وتار

بزووتنەوەی ئیسلامیی و دوو ملیۆن ریالی حەڵاڵ


بزووتنەوەی ئیسلامیی و دەستە خوشکە حیزبە ئیسلامییەکانی یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە قەرزکردنی حکومەتی هەرێم هاتنەدەنگ و ئەو قەرزەیان بە حەرام و تەنانەت حاجی کاروانیان ڕایگەیاند” قەرزەكەی حكومەت لای خوا لە زیناكردن لە گەڵ دایكدا گەورەترە.” بەڵام بەپێی بەڵگەنامەی ویکیلیکس* “لەسەر ڕاسپاردەی دەزگای هەواڵگری عەرەبستانی سعودی بڕی دوو ملیۆن ڕیاڵی سعودی ” ٥٠٠ هەزار دۆلار” دراوە بە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان.”.

بەجیا لەوەی کە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ قەرزکردن چەندە لە زیانی خەڵکی کوردستانە بەڵام داخوازی ئەم حیزبە ئیسلامیانە بۆ وەرگرتنی قەرز بەپێوەری ئیسلامیی و ڕەزامەندی لیژنەی فەتوا و یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامییە بەسەر هەمو بڕیارێکی حکومەت و دەوڵەتدا کە دەیانەوێ بەناوی دژایەتی گەندەڵیەوە دەسەڵاتی دینی ئیسلام و ئیسلامییەکانی پێ بەهێزبکەن.

لای هەموان ئاشکرایە کە حکومەتی هەرێمی یەکێتی و پارتی هیچ شەفافتەتێکی نیە لەسەر داهات و خەرجی دەسەڵاتەکەی و گەندەڵی ئاشکرایە لە ئیدارەی مالی و نەوتی کوردستاندا،بەڵام سەیر لەوەدایە بزووتنەوەی ئیسلامیی و ئیسلامییەکان ببنە ڕەخنەگری قەرزکردنی حکومەت چونکە بەپێی شەریعەتە ئیسلامییەکەی ئەوان حەڵاڵ نەکراوە!! دیارە وەرگرتنی دوو ملێون ریال لە سعودیە بۆ بەئیسلامییکردنی کوردستان و کاری مافیایی بێت بۆ دەزگای ئیسلامیی دەوڵەتی سعودیە بەپێی شەریعەتی ئیسلامیی حەڵاڵە! حاجی کاروان و فراکسیۆنی حیزبە ئیسلامییەکان لەپەرلەمان ئەمەش بە تاوانی گەورەتر لە زینا لەگەڵ مەحرەمدا دەزانن یان ڕیاڵ ئەگەرلە ڕێگای پاراستنی دەسەڵاتێکەوە ،کە بەشەڕ و وێرانکاری بەشێکی جیهانیش خۆی دەپارێزێ، بەدەست هاتبێ هەر حەڵاڵە؟!

حەڵاڵی ئەم دوو ملیۆن ریالە لەوەدایە کە سعودیە ڕایگەیاندوە کەئەم پارەیە “وەک پشتیوانییەکی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ڕووی سیاسی و ڕاگەیاندن وداراییەوە بۆ سەلامەتی پرۆگرام و کاری بزووتنەوەکە، هەروەها لە بەرامبەر هەڵوێستە ئیجابیەکانی لە بەرامبەر عەرەبستانی سعودی ” .

هەرکەس دەوری سعودیە لە گەشەپێدانی وەهابیزم و عەرەبی ئەفغانی وتالیبان و ئەلقاعیدە و نوسرە و داعشدا بزانێ دەزانێ کە پشتیوانی سیاسی و ڕاگەیاندن و دارایی سعودیە بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئەنجامەکەی چی دەبێ؟ هەڵوێستی ئیجابی بزووتنەوە لەبەرامبەر سعودیەدا واتە کردنەوەی چ بنکەیەکی سیاسی و سەربازیە بۆ ئەم دەوڵەتە وەهابیە لە کوردستاندا کە لەڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازیەکانیەوە توندڕەوی ئیسلامیی و سەلەفیەت و شەڕی مەزهەبی چۆن لەعێراق و سوریا و ناوچەکەدا بەرپاکردوە.

