ئەو کاتەی ئەمە سیاسەتی جەماوەری کرێکار بێ، نەک موغامەرەیەک لەلایەن گروپێکەوە کە ئیدعای نوێنەرایەتی جەماوەربکا”. [61]

 کەواتە حزب ،ئەگەر بە توخمی “ڕابەری وشیار و بە دیسپلین” دابنێین، پێویستە لە یەکێتیەکدا بێ لەگەڵ جەماوەر، ئەگەر ئەمەش بە توخمی خۆڕسک، لەقەڵەم بدەین. ئەمە مەرجی پێویستە بۆ کاری سیاسی ڕاستەقینەی چینایەتی. وە ئەوکات دەتوانین بەم سیاسەتە بڵێین سیاسەتی جەماوەر. بەپێچەوانەوە ئەگەر سیاسەتی حزب پێچەوانەی خواست و ئیرادەی جەماوەری چینی کرێکارەوە بێت، ئەوا ئەم کارە سیاسیە بە کاری چینی کرێکار دانانرێ، بەڵکو موغامەرەی گروپێکە کە ئیدعای نوێنەرایەتی کردن و جێگرتنەوەی چینی کرێکار دەکەن. ناکۆکی سیاسەتی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی لەگەڵ دەور و دەسەڵاتی شورا و کۆمیتەکانی کارگەدا کە خۆیان نیشاندەدەن لە “”سازش لە گەڵ بیرۆکراتیزمی ئیداری و گێڕانەوەی سوپای پیشەیی” و “قەدەغەکردنی فراکسیۆن وڕای جیاواز لە حزبدا” و ” هەڵوەشانەوەی کۆمیتەکانی کارگە و دانانی تاک بەڕیوەبەری لە جێگایان” و “نەهێشتنی دەسەڵاتی شوراکان لە ئابوریدا و دانانی بەرپرسی حزب لە جێگایان”دا، ئەمانە ناکۆکی نێوان گروپێک و کەمایەتیەکە لەگەڵ زۆرینە و جەماوەری چینەکەدا. ئەمانە سیاسەتی کۆمۆنیستی نین بەڵکو سیاسەتی سۆشیالیزمی دەوڵەتین. ئەمانە هاوتای سیاسەتی سەرمایەداری دەوڵەتین.

 هەربۆیە ئەگەر تیۆر خۆی لە پراتیکی چینێکدا ساغ دەکاتەوە نەک لە پراتیکی گروپ و حزبێکدا، کە ئایا دروستە یان نا؟ کەواتە حزبێک ناتوانێ ئیدعای نوێنەرایەتی چینێک بکا کە پراتیک و دەسەڵاتی ئەو حزبە بریتی بێت لە لاوازکردنی پراتیکی ڕاستەوخۆی چینەکە.

 لە سیستمی فکری و جیهانبینی کۆمۆنیستی گرامشیدا ئەم گواستنەوەی ڕۆشنگەری و وشیاریە لە نێوان بەشەکانی چینی کرێکاردا، لە “ڕابەری وشیار و بە دیسپلینەوە بۆ جەماوەری خۆڕسک”، بەشێک لە چالاکی سیاسی و پرۆسەی ئیڤۆلوشن و گەشەی سیاسی چینەکەیە لە ململانێی چینایەتی نێو کۆمەڵگەدا، نەک کاری ڕۆشنبیرکردنی چینێک بێت لەلایەن گروپێکەوە لە دەرەوەی ئەو خەباتە چینایەتیەی کە کرێکار خۆی دەیکات. کەوەک هوبسبام دەڵێ ”سیاسەت بۆ گرامشی چەق و ناوەرۆکە نەک ستراتیژی سەرکەوتنی سۆشیالیزم بەڵکو سۆشیالیزم خۆیەتی. ناوەندی چالاکی ئینسانە، واتە تاکە وشیاریە کە چووەتە ناو پەیوەندی گرتن لەگەڵ دنیای کۆمەڵایەتی و سروشتی لە هەموو فۆرمەکانیدا[62].”

 ئەگەر سۆشیالیزم خودی چالاکی ئینسانی کرێکار خۆی بێت کەواتە ناتوانرێ بڕیار و بەرنامە و دەسەڵاتێک بەسەر شورا و ڕێکخراوەکانی ئەم چینەدا بسەپێنرێ کە خۆی نەیەوێ و ناکۆک بێت لەگەڵیدا.

 هەربۆیە چەقی ستراتیژی سەرکەوتنی سۆشیالیزم بریتیە لە ڕێکخستنی هەمیشەیی بزوتنەوەی کرێکاری، وە حزب وەک بەشێک لەم ستراتیژە، ئەرکەکەی بریتیە لە ڕێکخستنی هەموو چینێکە نەک بەشێکی دیاریکراوی ئەو چینە، واتە کۆمۆنیستەکان.

 هەروەها گرامشی ئاماژە بە خاڵیکی گرنگ دەکا بەوەی کە، سیاسەت تەنیا ستراتیژ و وەسیلەکان و ئۆپەراسیۆنەکان نیە. تەنیا ئامانجی گرتنی دەسەڵاتی سیاسی نیە، بەڵکو چۆنیەتی ڕێکخستنی هەموو توانای چینی کرێکارە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک کە پێویستی بەدەسەڵاتی کەمایەتی، کۆمۆنیستی یان غەیری کۆمۆنیستی، نەبێ و بەشداری ڕاستەوخۆی هەموو چینەکە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دابین بکا.

 ئەودەیوت کۆمەڵگەکان شتێکی زیاترن لەوەی ستراکتۆرێکی ئابوری و دەسەڵاتێکی سیاسی سەپێنراو بن. تەنانەت کاتێک خەباتی چینایەتی دەچێتە ئاستێکی باڵا، هێشتا ئینسجامێک لە نێوان هاوڵاتیاندا هەیە، کە ڕزگاربوون لە چەوسانەوە وایان لێدەکا ئەگەری ئەوە هەبێ بەڕاستی کە کۆمەڵگە وەک کۆمینیتی ئینسانە ئازادەکانی لێ بێت. “کۆمۆنیزم تەنیا ئیدعای ئەوەناکا کە هەموو ڕابردوو ڕۆشن دەکاتەوە و تەفسیری دەکا، بەڵکو هەروەها لەباری مێژووییەوە خۆشی ڕۆشن دەکاتەوە و پاساوی پێیوستی کۆتایی هاتنی خۆشی، وەک “ئایدیۆلۆژی” ڕۆشنکردنەوەی ناکۆکیە چینایەتیەکان، دەخاتەڕوو لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ناکۆکیە چینایەتیەکان نامێنێ. ئەمە گرنگرتین فۆرمی “Historicisim” مێژووگەریە ، ڕزگاربونی تەواو لە هەموو فۆرمە ئەبستراکتەکانی “ئایدیۆلۆژیزم” ، دەست بەسەراگرتنی ڕاستەقینەی هەموو مێژووە، سەرەتای شارستانێتی نوێیە. کۆمۆنیزم لەسەر ئەم بنەمایەوە خۆی وەک چینێک ڕێکدەخا کە سروشت و ستراکتۆر و بەرنامە و جیهانبینی و پراتیکی پشتی بەهەمان دروستکردنی مرۆڤی کۆلێکتیڤ بەستووە. [63]

