ئازادى دەسەڵات یا ئازادى جەماوەر
ڕووداوى تیرۆرى سەردەشت عوسمان نمایشى ئازادى هێنایە سەر شانۆى سیاسى کوردستان. هەرکام لە ئاکتەرەکانى ئەم نمایشە کە جەماوەرى کوردستان و دەسەڵات بوو دوو وێناى جیاوازى ئازادییان نەخشاند. دەقى ئەم نمایشە کێشمەکێشى نیوان ئەم دوولایە بوو لەسەر ئازادى ڕادەربڕین ،کە تیایدا جەماوەر ئەم ئازادیەى بە مافى خۆى دەزانى و دەسەڵاتیش نەفرەتى لێدەکرد. ئەمە ڕوداوێکى مێژوویى بوو کە وەک ڕووداوە مێژوویەکانى تر کاریگەرییان تەنها بە زەمەن ناپێورێت بەڵکو بەڕادەى قوڵى کاریگەرى ئەم ڕووداوە دیارى دەکرێ لە پانتایى بیرکردنەوەى جەماوەر لەسەر ئازادى خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵاتدا . خەڵکى کوردستان بەتەجروبەى خۆیان بینیان کە دەسەڵات ئازادى ڕادەربڕینى ئەوانى بە پێشیلکردنى “یاسا”ى دەسەلاتدارێتى خۆى دەزانێ ودەیەوێت ” ئهم فهوزایه ” نەهێڵێت. دەرسێک کە لەسەر شەقام جەماوەر فێرى بوو ئەوەیە ئەوەى خەڵک بە ئازادى خۆى دەیزانێ دەسەڵات بە مۆتەکەى خۆی دایدەنێ. ئەوەى دەسەڵاتیش بە یاساى ئازادى دایدەنێ لاى جەماوەر پێوەرى قسەکردنە بەدڵى دەسەڵات و پیاهەڵدانە بە کۆیلایەتى سیاسیدا.
سەردەشت وەک کاراکتەرى ئازادى جەماوەر ئەم نمایشەى بە نوسین و ڕەخنەکانى لەدەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانى و دەسەڵاتدارانى کوردستان دەست پێکرد و دەورى خۆى بە لێدانى زەنگێک دانا کە خەڵکى کوردستانى هێنایە مەیدان لە پێناو ئازادى دا. جەماوەریش وەک ئاکتەرێکى بەرپرسیار لە ئازادى نەوەکانى خۆى، شەقامەکانى کوردستانى بەدەستەوە گرت و هەموو شوێنێکى کردە تەختەى نمایشى ئازادى . لەبەرەى بەرامبەریشدا، دەسەڵات بە دوو ڕووى ترس و هەڕەشەکردنەوە خۆى نیشاندا. ترسى دەسەڵات لەو کاتەدا دەستى پیکرد کە ئازادى ماناى ڕاستەقینەى خۆى پەیدا کرد لەدواى ئەوەى ئەم قسانەى سەردەشت لە زمانى ملیۆنەها ئینسانەوە بەرز بوەوە کە دهڵێ ” ئێرە ئەم وڵاتەیە کە نابێت بە سەرۆکەکەت بڵێى موچەکەت چەندە؟ بۆ کوڕو نەوە و خزم و کەسوکارت ئەم هەموو پۆستە سەربازى و حکومییەیان پێدراوە؟ نەوەکانت ئەم هەموو سامانەیان لەکوێ بوو؟ جا ئەگەر یەکێک جورئەتى ئەوەى کرد و ئەم پرسیارانە بکات، ئەوا سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەکەى بەزاندووە و دەکەوێتە بەر رەحمەتى تفەنگ و قەڵەمەکانى ئەوان”.
هەر لێرەوە جەماوەرى کوردستان بەزمانى سەردەشت کەوتنە جەدەل لهگهڵ دەسەڵاتدا، خۆپیشاندانەکانى کوردستان و دەرەوە دژى تیرۆرى سەردەشت پەیامى نەترسى ئازادى ڕەخنە و جورئەتى ڕەخنەگرتنى جەماوەر بوو لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. ترسى دەسەڵاتیش لەم پەیامە بو کە ئەم نمایشى ئازادیە هەڵیگرتوە،پەیامى ئەوەى ئازادى بێ قەیدوشەرتى ڕادەربڕین بەمەرجى پاراستنى خوارەوە لە دەسەڵاتى سەرەوە دادەنێ. پەیامى پاراستنى ئەم ئازادیەى لە کوردستاندا خەڵک بە قوربانیدان بەدەستى هێناوە و بەدریژەپیدانى خەباتیش دەیپارێزێ. ئەم پەیامە لە بەردەرکى سەراى سلێمانیەوە زۆر بەڕۆشنى درا بەگوێی دەسەڵاتداراندا کاتێک ئاسۆس هەردى ووتى” لهرێگهی تیرۆری سهردهشتو سۆرانهوه دیانهوهێت پێمان بڵێن تهنها ئێمه خاوهنی ئهم سهرزهمینهینو ئهوهی به پێوهرهکانی ئێمه قسه نهکات… ئهوه ئهنجامهکهیهتی… ئێمهش لێرهوه پێیان دهڵێین سهردهمی تاریکی بهسهرچوو، سهردهمی تیرۆری نهێنی بهسهرچوو، ئهوهی پێیوایه بهم رێگهیه دهتوانێ خهڵکی کوردستان دهستهمۆ بکات، جگه لهلێدانی زنگی مردنی خۆی هیچی دهستناکهوێت، مردنێک که ئهمجارهیان وهک بڕیارهکانی ئێوه له ژووره تاریکهکاندا نادرێت، بهچهک جێبهجێ ناکرێت، مهرگێکه بههێمنیو به ئاشتیو لهرێی دهنگی ئێوهی جهماوهری کوردستانهوه بڕیاری لهسهر دهدرێت”.
