وتار

کۆتایی عێراق ،ڕێگاچارە چیە؟

دوای ١١ساڵ بەرهەمی سیستەمی نوێی فیدرالیزمی تایفی وقەومی عێراق ،کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕەچەتەی ناجێگیری بۆ عێراق دانرا، بەشەڕێکی مەزهەبی شیعە وسونە کە کۆتاییەکەی دیارنیە خۆی نیشاندا.شەڕێک کە حزب و میلیشیا بورژوازیە دینیەکان لەعێراقدا دەیکەن لەسەر دەسەڵات بوەتە مەیدانی شەڕی یەکلاکردنەوەی هاوسەنگی هێزە ناوچەییەکانی ئیران و سعودیە وتورکیا و لەگەڵ شەڕی سوریادا کۆکتێلی شەڕی ناوچەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی لێ بەرهەم دێ. بەپێچەوانەی وێنە هەواڵی میدیای زاڵی ئێستاوە داعش تەنیا بەشێک و بەرهەمێکی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و بەرەی فراوانی هێزی دژی ئینسانی ئەم شەڕکەرانە ڕێگای بۆ داعش خۆشکردوە کە دەستی باڵا پەیدابکا.

سەرکەوتنەکانی داعش و بەشداری ئاشکرای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شەڕی عیراقدا تەنیا سەرەتای شەڕێکی ناوچەیین کە مانەوەی عێراق بوەتە دەرگایەکی کراوەی مەیدانی شەڕی دەوڵەتانی ناوچەکە. ڕێگاپێدانی ئۆباما بە دەخاڵەتی ڕەسمی ئێران لە عێراقدا نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگی هێز و هاوکێشەی سیاسی عێراقە کە کۆتایی ئەو نەخشەیەی ئەمریکا بۆ دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق نیشان دەدا. حزبە ئیسلامیە شیعە یا سونەکانی عێراق هیچ کامیان بەتەنیا توانای یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتیان لە عێراقدا نیە و چارەنوسی ئەم شەڕی دەسەڵاتەیان بەستۆتەوە بە دووبەرەی ململانێی ناوچەکە  و بەمەش عێراق زیاتر لەسوریا ئێستا بوەتە مەیدانی ئەو شەڕە ناوچەییە . ئەمەش زەمینەی بۆ داعش خۆشکردوە کە وەک سونە و بەرەی سعودیە وخلیج و بەعسیەکان لەخزمەت گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە عێراقدا هاوپەیمانی تاکتیکی وڕانەگەیەندراوی بن.

ڕێگاچارەی دوورکەوتنەوەی عێراق لەم شەڕە تایفیە چیە؟

ئەم وەزعیەتە بە گۆڕینی مالکی و هەڵبژاردنی پێش وەخت چارەسەر نابێ و بازاڕی نەوتی عێراق جێگیری بەخۆیەوە نابینێ تاکو چارەنوسی ئەم دەوڵەتە یەکلایی نەبێتەوە.ڕێگاچارەی دروستکردنی هەرێمی فیدرال بۆسونەکان کە نیچیرڤان بارزانی پێشنیاری دەکا نە بۆ شیعە قبوڵ دەکرێ نە ڕێکەوتنی سونە و میلیشیا توندڕەوە ئیسلامیەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی شیعەی عێراقدا ڵیدەکەوێتەوە.

ڕێگای ڕزگاربونی خەڵکی عێراق لەدەست جینۆسایدی شیعەو سونە کە سیستانی و داعش وەک شەڕی پیرۆز ڕایانگەیاندوە دابەشکردنی عێراقە وەک یوگوسلاڤیای جاران بەسەر سێ دەوڵەتدا. ڕاستە کە ئەم سێ دەوڵەتە مۆرکی تایفی و قەومی هەڵدەگرن بەڵام لەچاو کوشتاری نەوەیەک لە خەڵکی عێراق کارەساتێکی بچوکترە وهەر چەند نەخوازراوە بەڵام چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی عێراق لەگەڕانەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست و دەورانی شەڕی مەزهەبی شیعەوسونە دوردەخاتەوە. مانەوەی عێراق بەم چوارچێوەی ئێستای و بەم دابەشبونە قەومی ومەزهەبیەی ئێستایەوە هیچ پیرۆزیەکی نیە و دابەشبونی بۆ سێ دەوڵەت تەنیا شەڕێکی ئەهوەنترە و دورخستنەوەی خەڵکی دانیشتووی عیراقە لە شەڕێکی کۆنەپەرستانەی مەزهەبی و تایفی و قەومی کە بەردەرگای بەم خەڵکە گرتوە و بەدیلی ڕاماڵینی ئەم هێزە ئیسلامی و تایفی وقەومیانە لەلایەن هێزێکی سکۆلار و ئازادیخوازەوە بۆ بەرگرتن بەم سیناریۆ تاریکەی ئێستا لەئارادانیە.