 ئەم باسەمان بۆ ئەوە درێژکردەوە کە بیسەلمێنین کە دیدگای سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیزم، سۆشیالیزم بە خودی شوراکان و پراتیکی ڕاستەوخۆی چینی کرێکار نازانێ، کە لە دوای سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیەوە، دەتوانێ ئابوری و شێوازی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەش بگۆڕێ. لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتی کرێکاری هیچ نیە جگە لەم شورا و ڕێکخراوە جەماوەری و حزبیانەی چینی کرێکار کە پێکەوە هەموویان دەسەڵاتی هەموو چینەکە نمایش دەکەن و دەسەپێنن. هیچ دەسەڵات و دەوڵەتێک کرێکاری نیە ئەگەر نەتوانێ زۆربەی ئەم چینە بهێنێتە مەیدانی نیشاندان و سەپاندنی ئیرادەی زۆرینەی خۆیەوە.

 هەر دەوڵەت و دەسەڵاتێک ناکۆکی و دژایەتی دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و شوارکانیان بکا ، ئەوە دەسەڵاتێکی کەمینەیە کە درەنگ یا زوو هەموو دەسەڵاتێک لە چینی کرێکار زەوت دەکا. شۆڕشی سۆشیالیستی بریتیە لە بەردەوامیدان بە سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە زۆرایەتیەی کۆمەڵگە. شکستی شۆڕش بریتیە لە شکستی ئەم زۆرینەیەی چینی کرێکار لە مەیدانی دەسەڵاتدا. سیاسەت و دەسەڵاتی زۆرینەی چینی کرێکار یەکلاکەرەوەی سەرکەوتن و شکستی شۆڕشە نەک ڕۆشنگەری ئابوری و بەرنامە و تیۆر و پلاتفۆرمی حزبێک .

 هەربۆیە ئەو “ڕۆشنگەریە ئابوریەی” مەنسوری حیکمەت چاوەڕوانی دەکا، کە وەک گۆچانی سیحری، شۆڕشی سۆشیالیستی لە ڕوسیادا بەسەرکەوتن بگەیاندایە، بەدابڕاو لە پراتیکی کرێکارانی ڕوسیە و شورا و دەسەڵاتدارێتی سیاسی ڕاستەوخۆیان خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە دیدگای حیکەمتیزم بۆ سۆشیالیزم جیاوازە. سۆشیالیزم لەم مەکتەبە فکری و سیاسیەدا بریتیە لە ڕەچەتەیەک کە کەسانێکی ڕوناکبیر و ڕۆشنگەر ئامادەی دەکەن کە تاکو نمونە و مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی پێ نیشان بدەن ، ئەمەش بەتەواوەتی جیاواز و ناکۆکە بەو ڕایەی مارکس لە مانیفیستی کۆمۆنیستدا دەڵێ کە ” ؛”دەرەنجامە تیۆریەکانی کۆمۆنیستەکان بەهیچ جۆرێک لەسەربیروڕاو ئسوڵێک دانەمەزراوە کە ئەم یان ئەو چاکخوازی جیهان دایهێنابێ یان دۆزیبێتیەوە. ئەو تیۆریانە، تەنیا ڕونکردنەوەی گشتی ئەو پەیوەندیە ڕاستەقینانەن کە لە خەباتێکی چینایەتی ئێستادا، لەبزوتنەوەیەکی مێژوویی کە لەبەرچاوماندا دەگوزەرێ، دەوەشێتەوە.”*35

 کورتەکەی ئەوەیە، ئەگەر چینی کرێکار لە بزوتنەوەی چینایەتی ومێژوویی خۆیدا لە ڕوسیادا شکستی هێنا ئەم شکستە سەرەتا شکستی پراتیکی چینی کرێکار بوو لە سیاسەت و دەسەڵاتداریتی دا و هاوکاتیش شکستی بەڕێوەبردنی ئەم دەسەڵاتە بوو لە مەیدانی ئابوری و گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی لە ڕوسیادا. ئەم دوو بەشە هیچ کامیان لەوی تریان جیا نین و پێکەوە پراتیکی چینێک نیشان دەدەن و شکست لە هەرکامیاندا شکستە لەوەی تریشدا. هیچ بەرنامە و گۆچانێکی سیحری ئابوری نەبوو، کە مۆدێلی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی بکاتە خاوەن ئابوریەک کە هەموو چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕوسیا خاوەن دەسەڵات و موڵکایەتی و هێزی کاریان ئازادانە و ڕاستەوخۆ کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێ. حزب و دەوڵەتێکی بەلشەفی کە لەسەر تێکشکاندنی شوراکان و لێسەندنەوەی دەسەڵات لە کۆمیتەکانی کارگە و سەندیکا کرێکاریەکان و قەدەغەکردنی ئازادی سیاسی لە ناو حزبێکی کرێکاریدا و لە ئاستی کۆمەڵگەدا دامەزرا، دەوڵەتێکی کرێکاری و دەسەڵاتی چینی کرێکار نەبوو، بەڵکو دەوڵەت و دەسەڵاتی کەمایەتیەکی حزبی بوو کە خۆی بە جێنشینی چینی کرێکار دادەنا، هەر بۆیەش نەیتوانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئابوری بکا بەسەر سەرمایەداریدا لەڕوسیا.

ئەم تێگەیشتنە لە حزب و دەوڵەت و پەیوەندیان بە چینی کرێکارەوە لە شۆڕشی سۆشیالیستی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا، بنەمای دیدگا و تیۆری و بەرنامەی “کۆمۆنیزمی کرێکاریی”ە سەبارەت بە مۆدێلی حزب و کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە گەیشتن بە “حزبی سیاسی”دا. بەڵام ئەم مۆدێلە سۆشیالیزمی دەوڵەتیە نیشانی داوە کە ناتوانێ مۆدیلی حزبی کرێکاری جەماوەریی دروست بکا، کە ئیلهام لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و کۆکردنەوەی هێزی زۆربەی چینی کرێکار وەرگرێ، بەڵکو وەک حزبی نوخبەی بیرۆکراتی و کەمایەتیەکی سێکتاریست دەمێنێتەوە. ئەمەش هۆکاری سەرەکی بنبەستی پرۆسەی نیوسەدەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە لە دروستکردنی حزبی سیاسیدا.