هەربۆیە دواى خامۆش بونەوەى خۆپیشاندانەکانیش دەسەڵات دەیەوێت حسابى خۆى لهگهڵ ئەم ئازادى بێقەیدوشەرتى جەماوەر یەکلایى بکاتەوە. ئەمە بەڕۆشنى لە ووتارى هەردوو حزبى دەسەڵاتداردا هاتوە لەلایەک هەڕەشەکانى بارزانى لە خەڵک بەوەى ” پێویستە عاقڵانیتر هەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتی ئازادی و رادەربڕین لەهەرێمدا بکەین و دەبێت وریا بین و بەناوی ئازادییەوە مافی کەس پێشێل نەکرێت” و”تێپهڕاندنی ئهم سنورانه لهمهودوا قابیلی قبوڵ نییه” . هەروەها یەکێتیش لە زمانى مەلا بەختیارەوە کە دهڵێ” ورده ورده لیتاوی ئهو ئاوه رژاوهی ئازادی بێ قهیدو شهرتی سیاسی، مهترسی ههیه کارهساتی گهورهتری لێبکهوێتهوه “. ئەمانە نیشاندەرى ئەو ڕاستیەن کە خەڵک دواى ئەم تەجروبەیەى شەڕى لهگهڵ دەسەڵاتدا لەسەر ئازادى ڕوبەڕوى دەسەڵاتێکە کە لەدوێنێى ناچێت و هەرچۆن دەسەڵات دەزانێ جەماوەریش جەماوەرەکەى دوێنێى پێش مەرگى سەردەشت نیە. ئەم کێشمەکێشە بەردەوام دەبێ و لەکاتێکدا پارتى و دەسەڵات دەیانەوآ ئەم جەماوەرە بەدیار لیژنەى لیکۆڵینەوەى تیرۆرى سەردەشت بێ شێو سەرپآبنێنەوە و خۆیان خەریکى سەپاندنى یاساى قەیدوشەرتى ئازادیەکانى خەڵکى کوردستان بن، پێویستە بەرەى ئازادیخوازى کوردستانیش تەفسیر و دەرسەکانى خۆیان لەبارەى ئەم نمایشى ئازادیەى خۆیان و یاساى ئازادى بێ قەیدوشەرت ڕۆشنتر بەیان بکەن وە تەسلیم بە ڕوانگە و لیکدانەوە و بیانوەکانى دەسەڵات بۆ بەرتەسکردنەوەى ئازادى نەبن. لەڕوانگەى ئەم بەرە ئازادیخوازەوە لێرەدا هەوڵدەدەم لەسەر سیناریۆکانى کپکردنەوەى ئەم ڕوداوە و ئازادى بێقەیدوشەرتى سیاسى و یاساکانى دەسەڵات و نەخشەکانى داهاتوو و کارکردى ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەى بێدەنگ نابین قسەبکەم.
سیناریۆکانى بەلارٍِێدابردنى کەیسى سەردەشت.
دواى بێدەنگیەکى سەیر و زۆرى دەسەڵات پارتى بە بەیانێکى مەکتەبى سیاسیان هەوڵى بەلاڕێدابردنى فشارەکانى سەرخۆى دا و بۆ ئەمەش مەسەلەى تیرۆرى “سەردەشت”ى خستە چوارچێوەى کێشەى بزوتنەوەى گۆڕان و دەسەڵاتەوە . کەوتە هەڕەشە لەگۆڕان و لەم ڕێگەیەوە هەڕەشە لە هەموو ئەو کەسانەى لە دژى پارتى قسەیانکردوە و ڕژاونەتە سەرشەقامەکان. ئەمە سیاسەتێک بوو کە کەیسى ئازادى کە لە ڕووداوى تیرۆرى سەردەشتەوە هاتبوە ڕوو تیکەڵاو کرد بە کەیسى ململانێی نیوان گۆڕان و پارتى ،تاکو پارتى هەم بتونێ هەڕەشەکانى لە خەڵکى ناڕازى بە شێوازێکى وا بکا کە ئاگرى ناڕەزایەتیەکان کڵپە نەکا و گۆڕانیش لەم مەیدانە دەربکا. ئەوەى گۆڕان وەک ئۆپۆزسیۆن قازانجى لەم ناڕەزایەتیانە کردوە بەرامبەر بە پارتى ناتوانێ پارتى لە ژێربارى بەرپرسیارێتى بەرامبەر بە تیرۆرى سەردەشت دەربازبکا. شەڕى گۆڕان وپارتى لەسەر دەسەڵات شەڕى خەڵک نیە و سود وەرگرتنى گۆڕان لەو ناڕەزاتیە بەدژى پارتیدا بۆ خزمەت بەم شەڕى دەسەڵاتەیەتى نەک شەڕى ئازادى. ئەم حزبانە دەکرێ لەسەر دەیان شت کێشەیان بێت و ڕوداوەکان بەقازانجى خۆیان بقۆزنەوە بەڵام ئەمە هیچ ناگۆڕێت لەوەى کە خەڵک بەرامبەر بەدەسەڵات لەسەر ئازادى ڕادەربڕینى خۆى هاتۆتە وەڵام و ئەم مافەى خۆى دەوآ بەسەر دەسەڵاتداراندا بسەپێنێ. ئۆپۆزسیۆنى گۆڕان هەر بەهرەبەرداریەک لەم ڕوداوە بکات ئەوە کارى جەماوەرى ئازادیخوازە کە بەدواى ئامانجەکانى خۆیەوە بێت لەم حەرەکەتەدا و نەبێتە پاشکۆى ململانێکانى نیوان گۆڕان و دەسەڵات. ئەوەى ئاشکرایە ئەمە بیانویەکە لەلایەن پارتیەوە بۆ هێرش کردنە سەر داخوازى جەماوەر و پارتى بەیاساى “هێرشکردن باشترین بەرگرى لەخۆکردنە ” دەیەوێت خۆى لە بەرپرسیارێتى ئاشکراکردن و دادگایى ئاشکراى تاوانبارانى تیرۆرى سەردەشت دەربازبکا. ئەمەش بەلاڕێدابردنێکى ئاشکرایە و سیناریۆیەکى تەمەن کورتە بۆ داپۆشینى کەیسێکى کراوەى تەمەن درێژ.
