بابەتی هەڵبژاردە

یەکێتى دواى تاڵەبانى

یەکێتى دواى تاڵەبانى
لەژمارە 184 ى هەفتەنامەى “هەوال”دا هەڵوى برایم ئەحمەد لەجیگاى سەرووتار ستونێکى نوسیوە لەسەر ئایندەى یەکێتى نیشتمانى دواى تالەبانى کە مەسەلەیەکە کە نەک هەر ناو ریزەکانى یەکیتی بەلکو چاودیرانى دەرەوەى یەکیتیشى خستۆتە بەردەم نادیاریەکەوە. ئەم نادیاریە سەرجەم هاوسەنگى هیزەکان و ئایندەى دەسەلاتداریتى لە کوردستان دەخاتە ژێر سێبەر و کاریگەرى خۆیەوە.
یەکێتى لەگەلڕ چەند کێشەى گەورە بەرەو ڕووە و لەسەروو هەموویانەوە کێشەى پێناسەى خۆیەتى لەبەرامبەر پارتىدا. یەکێتى بە کۆمەڵەى رەنجدەرانەوە وەک باڵى چەپى بزوتنەوەى ناسیونالیستى خۆى ناساند و لەرەخنەگرتن لەبنەماڵەى بارزانى و ئاشبەتاڵى ئەوان هاتە مەیدان. شەخسى جەلال تالەبانى توانى لەسایەى ئەم ناسنامە و جیگاورێگایەدا دەسەلاتى تاقانەى خۆی جێگیر بکات و یەکێتى نیشتمانى لەسەر ئەو بنەمایە لە شەڕ لەگەلڕ رژێمى بەعسدا وەک قوتبیکى تر شکڵ پآبدا. لە ساڵى 1991 یشەوە یەکێتى نیشتمانى وەک رەقیبى پارتى لە کێشەى دەسەلاتدا بەشێوەى شەڕ و فیفتى فیفتى کردنى دەسەلات وەزعى سیاسى سەرگەردانى کوردستان دەباتە پێشەوە.
ئێستا زۆرێک لەم فاکتەرانە گۆڕاوە . یەکێتى لەبەرامبەر پارتیدا مەسەلەى باڵى چەپ و بنەماڵە و مافى چارەى خۆنوسینى نەماوە . پارتى لە مەسەلەى سەربەخۆیى ئیدارەى کوردستاندا جدىترە و یەکیتى زیاتر سوێند بەسەرى یەکپارچەیى عیراق دەخوات . نارەزایەتى بەرامبەر بە گەندەڵى ناو یەکیتى لە گەندەڵى دەسەلاتى بنەماڵەى بارزانى زیاتر نەبآ کەمتر نىیە. هاوکات بزوتنەوەى چەپى کۆمەڵگاى کوردستانیش بە چەپ و کۆمۆنیستەکان ناسراوەتەوە.
جگە لەوەى یەکیتى ئەم پایە سیاسى و کۆمەلایەتیانەى پێشووى لەبەرامبەر پارتیدا نەماوە و توشى بن بەست و سەرلیشواویەکى سیاسى و هەویەتى بوە بۆ خۆپێناسەکردنەوەى لەلاى جەماوەر، فاکتەرى کێشەى دەسەلاتیش لەسەر یەکێتى دواى تالەبانى دەورێکى سەرەکى و چارەنوسازى هەیە و بەتیبەت لەم دەورەیەدا کە پۆستى سەرۆک کۆمار بوەتە مایەى پلەدووبونى دەسەلاتى یەکێتى لە حکومەتى یەکگرتوودا.