 

 

پێنجەم؛ بیرۆکراتیزم و سێکتاریزم وکارەکتەری ئەفسانەیی لیدەر

 

 لەم نیو سەدەیە لە تەمەنی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا حزب بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی بە کۆبونەوە و کۆنگرە و پلاتفۆرم نووسین و هەلبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی و لیدەر و سەرۆکەوە بەسەر بردوە.ئەم بیرۆکراتیزمە ناوی لینراوە حزبیەت و کاری حزبی. کۆمۆنیزمی کرێکاری بە چەشنی هەموو حزبەکانی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی پەیڕەو لەهەمان هەرەمی بیرۆکراتیانەی حزب و سونەتە سێکتاریستیەکان و کارەکتەری ئەفسانەیی ڕابەری دەکا.

 ئەم مۆدێلە بیرۆکراتیە لە حزبی سیاسی لە لای بەلشەفیەکان باسمانکرد وەک مۆدێلی حزبی فەرمانگەیی کە لە کاتی دیکتاتۆری حزبیەوە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە بەتەواوەتی گەشەی کرد و گەیشتە دوا قۆناغی خۆی کە دەوڵەتی بیرۆکراتیە. ئەم مۆدێلی حزبی بیرۆکراتیە دەوڵەتیە لەگەڵ زاڵبونی سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیادا، ئیتر بو بە بنەمایەکی پێویست بۆ گونجاندنی حزبی بەلشەفی لەگەڵ سیما و کارەکتەر و شیوازی کارکردنی حزبێکی دیکتاتۆریدا کە دەسەڵاتی کەمینەی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپاند. هەروەک ترۆتسکی پێشبینی کرد کە ” ئەم شێوازە لە سیاسەتی ناوخۆی حزبدا بە دۆخێک کۆتایی دێت کە ڕابەری حزب جێگای حزب و دواتر کۆمیتەی ناوەندی جێگای ڕابەری دەگرێ و سەرئەنجام یەک دیکتاتۆر جێگای کۆمیتەی ناوەندی دەگرێت و دۆخێک دروست دەبێ کە کۆمیتە حزبیەکان بەبێ بەشداری جەماوەری خەڵک هەمیشە سیاسەتەکانی خۆیان دەگۆڕن.” [64]

 ئەمە مۆدێلی بەڕێوەبردنی دیکتاتۆریەتی حزبیە و میکانیزمی کارکردنی گونجاوە لەگەڵ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای سەرمایەداری دەوڵەتی. حزب لێرەدا دەوری کۆمپانیایەکی سەرمایەداری دەگێڕێ کە پێویستی بە ملکەچی زۆرەملێ و سەربازی ئەندامانێتی بۆ ئەنجامدانی کارەکانی. ئەم مۆدێلە لەگەڵ بەڕێوەبردنی کۆمۆنیستیانەی کۆمەڵگەدا نایەتەوە کە هەموو مرۆڤەکان تیایدا بەشدارن لە بڕیاردانی سیاسی و پلەوپۆست و پایەیەکی سیاسی  لەوێدا نیە و تەنیا کاری بەڕێوەبردن و کارگوزارییە. بەڕێوەبردنێکی ئیداری بەچەشنێک ئاسان دەکرێتەوە کە خوارەوە و سەرەوە ئۆتۆماتیکی بتوانن جێگۆڕکێ بکەن.

 ئێمە لە بەشی ٤ ی ئەم کتێبەدا دا،” بۆچی لای کرێکار حزب میتافۆرە؟”، لەسەر ئەم مۆدێلە قسەمانکرد و وتمان کە حزب بۆ چینی کرێکار میتافۆرێکە نەک دەزگایەکی سیاسی وەک دەزگای حزبی بورژوازی کە پێویستە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و دەسەڵاتی کەمایەتی جێگیر بکا و بپارێزی.

 لە حزبی کرێکاریدا، حزبیەت بریتی نیە لە گوێگرتنی ئەندامانی خوارەوە بۆ بڕیارەکانی سەرەوە ئەوە شێوە و فۆرمی دائیرە و بیرۆکراسیە بەڵکو بریتیە لە بەشداری جەماوەری کرێکار لە خەباتی سیاسی و ڕۆژانەدا و ڕێکەوتنی سەراسەری لەسەر مەسەلەکانی ئەو خەباتە. حزبیەت مانایەکی تری هەیە، بریتیە لە یەکگرتوو بونی چینی کرێکار. ئەگەر هەر حزب و ڕێکخراوێک توانی کرێکاران لە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتیاندا یەکگرتوو بکات بەرامبەر بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان، ئەوا پەیوەندی نێوخۆی ئەو ڕێکخراوە کرێکاریە بەهێزدەبێ. حزبیەت چالاکیەکی ڕاستەوخۆی ئەندامانی هەموو حزبە لەو بڕیار و مەسەلانەی لە بەردەم خەباتی چینایەتی دایە. ئەگەر حزب ئەم بنەما کرێکاریەی نەبوو و وە ئەندامەتی مانای گوێ بە فەرمان بوونی ئەندامان بوو بۆ چەند کەسێک، کە هەر چەند ساڵ جارێک لە کۆنگرەیەکدا هەڵدەبژێردرێن، ئەوا حزبیەت دەبێتە کارێکی پاسیڤ، کە مەگەر گروپیکی ئایدیۆلۆژی و نا کۆمەڵایەتی بتوانێ بە پێی عەقیدە ئیلتزام و دیسپلین لەو ڕێکخراوەیەدا دروست بکا. حزبیەت بەرژەوەندیەکی مادی کرێکارە، کە لە خەباتی ڕۆژانەیدا پێویستی پێیەتی تاکو بتوانێ دیفاع لە کرێ و موچەی پێ بکا، ئازادی سیاسی پێ بەدەست بێنێ یان دەسەڵاتی بورژوازی پێ لابەرێ. ئەگەر ئەمانە کاری ڕۆژانەی حزبێک نەبن، ئەوا ناتوانین باسی حزبیەت بکەین. هەربۆیە کێشەی حزبیەت کێشەی مۆدیلی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئێستایە. کێشەی کۆمۆنیزمی سەردەمی ئێمەیە کە لە پەراویزی کۆمەڵگەدایە. ئەم کۆمۆنیزم و حزبە پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی یە، تاکو بتوانرێ حزبیەت و خۆ دیسپلینی ببێتە دیاردەیەک لە نێوکرێکاران و کۆمۆنیستەکاندا، وە تاکو چیتر لە ژێرناوی جۆراوجۆردا ڕیزەکانی خەباتی کرێکاران و حزبەکەیان دابەش نەبێ بە گروپی جیاجیای سێکتاریستی و بیرۆکراتیەوە. حزبیەت مانای یەکگرتوو بوونی چینی کرێکار و دابەش نەبوونێتی بەسەر گروپی سێکتاریستی جیاجیادا.