هاوکات سەرۆکى پارتیش وەک سەرۆکى هەرێم کەیسى تیرۆرى سەردەشتى کرد بە کەیسى تیرۆرى قوتابیەک کە یاسا لیکۆڵینەوەى لەسەر دەکات و بکوژان دەگرێ و دادگاییان دەکا و ڕایگەیاند کە “روداوی تیرۆرکردنی جوانهمهرگ سهردهشت عوسمان لهقالبی خۆی دهربڕاو هیچ رێزێک لهیاساو رهوتی لێکۆڵینهوه نهنرا، ناکرێ ههمو شتێک ئیستغلال بکرێتو فهوزا دروستبکرێتو رێگه بدهن بۆ ئهو روداوه یاسا دهور ببینێت”وە” خهڵکانێک سهرقاڵی شتی رواڵهتو لاوهکین و زۆرینهی شتهکان ئیستغلال دهکهن بۆئهوهی پهیامێکی چهواشهیی لێ دروستبکهن”. ئەمە لەقاڵبدانى کەیسى ئازادى یە بۆ کەیسى گەڕان بەشوێن تاوانباراندا بەپێی یاساى دەسەڵاتداران و چاوەڕێ بوون کە لیژنەى لیکۆڵینەوە تیرۆریستان بدۆزێتەوە و” گهر پێویستی کرد داوای هاوکاریی فهنی لهههر پسپۆڕێکی دهرهوهی ههرێم بکهن، تاکو لهپرۆسهی لێکۆڵینهوهدا یارمهتیدهربن.”. کەیسى سەردەشت کەیسیکى جنائى نیە بەتەنها تاکو وەک هەر کوشتنێکى تر بەپێی یاساى جنائى چارەسەر بکرێ ، بەڵکو کەیسێکى سیاسى یە. کەیسى ئازادیخوازێکە کە لە شەڕى ڕەخنە لەدەسەڵاتدا تیرۆرکراوە. کەیسى ئازادى ڕادەربڕینە کە یاسا نەیتوانیوە بیپارێزێ لە بنەماڵەى دەسەڵاتدار . ئەمە کەیسى هەڕەشە و گرتن و لێدان وکوشتنى رۆژنامەنوسانە لە کوردستان کە تائەم ڕوداوە لیژنەیەکى لیکۆلینەوەى لەلایەن دەسەڵاتەوە دانەنراوە و کەسێک لە تاوانباران نەدۆزراونەتەوە و دادگایى بکوژێک نەکراوە و تەنانەت پێش تیرۆرى سەردەشت سەرۆکى هەرێمیش باسى نەکردوە. ئیتر چۆن دەکرێ کەیسى تیرۆرى سەردەشت بەو یاسایە و بەو دەسەڵاتە بسپێردرێ . ئەم یاسا و دەسەڵاتە ناتوانێ بکوژانى ئازادى بدۆزێتەوە و سزایان بدا چونکە یاسا و دەسەلاتێک نیە بۆ پاراستنى ئازادى ڕەخنەکانى سەردەشت و ئازادیخوازان لە کوردستان دانرابێ . هاربۆیە هەر لەقالبدانێکى کەیسى تیرۆرى سەردەشت لەقالبدانى کەیسى ئازادیە لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە و بەلاڕێدا بردن و کپکردنەوەى ئەو هەوڵ وخەباتە جەماوەریەیە کە دەیەوآ ئازادى بێ قەیدوشەرت بکاتە یاسایەک کە دەسەڵاتداران نەتوانن بەناوى یاساوە دەمکوتى خەڵک بکەن.
