وتار

مەلا شوشکەیی مەکەنە پاڵەوانی دژی پارتی !

نە پارتی و نە وەزیری ئەوقافی گۆڕان فزەیان لێوەنەهات کاتێک کە شەش مانگ لەمەوبەر بەپێی دانپێدانانەکانی گروپێکی تیرۆریستی ٦ کەسی لەشاری هەولێر لە ئایاری ٢٠١٥دا ، (تاوانبار کارمەند عبداللە حمد باپیر) ئەندامی ئەو گروپە ڕایگەیاند کە بەهۆی وتارە جیهادی و حەماسیەکانی ئەو مزگەوتەی “مەلا شوشکەیی ” ووتاری تێدا دەلێت بوەتە تیرۆریست.
دانپێدانانەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیەی شاری هەولێردا نیشانیدا کە چۆن لە سایەی وەزارەتی ئەوقاف و سیستەمی سیاسی و حیزبی لە کوردستان تیرۆریزم و توندڕەوی بەرهەم دەهێنرێت؟ .. ئێستا نەک هەر ئەم گروپە بەڵکو چەندین گروپی داعشی شاراوەی تر لە شارەکانی کوردستاندا بەهۆی ووتاربێژی کەسدانی وەک مەلا شوشکەیی دروستبووە و هەر ڕۆژەی لە شارێکەوە ئاشکرادەبن… ئەم ڕوداوە نیشانی دا کە مزگەوتەکەی مەلا سەلیم شوشکەیی کارگەی بەرهەمهێنانی تیرۆریزم بوە. .. بەڵام ئەم ڕاستیەی کە بەڵگە هەبوو کە لەمزگەوتەکەی مەلا سەلیمەوە چەندین کەس چوەتە ناو داعش و ٦مانگی بەسەردا تێپەڕیوە و هیچ نەکراوە ، ئێستا هۆکارەکانی دەردەکەون !!! ئێستا پارتی بڕیاری دەرکردنی دەرکردوە و گۆڕانیش دژی بڕیارەکەیە. ئاشکرایە کە ئەم بڕیارەی پارتی بەرئەنجامی سیاسەتی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم و داعشی نوستو نیە لەکوردستان و کەس بڕوای بەوە نیە ، بەڵام لە هەمان کاتدا شانازیەکەی گۆڕان بەوەی کە وەزیری ئەوقافەکەی رێگەی گرتوە لەوەی بڕیاری لابردنەکەی ئەم وتاربێژە جێ بە جێ بکرێت و شانازی بەهێشتنەوەی دەکا ، نیشانەی هەڵکردنی ئەم بزوتنەوەیەیە لەگەڵ داعشی نوستودا.

ئەوەتا سایتیKNN شانازی بەوەوە دەکات کە كه‌مال موسلیم وه‌زیری‌ ئه‌وقاف له‌پشكی‌ گۆڕان پێشتر نه‌چووبووه‌ ژێر باری‌ فه‌رمانه‌كه‌وه‌ و ئەم دەرکردنە بە سزای سیاسی مامۆستایانی ئاینی دەناسێنێ. ئەم ڕاستیەی کە لەمزگەوتەکەی مەلا سەلیمەوە چەندین کەس چوەتە ناو داعش وەزیری ئەوقافی گۆڕانی نەهێناوەتە سەر ئەوباوەڕەی کە دەبێ ئەم مەلایە لە وتارخوێنی دوربخرێتەوە لەبەرئەوەی کە ئەم مەلایە ئێستا هاوپەیمانی گۆڕانە بەرامبەر بەپارتی.

بێگومان دەرکردنی مەلا شوشکەیی لە لایەن پارتیەوە بەهۆی وتارەکانیەوە نیە کە داعش لە کوردستان دروست دەکا ، بەڵکو فشارخستنە سەر کۆمەڵی ئیسلامیە بۆ وازهێنانی لەدژایەتی مانەوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیەکەیدا. بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر پارتی ئەم بڕیارەی لەسەر دەرکردنی مەلا جیهادیەکان و تەکفیریەکان و کۆنەپەرستەکانی هەولێر دەربکا ئەوا دەبێ زۆربەی مزگەوتەکان دابخات و مەلا پارتیەکان و یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستانی لەدەست دەچێ.
بۆ ڕزگارکردنی گەنج لەشارەکانی هەولێر و هەلەبجە وناوچەکانی تری کوردستانەوە کە بەهۆی کاریگەری وتارە جیهادیەکانی ئەم مەلایانە تا ئێستا سەدان گەنجیان چونەتە ناو داعش و چەند سەدی تریش وەک شانەی داعشی نوستو بونەتە جێگای مەترسی بۆسەر خەڵکی کوردستان و پشتی جەبهەی داعشن، پێویستە نمونەکانی مەلا شوشکەیی لەوتاربێژی دەرکرێن و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ناچاربکرێن کە ڕێگا و سەرچاوەکانی داعش لە سیستەمی سیاسی و پەروەردە و بەڕێوەبردندا نەهێڵن.
ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی بارزانی نابێ ببێتە پاساو بۆ دیفاعکردن لە داعشە نوستوەکانی کوردستان و دیکتاتۆریەتی پارتی و کۆنەپەرستی داعشەکانی کوردستان یەک پاکێجن کە سەنگەریان دژی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان گرتوە و هەر پشتیوانیەکی کۆنەپەرستی داعشی دژ بەپارتی لاوازکردنی بەرەی ئازادیخوازی و سێکولارە بەرامبەر بەدیکتاتۆریەتی پارتی.

Add Comment

Click here to post a comment