 لە کتێبی “میری مۆدێرن” دا گرامشی، باسی سەنترالیزمی دیموکراتیک وەک پێچەوانەی سەنترالیزمی بیرۆکراتیک دەکا. ئەو باسی پەیوەندی “ئۆرگانیکی” بەشەکانی حزب دەکا نەک دابەشکردنی پۆستەکانی ڕابەری و ئەندام و ملکەچی خوارەوە بۆسەرەوە. سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕێکخراو کردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا، وەک یەک بوونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچێوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕێکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت” ی کاتیی کرێکارانە، کەپێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی. لێرەوە حزبی کرێکاری خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا.

 گرامشی دەڵێ “دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕ بوونی گروپی لیدەرە، کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” هەربۆیە گرامشی بیروکراتیەت وەک خەتەرترین پەیوەندی شاراوە باس دەکا و وەک هوبسبام دەڵێ؛ “گرامشی ئاگاداربووە لە خەتەری بیرۆکراتی و مەرکەزیەتی بیرۆکراتی و دژی گەشەی ستالینی بوە لە سۆڤیەتدا و ئەمە کێشەی لە زینداندا بۆ دروست کردوە. ئەمە هەمان ئەو هوشداریانەیە کە مارکس دەیدات کاتێک دەڵێت ”چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرانەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ” و فێرمان دەکا کە حزب و سیاسەت ئامڕازن بەدەست چینی کرێکارەوە بۆ ئامانجی کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەی سەرمایەداری و جیاوازی چینایەتی و هەرکات ئەم ئامڕازانە پیرۆزکران ئەوا بزانن کە ئامانجەکە لە پیرۆزی کەوتووە[65].

 لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیەوە گرامشی جیاوازیەکانی حزبی کرێکاری لەگەڵ حزبی نوخبە و بیروکراسیدا لەژێر ڕۆشنایی تەجروبەی سیستمی سیاسی حزبی بەلشەفیک دەخاتەڕوو. هاوکات گرامشی وەک “میکاڤیللی تیۆریسیەنی ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵگە (سیاسی) یەکان پەیدا بوون و دەگوێزرێنەوە” و دەوری ئەو لە زانستی سیاسیدا ئەوەیە کە لەدوای ئەوەوە “خوێندن و لێکۆڵینەوە لە مێژوو و دۆخی چینەژێردەستەکان بوە مەیدانێکی دراسە لە هەموو جیهاندا، وە وەک بەشی (Historiography) هاتەئارا.  لە ئێستادا چۆن ئاماژە بە مارکس ناچاریە لە زانستی ئابوری کاپیتالیستیدا، ئاواش خۆلادان لە گرامشی ئاسان نیە لە زانستی سیاسی و باسی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرمایەداریدا[66].

 گرامشی لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە سیاسەتدا ئاسۆ و ڤیژنێک دەخاتە بەردەممان کە زیندویەتی هەوڵەکانی ئەو تا ئەمڕۆ تەعبیر لێ دەکەن و وەک هۆبسباوم دەڵێ “وشەکانی شایەنی هەزمکردنە لەمڕۆماندا”. هەر بۆیە ئێمەش لەم لێکۆڵینەوەدا وەک سەرچاوەیەکی زانستی مامەڵەمان لەگەڵ کردووە و بە کارمان هێناوە.

 هەربۆیە کۆمۆنیزم و چینی کرێکار بۆ دروستکردنی حزبێکی سیاسی پێویستی بەم زانستەی گرامشی هەیە، تاکو بزانێ چۆن لە ڕێگەی ئەو زانستە سیاسیانەی دەیخاتەڕوو دەتوانێ وەڵامی ئەوەمان بداتەوە، کە حزب لە چ پرۆسەیەکدا دەبێتە هێزێکی سیاسی و پێویستە چ ستراکتۆرێکی هەبێ و چ جیهانبینی و فەلسەفەیەک لە پشت کاری سیاسی و کەلتوری کۆمۆنیستیەوە هەیە و چ خوێندنەوەیەکی بۆ تەجروبەی تا ئێستای حزبی هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئەم زانستەدا؟

 هەربۆیە ئێمە بۆ بنیاتنانی حزبی کرێکاری و سیاسی پێویستمان بە گرامشیە لەپاڵ مارکسدا، هەرچۆن پێویستمان بە هەر هەوڵێکی تیوری و تەجروبەی کۆمۆنیسەکانی تریشە وەک لینین، ترۆتسکی و مەنسور حیکمەت و ئەوانی تر. وەک گرامشی دەیبینێ کە ،هەر هایراکی و پلەبەندیەکی مەقامات دروست کردن بێ عەقڵانە و بێ سودە، چونکە ئەم ئینسانانە نوێنەری دەورەی جیاجیابون؛ هی زانست و چالاکی ،کە ئینسجامیان هەیە یان نا هاوئاهەنگن لە هەمان کاتدا. ئەم تەجروبانەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو دەبێت ببێتە میمۆریەکی زیندووی بزوتنەوەیەکی مێژوویی چینایەتی ئێمە، کە یارمەتیمان دەدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای عەمەلی سەخت و ئاڵۆزی بنیاتنانی دنیایەکی ئازاد و یەکسان.

ئەگەر بێینەوە سەر ئەو پرسیارە سەرەکیەی بەردەم کۆمۆنیزمی کرێکاری کە دەردی نەبونی “حزبی سیاسی” یە و بپرسین بۆ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە بۆچی بەلای گرامشیدا نەچوین؟ لە کاتێکدا کۆمۆنیزم خۆی بریتیە لە بزوتنەوەیەکی مێژوویی چینایەتی کە تیۆرو دەرسی سەرکەوتنەکان و شکست وتەجروبەکانی خۆی لەبەرچاودەگرێ بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و پشت بەستن بەم هەوڵە مێژوویانە، وە ئەمانە لەناو خەباتی عەمەلی و سیاسیدا ڕەنگ دەداتەوە.

 وەڵامەکەمان ئەوە دەبێ کە، کۆمۆنیزمی کرێکاری درێژەپێدەری ئەم مێژووەی ڕەخنەی گرامشی نیە، بەڵکو هەروەک زۆربەی حزبە کۆمۆنیستیەکان درێژەپێدەری مۆدێلی بیرۆکراتی بەلشەفیە لەکاتی دەسەڵاتدا. هەر ئەمەش نیشانەی ڕەخنەگرتنی سەرپێی مەنسور حیکمەتە لە گرامشی و ڕیزکردنی گرامشی لەپاڵ مۆدێلەکانی (ڕەوەندی ڕووسی بۆ نموونە، یان ڕەوەندی ترۆتسکیست، چەپی نوێ، یان ڕەوەندی ئۆرۆکۆمۆنیزم) دایە.