سەرەڕاى ئەم دوو هەوڵەش بۆ بەلاڕیدابردنى کەیسى تیرۆرى سەردەشت و لەقاڵبدانى بەڵام قورسایى ئەو کاردانەوەى جەماوەرى ئازادیخواز لە کوردستان ودەرەوە دەسەڵاتدارانى ناچارکرد کە بەزمانێکى ڕاستەوخۆ و بێ پەردەتر بێنە جەدەل و ململانێی خواستى ئازادى خەڵک تابتوانن داوا و تەنانەت خەونەکانی خەلک لەمەڕ ئازادى بگۆڕن. هەربۆیە ئێمەش پێویستە رۆشنتر جیاوازیەکانى ئازادى دەسەڵات و ئازادى جەماوەر بخەینە ڕوو.
ئازادى دەسەلات یا ئازادى جەماوەر .
بەڕاى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار تیرۆرى سەردەشت بەرهەمى بوونى ئازادى یە لە کوردستان. ئازادیەک کە سنور نازانێ لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدا. پرسیارى کفرئامێز لە بنەماڵە و سەرۆکى دەسەڵات دەکات و سڵ ناکاتەوە. بەلاى دەسەڵاتەوە ئەمە ئازادى نییه ، مەسعود بارزانى لەپەرلەمانى کوردستاندا دهڵێ” ئهوهی ئێستا بهناوی ئازادییهوه دهکرێت ئازادی نییه، ئهمه فهوزایه خهریکه رهوشتی کوردایهتیو مرۆڤایهتی تێکدهچێت، بهناوی ئازادییهوه بهبێ بهڵگهو بهبێ سهبهب هجوم دهکرێته سهر مافی ههر کهسێکو ئهوجا ئهو مافه بهخهڵک رهوا نابینین بهپێی یاسا بهرگری لهمافی خۆیان بکهن،” و ” ئهمه ئازادی نییه ئهمه خراپ بهکارهێنانی ئهو کهشه ئازادهیه که له کوردستان بهتێکۆشانی ههمولایهک هاتۆته ئاراوه، نابێت چیتر ئهمه قبوڵ بکرێت، نابێ چیتر ئازادیی هاوڵاتییانو مافیان بهناوی ئازادییهوه پێشێل بکرێت. “.لهکۆتاییدا دهمهوێت بڵێم لهو وڵاتهدا یاسا دهبێ سهروهر بێت بۆ ههموانو کهس لهسهروی یاسا نهبێت، ئازادی ههیهو خهڵک مافی ناڕهزایی دهربڕینو رهخنهگرتنیان ههیه، بهڵام رێگه نادرێت قیهمی میللهتێک تێکبدرێت تهنیا لهبهرئهوهی ژمارهیهکی کهم لهگهڵ ئهو قیهمانه ناگونجێ، رێگهی یاسایی بۆ ههر تاکێکی کورد کراوهیه، بهڵام نابێت پێشێلکردنی یاسا دوای ههر روداوێک ببێت بهدیاردهیهکی ههمیشهیی”.
ئەمە تەفسیرى دەسەڵاتە بۆ ئازادى. ئازادى بریتیە لە ڕێزگرتن لە یاسایەک کە دەسەڵات دایناوە. ئازادى واتە ڕێزگرتن لە داب ونەریت و موقەدەسات و قیەمێک کە بەناوى میللەتەوە ناونراوە. ئایا ئەمانە پێناسەى ئازادى خەڵکە لەبەرامبەر دەسەڵات یان پێناسەى ئازادى دەسەڵاتە لەبەرامبەر خەڵکدا؟ لەکاتێکدا باسى ئازادى باسکردنە لە ئازادى بیروڕا و ئازادى تەعبیر لەخۆکردنى تاک و جەماوەرە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. باسى ئازادى خۆدەرخستنى سیاسى ئینسانەکانە و بەپلەى یەکەم مسۆگەرکردن وپاراستنى مافى هاوڵاتیانى خوارەوەیە کە سەرەوەى دەسەڵاتدار دەبێت پابەندبێت پێی. ئەگەر ئەم ئازادیە بەیاساکانى دەسەڵات قەیدوشەرتى بۆ دابنرێ ئیتر هیچ وەسیلەیەکى پاراستن و داکۆکیکردن و بەدیهینانى مافەکانى تاک و جەماوەرى خوارەوە نامێنێتەوە و دەسەڵات هەرچۆن سەرچاوە وداهات ودەسەڵاتى کۆنترۆل کردوە ئەوا ئیرادە و ئارەزوو و هەوڵەکانى خوارەوەش کۆنترۆل دەکات. دانانى ئەم قەیدوشەرتانەى یاسا و داب ونەریت بۆ ئازادى واتە دژایەتى هەر ئاڵوگۆڕێک لە کۆمەڵگادا ،واتە چەق بەستنى دۆخى سیاسى وکۆمەڵایەتى ئیستا. نەبونى ئازادى ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵاتى میلیشیایى ،کە بارزانى لەسەر ئەم ڕەخنەیە بەئاشکرا لە شاشەى تەلەفزیۆنەکانەوە ڕایگەیاند لەکوردستان ڕەخنەگرێکى وا شاربەدەردەکا. نەبونى ئازادى ڕەخنەگرتنە لە ئیسلام کە بەپێی یاسا کۆڵەکەى یاسادانانە و ڕێگا نەدان بە ڕەخنەگرتن لە فرەژنىیە لەبەرئەوەى یاساى بارى کەسێتیە. نەبونى ئازادى ڕەخنەگرتنە لە فەرهەنگى بەسوک سەیرکردنى ژنان و ڕێزنەگرتن لە منداڵان کە بەپێی ترادسیۆنى کۆمەڵایەتى زاڵە . کەواتە ئەوەى دەسەڵات لەمەر ئازادى باسى دەکا ئازادی دەسەڵاتە لە هێشتنەوەى وەزعى مەوجوددا کە بەرژەوەندیەکانى ئەو دەپارێزآ نەک ئازادى جەماوەر لە دەربڕینى خواست و بەرژەوەندیەکانى خۆی.
