ئەدەب

وەفا چ مانایەکی قوڵی هەیە لە ژیاندا؟

کاتێک پۆستێکم لەسەر بروسکەیەکی خەیاڵم کرد سەبارەت بە یادی هاوڕێی گیان بەختکردوم “شوان”، هەردوو هاوڕێی خۆشەویستم پەروین و تابانی خوشکم هەستی وەفاداربونیان لەدێڕەکاندا دۆزیبوەوە. ئەمە لای من زۆر سەرنج ڕاکێش بوو چونکە لە کاتی ئەو نوسینەدا دەمویست لەسەر وەفای هاوڕێیەتیش قسەیەک بکەم و ئەوان دەتوت دڵی منیان خوێندۆتەوە و سوپاسی ئەو هاوسۆزیەیان دەکەم.
من لەزمانەوانیدا شارەزایم نیە و نازانم ڕیشەی ئەم وشە کوردیە لە فەرهەنگی کوردیدا چیە و ئێمە هەر لە وەفای عەرەبیەوە بەکاری دەهێنین. بەڵام کلتور یەک ڕەهەندی جیهانی مرۆڤایەتی هەیە و هەرچەند تایبەتمەندی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ناوچەکانیش تایبەتمەندی خۆی بەهەندێ لایەنی دەبەخشێ. پرسیارەکە ئەوەیە کە زمان، وەک خۆدەربڕینی کەلتوری مرۆڤ، وشەی وەفا بەچ شتێک دادەنێ؟
ئەم هەستەی وەفا تەنیا بریتی نیە لەوەی کە پاداشتی یەکێک بدەیتەوە بەرامبەر بەو شتەی بۆی کردویت. وەفا خۆشەویستیەکی قوڵە بۆ مرۆڤی بەرامبەر. خۆشویستنی ئەو ژیانە هاوبەشەیە کە لە هاوڕێیەتیدا بوتە. دەربڕینێکی قوڵ و ئاگایانەیە لە بەخشینی ئەوەی دەتوانی بە ژیان بیبەخشی. دروستکردنەوەی ئەو بۆندەیە کە مانای ژیانکردنیكی پڕمانا و ئاگایانەیە بە بەهاکانی ئینسانەوە. وەفا بەهایەکی بەرزە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی کە بنەماکەی خۆشەویستیی مرۆڤە بۆ یەکتر نەک قازانج.
وەفا وەک خۆشەویستی ڕەهەندێکی بێ پایانی هەیە و من بۆ “شوان” و هاوڕێ و خۆشەویستەکانم لە دەرەوەی زەمەنی تەمەن وەفای بێ پایانم هەیە.

Add Comment

Click here to post a comment