 

ئایندەی کوردستان لەم شەڕەدا چیە؟

حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان تائەم ساتە شیرینی ئەم فیدرالیزمە قەومی وتایفیەی عێراقیان وەرگرتوە و ئێستاش کە توانیویانە دەسەڵات لە کەرکوک و خانەقین و شیخان و ناوچەکانی تر پەیدا بکەن ئومێدی یەکێتی وپارتی بە درێژەدانی دەوری براوەی ئەم شەڕە فیدراڵیەی زیاتر کردوە.بەڵام ئایا چ ئایندەیەک بۆ کوردستان لەدڵی ئاگر وشەڕێکی مەزهەبی وتایفی عێراقدا هەیە؟

فشاری هەردوو بەرەی ئێران و تورکیا -سعودیەو خۆشخزمەتی بە ئەمریکا لێناگەڕێ کە ئەم یاریکردنەی یەکێتی وپارتی لەسەر پەتی ناکۆکی ئەم دووبەرەیە هەر شیرینی وەرگرتن بێت لەهەردوولا. پریشکی ئەم ئاگرە هەرجارەی لایەک لە کوردستان دەسوتێنێ و نائارامی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگەی کوردستان هەرچی زیاتر توشی سەرگەردانی دەکا. ئاشکرایە کە ئەم وەزعە بۆ دەسەڵاتێکی میلیشیایی یەکێتی وپارتی کە ٢٣ساڵ تەجروبەی حکومەتی مافیاییان هەیە بەپێچەوانەوە پڕدەستکەوتە. لە قاڵبدانی ژیان و ئایندەی سیاسی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم فیدرالیزمە قەومیەدا سیاسەتێکی سەرکەوتوانەی ناسیونالیزمی کوردە بۆ ڕاگرتن و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتەکەی. لانی کەم لەماوەی ١٠ساڵی ڕابردودا حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەسایەی ئەم فیدرالیەتەدا بەوێنەی بازرگان و سەرمایەدارانی سیاسی گەورە بازاڕی کوردستانیان کردۆتە بەشی ئارام و سەرنج ڕاکێشی کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی جیهان و کەڵەکەی سەرمایەیان بۆ خۆیان مسۆگەرکردوە ، وە خەریکی ڕێکخستنی بازاڕی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و پەیوەست کردنەوەی بە بازاڕی ڕەشی نەوتی  جیهانەوەن. ئەم مۆدێلە لە سیستەمی ڕێکەوتنی قەومی و مەزهەبی  کە بە نمونەی سەرنەکەوتووی دیموکراسی ئەمریکا دادەنرێ ، وە ناجێگیری لە عیراقدا بەرهەم هێناوە بەپێچەوانەوە بۆ بورژوازی کورد سەلماندنی مافی مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەو بووە بە ناونیشانی بەشی کورد لە عێراقدا .هەربۆیە ئەم هەلومەرجە نوێیەش کە فراوانبونەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی وپارتی بوە  زەمانەتی  مانەوەی ئەم ئیمتیازاتە قەومیەی ئەوان دەکا و خەڵکی  کوردستانیش لەژێرئاڵای بەشی کورد بەم دەستکەوتە نەتەوەییە بۆ دەورەیەکی تر مەست دەکا . شەڕی فیدرالیزمی قەومی وەک شەڕی دژی داعش و شەڕ لە پێناو کەرکوکدا هێزی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان دەکاتە خۆبەخشی شەڕی یەکێتی وپارتی لەسەر بەشە فیدرالیەکەیان.ئەمە نهێنی مانەوەی حزبە ناسیونالیستە میلیشیاییەکانی یەکێتی وپارتیە لە ناو بازنەی شەڕی تایفی و مەزهەبی عێراقدا.