بەڵام بارزانى ڕۆشنى ناکاتەوە کە ئەگەر ڕاستە “لهو وڵاتهدا یاسا دهبێ سهروهر بێت بۆ ههموانو کهس لهسهروی یاسا نهبێت” بۆچى دەزگایەکى ئەمنى وەک پاراستن لەسەروو یاساوە هەیە و سەربە هیچ بەشێکى حکومەت نیە؟ بۆچى نیچیرڤان بارزانى کە ئیستا هیچ پۆستێکى حکومى نیە پیشوازى سەفیرى سویدى و کۆرى دەکا ؟ بۆچى بنەماڵەکەى سەروەت و سامانەکەیان ئاشکرا ناکەن بەپێی یاسا؟ بۆچى کاتی هەلبژاردنەکان کە لە دهۆک و هەولێر بارەگاى حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەسوتێنرێ و هێرش دەکرێتە سەریان یاسا سەروەر نیە و کاتێک رۆژنامەنوسان دەگیرێن و دەرفیندرێن ودەکوژرێن خەبەرێک لەم دەسەڵاتى یاسایە نیە؟ بەڵام کاتێک خەڵک ڕژانە سەرشەرقام دژى کوشتنى سەردەشت باسى خراپ بەکارهێنانى ئازادى لەلایەن دەسەڵاتەوە هاتە ئارا. گوایە ئەوانە ئازادى ومافى هاوڵاتیان پێشێل دەکەن و کەسایەتى کورد تێک دەدەن لەبەرچاوى دنیا و ئەمانە سنورى ئازادى بەزاندنە وڕێگەى پێ نادرێ.! ئاشکرا نیە ئازادى کآ پێشلکرا کاتێک سەرجەم کوردستان دژى تیرۆرى ڕۆژنامەنوسێک ڕاپەڕى ؟!. ئازادى دەسەڵات پێشێل کرا لەوەى ڕێگانەدرا بەربەم خۆپیشاندانانە بگرێ؟ هەموو بەڵگەکان لەسەر پارتى و دەزگاى پارستنەکەى باسکرا لە تیرۆرى سەردەشتدا و کآ مافى پارتى پێشێل کرد کە بەپێی یاسا بەرگرى لەخۆى بکا و بیسەلمێنێ کە بێتاوانە؟ یان چ یاسایەک پیشیلکراوە لەلایەن خەلکى کوردستانەوە کە داواى ناساندن و سزادانى بکوژان و لیپرسینەوە لەدەسەڵاتداران دەکەن؟ بارزانى دەزانێ ئەم خۆپیشاندانانەى پارتیان بەبەرپرسیار زانى لە کوشتنى سەردەشتدا چیتر باوەڕیان بەم “بانێکە و دوو هەواى” دەسەڵات سەبارەت بە ” یاسا دهبێ سهروهر بێت بۆ ههموانو کهس لهسهروی یاسا نهبێت” نەماوە و ” ژمارهیهکی کهم” کە ڕژانە سەر شەقامەکانى کوردستان ” لهگهڵ ئهو قیهمانه ناگونجێ ” کە دەسەڵات دایناوە و پێشێلکردنی ئەم “یاسا”یانە دواى هەر ڕوداوێکى هێرشى دەسەڵات بوەتە دیاردەیەکى هەمیشەیى.
ئەم دیاردەیەى مەسعود بارزانى تازە پێی ئاشنا بوە و پێی وایە بە وتنەوەى وانەى سادە لەوحى ” سەروەرى یاسا” دەتوانێ “عاقڵى” بکا ،بەڵام لاى مەلا بەختیار ڕۆشنتر دەزانێ کە ئەم دیاردەیە ڕیشەى لەکوردستاندا هەیە و ڕام کردنى لەلایەن دەسەڵاتەوە بەو ئاسانیە نیە. ئەو دهڵێ:” کاتێک دیقهت له فهزای ئازادی ئێستا دهدرێت، بهئاسانی ههست پێ دهکرێت، ئهم ئازادی بێ قهیدو شهرتی سیاسیو یاساییه، ئهم ئازادییهی رهچاوی قۆناغهکانی گهشهکردنی دیموکراسی تیا ناکرێ،..ههڵهیهکی گهورهیه، لهناو ناوهندێکی نوسهرو نوسیندا، خهیاڵدانی ئهوتۆ بخوڵقێندرێ، که گوایه دهشێ پهیڕهوی لهئازادی بێ سنور بکرێ. بۆ ئهوهی رهگو ریشهی ئهم ههڵهیه دیاری بکهین، ئاوڕێک لهرابردو دهدهینهوه. لهمهڕ ئازادیی بێ قهیدو شهرتی سیاسی، ..ئهم مشتومڕه لهدوای راپهڕینهوه، ههر لهڕێگهی بانچهپهکانهوه، هاته ناو هاوکێشه سیاسیهکانی کوردستانی عێراقیشهوه. زۆرتریش پهیڕهوانی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئهم تێزهیان هێنایه ئاراوه… “.