 بەپێچەوانەی ئەم دەرکەی حیکمەتیزمەوە لە گرامشی، ئەو لە کێشەکانی بەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی کۆڵیوەتەوە . یەکێک لەو ئەنجامگیریانەی پێی گەیشتووە ئەوەیە کە، ئەم بزوتنەوەیە نەتیوانیوە هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ بەهۆی دەرک و پراتیکی سێکتاریستانەی لە دەوری مێژوویی و چینایەتی خۆی.  زاڵبونی ئەم سێکتاریزمە بەسەر گروپە ڕۆشنبیریە کۆمۆنیستیەکاندا ،و لەوانەش کۆمۆنیزمی کرێکاریی، ئەم ڕاستیەی ئەنجامگیریەکەی گرامشی دەسەلمێنێ.

 گرامشی ئاناتۆمی ئەم ستراکتۆرە سیاسی و دامەزراوەییەی مۆدێلی حزبی کردووە لە ژێر ڕۆشنایی تەجروبەی مۆدێلی بیرۆکراتی بەلشەفی لە دەسەڵاتدا و بەو ئەنجامگیریانەی سەرەوە گەیشتووە، کە جیاوازی ڕیشەیی لە نێوان حزبی کرێکاری و حزبی بیرۆکراتی و سێکتاریستیدا هەیە.

 هۆبسبامیش ئاماژە بە سەرچاوەی ئەم کێشانەی بیرۆکراتی و سێکتاریزم دەکا و دەڵی “باسەکانی ڕێکخستن و ستراکتۆر و لیدەرشیپی لە کاتی ئینتەرناسیونالی دووەمەوە دەستی پیکرد. بەهۆی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەریشەوە، نەک تەنیا سەبارەت بە ستراتیژی بردنەوەی دەسەڵات، بەڵکو کێشەکانی سەبارەت بە گواستنەوە بۆ سۆشیالیزمیش دووبارە حسابکردنەوەی دەویست. لەسەر ئەوەی کە ئایا کۆمەڵگەی سوشیالیستی دەبێ چ ستراکتۆرێکی سیاسی و دامەزراوەیی هەبێ؟ ئەمە بووە کێشەی نێوان کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت و ماویزم و کۆمۆنیزمی ئەوروپایی.”[67] لەم مێژوەوە ئێمە شاهیدی جۆرێک لە حزب و دەوڵەت و سۆشیالیزمین کە کێشەی سەرەکی لەگەڵ ئەو مۆدێلە فکری و سیاسی و عەمەلیەدا هەیە کە دەبێ حزبی کرێکاری و کۆمۆنیزم هەیبێ.

 دوالیزمی کێشەی بیرۆکراتی و سێکتاریستی کارەکتەرێکی ئەم مۆدێلە سیاسیە لە حزب کە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی سۆڤیەت و چینەوە بوەتە قاڵبی زاڵی شێوەی ڕێکخستنی حزبی لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا. هەربۆیە هەر ڕەخنەگرتنێک لەم دوالیزم و کارەکتەرانەی حزب پێویستە بەرەو ڕەخنەگرتن لە خودی مۆدێلی سیاسی حزب ودەوڵەت لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا بچێ کە ئەم جۆرە لە حزبی بیرۆکراتی و سێکتاریستی نوێنەرایەتی دەکا. ئێمە لە بەشی پێشودا چووینە سەر ئەم ڕەخنە ڕیشەیی یە، بەڵام لێرەدا چەند خاڵێک سەبارەت بە سێکتاریزم و کارەکتەری ئەفسانەیی لیدەر وەک بەرزترین ئاستی بیرۆکراتی باس دەکەین.

 سێکتاریزم وەک فکر و سیاسەت و چوارچێوەی ڕێکخراوەیی دەربڕینێکی پێچەوانەیە لە کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی کردۆتە مەکتەبی فکری جیاواز بەناوی مارکسیزم، لینینزم، ستالینیزم، ترۆتسکیزم،ماویزم، حیکمەتیزم و هتد.. وەک سیاسەت و ڕێکخراویش هەرکام لەم حزب و گروپانە بەرنامە و سنوری ڕێکخراوەیی خۆیان کردۆتە قاڵبێک کە چینی کرێکار دەبێ لە ڕێگای ئەوانەوە خەباتی چینایەتی بەرێتە پێش و بەپێی ئەو سێکتانە دەوڵەت و سۆشیالیزم دامەزرێنێ.

 گرامشی نمونەی مەسیحیەت وەک سێکت دەهێنێتەوە و باس لەو جیاوازیانە دەکات کە کۆمۆنیزم لەگەڵ دیندا هەیەتی. ئەو پلەبەندی هایراکی لە نێوان مارکس و لینیندا بە بێ عەقڵانە و بێ کەڵک دەزانێ بەپێی ئەوەی ئەمانە هەوڵی زانستی و پراتیکی دوو دەورانی جیاجیای چینێکن کە هاوئاهانگ و جیاوازیشن لەیەکتر. ئەو دەڵی “لە کریستیانەتیدا لەبەرئەوەی مەسیح پلەی ئیلاهی هەیە نەتوانراوە سانت پۆل ، کە ڕیکخەر و کردار و فراوانکردنەوەی هەمان دنیابینیە، لەپاڵیدا مەسیح دابنرێ و کریستیانەتی ناوبنرێ”مەسیحەیەت – پۆلینیزم”. ئەم سێکتەش لە کۆمۆنیزمدا بەهەمان شێوە بەناوی کەسە جیاجیاکانەوە دروستکراوە و هەرکام لە “یزم”انە هایراکی یەکیان کردۆتە مێژووی کۆمۆنیزم، کە مێژووی ڕاستەقینەی بزوتنەوەیەکی مێژوویی و چیانیەتیان پێ سڕیوەتەوە و قاڵبێکی ئایدیۆلۆژیان بۆ کۆمۆنیزم دروستکردووە، کە سنورەکانی نەک بە پراتیکێکی مێژوویی و جەماوەری دیاری دەکرێ، بەڵکو بە تێکستەکانی ئەم تاکە کەسانە و پەیڕەوانیان تەلبەندکراوە. “کۆمۆنیزم لێرەدا بووە حەز و خورافە و بووەتە مێژووگەری (historicism) مۆدێرن. ” ئەمە بە پێچەوانەی ڕوانگەی ماتریالیستیەوەیە بۆ مێژوو[68].

لێرەدا خاڵێکی گرنگ لە بواری خورافەی بیرۆکراتیدا دەبێ ئاماژە پێ بکەین کە ئەویش لیدەری حزبە، وەک  بەرزترین ئاستی بیرۆکراتی تیۆری ڕێکخستن و “حزبی سیاسی”.

