وتار

لۆردەکانی تیرۆر و کۆنگرە شوومەکە


دیاردەی تیرۆر لە ناوچەی سەوزدا لە دوای شکستی یەکێتی لەهەڵبژاردنەکان و ڕاگەیاندنی کۆنگرەی داهاتووی ئەم حیزبەوە سەریهەڵداوە.تیرۆری کاوە گەرمیانی لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵیی سەرانی یەکێتی لە ناوچەی گەرمیان و تیرۆری سەروەت حەمە ڕەشید جێگری سەرۆکی پاسەوانەکانی تاڵەبانی و بریندارکردنی شاسوار عەبدولواحێدی بەرپرسی کۆمپانیای نالیا و ئێن ئار تی ڤی نیشانی دەدەن کە لۆردەکانی تیرۆر لەناوچەی سەوزدا دەسەڵاتدارن. دەستبردنی ئەم دەسەڵاتدارانەی ناو یەکێتی بۆ تیرۆر ئاکامی تێکچونی هاوسەنگی ناوخۆیی باڵەکانی یەکێتی بەهۆی غیابی تاڵەبانی و گۆڕانی هاوسەنگی هێزی یەکێتی لە مەیدانی سیاسی کوردستاندایە. بەتایبەت کۆنگرەی مانگی داهاتووی یەکێتی مەیدانێکە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەم حیزبە لەهەردوو مەیدانەکەدا و دیاردەی تیرۆر و هەڕەشەی کوشتن بەشێک لە ئامادەکاریەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی حسابات پێش لە کۆنگرە و سەپاندنی ئەمری واقعی دەسەڵاتدارێتی سیاسی و مالی و عەسکەری ئەو باڵە عەسکەری و ئەمنیەی ئەمڕۆ داهات و بڕیاری یەکێتی پاوانکردوە. بۆیە ئەم کۆنگرەیەی یەکێتی کۆنگرەیەکی شوومە کە دۆخی ئەمنی و ژیانی ئەم بەشەی خەڵکی کوردستانی تێکداوە و وەک پێشتر وتومە کۆنگرەی دەمامک دارە ڕەشەکانە.

هەڕەشەکانی مەحمود سەنگاوی لە کاوە گەرمیانی لەسەر ئاشکراکردنی مەلەفی گەندەڵییەکانی ئەم ئەندام سەرکردایەتیەی یەکێتی و هەڕەشەکانی عەتا سەراوی بۆ سەربڕینی ئەندامانی یەکێتی کە دەنگیان بە گۆڕان داوە و هەڕەشەکانی لاهور لە نەوشیران مستەفا وهێز نیشاندانی شێخ جەعفەر بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمانە بەڵگەکانی ئامادەیی ئەم باڵە میلیشیایی و مافیایانەیە کە دەسەڵاتی سیاسی خۆیان لە ڕێگەی چەکەوە دەپارێزن. کاوە گەرمیانی گۆشەیەکی ئەم پەیوەندیەی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بە بازاڕ و گەندەڵیی دەرخست و ئەو باندە مافیا دەسەڵاتدارەی ناو یەکێتی کە ئەم تیرۆرەیان ئەنجام داوە ترسیان لەم ڕاپۆرت و بەڵگەنامانەی کاوە بوو کە پێش کۆنگرەی یەکێتی ناوبانگیان بزڕێنێ و بۆ لابردنیان لەپۆستەکانیان لەشەڕی باڵەکانی ناو یەکێتیدا بەکاربهێنرێ . ترسێک کە ئەم دەسەڵاتدارانە لە کارەکانی کاوە هەیانە ئەوەبوو کە ببێتە نمونە بۆ ئاشکراکردنی ئەو شێوە ئیدارەکردنە مافیایەی لە نێوان دەسەڵاتی حکومی و گەندەڵیی ئابوری و داهات ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیدا هەیە. ئەمە هەمان ترسی پارتی بوو کە لە کوشتنی سەردەشتدا هاتنە ژێرپرسیاری دەسەڵات و موقەدەساتی بنەماڵەی بارزانی دەبینیەوە. ئەگەر لە ناوچەی سەوزدا دەیان ڕۆژنامەنوسی وەک کاوە گەرمیانی بوێرانە مەلەفەکانی دزی و گەندەڵیی گرێبەستیە نەوتیەکان و دابەشکردنی بودجە و زەوی و دامەزراندنی خزمەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بەناوی شەخسەکان و بەڵگەی گەندەڵییەکان بڵاوبکاتەوە و دادگایان لێبگرێت ئەوا ئەم دەسەڵاتە میلیشیا و گەندەڵە لەبەرچاوی خەڵک سوک دەبێ و ناتوانێ تەبریری مانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بکا. تیرۆری کاوە بۆ بەرگرتنی ئەم لۆردە مافیایانەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بە ڕەوەندی نەمانی کۆنترۆل و پاوانکردنە سیاسی و ئابوریەکانیان چ لەناو حیزبەکەیاندا و چ لە دەسەڵاتی ناوچەی سەوزدا.