ئەگەر گەشەی حیزبە ئیسلامییەکان لە دەیەی نەوەدەکاندا بەهۆی پارەی سعودیە بۆ یەکگرتو و بزووتنەوەی ئیسلامیی و لەسایەی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتیدا هێزی ئەم حیزبانەی گەیاندە ئەو ئاستەی ناوچەی هەلەبجە جیابکەنەوە و ئیمارەتێکی ئیسلامیی وەک تالیبان و داعشی تیادابمەزرێنن و ببێتە بنکەی تیرۆریستەکانی ناوچەکە و لەپآل ئەنسار ئیسلامدا ئەلقاعیدە و زەرقاویش بێنە کوردستان،ئەوا لە ئێستای شەڕی داعش و شەڕی دوو قوتبی ئیران و سعودیە وتورکیا کە شەڕیکی ناوچەیی شیعە و سونەیان بەرپاکردوە ئەم هاوکاری و پشتیوانیەی سعودیە لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان پیلانی شوێن پێکردنەوەی زیاتری سعودیەیە لە کوردستان و خەتەری دەورگێڕانی بزووتنەوەیەی ئیسلامییە وەک داعشی ناوخۆ و ئاشکرا. هەرچەند کاریگەری ئەم سیاسەتەی پشتیوانیەی سعودیە بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ڕۆشتنی گەنجانی ناوچەی هەڵەبجە بۆ ناو داعش و گەشەی ئیسلامیی وەهابی و سەلەفی لە کوردستاندا دەبینین بەڵام ڕێگەنەگرتن لە بزووتنەوەی ئیسلامیی و لێنەپرسینەوە و دادگایی نەکردن و سزادانی لەسەر ئەم پشتیوانیە سیاسی و ڕاگەیاندنەی لە سعودیە مەترسی دروستکردنی داعشی ناوخۆ و ئاشکرایە لەکوردستان.

پێویستە داهاتی هەموو حیزبەکان ئاشکرابێ و جێگای لێپرسینەوە بێ لەلایەن خەڵک و دەوڵەتەوە و نابێ ڕێگە بەهاتنی پارە و هاوکاری مادی لەژێر ناوی دەزگای خێرخوازی دەوڵەتانێ بدرێ بۆ حیزب و لایەن لە کوردستان کە دەستیان لەشەڕی سونە و شیعەی ناوچەکەدا و گەشەپیدەری توندڕەوی دینی و تیرۆریزمن کە سعودیە بەپێی هەمو بەڵگەی ڕێکخراوە جیهانیەکان لە سەرووی ئەو جۆرە دەوڵەتە توندڕەو و شەڕ خۆشکەرانەدایە.

کوردستان پیویستی بە دەسەڵات وحکومەتێکی سێکولارە کە سیستەمی ئابوری و مالی دوورخاتەوە لە دەستیوەردانی شەریعەتی ئیسلامیی و ڕینوێنیەکانی عەلی قەرەداغی سەرۆکی ئیسلامییەکان کە دەیەوێ کوردستان وابەستە بکات بە ” دامەزراوە داراییە ئیسلامییەكان و تەكنیكی دارایی ئیسلامیی” و هەموو شینی حیزبە ئیسلامییەکانیش بۆ حەرام بونی بودجەکەیان بۆ ئەم هەریسەی بانکە ئیسلامییەکانە نەک شکانەوەی قەرزی حکومەتی هەرێم بەسەر شانی خەڵکی کریکار و فەرمانبەر و توێژە کەم دەرامەت و هەژارەکانی کوردستاندا. بەڵام یەکیتی و پارتی تا لیژنەی فەتوایان هەبێ و یەکێتی زانایانی ئیسلامیی موفتیان بێ ئەوا ئەم سەرئێشەیە لە کۆڵ پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگا ڕەسمی و مەدەنیەکان ناکەنەوە. بەڵێ پارتیەک بۆ پەنجا ساڵ نەوتی هەرێمی بەتاڵان و بێ ئاگاداری خەڵک بەخشیبێتە تورکیا چۆن دەتوانێ سیستەمی ئابوری و مالی مۆدێرن لە کوردستان جێ بخا و داوای بە ئیسلامییکردنی سیستەمی ئابوری و مالی بە خزمەت بە کۆنەپەرستی بەخەڵک بناسێنێ.