 لە بەشی پێشودا وەک نمونەیەک باسی لیدەرشیپی لای “مەنسور حیکمەت” م هێنایەوە. لێرەدا تەنیا وەک خاڵێک لە پەیوەند بە دروستبوونی کارەکتەری ئەفسانەیی بیرۆکراتیزم باسی دەکەین، کە لەمێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا لە دوای لینینەوە بووەتە تێگەیشتنێکی زاڵ لەدەوری تاکە کەسیدا. ئەمە خۆی ئەنجامی زاڵ بوونی مۆدێلی دیکتاتۆری حزبی و سۆشیالیزمی دەوڵەتییە لە جێگای مۆدێلی کۆمۆنیزم.

 لە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا، حزب پێویستی بە چڕ بوونەوەی دەسەڵات بووە لە دەستی کەمایەتیەک و تاکەکەسێکدا وەک بەشێک لە پێکهاتەی دەوڵەتی دیکتاتۆری حزبی و ئەمەش کراوەتە پێویستی هێنانە ئارای ئایدیۆلۆژی بەناوی کەسەکانەوە، وەک مارکسیزم، لینینزم، ستالینیزم، ترۆتسکیزم، ماویزم، حیکمەتیزم و هتد..

 مەنسور حیکمەت لیدەرشیپی بە یەکێک لە پێویستیەکانی “حزبی سیاسی” دەزانی، بەڵام لە کاتێکدا خۆی ناتوانێ دەوری لیدەر بگێڕێ، ئیتر ئەم پۆستە بەشایستەی کەسێکی تر لە حزبدا نازانێ، چونکە کەسی تر نیە خاوەنی “ئۆتۆریتەیەکی سیاسی و مەعنەوی جێکەوتوو، کە یەکگرتوویی کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی حزب لەژێر ڕابەرایەتی خۆی ڕابگرێ”..”ئەگەر بەم جۆرە نەبێت، ئەوا ئەشێ، بەیەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ڕێکخراوەیی ڕابەری، بگۆڕێت.” [69]

 ئەم تێڕوانینە لە حزب کە لیدەری تەنیا بە توخمێکی ئەفسانەیی دەکرێ، هۆکارەکەی چڕ بوونەوەی دەسەڵاتێکە کە لیدەر هەیەتی و کەسانی تر نیانە. لەم سیستمەدا لیدەر مافی ڤیتۆی بڕیارەکانی پۆستەکانی تری ژێر دەستی خۆی هەیە، وەک ڤیتۆی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی یان مەکتەبی تەنفیزی. ئەمە ئۆسۆریتی یەAuthority  واتە دەسەڵاتدارێتیە، نەک ئەفسانەی ئەوەی ئۆتۆریتە وەک مادەیەکی ئەفسانەیی دەگمەنە، کە تەنیا یەک کەس لێی بەهرەمەندە و کەسانی تر بێ ئۆتۆریتەن.

 بۆچی شەڕ لەسەر ئۆتۆریتە یان دەسەڵات وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ دەبێت “بەیەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ڕێکخراوەیی ڕابەری”. ئەمە چ جۆرێک لە حزبی کرێکاریە کە لەسەر دەسەڵات و پۆست لە کێشە و شەڕی ناوخۆدایە؟ لە کاتێکدا دەبێ فەلسەفەی حزبی کرێکاری وەک “ڕۆحی دەوڵەتی پرۆلیتاریا” نەهێشتنی ئۆتۆریتە و دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەت بێت؟

 ئەم تێگەیشتنەی حیکمەتیزم لەسەر کارەکتەری بیرۆکراتی و دیکتاتۆری حزبی و مارکسیزم و لینینزم و دەوری ئەفسانەیی لیدەر هەیەتی، لە قسە و باسەکانی سەبارەت بە تەجروبەی سۆڤیەت بە ئاشکرا دەردەکەوێ، کە پێشتر بە دوور و درێژی باسمان کرد.

 مەنسوور حیکمەت سەرەڕای ئەو هەموو ڕەخنە دروستانەی لە سۆڤیەت و سەرمایەداری دەوڵەتی گرتی، بەڵام دەوڵەتی سۆڤیەت لەکاتی لینیندا بە “حکومەتی کرێکاری” ناودەبا و هیچ ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە دیکتاتۆریەتی حزبی نیە و پێی وایە کە ئابوری دەوری بوە لەوەی دەسەڵات لە دەست کرێکاراندا نەمێنێ . مۆدێلی سیاسی دەوڵەت و دەوری سیاسەت و حزب و دەوڵەت لە کاتی شۆڕشدا کە پێوەرێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی دەورانی شۆڕشگێڕانە و ڕاگوزەری دوای شۆڕشی سۆشیالیستیە نادیدە دەگرێ و هەر ڕەخنەیەک لە دەسەڵاتی بەلشەفیەکان بەڕەخنەی دیموکراتی ناودەبا. ئەمە نیشانەی هاوبەشی فکری حیکمەتیزمە لەگەڵ مۆدێلی دیکتاتۆری حزبی بەلشەفیەکاندا و تێگەیشتنی هاوبەشی مەنسور حیکمەتە لەگەڵ لینین لەسەر ئاناتۆمی حزبی کرێکاری لەهەمان دیدگای حزبی بورژوازیەوە. کە لەبەشی پێشوودا ئەم هاوبەشیەمان ڕوون کردەوە.

 هەروەک مەنسور حیکمەت پێشبینی دەکرد، لەدوای نەمانی خۆیەوە ئەم دیدگایە بۆ لیدەر بوە مایەی ئەوەی شەڕی ڕەوایەتی ئۆتۆریتە بۆ لیدەری لە نێوان کۆرشی مودەرسی و حەمیدی تەقواییدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بکات بەدوو بەشەوە. وە دوای ئەویش شەڕ لەسەرئەوەی کێ نوێنەرایەتی خەتی حیکمەتیزم دەکا لە نێوان حزبی حیکمەتیستی کرد بە دوو بەشەوە. دوای ئەمەش جیابوونەوەی تر بەهۆی  ئەم شەڕی ئۆتۆریتە و میراتگریەی نێو کۆمۆنیزمی کرێکاری درێژەی هەیە.

 ئەم جیابوونەوانە هەرچی زیاتر سێکتاریزم و بیرۆکراتیزمی نێو ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە “کرێکاری” یەی نیشاندا. سێکتاریزمێک، کە لە ئەنجامی چەندین ساڵی زاڵبوونی ئیدەی خۆجیاکردنەوەی نەزەری لەچەپ و گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکار، ئەم سێکتەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرهەمی هێنابوو، ئیتر بەهەمان دیدگا و میتۆد لەنێو خۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریشدا هیچ جیاوازیەکی نەزەری و سیاسی قبوڵ نەدەکرا و پێویست بە “خەباتی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕێکخراوەیی” بوو تا لایەک لاکەی تری بکاتە دەرەوەی حزب لەژێر ناوی “ڕێگرن لە حزبی سیاسی” یان لە خەتی “مەنسور حیکمەت” لایانداوە.