ئەمە دانپێدانانێکە بە کاریگەرى دەورى کۆمۆنیزمى کریکارى لە خولقاندنى “خەیاڵدانى ئازادى بێ سنوردا” لەکوردستان و ئەو فەزای ئازادیەى هێناوەتە ئارا کە خەڵک بەرامبەر بەدەسەڵات ڕادەوەستن و ڕەخنەدەگرن . ئەمە جێگاى شانازى یە بۆ کۆمۆنیزمى کریکارى و نیشاندەرى تەعبیرى ئەم ڕەوتەیە لە خواستەکانى خەڵکى ستەملیکرا و ئازادیخوازى کوردستان ،هەرچەندە دەسەڵاتداران لە ڕێگاى کوشتار وسەرکوتى کۆمۆنیستەکانەوە توانیان ئەو حزبە لاواز بکەن بەڵام سونەت و ئایدیاکانى کۆمۆنیزمى کریکارى لە کوردستاندا ڕیشەى هەیە و زیندوە. ئەم سونەت و ئایدیا ئینسانیانە وەڵامى نیاز و تینویـتى کۆمەڵگەى کوردستان دەدەنەوە بۆ ئازادى و هەربۆیە لەهەر دێڕێکى سەردەشت و سۆران و رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران و ژنان و لاوانى کوردستاندا دەیبیننەوە. هەرچەند مەلا بەختیار و دەسەڵاتەکەیان هاوار بکەن ” هێشتا زۆرمان ماوه، بگهینه ئهو ئاستهی ئهمجۆره ئازاداییه، پهیڕهو بکهین. لانی کهم، لهناو ترادیسیۆنی کۆمهڵایهتی ئێمه، دروشمی وا ناخوا. لهناو حزبه سیاسیهکانی ئێستادا، قبوڵ ناکرێ، لهبهرامبهر دهسهڵاتهکاندا، ستهمه. لهبهرامبهر ئاینو مهزههبهکانیشدا، مهحاڵه. ” بەڵام جەماوەرى ئازادیخوازى کوردستان نیشانى دا کە لەبەرامبەر ئەم هەموو ناخوا و قبوڵ ناکرێ و ستەم و مەحاڵەدا بێدەنگ نابێ و خەتە سورەکانى دەسەڵات بە خەتە سورەکانى ئازادى بێقەیدوشەرتى جەماوەر دەسڕێتەوە و لەبەرامبەر هەر ڕووداوى پیشیلکاریەکى ئازادى لەلایەن دەسەڵاتەوە پیشیلکارى یاساکانى دەسەڵات دەکاتە دیاردەیەکى هەمیشەیى. ئەمە ئەو جیاوازیە ئاشکرایەى نیوان ئازادى دەسەڵات وئازادى جەماوەرە کە لەم ڕوداوەوە خۆى نیشاندا. جیاوازى نیوان ئازادى قەیدوشەرتى “یاسایى” دەسەڵات لهگهڵ ئازادى بێ قەیدوشەرتى جەماوەرى ئازادیخوازى کوردستان.
ئازادى مەترسى یە یاخود پاراستنى ئاسایشى کوردستانە؟
ئەو جیاوازیەى لەسەر ئازادى لە نیوان دەسەڵات و جەماوەردایە سەرچاوەکەى بەرژەوەندیە جیاوازەکانى ئەم دوو لایەنەیە.لەلایەک دەسەڵاتێک کە بودجەى حکومەتى مەرکەزى و داهاتى نەوت وگومرگى کوردستان و هەموو سەرچاوەکانى تر دەڕژێنێتە گیرفانى دوو حزبى چەکدارەوە و سەرجەم ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى لەڕێگاى حزب و میدیاکان و وەزارەتەکان و مزگەوتەکانەوە کۆنترۆل کردوە . ئەم دەسەڵاتە ئازادى بەوە دەزانێت کە هیچ ڕێگریەکى نەبێ لە پاراستنى ئەم ئیمتیازات و بەهەشتەدا، وە ئەگەر خەڵک ئازادى ئەوەى هەبێ لەدەسەڵات بپرسێتەوە ئەم داهاتە چى لێدەکەن و بۆچى دەزگاى ئەمنى نهێنیتان هەیە و بۆچى دوو بنەماڵە لەدەسەلات وسەروەت وساماندا غەرق بێت و زۆربەى ئینسانى کوردیش لەژێربارى گرانى و بێ خانەولانەیى و نەبونیدا بناڵێنێ ؟ ئەمە ئیتر مەترسى یە و سەرۆک توڕە دەبێ و دهڵێ ” ڕهوشی ئهمنی دهشێوێننو خهڵک توشی ترسو نیگهرانی دهکهن “. بۆچى ئەگەر ئازادى ئەوەت هەبوو تەعبیر لەم وەزعەى خۆت بکەیت و ناڕەزایەتى دەربڕى دەسەڵات بەسەراحەتەوە پێت ڕادەگەیەنێ هۆى کوشتنتان “دروستکردنی خهیاڵدانی ئازادیی بێ قهیدو شهرتی سیاسی”یە.