ژەنراڵەکان و گەندەڵیی.


گەندەڵیی بەشێکی جیانەکراوە لە سیستەمی بەڕیوەبردنی سەرمایەدارانەی کۆمەڵگەیە کە لەسەر تاڵانی کار و ڕەنجی بەشی زۆری خەڵک بۆ کەمایەتیەک دامەزراوە،بەڵام لە دەوڵەتێکی دیموکراتی وەک بەریتانیا کە ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبی دەسەڵاتدار تێوەدەگلێ ناچارە زوو دەست لەکاربکشێتەوە تا هەموو حکومەتەکە نەکەوتۆتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵک و نەڕوخێنراو. ئەگەر ئەندام پەرلەمانەکان تێوەبگڵین دەبێ بەهەڵایەکی گەورە و لیژنەی لیکۆڵینەوەی لەدەرەوەی حکومەت و لەڕێگەی دادگاوە بەڕیوەدەبرێ و لە میدیاکاندا بەناوی (ناو و شەرم) ناویان بڵاودەکرێتەوە تاکو سومعەی سیستەمی نوێنەرایەتی پەرلەمانی نەفرەتی لێنەکرێ. بەڵام لە کوردستان لەسەر گەندەڵیی ئابوری و سیاسی ئەندامانی سەرکردایەتی حکومەت و پەرلەمان و دادگا ئەرکیان دەرکردنی بەیاننامەیەکە بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ئەو کەسانەی کە جورئەتیان کردوە ناوی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی بێنن و دزی و گەدەڵیەکانیان ئاشکرا بکەن، ئەم کارەش تەنیا بۆ ئەوە دەکەن کە ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک حکومەت و پەرلەمان و دادگاکەیان نەڕوخێنێ. ئەگەر بڕیاربدەن بە پێوەری دیموکراسی ڕۆژئاواش سزای تاوانبارانی لۆردەکانی تیرۆر و هەڕەشە لە نوسەران و خەڵکی ناڕازی بەگەندەڵیی بدەن ئەوا ئەندامێکی سەرکردایەتی و وەزیر و پەرلەمانتار و دادوەرێک پەیدا ناکەن کە حیزب و حکومەت و پەرلەمان و دادگایان بۆ بەڕیوەببات. ئەگەر بڕیاربدەن ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی نەوت و بودجە و داهات و دابەشکردنی زەوی و دامەزراندن و پۆستەکان ئازادە ئەوا دەستە میلیشیا و مافیا سەربازی و ئەمنیەکان سیستەمی بەڕیوەبردنی کوردستانیان لەدەست دەردەچێ. ئەگەر دەسەڵاتی کۆمپانیاکان و بازاڕ وموچە لەم بنەماڵە وئەندام سەرکردایەتیانە بسەنیتەوە ئەوا سەرخانی مانەوەی سەرکوتی سیاسی وهێزی میلیشیاییان دادەڕمێ.