 بەکورتی سێکتاریزم و بیرۆکراتیزم کارەکتەرێکی دوالیستی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و هەموو ئەم مۆدێلانەیە کە ئەم جۆرە لە حزبی سیاسی پێک دێنن. کاتێک سێکتاریزم دەبێتە قاڵبی حزب و بزوتنەوەیەک ئەوا میکانیزمی کارکردنی ئەم حزب و گروپە بیرۆکراتیانە دەبێ. کێشانی ئەو سنورانەی کە حزب و گروپەکە خۆیان لە یەکتری پێ جیادەکەنەوە دەبێتە شێوازی جیابونەوەی ئەم گروپی ڕۆشنبیرانە لە چینەکەش. هەروەک گرامشی دەڵێ “لەم حاڵەتەدا کە لیدەرەکان و جەماوەر هاوئاهەنگ نابن ئەوا “ڕابەرەکان” توشی شەلەل دەبن و حاشیەیی دەبن. “لە نەبونی پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان ڕوناکبیران و جەماوەری کرێکاراندا یان کورتکردنەوەی ئەم پەیوەندیە بۆ پەیوەندی بیرۆکراتی “ڕابەری” بە “ئەندامانەوە” ، ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و دەستەیەک کە خۆیان بە “سەربەخۆ” لە چین دەزانن و خۆیان “بەدەوڵەت” دەزانن. هەربۆیە توشی کاردۆنیزم دێن، واتە هەوڵنەدانی لیدەر بۆ قەناعەت پێکردنی ئەو کەسانەی لیدەریان دەکا و داوای دیسپلین و ملکەچیان لێ دەکات بەبێ نیشاندانی عەقلانیەت. لە کاتێکدا لە حزبی کرێکاریدا ئەبێ لە گروپی لیدەری بپرسرێتەوە نەک ملکەچی بیت. ئەمە جیاوازی فەلسەفەی حزبی کرێکاریە لە حزبی بورژوازی کە سەرەوە خزمەت دەکا نەک سەروەر بێت[70].

 ئەم ڕەوتی بیرۆکراتیزمە دوای مەنسور حیکمەتیش بەردەوامە لە داهێنانی پۆستی سەیر و نامۆ بە ڕێکخستنی کۆمۆنیستی. یەکێک لەو نمونانە پۆستی “ئەنجومەنی ئەمیندارانی حزبە” کە لەلایەن کۆرشی مودەرسیەوە هێنرایە ئارا و کراوە بە بڕیارنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری -حیکمەتیست و حزبی کۆمۆنیستی کوردستانیش. ئەم پۆستە کە منیش لە کۆنگرەی ٣حزبدا بوومە یەکێک لە کاندیدەکانی بۆ ئەم پۆستە پاسیڤ ترین جۆری بیرۆکراتیزمی حزبیە. بەکورتی ئەم پۆستە بریتیە لەوەی کە کاری ئەندامەکانی چاودێری ئەندامانێکی ترە کە کاری پراتیکی و سیاسی دەکەن و لە بڕیارەکان دەکۆڵێتەوە و ڕای ڕاوێژکاری لەسەر دەدا. لێرەدا حزب دەبێتە ئۆرگانێک کە وەک هەر فەرمانگە و دامەزراوەیەکی بیرۆکراتی کە پۆستی چاودێری و ڕاوێژکاری بەو کەسانە دەسپێردرێ کە ماوەیەک لە ژیانیاندا کاریان لە حزبدا کردوە و گواستنەوەی تەجروبەکانیان بۆ ئەندامانی تر لەڕێگەی ڕاویژکاریەوە دەبرێتە پێش. لەمەش زیاتر “ئەم ئەنجومەنە بۆی هەیە بڕیاری ڕابەری حزب بگەڕینێتەوە تا جارێکی تر باس بکرێ و پەسەند بکرێتەوە” و “دەبێ ئەندامەکانی لانی کەم ١٠ساڵ لە حزبدا ئەندام بن و ٥ ساڵ لە کۆمیتە باڵاکانی حزبدا بن”. ئەم ئەندامانە نابێ لە کۆمیتە  و ئۆرگانە باڵاحزبیەکاندا ئەندام بن” [71]و هتد..

 ئەمانە بەشێک لەو پەیڕەوە ناوخۆیانەی کۆمۆنیزمی کرێکارین کە نیشانەی ڕیشە داکوتانی بیرۆکراتیزمێکە کە هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ شێوەی کارکردنی کرێکاران لە خەباتی سیاسی و جەماوەریدا نیە کە ئیلهامی لە بەڕێوەبردنی کۆمۆنیستانەی کۆمەڵگەوە وەرگرتبێ و بەڵکو هەمان سونەت و نەریتە بیرۆکراتیەکانی ناو حزبە بورژوازیەکانە کە پلە و پۆست و تەمەنی ڕێکخراوەیی و جێگیرکردنی ئەم پۆست و پایانەی پێویستە.

 ئەم ڕاستیانەی سەرەوە نیشانمان دەدا کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی لەناو گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکاردا نیو سەدە لەتەمەنی تێپەڕکردوە. بەپێی ئەو کارەکتەرانەی سەرەوەش کە باسمان کرد نیشانی دەدا کە سەربەهەمان مێژووی گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکارە، کە لەهەوڵی بەردەوامدا بوون کە کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست چارەسەر بکەن، بەڵام بەهەمان دیدگای زاڵ بەسەر کۆمۆنیزمی سەدەی بیستدا، کە دیدگای سۆشیالیزمی دەوڵەتی بووە. ئەم جۆرە سۆشیالیزمەش جۆرێک حزب بەرهەم دینێ کە حزبێکی سێکتاریستی گروپێکە کە خۆی بە نوێنەر و جێ نشینی چینی کرێکار دادەنێ و بەم پێیەش وەک نیو سەدەی ڕابردوو نیشانی داوە ناتوانێ ببێتە حزبی سیاسی چینی کرێکار، ئەگەر ئەم قاڵبە بیرۆکراتی و سێکتاریستیانە جێ نەهێڵێ.

[1] مەنسور حیکمەت،(وتاری کردنەوەی کۆنگرەی سێهەمی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئێران) دیسەمبەری ٢٠٠٠، هەڵبژاردەیەک لە نوسراوەکانی مەنسور حیکمەت، بەرگی دووەم، ل٥٠٩-٥٢٣ بەکوری ؛سالار ڕەشید.

[2] ئیریک هۆبسباوم، ل ٧٨٩بۆ٧٩٢،سەردەمی توندڕەوەکان، کورتەی سەدەی بیستەم، ١٩١٤-١٩٩١. بەزمانی عەرەبی.