زیندومانەوەى ئەم خەیاڵدانەى ئازادى بێقەیدوشەرت سەرەڕاى کوشتارى کۆمۆنیستەکان و سۆرانى مامە حەمەکان و سەردەشتەکان و خۆپیشاندەرانى ناڕەزایەتیەکانى کوردستان زادەى ئەو بارودۆخەیە کە دەسەڵاتى گەندەلڕ و میلیشیایى خولقاندویەتى و خەڵکى کوردستان بێدەنگ نابن لەبەرامبەریدا. هاتنە مەیدانى سەدان هەزار خویندکار و رۆژنامەنوس و مامۆستا و کریکار و ژن و خەڵکى ئازایخواز لە سەرتاسەرى کوردستاندا نیشانى دەسەڵاتى دەدا کە ئازادى بێقەیدوشەرتى سیاسى بزوتنەوەیەکە بێدەنگ نابێ لەئاست تیرۆر و گەندەڵیدا . کوردستان نە ئیمارەتەکانى خلیجە و نە ئەفغانستان بەڵکو کۆمەڵگەیەکى مەدەنى کراوە بەسەر فەرهەنگى مۆدیرنى ئازادى بیر و ڕەخنەگرتن و ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە نا عەدالەتى کە بەدەسەڵاتى سەرکوتى نهێنى و میلیشیایى ناترسێنرێ و سەرەڕاى ئەم هەڕەشانە خەڵک خوازیارى گۆڕینى ئەم دەسەڵاتەیە بە دەسەڵاتێکى مەدەنى.
دەسەڵاتداران دەتوانن سەروەت وسامانى کوردستان بخەنە خزمەت دروستکردنى بازار و تەلارى بازرگانى وەک دوبەى و مەسئولەکان وەک شێخەکانى خلیج بژین وە دەشتوانن یاساکانیان وەک ئەفغانستان بەپێی شەریعەت داڕێژن بەڵام ناتوانن فەرهەنگ و چاوەڕوانیەکانى خەڵکى کوردستان بۆ دەورانى عەشیرەتى و سەدەکانى ناوەڕاست بگێڕنەوە. ناتوانن ئازادیەک کە خەڵک بەمافى خۆى دەزانێ لە ژێر هیچ ناوێک وبیانویەکدا زەوت بکەن. ئەوەى بارزانى دواى خۆپیشاندانەکانى کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڕەشە دەکا کە ” ئهم سنورانه لهمهودوا قابیلی قبوڵ نییهو دهبێ رێز لهمهشاعیری خهڵک بگیرێت ” مەبەستى لە مەشاعیرى خەڵک و موقەدەساتى خەڵک ئەو دەسەڵاتە ئابورى و سیاسیە کە پارتى لەژێردەستى دایە و ئەم ئیمتیازاتانە لەڕاستیدا ئەو مەشاعیر وموقەدەساتانەیە کە دەیەوێت ڕێزى لێبگیرێ و بەناوى ئازادیەوە جەماوەر هێرشیان نەکاتە سەر. ئەوەتا بەئاشکرا لەهەمان مینبەروە دهڵێ” خۆمان لهلێدوانی وا کهڕهوشی ئهمنی دهشێوێننو خهڵک توشی ترسو نیگهرانی دهکهن بپارێزین. گهر ئهمنو ئاسایش نهما گهشهکردنی ئابوریو ئاوهدانکردنهوهو پێشکهوتنی ههرێمیش نامێنێتو گهلهکهمان لهههمو رویهکهوه زیانمهند دهبێت”. ئایا ئەوە خەڵکى کوردستانە لە خۆپیشاندانەکانى هەولیر و سلیمانى و کەرکوک وخانەقین و باقى شوینەکانى ترى کوردستان ترساوە و نیگەران بوە یان دەسەڵات ولقەکانى حزبە؟ ئایا تیرۆرى رۆژنامەنوسان و لیدان و فراندنى ئازادیخوازان ڕەوشى ئەمنى تیکداوە یاخود ناڕەزایەتیە جەماوەرى و جیهانیەکان دژ بەم سەرکوت وپیشیلکاریانە؟ ئاشکرایە مەبەستى بارزانى لە ترس ونیگەرانى خەڵک، ترس و نیگەرانى کۆمپانیاکانى نەوت و بازرگانى ووڵاتانى دەرەوەیە. لەکاتیکدا دەبینن خەڵک دژى تیرۆر ڕاپەڕیوەو کوردستان تیرۆر و کوشتنى تیدا هەیە ئامادەى سەرمایەگوزارى نابن. کێشەى بارزانى ئەوەنیە کە تیرۆرى رۆژنامەنوسان لەسایەى دەسەڵاتى ئەودا دەکرێ و ئەمە بە تیکدانى ئەمن وئاسایشى کوردستان نازانێ و خەڵک نیگەران ناکات لە ژیان وئاسایشیان وە خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات بەوە نازانێ کە بوەتە مایەى ترس ونیگەرانى خەڵکى کوردستان و سەرنجى میدیاکانى جیهانى بۆ ڕاکێشراوە. کێشەى بارزانى تێکچونى ئەو بەهەشتەى بنەماڵەیە کە “گهشهکردنی ئابوریو ئاوهدانکردنهوهو پێشکهوتنی نامێنێت ” .ئەگینا بەشى خەڵکى کوردستان لەو داهاتە ملیارەها دۆلارە و کۆمپانیکانى نەوت و گەشەى ئابوریە چىیە ؟ معاشى مانگانەى 100دۆلار بەمەرجى وەلائى حزبى؟ ئەمە ئەو بەشەیە کە خەڵک زەرەرى تێدا دەکا ئەگەر سەرکوتى دەسەڵات قبوڵ نەکەن و پیشیلکاریەکانى دەسەڵات بەڕووى جیهاندا ئاشکرا بکەن تا فشارێک دروست بکەن؟ سەیر لەوەدایە لەلایەن حزبە دەسەلاتدارەکانەوە هێنانى لەشکرى دەولەتانى ناوچەکە و بەعسیش ،رۆژێ لەرۆژان بە مەترسى بۆسەر ئەمن وئاسایشى هەرێم باس نەکراوە و ئەم حزبانە ئازادبوون لە بەرپاکردنى شەڕى ناوخۆ و دەیان کارى عەسکەرى تر کە دەرگا وپەنجەرەى بە کوردستانەوە نەهێشت بەڵام ئێستا بوونى ئەو ئازادیەى خەڵک کە ناڕەزایەتى لە وەزعى ژێردەستەیى خۆیانى پآدەردەبڕن بوەتە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى هەرێم و ” ئهوهی ئێستا بهناوی ئازادییهوه دهکرێت ئازادی نییه، ئهمه فهوزایه خهریکه رهوشتی کوردایهتیو مرۆڤایهتی تێکدهچێت “.ئەمە بەڕاستى “چیرۆکى مەڕو گورگ” ى دەسەڵاتە و هیچى تر.