ئەم حکومەتە یەکگرتوەى ئێستا لەسەر بنەماى بەرژەوەندى کاتى پارتى ویەکیتى دروست بوە و ڕاگرتنى ئەم هاوسەنگى هێزەى ئێستا لەنێوانیاندا وابەستەیە بە فاکتەرەکانى بەشە دەسەلاتیان لە عێراقدا و چۆنیەتى درێژەپیدانى ئیدارەی محەلى کوردستان لەسایەى ئایندەى نادیارى عێراقدا بەپآى نەخشە و سیاسەتێک کە ئەمریکا پەیڕەوى دەکا. کەتیایدا دەورى بارزانى بریتىیە لەجێخستنى دەسەڵاتێک لە کوردستاندا کە سەربەخۆییەکى دیفاکتۆى بەدواوەیە لەسایەى وەزعى ناجێگیرى عێراقدا و بەم پآیە پارتى ڕۆڵى سەرەکى و باڵادەستى دەبینآ و حکومەتى یەکگرتوو ئەم هاوسەنگیە کاتیە بەقازانجى پارتى دەباتە پێشەوە. ئەمە ستراتیژى پارتىیە بۆ جێگیرکردن و سەپاندنى باڵادەستى خۆى لە کوردستاندا و کێشەى دەسەڵات لەنێوان دوو هێزى میلیشیایى یەکێتى و پارتیدا ئەستەمە بتوانێت بە ڕێچکەى فیفتى بە فیفتى ئاشتیانەدا بڕواتە پێشەوە.
لەناوخۆى یەکێتیشدا ،کوتلەکانى ناو یەکێتى شەڕیان لەسەر پچڕینى بەشە دەسەلات و سەروەت وسامانى یەکێتىیە و هەموو پرۆژەکانى چاکسازى لە دەورى شەڕى ئەم کوتلانە بۆ یەکلایى کردنەوەى دەسەلاتیان رێک دەخرآ. یەکێتى وەک هێزێکى چەکدار کە تا ئیستا لەسەر سونەتى دەسەلاتى تاکرەوى دامەزراوە و بەم کێشانەى کەهەیەتى ناتوانێت دواى تالەبانى چاوەروانى ژیانى ململانآى مەدەنى فراکسیۆنەکانى بکەیت.
بەگشتى وەڵامى پرسیارەکەى هەڵۆى بریایم ئەحمەد ئەوەیە کە، یەکێتى داوى تالەبانى ناتوانیت وەڵامى ئەو کێشانە بداتەوە کە روبەروى ئەم حزبەیە لەئاستى پێناسەى سیاسى و کۆمەلایەتى خۆیەوە تا دەگاتە ئاستى کێشەى دەسەلاتى لەگەڵ پارتیدا. ئەمە واقعیەتى یەکیتى دواى تالەبانىیە و چارەنوسى یەکێتى بە پلەدووبونى لە بەرامبەر پارتیدا دەبات و ئایندەیەکى نادیار ڕوبەروى هاوسەنگى ناجیگیرى ئێستا دەکاتەوە و ئایندەى کوردستان بەرەو ناجیگیرى زیاتر دەبات.
ئەوەى دەتوانآ بەر بە درێژەکێشانى دەسەلاتى میلیشیایى و نامەدەنى کوردستان بگرێت و خەتەرى زیاتر باڵادەستى دەسەلاتى دژى ئازادى پارتى بگرێت و کێشەى کوتلەکان و گەندەڵى نێو یەکێتى ژیان و چارەنوسى کوردستان روبەروى نائارامى زیاتر و شەڕ و کێشەى چەکدارى نەکێشێت ، بەهێزبونەوەى بزوتنەوەى چەپى کۆمەلگاى کوردستان و ریکخراوبونى ئەو ئۆپۆزسیۆنە جەماوەریەیە کە داواى سەربەخۆیى کوردستان و دابینکردنى ئازادى سیاسى و نەهێشتنى گەندەڵى و ژیانى شیاو و خۆشگوزەران بۆ کۆمەڵانى خەلکى کوردستان دەکا لەبەرامبەر ئەم هێزە ڕاستڕەو و دەسەلاتە پاوان کراوەى کوردستاندا.
ئاسۆ کمال
‏15‏/06‏/2006

Add Comment

Click here to post a comment