نموونەی ئەم سیستەمە عەسکەریانە لەسەدەی بیستدا لە ئەمریکای لاتیندا زۆربوو کە لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و شۆڕشە جەماوەریەکانەوە لابران.ژەنرال بینوشی گەرمیانی و ژەنرال باتیستا بارزانی یەک مۆدێلن لە سیستەمی لیبرالی ئابوری کە دەتوانن ئارامی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتی و ئابوریەکانی ڕۆژئاوا و تورکیا و ئێران بپاریزن وبیسەلمێنن کە سیستەمی میلیشیایی و گەندەڵیی حیزبی باشتر دەتوانێ لە لیبرالیزمی سیاسی و دیموکراسی شەریکی سروشتی ئەو تاڵان و بڕۆیە بێت کە لە چەوسانەوە و هەژارڕاگرتنی خەڵکی کرێکار و کارمەند و هاوڵاتیانی کەم دەرامەتی کوردستاندا بەدی دێنن. بێدەنگی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر پێشێلکاریەمانی مافی مرۆڤ و ئەم تیرۆرانە و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەم دەوڵەتانە چاویان لە داهات و بەرژەوەندیەکە کە میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی لە کوردستان و عێراقدا بۆیان دەپارێزن . گرنگ بەلای ئەو کونسوڵگەریانەوە ئەوەنیە کە داهات لە کوردستان چۆن دابەش دەکرێ و خەڵکی ناڕازی لەسەر دەکوژرێ بەڵکو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ئەوەیە ئەم میلیشیایانە چۆن وەک چینێکی سەرمایەدار دەتوانن بازاڕی کوردستان بۆ سەرمایەی ئەوان ئازادبکەن و تیرۆر و کوشتن نائارامی ئەم بازاڕە تێک نەدا. ئەمە پەیامی هاوبەشی سەرمایەدارانی ناوخۆشە کەلە ژووری بازگانیەوە کێشەیان لە کوشتنی کاوەدا تەنیا نائارامی بازاڕی سەرمایە و وەبەرهێنانە ونە ئیدانەی ئەو کوشتنە دەکەن نە کێشەی ئازادی ڕادەربڕینیان هەیە.

پێویستە چی بکرێ؟


ئەمە پرسیارێکە کە خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی دژ بە تیرۆری کاوە گەرمیانی لە کوردستان و لەدەرەوەی ووڵات دەیکەن.راستیەکانی سەرەوە پێمان دەڵێ تیرۆر بەشی جیانەکراوەی سەرکوتی دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵە لە کوردستان. هەربۆیە نە لیژنەی لیکۆڵینەوە و نەدادگا ناتوانێ تاوانبارانی سەردەشتەکان و سۆرانی مامە حەمەکان و کاوە گەرمیانیەکان و خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات بدۆزێتەوە و سزا بدات. جگە لە گۆڕینی ئەم دەسەڵاتدارە میلیشیایی و مافیایانە ڕێگەیەکی تر لەبەردەم خەڵکی ناڕازی بەگەندەڵیی و ناڕازی لە سەرکوتی ئازادی نیە. ئامادەیی و هاتنە مەیدانی جەماوەری دژ بەم دەسەڵاتە ڕێگایەکە کە ئەم دۆخە نائارام وپڕ لە ستەمە دەگۆڕێ. شێوازەکانی خۆپیشاندانی سەراسەری و مانگرتنی گشتی و بەڕێخستنی پیکیتی گرتنی ڕێگاوبان و لەکارخستنی ئەو دامودەزگایانەی بەرپرسی ئەمنی و دادوەرین و گوشاری نێودەوڵەتی ، هەرکامەیان هەنگاوێک دەبێت ئەم بزوتنەوە سەراسەریە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی لە کوردستان بباتە پێش ، ئەمە کارێکە کە شۆڕشەکان و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی لە مێژووی هاوچەرخدا وەک ڕێگای ڕزگاربون لەم سیستەم و دەسەڵاتە سەرکوتگەر و عەسکەریانە نیشانی داوین..گوشارێک کە ئێستا لەسەر یەکێتی نیشتمانیە بۆ لیکۆڵینەوە و ناساندنی بکوژانی کاوە پێویستە بە هەموو شێواز و ڕێگایەک زیادبکرێ تاکولیژنەیەکی سەربەخۆ لە ئیدارەی یەکێتی وپێکهاتوو بێ لە نوێنەری خانەوادەی کاوە گەرمیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ڕۆژنامەنوسان و ڕیکخراوە مەدەنیەکانی دەرەوەی دەسەڵات.


.ئەگەر دەمانەوێ تا یەکلایی کردنەوەی شەڕی باڵەکانی یەکێتی و هاوسەنگی هێز لەناوچەی سەوز لەسەری خەڵکی ئازادیخوازدا نەشکێتەوە و دەسەڵاتدارە مافیاییەکانی ناو یەکێتی بۆ سەپاندنی خۆیان دۆخی کوردستان نائارامتر نەکەن و تیرۆر گیانی ئازادیخوازانمان نەپێکێ ،نابێت ڕێگە بە تێپەڕبوونی یەکێتی بدرێ لەژێر ئەم گوشارەدا وبە ڕشتنی فرمێسکێکی تیمساحیانە خاترجەم بێ.

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

Add Comment

Click here to post a comment