دەبى بپرسین کە چى ئەزمونى کوردستانى ناشیرین کردوە و ” تێکدانو شێواندنی ناڕهوای کهسایهتیی مرۆڤی کورد تاوانێکه دهرههق بهنهتهوهیهک” کآ لێى بەرپرسیارە؟ ئەوانەى تیرۆرى سەردەشتیان کرد یان ئەوانەى خۆپیشاندانى مەدەنیانەیان کرد دژى تیرۆرى ئازادى ؟ میدیاکانى جیهان چۆن باسى دەسەڵاتیان کرد کە تیرۆرى رۆژنامەنوسان لەسایەیاندا ڕوودەدات وە لەبەرامبەردا چۆن باسى ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى ئازادیخوازیان دەکرد؟ تۆمەتى خراپ بەکارهێنانى ئازادى لەلایەن خەڵکەوە تەنها قسەى دەسەڵات ودەست و پیوەندەکانى بوو نەک یەک رۆژنامەنوس و هەواڵنێر و ریکخراوەیەکى جیهانى و دەوڵەتیکەوە بە ئەمریکاشەوە کە ئاگادارى ڕوداوەکانى کوردستان بێت سەبارەت بە تیرۆرى سەردەشت. لە ڕاستیدا ئەمەیان پەیامى تۆڵە سەندنەوەیە لەوانەى نەیانهێشت ئەمجارە لە کوردستان خوێنى ئازادیخوازێک بەفیڕۆ بڕوات و ئەمە پەیامى شکاندنى ئەو قەڵەمانەیە وەک سەردەشت خەیاڵدانى ئازادى بیقەیدوشەرتیان بێ کۆتاییه. پەیامى سورترکردنى ئەو خەتى ئەمنیانەیە کە دەیانەوێ رۆژنامە وگۆڤارە بێدەنگ نەبوەکانى پێ قەدەغەبکەن. بەڵام جەماوەری ئازادیخوازى کوردستان هیچ بەرژەوەندیەکى نىیە لە پەشیمان بونەوە لەو دەرسەى داویەتى بەدەسەڵات لەسەر ئازادى بیقەیدوشەرتى سیاسى. ئەم جەماوەرە نە گۆڕانە ترسى لە ئیمتیازاتى پەرلەمانى و بودجەکەى بێ و لەگەڵ هەڕەشەى دەسەڵاتدا ڕایگەیەنێ” ئێمه له فراکسیۆنی گۆڕان هاوڕای بهڕێز سهرۆکی ههرێمی کوردستانین لهوهی خراپ بهکارهێنانی ئازادی مهترسیی بۆ سهر ئاسایشی کوردستان دروست دهکات ” و نە نانى سەرسفرەشى لە چەپڵە لیدان بۆ هەڕەشەکانى سەرۆک لە “خراپ بەکارهێنانى ئازادى” دایە. ئەم بزوتنەوەى ئازادیخوازە ڕیزێکى سەربەخۆى پێویستە کە ئازادى جەماوەر بۆى ستراتیژ بێ نەک تاکتیکى فشارى وەرگرتنى ئیمتیازات لە دەسەڵات ،وە بتوانێ ڕێگا بگرێت لە یاریکردنى هەر هێزێک بە ناڕەزایەتیەکانى خەڵک . ئەم بزوتنەوەیە ناتوانێ بیدەنگ بێ تاکو خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات بەردەوام بێ. جەماوەرى ئازادیخواز ڕێگایەکى ترى بۆ پاراستنى ژیان وئاسایشى خۆى لەبەردەمدا نیە ئەوە نەبێ قەمەڵەکەى سەردەشت جارێکى تر بەرزکاتەوە و بچیتە سەر دیڕێکى نوێ و سەر لەنوآ دەست پیبکاتەوە و بنوسآ بژى ئازادى بیقەیدوشەرتى سیاسى . ئەمە ماناى واقعى ئازادى جەماوەرە و ئەمە زامنى پاراستنى ئازادى بیروڕا و ئاسایشى خەڵکى کوردستانە.
Add Comment