کوردستان پێویستی بە دەوڵەت و دەستور و یاسایەکی سێکولارە کە لە حیزبەکان بپرسیتەوە کە سەرچاوەی داراییان لەکوێ و لەکێ وە بۆ دێت و چۆن یاسا ئەو جۆرە حیزبانە دەبێ قەدەغە بکا و هەڵوەشێنێتەوە کە دەستیان لە کاری توندوتیژی و شەڕی مەزهەبی وەیاخود پەیوەندی و هاوکاریان لەگەڵ ڕێکخراوە و دەوڵەتێکدا هەبێ کە توندوتیژی و شەڕی دینی پەرەپێ دەدەن. بەڵام یەکێتیەک کە جمهوری ئیسلامیی ئێران بکات بە براگەورەی خۆی لە ناکۆکی ناوخۆی حیزبەکەی خۆیدا چۆن دەتوانێ ڕێگە لە بزووتنەوەی ئیسلامیی و دەزگای هەواڵگری سعودیە بگرێ کە گرێبەستە حەلاڵەکانی حیزبە ئیسلامییەکان لەگەڵ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدا قەدەغەبکا و سزای قورسیان بدا و چالاکیان قەدەغەبکا.

بەڵێ کوردستان پێویستی بەگۆڕینی سیستەمی سیاسی و یاسایی هەیە بە سیستەمێکی سیکولار بۆ ڕێگەگرتن لە دەزگا مافیایە ئیسلامییەکانی سعودیە و بزووتنەوە ئیسلامییە هاوکارەکانی ناوخۆی لە کوردستان. ئەمە دەرس و ئەزمونی چارەکە سەدەیەکە لە دەسەڵاتدارێتی ناسێکولار و میلیشیایی حیزبە ناسیونالیستەکان لە کوردستان.
_________________________________
* بەڵگەنامەی ویکیلیکس:


بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس کە تیایدا بروسکەیەکی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعودی بڵاوکردوەتەوە، کە بە ڕوونی ژمارە و بەروارەکانی ئاشکرایە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤ کانونی دووەمی ٢٠١٢، تیادا باڵیۆزخانەی سعودیە لە عەمانی پایتەتی ئوردن ئاماژەی کردووە، بە فەرمان و ڕاسپاردە جێنشینی پادشای سعودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ئیسلامیی، بۆ پشکەشکردنی کۆمەک بە دامەزراوەی(بیڕ-البر) و خزمەتگوزاری سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان و کۆمەڵەی (تەکافولی خەیری) لە عێراق.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بە داخوازی سەرپەرشتیاری گشتی دامەزراوەی بیڕو خومەتگوزاری سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستانی عێراق کراوە، بە کۆمەک کردنی دارایی بۆ دامەزراوەکە، ئەویش لە پێناو پشتیوانی کردن لە پرۆژە خێریەکانی لە عێراق، هەروەها وەک پشتیوانییەکی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ڕووی سیاسی و ڕاگەیاندن وداراییەوە بۆ سەلامەتی پرۆگرام و کاری بزووتنەوەکە، هەروەها لە بەرامبەر هەڵوێستە ئیجابیەکانی لە بەرامبەر عەرەبستانی سعودی، هەر بۆیە لیژنەی ئامادەکار پێشنیاری کردووە بە تەرخانکردنی بڕی دوو ملیۆن ڕیاڵی سعودی (٥٠٠ هەزار دۆلار) بۆ پشتیوانی لە دامەزراوە و چالاکییە ئیسلامییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی.

لە کۆتایی بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو خەرج کردنە بە ئاگاداری سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتیی سعودیەیە.

٢١\٦\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

Add Comment

Click here to post a comment