ڕێگاچارەی کوردستان چیە؟

لەکاتێکدا ئێستا کاتی یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەوناوچە کوردنشینانەیە کە هیچ دەسەڵاتێکی سونی یا شیعە لە عێراقدا ئامادەنین ڕێگای مەدەنی و شارستانیانە بگرنە بەر بۆ یەکلاکردنەوەیان. رفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوس لە کەرکوک و ناوچە کوردنشیانەکانی کێشەیان لەسەرە کاری ئێستایە نەک جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بکرێتە سەفەقەی نێوان مالکی و یەکێتی وپارتی بۆ ناچارکردنی تێوەگلانی کوردستان لەشەڕی تایفی عێراقدا. ئێستا کە لەلایەن ئەمریکا و دنیاوە باس لە کۆتایی عێراق وەک دەوڵەتێک دەکرێ کاتی ئەوەیە کە سەربەخۆیی کوردستان لەرفراندۆمێکدا ڕاگەیەندرێ و دوربخرێتەوە لە ئایندەی نادیاری شەڕی دەسەڵاتی هێزە ئیسلامیەکانی شیعە وسونە کە وەک سۆماڵ بۆدەیان ساڵی تر عێراق لە گێژاوی سیاسیدا دەهێڵنەوە.

ئاشکرایە کە یەکێتی وپارتی ئەم کارەناکەن و بەردەوامن بەیاری کردن بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە. لەکوردستان بزوتنەوەی رفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستان دەتوانێ ڕێگا لەو یاریە بگرێت کە یەکێتی وپارتی دەیانەوێ بەناوی شەڕی داعش و پاراستنی کەرکوکەوە خەڵکی کوردستان بکەنە سوتەمەنی شەڕی مانەوە لە فیدرالیزمی عێراق و بونە بەشێک لەشەڕی تایفی عێراق . گرتنەبەری ڕێگای جیابونەوە لەعێراق بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری پێویستە کە فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان دابنێ کە دەستبەجێ ئەم خواستە لەئاستی نەتوەیەکگرتوەکان و لەئاستی نێونەتەوەییدا بخەنە ڕوو وە داوای بەڕەسمی ناسینی مافی بەرپاکردنی رفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی کوردستان بکەن.کوژرانی هەر پێشمەرگەیەک و خۆبەخشی هەر هاوڵاتیەک لە کوردستاندا بۆ سیاسەتی پاراستنی فیدرالیزمی قەومی هیچ ئایندە و دەستکەوتێ بۆ خەڵکی کوردستان بەدی ناهێنێ و تەنیا قوربانی دانە لەپێناو بەدیلێکدا کە ١١ساڵە ئەگەر نەڵێین ٢٣ساڵە تەنیا بازاڕی دەسەڵات وداهاتی یەکێتی وپارتی پێ زیادکراوە و چارەنوسی خەڵکی کوردستانی لە سەرگەردانی و لەبەردەم شەڕدا ڕاگرتوە. خەڵکی کوردستان دەبێ لەپێناو ئایندەیەکی سەربەخۆ و دوور لەشەڕی قەومی فیدرالی خەبات بکەن تا فرسەتی ڕزگاربونیان لەدەسەڵاتی میلیشییایی یەکێتی وپارتی زیاتر بێ و دزی وتاڵانی و چەوسانەوەی ئەم دەسەڵاتە کوردیە کۆتایی پێ بێنن. جگە لە ناچارکردنی یەکێتی وپارتی لەژێر فشاری بزوتنەوەیەکی جەماوەریدا بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان و جیابونەوەی لەعێراق هەر کار و قوربانیدانێک لەسایەی فیدرالیزمی یەکێتی وپارتیدا بکرێ دەکرێتە دەست مایەی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە بۆ سەوداومامەڵە لەگەڵ ئێران و تورکیا و ئەمریکا و لایەنەکانی شەڕی تایفی کە تەنیا خزمەت بەمانەوە ودرێژەپێدانی نائارامی وسەرگەردانی وباڵادەستی دەسەلاتی مافیایی و میلیشیایی دا دەکا و بەفیڕۆدانی خوێن وژیان وئایندەی خەلکی کرێکار و چەوساوەی کوردستانە.

Add Comment

Click here to post a comment