[3] مەنسور حیکمەت، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست بە کۆنگرەی یەکەم، (ل ٣٥٢)، هەڵبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.

[4] مەنسور حیکمەت، هەنگاو لەڕێگەی پێکهێنانی حزب کۆمۆنیستی ئێران، ل ٣٢٢، هەلبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.

[5] مەنسور حیکمەت، حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە گرەوی چیدایە؟ ل٣٤٩، هەڵبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.

[6] ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست بە کۆنگرەی یەکەم, ل٣٥٤، هەڵبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.

[7] هەمان سەرچاوە

[8] ئەنگلس، لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی، ل ٧٢، وەرگێڕانی سالار ڕەشید.

[9] مارکس ، ل ٢١٤، نامە بۆ براکە لە پێشەکی ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا، بەرگی ٢ لە هەڵبژاردەی مارکس و ئەنگلس لە ٤ بەرگدا، چاپی دارالتقدم، بە عەرەبی.

[10] مارکس ، تێزەکانی فیورباخ، تێزی دووەم. https://www.marxists.org/archive/marx/works/1845/theses/theses.htm

[11] مه‌نسوور حیکمه‌ت، حیزبی کۆمۆنیست له‌ گره‌وی چیدایه‌؟

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[12] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[13] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

[14] هەمان سەرچاوە

[15] هەمان سەرچاوە

[16] هەمان سەرچاوە

[17] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

[18] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

[19] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

https://asokamal.com/index/?p=1635

[20] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

[21] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

[22] مه‌نسوور حیکمه‌ت، ڕونکردنەوەیەک بۆ پلنۆمی ٢٠ سەبارەت بە جیابوونەوە لە حزب

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[23] هەمان سەرچاوە

[24] هەمان سەرچاوە

[25] هەمان سەرچاوە

[26] هەمان سەرچاوە

[27] مەنسور حیکمەت، خودا حافیز؟ل١٤٧١، هەلبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.

[28] مەنسور حیکمەت ، هەلبژاردەیەک لە نووسراوەکانی، ل٥٥١، سالار ڕەشید.

[29] ترۆتسکی، کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”

https://www.marxists.org/archive/trotsky/1904/tasks/ch04.htm

[30] مه‌نسوور حیکمه‌ت، جیاوازیەکانی ئێمە

[31] مەنسور حیکمەت، جیاوازیەکانی ئێمە

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[32] هەمان سەرچاوە

[33] هەمان سەرچاوە

[34] مەنسور حیکمەت، جیاوازیەکانی ئێمە

[35] مه‌نسوور حیکمه‌ت، ڕونکردنەوەیەک بۆ پلنۆمی ٢٠ سەبارەت بە جیابونەوە لە حزب

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[36] هەمان سەرچاوە

[37] مه‌نسوور حیکمه‌ت ،حیزبی کۆمۆنیست له‌ گره‌وی چیدایه‌؟

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[38] مەنسور حیکمەت، جیاوازیەکانی ئێمە

http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[39] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

https://asokamal.com/index/?p=1635

[40] مارکس و ئەنگلس , مانیفیستی کۆمۆنیست،ل ٢٥، وەرگێڕانی موسلح/ ڕیبوار

http://media4.hkkurdistan.org/2015/03/manifist.pdf

[41]    ئیریک هۆبسبام،چۆن جیهان بگۆڕین؟

https://asokamal.com/index/?p=1616

[42] مارکس و حزبی کرێکاری ,بەشی دوەم لە ناساندنی کتێبی “چۆن جیهان دەگۆڕین

https://asokamal.com/index/?p=1577

[43] مەنسور حیکمەت، جیاوازیەکانی ئێمە

* http://hekmat.public-archive.net/indexFa.html

[44] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

https://asokamal.com/index/?p=1635

[45] مارکس و میکاڤیللی و حزبی سیاسی کرێکاری

https://asokamal.com/index/?p=1595

[46] مەنسور حیکمەت،گفتوگۆ لەگەڵ رادیوی ئەنتەرناسیونال دەربارەی کۆنگرەی سێهەمی ح ک ک، ل١٥٩١، هەڵبژاردەی بەرهەمەکان بە فارسی

[47] مەنسور حیکمەت ،ل١٥٩٤ ، بڕیارنامە دەربارەی دۆخی ئێران و جێگای ح ک ک، ل١٥٩١، هەڵبژاردەی بەرهەمەکان بە فارسی

[48] مارکس و حزبی کرێکاری

https://asokamal.com/index/?p=1577

[49] مه‌نسوور حیکمه‌ت ,” هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی  له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت”

[50] هەمان سەرچاوە

[51] مه‌نسوور حیکمه‌ت ,” هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی  له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت”

[52] مەنسور حیکمەت ، دەوڵەت لە دەورانی شۆڕشگێڕانەدا

http://hekmat.public-archive.net/

[53] مه‌نسوور حیکمه‌ت ,” هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی  له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت”

[54] لینین، دەوڵەت و شۆڕش

https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1917-sr/05.htm

[55] مه‌نسوور حیکمه‌ت ,” هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی  له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت”

[56] مەنسور حکمەت “تیۆری چۆن دەگۆڕێ بەهێزی ماددی؟

[57]  E.H.CARR لاپەڕە ١٠٦،شۆڕشی ڕوسیا لە لینینەوە بۆ ستالین (١٩١٧-١٩٢٩)

[58] مه‌نسوور حیکمه‌ت ,” هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی  له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت”

[59] هەمان سەرچاوە

[60] هەمان سەرچاوە

[61] گرامشی، میری مۆدێرن-ل١٩٩، پەڕاوەکانی زیندان، بەزمانی ئینگلیزی

[62] ئیریک هۆبسبام، چۆن جیهان دەگۆڕین، ل٣٢١، بەزمانی ئینگلیزی

[63] گرامشی و حزبی سیاسی

https://asokamal.com/index/?p=1592

[64] ترۆتسکی، کتێبی” ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”

https://www.marxists.org/archive/trotsky/1904/tasks/ch04.htm

[65] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

https://asokamal.com/index/?p=1635

[66] گرامشی و حزبی سیاسی

https://asokamal.com/index/?p=1592

[67] هۆبسباوم، چۆن جیهان بگۆڕین،

 https://asokamal.com/index/?p=1616

[68] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

https://asokamal.com/index/?p=1635

[69] مەنسور حیکمەت ، هەلبژاردەیەک لە نوسراوەکانی، ل٥٥١،سالار ڕەشید.

[70] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا،

https://asokamal.com/index/?p=1635

[71] پەیڕەوی ناوخۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری -حیکمەتیست

http://www.hekmatist.com/k154asas.htm#_Toc181515861

Add Comment

Click here to post a comment